ئەی خودایە حاڵی عالەم حەقی شایانی نیە
Appearance
ئەی خودایە حاڵی عالەم حەققی شایانی نییە | میحنەت و ئیدباری زۆر و شەهدی بێ ژانی نییە |
سا ئەزانی بۆچ ئەمن وا مەعرەزی شەکوا ئەکەم | تا بزانی قودرەتی تۆ حەددی ویجدانی نییە |
زامەکەت بێ مەرهەم و بۆ گشتی عالەم سارییە | دەردەکە زۆر نێش دار و قەتعی دەرمانی نییە |
ڕێگەیی بەش کردنی ڕزقت لە دونیا شاهیدن | هێندێ کەس ئەفرادی لۆرت و هێندێ کەس نانی نییە |
ڕۆژێ فەرمووت ليس للانسان الا ما سعى | هیچ کەسێیش هێندێ فەلاحی ئیش و کێڵانی نییە |
ئیش ئەکات و ڕەنج ئەدات و ڕووت و قووت و زگ بەتاڵ | ئاخری بێ سوود ئەمێنێ ساڵ کە بارانی نییە |
دائەمێنێ ڕەنجەرۆ و دەست لە ئەژنۆ قوڕبەسەر | ڕاستە شاهی بێ شەریک باکی گەدایانی نییە |
سا لە ڕێگەی ژین دزینی مەڕ ئەکا گیسک ئەبا | چونکە برسی و بێ نەوایە مایەیی نانی نییە |
ڕۆژی هات و ڕۆحی دەرچوو لاشەکەی کەوتە سڕی | لێی ئەدەن بەم گورزە گەورە وا کە ئیمانی نییە |
سا بە سایەی قودرەتت بوو ماڵەکەی بێ بەهرە ما | خۆ قەزایە سیرقەتی کرد ڕاستە گوومانی نییە |
بۆچ لە دونیا ڕەنجەڕۆ بی بێنەوا بی ئاخیرەت | چونکە وەک من غائیلەی دڵ عیززەتی گیانی نیە |
گەر لە ئەفلاکا هەبایە حاکمێکی تر بەرقەرار... | سا ئەچووم ئەموت: خودای من، سوودی ئینسانی نییە |
ڕەنگە کەمدیدە و مەلایان هانی خەڵکی وا بدەن | کوشتنی دڵدار حەڵاڵە چونکە ئیمانی نییە |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|