ئەوی بە هیوای ڕۆژی دواییە
Appearance
ئەوی بە هیوای ڕۆژی دواییە | غەمی جیهانی لە لا شاییە |
مادام لەو دنیا خودای بۆ ئەبێ | با ئەم دوو ڕۆژە کوێخایی نەبێ |
پیاوێ لە دوورێ ئاگری ئەدی | هێزی دەروونی بۆ دەهاتەدی |
هیوا چاکترە لە نائۆمێدی | تا مەئیوس نەبی، ناکەویە بەدی |
هەر کەسێ پارەی زۆری هاتە دەست | ڕاحەتی دڵی دەردەچێ لە دەست |
قەناعەتت بێ، بێ ئیحتیاجی | جامێ دۆشاو و دوو نانی ساجی |
پاقلاوای زیافەت، باری منەتە | لە ژێر ئەو بارە، دەرچوون زەحمەتە |
منەت و هیوای نەفست دوو بارن | وەک «زوحاک» لە سەر شانت دوو مارن |
ئینسان لە خەودا پارە دەبینێ | کە هەستا دەستی توند ئەقووچێنێ |
دەست ئەکاتەوە، هیچی تیا نییە | دەوڵەت خەوێکە ئەویش فانییە |
کەچی چاکەیەک ئەکەی ئەبینی | لە هەر دوو دنیا پاداش ئەبینی |
ڕۆژنامەی ژین، ژمارە 684
1942/10/01
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|