برام گوێ بگرە لەم پەندەم کە لەم پەندانە تێبین کەی
Appearance
برام گوێ بگرە لەم پەندەم کە لەم پەندانە تێبین کەی | ئیتر با موددەتێکیش چی ئەبێ بەحسی وەفا و دین کەی |
تەکەببور ئاخری مایەی فروومایە بە بەر دێنێ | مەبە لووتبەرز و مەغروور خۆت موقابیل ماهـ و پەروین کەی |
ئەگەر ڕاستە بە دڵ عەهد و وەفای دۆستت بەجێ بێنی | لەگەڵ دۆستی وەفاپیشە لە دڵ خاڵی درۆ و کین کەی |
ئەگەر سدق و سەلامەت پیشەیی ڕوویی حەقیقەت بێ | لەلای یاران ئەبێ خۆت دائیمەن مەحبووب و شیرین کەی |
لە حەق هیچ کەس مەبە دووڕوو نەوەک هەر وەک گوتوویانە | ڕەفێقی گورگ لەگەڵ مەڕ باڕەباڕ و گریە و شین کەی |
مەبە غافڵ کە دونیا پەنج و دوو ڕۆژە لەپڕ ناکاو | مونادا بانگ ئەکا توێشووی سەفەر کە، ئەسپەکەت زین کەی |
بە دڵ ئیخلاسی دۆستانت لە گێژاوی بەڵا دەرچن | بە عەینی مەعبەری دووکان و جوودت پردی نارین کەی |
ئەوا یاران هەموو ڕۆیین ئیتر وادەی من و تۆیە | ئەمە ڕێی ڕاستە بەخوا بۆچ ئیتر ئینکاری ئایین کەی |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|