بەیتی ترێ
Appearance
ڕۆڵە بزانە ترێ چەند ڕەنگە | کامیان زوو ڕەزەو، کامیان ئاونگە |
ترێ پادشای هەموو میوانە | هاوین پێخۆری هەموو میوانە |
خوا خۆی فەرموویە «أعناب و نخيل» | پێش خۆرمای خستوە قورئانمان دەلیل |
بە «داڵیتە» وە هێشووی چەند جوانە | نموونەی مەدح و نەزمی قورئانە |
خەڵکی بۆ گەڵای بە ئاخ و داخە | لەگەڵ پێگەیشت باوی یاپراخە |
چووزەرەی ژنی تێ دەورووژێ | بێزووکەر تەرزی دادەکرۆژێ |
کە کۆتەرەکەی پیاو ئەیسووتێنێ | بۆ نێرگەلەکێش قڕانێک دێنێ |
ڕۆنی داری مێو بۆ ڕیحی طيار | لەگەڵ تێتهەڵسوو ئەڕوا بە یەکجار |
سێبەری سەرحەوز هەمووی بەمێوە | هەر هێشوویەکی توورەکەی پێوە |
بەرسیلە نەختێ خوێی لەگەڵ بێنە | لە کاسەیەکا هەڵیتەکێنە |
بیخەرە دەمت دەم بتەقێنە | بە تامەتامە سەر بلەقێنە |
هەنگ شیلەی ئەوە ئەیکا بە هەنگوین | سێبەر و بەر و سەری هەر ڕەنگین |
نەشئە ئەبەخشێت دایکی شەرابە | ساڕێژی کزەی جەرگی کەبابە |
هەر لەو ڕۆژەوە دنیا دانرا | مەدحی شەرابە بە شیعر بێژرا |
پاییزان ترێ و کەباب چەند خۆشە | «شیرە» و «کاڵەکوت» چاری نەخۆشە |
بۆ ساوەر کوتان کەشکەک و ترێ | هێزی ئەوانە دەست مێکوت ئەگرێ |
دۆشاوی باوی سەرمای زستانە | باسووق و سجووق ڕاحەی کوردانە |
دیومە پاقلاوە لە نانە باسووق | ناردیان بە دیاری هەر لەبەر تاسووق |
مێوژە ڕەشکەی لە خورما خۆشتر | وەک ئەو شیرینە و لەویش فێنکتر |
قەومێک لە لایەن پارە بردنەوە | بە مێوژە ڕەشکە تاقیان کردنەوە |
ئەوە بوو وتیان بە هەورامیانە: | پادار بگیرۆ، بێ پا وێمانە |
خۆ مێوژە سوورکە لەگەڵ لەبلەبی | ئەوەند بەتامە درەنگ تێر ئەبی |
شەوارەی زستان شەوچەرەی دۆستان | باسووق و سجووق دێتە بەردەستتان |
بەسەر مێوژدا مەولوود ئەخوێنن | ئەبێ بە مووفەڕک خەڵک ئەیفڕێنن |
سرکە ئەنواعی ترشی لێ ئەکەن | ڕەنگاو بۆ شێخان دەست بە دەست ئەبەن |
حەڵوای دۆشاوی خەنیمی کوردە | چەند پێخورێکی بە دەست و بردە |
خەڵک کردوویانە بە بەند و باوێ | وای لە قوونێیە و وای لە دۆشاوێ |
من ئێستاش مشتاق بەزمی مشتاغم | هەڵپەڕکێ و بلوێر دای لە دەماغم |
لەتکەی سەر مشتاغ دەمی سبەینێ | هەزار ڕوتابی عەرەبی دێنێ |
قلانگی سجووق بە تەنافەوە | سێ داخی ناوە بە دڵی جافەوە |
پەڵووڵە باسووق بە بادامەوە | وا دیسان تامەتامەی دامەوە |
