ئەی وەتەن ئەمجارە نەمرم بەم دڵەی نەسرەوتەوە
Appearance
ئەی وەتەن ئەمجارە نەمرم بەم دڵەی نەسرەوتەوە | گەر نەجاتم بوو لەدەس ناوچاوی لار و چەوتەوە |
بۆ نەجاتی تۆ بەوەڵڵا دەچمە گێژی مەوتەوە | ئەی وەتەن مەفتوونی تۆم و شیوەنم بیر کەوتەوە |
وەختی بەندی و ئەسارەت پێ بە تەوق و کەوتەوە | |
تۆ نەڵێی من بێ وەجاخم قەت خەیاڵی وا نەکەی | تیر و تانەی سارد و سڕ هەرگیز لەلاوانت نەدەی |
قەت مەفەرموو ڕۆڵەکانم نووستووون وا زەن نەبەی | من لە فیکر و بیری تۆ غافڵ نەبووم وا تێنەگەی |
حەپس و تێهەڵدان و زیللەت تۆی لەبیر بردۆتەوە | |
دەستە دۆعای تۆیە بەخوا ئەوکەسەی وا زاهدە | نووکی خامەی شاعێرانت بۆ زەلیلیت شاهدە |
دەم بە دەم هەروا ئەڵێ بۆ تۆ ئەوەی وا عابدە | بەو خوایەی لامەکان و بێشەریک و واحدە |
عەشقی تۆ نەوعێ لەدڵما ئاگری کردۆتەوە | |
هێندە سەرگەرمە کوڕت کاتێ کە سەر دێنێتە دەر | پێ لە خوێنی خۆی ئەنێت دەربەس نییە بۆ ڕۆح و سەر |
ئاگری تێچوو بەجارێ کەوتە سەر شین و چەمەر | ئاگرێکی وا هەزار ساڵ ئاوی بڕژێنیتە سەر |
قەتگڕ وکڵپە و بڵێسەی تا ئەبەد ناکوژێتەوە | |
ئەی وەتەن پارە پەرەستی زوو کە ئێمەی کرد بە پەن | ڕۆژهەڵات و ڕۆژ نشینت تانەمان وا لێ ئەدەن |
تۆش نەڵێی ئێمە دەزانین خەزنەکەت بۆ کوێ ئەبەن | باسی مەحزوونی و کەساسی خۆت نەکەی تۆخوا وەتەن |
چونکوو بەو بەسە برین و زامەکەم ئەکولێتەوە | |
لاوەکەم نووکی قەڵەم دڵ دوژمنی پێ هەڵدڕە | گەر قەڵەم شیوەن نەکا خەڵفە نەمامێکی زڕە |
ئەی وەتەن حەڵقەی کەلەپچەی دەست و پێت سا هەڵچڕە | ماتەمینی تا بەکەی دەی پێکەنە و سەر هەڵبڕە |
موفتەخەر بە، شۆرەتت وا عالەمی گرتۆتەوە | |
موژدەبێ وا چاوی کردۆ کۆمەڵی لاوانی تۆ | سەیری مێژوو کە و بخوێنێ دەفتەر و دیوانی تۆ |
بێنە بەرچاوت ئەساسی دەبدەبەی بابانی تۆ | نەگبەتی لاچوو سەعادەت بۆتە پشتیوانی تۆ |
کەوکەبی بەخت و فریشتەت بەرزە ئەدرەوشێتەوە | |
ئەی وەتەن تۆ خۆشی دڵم و هێزی ئەژنۆ و باڵمی | بۆ چرای ڕووناکی دەردی ژینی ترش و تاڵمی |
بێ درۆ تۆ تاجی فەخر و سێبەری ئیقباڵمی | گەرچی بەینێکە زەلیل و دیلی دەستی زاڵمی |
نەوبەتی شادیتە ئەمجا ناحەزت لێک بێتەوە | |
ئەی گەلی پاشکەوتوو بەسیە شینی بێ هەڵمەت چییە؟ | بێتەکان سەد ساڵ بگریەی بێسەمەر داری بییە |
هەر نەمامێ تۆ بە خوێن ئاوی نەدەی دڕکی «زییە» | لافی میللیەت بەدەم لەم چاخەدا کەڵکی نییە |
ڕۆژی هەوڵە هەر بە هیممەت گوێ هونەر ئەبڕێتەوە | |
ئەی وەتەن من بوڵبوڵی گوڵزاری کوردستانتم | بێتە ڕۆژی سەر بڕین سەربازی ڕووی مەیدانتم |
ڕۆحەکەم پێشکەش ئەکەم وەک قۆچەکەی قوربانتم | بەسیە تەعنەم لێمەدەن هەر ڕۆڵەکەی جارانتم |
هێندە حیلمت بێ هەتاکوو دەست و پێم ئەکرێتەوە | |
باڵی هەڵماڵی لە ڕێتا سەربەسەر شاهـ و گەدا | هەر کەسێ بۆخۆی بەتەنیا سەر لە ڕێی سڕتا ئەدا |
گوێ گرە بۆ خوار و ژوور چۆن گشت ئەڵێن لەم کاتەدا | شەرتە شەرتی پیاوەتی بێ گەر خودا دەیتم بدا |
دوژمنت پەت کەم وەکوو سەگ بیخەمە ژێر پێتەوە |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|