تیری خەمزەی چاوەکانت وا لە جەرگم کارییە
Appearance
تیری خەمزەی چاوەکانت وا لە جەرگم کارییە | ئێستە ئەشکم وا بە خوڕ دێ، ڕەنگەکەی گوڵنارییە |
نەفسی سەرکەش، چەند ڕۆژێ گەر جیهانت ڕام ببێ | دڵ ئەگەر خۆش کەی بە خۆت، بێ عارییە، بەم «عاریە» |
گوڵ ئەگەر هات، خۆی موقابیل کا بە تۆ، لێی ناگرم | هەرزە گۆیە و بێ وەفایە، دولبەری بازاڕییە |
ناشکێ قوربان دڵم هەرگیز لەبەر جەوری ڕەقیب | عادەتی ئەو دائیمەن هەر فیتنە و بەدکارییە |
لێم گەڕێن تەنهانشینی کونجی خەم بم ئەی ڕەقیب | دەردەکەی من دەردی ئەشقە و زۆر گران و سارییە |
زاهیدی خودبین کە حەیوانە لە وادی عەشقدا | ڕیشەکەی پان و درێژی ڕەشمە و و هەوسارییە |
سەبر و هۆش و ڕۆحی بردم هەر بە جارێ ئێستەکەش | هیچ نەما کاری بە من، پەیکارییە بەم کارییە |
جارێ ناپرسی لە حاڵی من مەگەر نازانی تۆ | زار و بێزار و نەزارم کاری من هەر زارییە |
تازە زانیومە لەسەر دینی مەسیحایە نیگار | پەرچەمی عەینی سەلیبە زوڵفەکەی ڕەشمارییە |
تاقەتی شیعری نەماوە هیچ لە بەر ڕەنج و فیراق | ئەم کەلامە گەر بڵێ تاهیر لە بەر بێعارییە |
This work was published before January 1, 1929, and is in the public domain worldwide because the author died at least 100 years ago. |