ئەی خاکی وەتەن قوڕ بەسەر و بێ سەر و پا خۆم
Appearance
ئەی خاکی وەتەن قوڕ بەسەر و بێ سەر و پا خۆم | بۆ بێکەسی ئەم ئەهلە دەسا شێتی جەفا خۆم |
گیراوە وەتەن بۆ وەتەنم غەرقی فەنا خۆم | پەس تر لە هەموو بەد سیفەتی بەندی بەڵا خۆم |
دوور کەوتەو و ئاوارە لە هەر قەوم و برا خۆم | |
ئەی خاکی وەتەن بۆچی نەما غیرەتی شێران؟ | ئەی خاکی وەتەن بۆچی نەما بەزمی دلێران؟ |
کوا سەڵتەنەتی خێڵی بەبە و شاکەل و شیروان؟ | بۆ مەسڵەخی پڕ خوێنی ئەسیرانە لە زیندان؟ |
دەک لاڵ و کەڕ و، کوێر و کز و شێخ و مەلا خۆم | |
ئەی کاغەزی تەرفیعی وەتەن بۆچی دڕاوی؟ | ئەی ڕەونەقی بازاڕی وەتەن بۆچی نەماوی؟ |
ئەی خەنجەری شیروانی وەتەن بۆ چی شکاوی؟ | ئەی خاکی وەتەن چوونکە وەها شوعبە کراوی |
گەر شینت نەکەم ڕووڕەشی دیوانی خوا خۆم | |
بۆ سەر کزی ئەم هۆزە دڵ و جەرگ برینە | بۆ ژینی وەتەن چاوی خیرەد پڕ لە گرینە |
بێ شێرییە ئێستە کە وەها بێشە حەزینە | نووری بەسەری ئەهلی هونەر تانەیێ شینە |
بێ ئالەت و شمشێر لە مەیدانی وەفا خۆم | |
ئەی خاکی وەتەن بۆچی وەها کوێر وەجاخت؟ | پەژمردە و بێڕەنگە هەموو چیمەن و باخت؟ |
پڕ لە ستەم و زوڵمە یەقین دەربەن و شاخت | ئەی خاکی وەتەن ویردی شەو و ڕۆژە لە داخت |
بۆ بێکەسی ئەم خاکە دەسا ڕەنج بە هەوا خۆم | |
قانع وەرە ئەمجارە دە غەوغایێ بەپا کە | بۆ خاکی وەتەن فەرزە بەدڵ ڕۆح بە فیدا کە |
پیراهەنی بەدناوی بە نامووسی کەوا کە | سەف بگرە بە کوردان و لە چۆپییۆ سەما کە |
ئەو وەختە بڵێ خاوەنی هەر عەیش و سەفا خۆم |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|