Jump to content

تەئریخی جاف/فەسڵی یانزەهەم

From Wikisource
308723تەئریخی جاف — فەسڵی یانزەهەم1949کەریم بەگی جاف

بەحسی کوڕەزاکانی محەمەد پاشایە.

محەمەد پاشا وەکوو نووسیومانە حەوت کوڕی بووە: مەحموود پاشا، عوسمان پاشا، حەسەن بەگ، سڵێمان بەگ، محەمەد عەلی بەگ، قادر بەگ و فەتاح بەگ.

قادر بەگ ئەولادی نەبووە.

مەحموود پاشا چوار کوڕی بووە: کەیخوسرەو بەگ، عەلی بەگ، حسەین بەگ و ئەحمەد بەگ. کەیخوسرەو بەگ ئیمڕۆ کوڕێکی لە حەیاتدایە کە ناوی عەبدوڵڵا بەگە و دوو کوڕی چاکی بوو لە حەیاتی خۆیدا مردن و عەلی بەگ تەنها کوڕێکی هەیە حەسەن بەگی ناوە، خۆی وەفاتی کردووە و حسەین بەگ بەرحەیاتە، سێ کوڕی هەیە، گەورەیان ناوی عەبدوڵڵا بەگە، ئەحمەد بەگ وەفاتی کردووە، کوڕێکی هەیە عومری دە ساڵانە، ناوی شەوکەت بەگە و کەیخوسرەو بەگیش بە ڕەحمەت چووە.

عوسمان پاشا پێنج کوڕی بووە: مەجید بەگ، تاهیر بەگ، محەمەد سەعید بەگ، عیززەت بەگ و ئەحمەد بەگ. مەجید بەگ و تاهیر بەگ و محەمەد سەعید بەگ بە ڕەحمەت چوون، مەجید بەگ تەنها کوڕێکی هەیە کە ناوی حەمید بەگە و ئیستە قائیم مەقامی چەمچەماڵە و حەمید بەگ شەش کوڕی هەیە، گەورەیان ناوی بورهان بەگە، تاهیر بەگ تەنها کوڕێکی هەیە ناوی مەسعوود بەگە. وە محەمەد سەعید بەگ تەنها کوڕێکی هەیە ناوی داود بەگە، داود بەگیش کوڕێکی هەیە ناوی کەریم بەگە.

وە عیززەت بەگ بەرحەیاتە، کوڕێکی هەیە ناوی عەلی بەگە، ئەحمەد بەگیش کە لەحەیاتدایە، کوڕێکی هەیە نای ئەفراسیاو بەگە.

حەسەن بەگ کە بە ڕەحمەتی خوا چووە، کوڕێکی لە دوا بەجێ ماوە و ئیستە مودیری وارماوایە، ناوی حسەین بەگە. چوار کوڕی هەیە گەورەیان محەمەد بەگی ناوە.

سڵێمان بەگ کە ئەویش بە ڕەحمەتی خوا چووە، پێنج کوڕی بووە: محەمەد ڕەشید بەگ، حەسەن بەگ، حاجی ئیبراهیم بەگ، عەبدولقادر بەگ و محەمەد بەگ. محەمەد ڕەشید بەگ بە ڕەحمەتی خوا چووە، یەک کوڕی هەیە ناوی عەلی بەگە و ئیستە لەسەر کۆکس دانیشتووە بەسەر موڵکی خۆیەوە. حەسەن بەگیش بە ڕەحمەتی خودا چووە، دوو کوڕی هەیە. محەمەد بەگ و محەمەد ڕەشید بەگ هەردووکیان لە کۆکس بەسەر موڵکی خۆیانەوە دانیشتوون.

