برادەر عەشقبازی و سەبووری گەر چی زەحمەت بێ
Appearance
برادەر عەشقبازی و سەبووری گەر چی زەحمەت بێ | ئەبێ عاشق لەڕێگەی عەشقەوە دائیم بەهیممەت بێ |
نەکا خۆی موفلیسی بەر چاوی یاران و ڕەقیبانی | وەها پیشان بدا دائیم بەوێنەی زەڕ بەقیمەت بێ |
مەدە گوێ تەعنەیی ئەغیار لە تیری تانەیی بەدکار | لە بیرم دێ کە ئوستادم وەهای فەرموو بە ڕەحمەت بێ |
ئەگەر یاری دڵارامێ لە ڕێگەی عیشوە و نازا | لە ڕووخۆشی و جەوانیدا بە ڕووحسووکی بلیمەت بێ |
ئیتر باکی نییە هەرگیز لە دونیادا هەتا ماوە | دووچاری بیری تانەی ناحەز و لۆمە و مەلامەت بێ |
هەدەف بێ سینە بۆ تیری موژەی دڵداری هەر خۆشە | بەڵێ یا هەرچی باداباد ئەگەر قەسدت موحیببەت بێ |
نەکا بەدعەهدی و سستی لە ڕێگەی عەشقبازیدا | بەوێنەی شێر لە مەیدانا وەکوو ڕۆستەم بەهەڵمەت بێ |
لە شمشێری برۆی دڵدار ئەبێ پەروای نەبێ عاشق | لە ساحەی عەشقبازیدا چییە با جەرگی لەتلەت بێ |
سەروماڵم ئەگەر بڕوا لەپێناویا نییە باکم | لە گوڵزاری گوڵی ڕووی وەرگرم فرسەت غەنیمەت بێ |
بەڵێ ئەشعاری عورفی سافە وەک ئاوێنەی ڕووی یار | ئەبێ پێی ئیعتراف بکرێ ئەگەر نەختێ حەمییەت بێ |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|