چەکەرەی باسووق بیکەیتە ناو ڕۆن | هەر بیخۆ و بڵێ توخوا چۆنە چۆن؟ |
زستان خۆشاوی مێوژ دەسکەوێ | خەفەتباریش بی خەمت ئەڕەوێ |
ئەنجا با ناویان بڵێین سەربەسەر | من ئەیڵێم و تۆ بیخەرە دەفتەر |
یەکەم «زوورەز» ە کە زوو پێدەگا | پێستی ئەستوورە هەروەک چەرمی گا |
ئەمجا «مەفرە» و «زەڵکە» ئاودارن | بەڵام شیرین نین هەر مزرکارن |
ترێ «سەعدانی» ڕەونەقی ڕەزان | بە لارولەنجە وا هاتە دووکان |
حەرامە لە پاش سەعدانی ترێ | خرمەی زۆر خۆشە تێری لێ ناخورێ |
بیخەیتە بەفراو بە چلەی هاوین | بۆ دەمێک ئەشێ خاڵ و میل ڕەنگین |
دەم دەنکی نەگرێت تەنگ و نازدار بێ | ترێ ڕەش لە سای گەردنیا دیار بێ |
بە نەشئەی ترێ کە چاو هەڵگیرێ | سۆفی و مەلا و شێخ لە دین وەرگێڕێ |
ئاخ سبەینان زوو پێش هەتاو کەوتن | لەگەڵ نازداری سوراحی گەردن |
بە لارولەنجە و غەمزە و نازەوە | بە وردەڕازی عەشقبازەوە |
لەبن سێبەری مێوی سەعدانی | ڕاکشێی سەرت بکەیتە سەر ڕانی |
سەیری ترێ کەی بە ژوور سەرتەوە | ئەو بە ناز ترێ بکا بە دەمتەوە |
تالعی سەعدی لەگەڵ سەعدانی | «قران السعدين» تەواو بزانی |
بەو عەشقە دنیا ئەبێ بە هی تۆ | ئەو شەوقەت نەبێ شێتی و ڕەنجەڕۆ |
«چاوش ئوزومی» کەوا مەشهوورە | ئەم سەعدانییە، بەڵام ئەو دوورە |
کشمیش «ئەزمیری» پێکوڕەی ئەمە | هەرچی پێ بدرێ هێشتا هەر کەمە |
ترێ «تائفی» سەرقووڵەی لەڕە | «پاییزە» و «سووراو» ناخورێ بێ فەڕە |
ترێ «سپیکە» خەرجی دۆشاوە | لە پاش سەعدانی ئەمجا ئەو باوە |
«هندوی» و «کاژاو» و «سورشامی» و «رەشکە» | بە بار بیهێنە و لە خەڵکی بەش کە |
«بۆڵ مازو» و «مسکی» و «مێخی» و «ڕەزاقی» | «گون تووڵە» و «کلکەڕێوی» و «عشاقی» |
«نینۆکی بووکێ» و «شمیری» باشە | «چەمیلە» خواردنی دۆمی کڵاشە |
«یاقووتی» و «زەردی» و «مام برایمە» | «شەقشەقە» و «فەرخی» پێستیان قایمە |
ترێ «دەرە بۆڵە» و «گونکە» و «شیرازی» | بێتامن هیچکەس پێیان نابن ڕازی |
«خۆشناو» ئەو کاتەی بەفری لێ باری | ئەوسا نایابە بیبەی بە دیاری |
ئەمە بە تەنها ترێ کەمانە | هەرمێ و هەڵووژە و قۆخ دووچەندانە |
قۆخێک لە پاریس بە دوو فرانقە | لێرە لەتکەقۆخ سەرمایەی بانقە |
لە دەست نەزانین هەزار ئاخ و داخ | هێشتا تووتنمان نەبووە بە ساچاخ |
ئاخ بۆ کەساسی، داخ بۆ کەساسی | خاکت ئەمەیە و کەچی نایناسی |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|