حاجی ئیبراهیم بەگ بەرحەیاتە لە دەککە دانیشتووە، کوڕێکی بچووکی هەیە ناوی عەبدولقادر بەگە و ئیمڕۆ لە عوموومی بەگزادەی کەیخوسرەو بەگی بە ساڵ گەورەترە و پیاوێکی زۆر چاک و موەففەق لەسەر تاعەتە. عەبدولقادر بەگیش بەرحەیاتە، ئەویش لە دەککە بەسەر موڵکی خۆیەوە دانیشتووە و محەمەد بەگ لەپێش ژن هێناندا بە ڕەحمەت چووە.

محەمەدعەلی بەگ کە خۆی بە ڕەحمەت چووە سێ کوڕی زۆر چاکی بوو لە پاش خۆی، لە زەرفی ساڵێکدا لە تەئریخی هەزار و نۆسەد و هەژدەی میلادیدا، جەمیل بەگ و ئەدهەم بەگ و محەمەد بەگ لە بەینی سێ مانگدا ئەم سێ کوڕەی مردن.

جەمیل بەگ دوو کوڕی لە دوا بەجێ ماوە: جەمال بەگ و ئەنوەر بەگ.

ئەدهەم بەگ ئەولادی نەبوو.

محەمەد بەگ بەر لە ژن هێنان مردووە و سەروەتێکی زۆر لە دوای محەمەد عەلی بەگ مایەوە، دوو بەشی جەمال بەگ لە ناویدا و بەشێکی بۆ ئەنوەر بەگ ماوەتەوە و قادر بەگ -ذاتاً- نووسیومانە بەبێ ئەولاد مردووە.

فەتاح بەگ کە بە ڕەحمەت چووە لە تەئریخی هەزار و سێسەد و بیست و پێنجی هیجریدا شەش کوڕی لەدوا بەجێ ماوە: کەریم بەگ، ڕەزا بەگ، محەمەد بەگ، عەبدوڕەحمان بەگ، ئەحمەد بەگ و داود بەگ و هەر شەشیان هان لە حەیاتدا. کەریم بەگ دوو کوڕی هەیە: محەمەدئەمین بەگ و مستەفا بەگ وە ڕەزا بەگ چوار کوڕی هەیە: خالید، مەحموود، عەلی و جەمیل.

وە محەمەد بەگ کوڕێکی هەیە ناوی سەعید بەگە.

عەبدوڕەحمان بەگ و ئەحمەد بەگ ژنیان هاوردووە ئەمما کوڕیان نیە و داود بەگ ژنی نەهاوردووە.

بەگزادەی کەیخوسرەوبەگی کە کوڕەزا و کوڕەزازای محەمەد پاشان، ئەوانەی کە ئیمڕۆ مەوجوود و بەرحەیاتن و لە قەزای ئەڵەبجە و لیوای سلێمانی و کەرکووک و قەزای خانەقی دانیشتوون، عیبارەتن لەمە کە لە سەرەوە نووسراوە و بەگزادەی بارام بەگی پیاوی مەعلوومیان مستەفا بەگی عەبدوڵڵا پاشا و ئەحمەد بەگی محەمەدساڵح بەگ کە ئیمڕۆ مەبعووسە و برایەکی هەیە ناوی عیززەت بەگە و عەلی بەگی ڕۆستەم بەگ و تۆفیق بەگی قادر بەگ لەتەک ئەمین بەگی برایا... ئەمانە پیاوە مەعلوومەکانی بەگزادەی بارام بەگین.

وە بەگزادەی وەڵەدبەگی مەعلوومەکانیان: محەمەدسەعید بەگ، حەسەن بەگ، عەلی بەگ، ئەحمەد بەگی محەمەد بەگ، حسەین بەگی برای عەلی بەگە. وە نزیکی چل کەسێکی تر وەکوو کوڕ و کوڕەزای یارئەحمەد بەگ و کوڕ و کوڕەزای عەزیز بەگ، حسەین بەگ و عەزیز بەگی حەبیب بەگ، ئەمانە مەوجوودن، هان لەناو جاف و شارەزووردا لە قەزای ئەڵەبجە.