ئاواتی تازەی پێنجوێنی وێران
Appearance
ئاواتی تازەی پێنجوێنی وێران | پێشکەش بە میری و بە کاربەدەستان |
ئاخ ئەگوێزراوە بۆ ئەو پێدەشتە | ئەوساکە ئەموت پێنجوێن بەهەشتە |
گردێکی لێیە پێی ئەڵێن «گەڵکە» | هەوارگەی هاوین بۆ شار بەکەڵکە |
جێی وەسمان پاشا و مەحموود پاشا بوو | هاوین و پاییز زۆر دڵگوشا بوو |
تەیارەخانە هەتا بەر بوو بان | بکرایە بە شار بازاڕ و دوکان |
ئاو و چەشمەکەی وێنەی کەوسەرە | زیخ و بەردەکەی زێڕ و گەوهەرە |
دوو جادەی قیرتاو ئەم بەر و ئەو بەر | فەرشی حەوشەکان بە بەردی مەڕمەڕ |
سەرا و مەکتەب و خەستەخانەی جوان | چایخانە و گەڕاج لەم شان و ئەو شان |
هەر وەکوو بەغدا ڕووبار لەبەریا | هەر ئاوێ پردێ بکرێ لە سەریا |
بێن بۆ بینینی لە دووروڵاتان | یا لە بەغداوە یاخود لە شاران |
زۆری پێناچێ وا ئەبێ بە شار | هەزار بێ ئەبێ بە هەشت نۆ هەزار |
ئەو ڕێگا بڕوا ڕاست بۆ مەریوان | بێ قۆرت و بێ پێچ وەک تیر و کەوان |
بکرێ بە جێگای هاوینەهەوار | ناوبانگی بڕوا دیارە و دیار |
لوبنان لە چاویا وەک شارەزوور بێ | بێن بۆ زیارەتی هەرچەندە دوور بێ |
ئاشەمەکینە و چرای فەرەنگی | لەگەڵ سینەما بڕوانە دەنگی |
ئاخ وەها ئەکرا، بە دین و ئیمان | نەک وەک بەنگەڵەی زستان کە دیمان |
جێی چی بۆ گرتم دە هەزار دینار | سەد پارچە لەوح و سەد بار شووڵ و دار |
ئەگەر کاربەدەست هیممەت بنوێنێ | ئاواتی موفتی وەک دار ئەڕوێنێ |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|