تا بە کەی قوربان بناڵم من بە ئێش و دەردەوە
Appearance
تا بە کەی قوربان بناڵم من بە ئێش و دەردەوە؟ | دەس بە ئەژنۆ، قوڕ بەسەر، دایم بە ئاهی سەردەوە |
ڕۆژی ئەووەڵ بوو کە زانیم من ئەبێ دێوانە بم | ئاشقی تۆ، نەوعی مەجنوون، وا بە کێو و هەردەوە |
مەرحەمەت کە زوو بڕۆ قاسید بڵێ دەردی دڵم | نازی پاپۆچت ئەکێشم من بە تۆز و گەردەوە |
من کە پشتوانی باڵا و بۆسەچینی کوڵمەتم | چی دەکەم ئاخر لە سەیری باخ و بەی، بەم دەردەوە |
هەر وەکوو قەوس و قەزەح با دەس لە گەردن دانیشین | تۆ بە سوخمەی ئاڵ و سەوز و من بە ڕەنگی زەردەوە |
یەک نەفەس چاکی نەهێنا کەعبەتەینی بەختەکەم | شەش دەرم گیراوە داماوم بە دەستی نەردەوە |
ئیلتیماسی تاهیری بێچارە قەد سوودی نییە | تۆ کە دایم شەڕفرۆشی بەو دڵەی وەک بەردەوە |
This work was published before January 1, 1929, and is in the public domain worldwide because the author died at least 100 years ago. |