بۆ کچێکی بێگانە
Appearance
زۆر قژی زەرد سەرنجی ڕاکێشاوم | زۆر چاوی شین داویە پرشنگ لە چاوم |
شان و مل و گەردنی ڕووتی بێگەرد | سنگی نەرم و مەمکی قوتی توند وەک بەرد |
بەژن و باڵای کەڵەگەت و شۆخ و شەنگ | لەشولاری کەمێک گۆشتن، کەمەر تەنگ |
پێستی سپی بە خوێنی گەش مەیلە و ئاڵ | کوڵمی قەڵەو، چەناگەی ناوەڕاست چاڵ |
دەم و لێوی وەک گوڵی بەربەیانی | ئەمانە گشت، گەلێکی تریش جوانی |
وەک لەنجەولار، زەردەخەنە، نەغمەی دەنگ | شەرمی تاوتاو، نازکردنی ڕەنگاوڕەنگ |
هەمووم دیون کاریان کردۆتە هەستیم | سەردەمێکی عومرم بوونە هۆی مەستیم |
هەموو: یەکیەک یاخۆ دەستە بە دەستە | ناخی گیانیان بۆ پڕ کردووم لە بەستە |
ئەمانەم گشت لا جوان بووە و لا جوانە | بەڵام هەرگیز تەنیا جوانی ئەمانە |
بۆی نەشکانووم توینیەتی و ئارەزووی دڵ، | هەر گەڕاوە مەلی برسیم چڵاوچڵ |
لە هەچ باخێک گوڵێکی سوورم دیبێ | بۆی چووم هەزار دڕک لە پێم چەقیبێ! |
هەر ئەوەندەش گیرۆدەی گوڵی سوور بووم | ناشارەزا و پەپوولەی دوور بە دوور بووم |
ئەمجا ئیتر کەوتوومەتە بەیایی | بۆ جوانێکی تری پێش ئاشنایی |
جوانەی تریش هەر وەکوو ئەم جوانانە | نەیتوانیوە دامرکێنێ ئەم گیانە |
هەر سەرگەردان، هەر ئاوارە، هەر برسی | «بۆچی؟» باشە پێت بڵێم با، ئەپرسی: |
چونکە کاتێ دێنێتە دی خۆزگەی دڵ | جوانیی گیانیش هاوکاری بێ، جوانیی گڵ |
لەش با هەردەی بەهار بێ ئارایشتی | ئاسمانێکی ئەوێ فەڕ با بە گشتی! |
بۆ کڵۆڵیم، ڕەنجەڕۆییم، بەدبەختیم | تا ئێستاکە هەر نازدارێ من ناسیم |
بە ڕواڵەت چەن پرشنگدار و شیک بوو | پێچەوانەی ئەوە، دڵی تاریک بوو؟ |
کۆشی گەرم و دەروونی سارد و سڕ بوو | زمانی نەرم، نیهادی ئێجگار دڕ بوو! |
لەبەر ئەوە، ئەی قژزەردی بێگانە! | جیلوەی جوانیت لە بیرم چێ ئاسانە! |
بەڵام ئەوەی لێی ورووژاندم هەستم | ئەو کتێبی شیعرەیە داتە دەستم! |
گران هەتا دوا هەناسەی ژیانم، | لە بیرم چێ ئەو جوانەی دای نیشانم: |
دیوانەکەی «برۆنس» کە نەغمەی شیعری | ئەڵێی کچە پێ ئەکەنێ، یان ئەگری! |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|