تۆبەکردن
Appearance
وا پیاوێ عومری چووە حەفتا ساڵ | بێ تێگەیشتن بێ عەقڵ و کەماڵ |
چاکەی نەکردووە خێری نەکردووە | قەسەمی بەڕاست هەرگیز نەخواردووە |
نازانێ ئیمان چۆنە و چۆن نییە | بەهەشت چلۆنە و جەهەننەم چییە |
نازانێ ئەسڵ و فەرعی دین کامە | کێ جوولەکەیە یا کێ ئیسلامە |
وەختێ کە پیر بوو قوەتی نەما | شەریکی دزی، شەریکی ناکا |
ئەگەرچی جاران بە قووەت بووە | کۆڵ هەڵگرتنی لەدەس دەرچووە |
دەرەقەت هیچ کەس نایە بە زوان | تا جەردەیی کا وەک جاری جاران |
ئەمجا ئەزانێ هیچی بۆ ناکرێ | ئەمڕۆ سۆزییەک خاتر جەم ئەمرێ |
ئەڕوا بۆ تەکییەی شێخان بۆ تۆبە | سەد هەزار کەڕەت تۆبە لەو تۆبە |
شێخیش چ شێخێ، شێخی ناو ژنان | سمێڵ خەناوی سەرتا پا جوان |
بێفکر و بێ بیر لە کەس نەپرسێ | نەزان و ڕۆح زل لەخوا نەترسێ |
ئەڵێ بە کابرا تۆبەکەت چاک بێ | پیاوی تۆبەکار ئەبێ دڵپاک بێ |
خۆت بهاوێژە ژێر بەیداخی من | من ئەتپارێزم لە دۆس و دوژمن |
ڕزقت زیاد ئەکەم کوڕت پێ ئەدەم | داخڵ بە کۆمەڵ بەهەشتیت ئەکەم |
بەڵام تۆش ئەبێ مانگێ دەفعەیێ | ئەگەر پێت ناکرێ چل شەو نۆبەیێ |
دیاریم بۆ بێنە هەرچی ئەتوانی | هەر شتێ کە خۆت بە چاک ئەیزانی |
خزمەتی من کەی چاکە تا خێزان | خێزان لەگەڵتا نایەنە دیوان |
فریات ئەکەوم لە ئازاری قەبر | نەجاتت ئەدەم لە ڕۆژی حەشر |
ئەمجا ئەم کابرا هێندە ئەحمەقە | هەتاکوو ئەمرێ کۆڵ کێشی خەڵقە |
دەس شێخ ماچ ئەکا و دێتەوە بۆ ماڵ | لێی کۆ ئەبنەوە ڕانک و چۆخە و شاڵ |
یا خۆڵی مەرقەد یا تیکەیەک نان | دێنێتۆ بۆ ناو کۆڕی موریدان |
لە سایەی شێخا هەرچی ئەبینێ | لەناو خێرانا یەک یەک ئەیخوێنێ |
ئەڵبەت ئەی خەڵکە شێخ چەندە جوانە | حەمە یاڵ لە مل لفکە لە شانە |
چەن نەرم و شلە دەستی جوانی | هەزار ماشاڵڵای لە ناو چاوانی |
کەوای گرۆنی سەڵتەی تاقم دار | چەتفەی مەلیکی کێش و کڵاو لار |
خەنجەری دەبان تەواو کاڵان زەڕ | سەرتا پای باڵای وەک ڕێحانەی تەڕ |
کە لەگەڵ شێخ ژن دانیشن لە ماڵ | شەیتان کوێر ئەکەن بە لفکەی دەسماڵ |
ڕوومەت تون و تۆڵ چاو و برۆ ڕەش | ڕەنگ سوور و بۆ خۆش وەک گوڵاڵەی گەش |
کە نواڕی بۆ من شێخی باڵا بەرز | وەک بێی ڕووی شەتاو کەوتمە لەرزە لەرز |
لەپاش نیو سەعات هاتمەوە سەر هۆش | دیاریەکەم دانا بە دڵێکی خۆش |
ئەمجا شێخ فەرمووی موریدەکەی خۆم | بێنە بزانم چیت هێناوە بۆم |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|