خزمەتکاری خراپ
Appearance
ساڵێ کابرایەک کردی بێسانێ | لە گوێ چەمێکا لە زیخەڵانێ |
بێسان جا هەڵکەوت کاڵەکی گەورە | بێسانی وەها نەبوو لەو دەورە |
بارێ کاڵەکی برد بۆ ئاغای دێ | بەڵکوو خەڵاتی چاکی بداتێ |
ئاغا دێ پیاوێ قاپی وانی بوو | لە سەگ خراپتر پاسەوانی بوو |
یەخەی کابرای گرت وتی ڕێ نییە | ئاغا نووستووە خەیاڵت چییە |
کابرا بە ئومێد نەگەڕایەوە | کەر بە بارەوە ئەسووڕایەوە |
قاپیوان وتی بە کابرای فەقیر | لە ڕیێ خودا دا بۆت ئەکەم تەکبیر |
سەنەد بنووسە خەڵات و بەرات | ئاغا هەرچی دا نیوەی بە من گات |
کابرا ناعیلاج سەنەدی نووسی | ئیتر قاپیوان هیچ لێی نەپرسی |
چوە لای ئاغا کاڵەکی دانا | شێوەی بچووکی چاک بە جێ هێنا |
ئاغا دەسی برد چوار دینار پارە | بەراتی فەرموو بۆ ئەو بێچارە |
کابرا عەرزی کرد نامەوێ قوربان | ئەم چوار دینارە ئەکەم بە سننان |
هەتا دە دینار ئاغا هەر بۆی چوو | فەقیر هەر نەیویست، ئاغا تووڕە بوو |
کابرا عەرزی کرد بۆیە هاتمە لات | سەد شەقم ئەوێ لەباتی بەرات |
ئاغا ئەمری کرد وەرن تێی هەڵدەن | بە هیچ کلووجێ ڕەحمی پێ مەکەن |
پەنجایان لێدا زۆر چاک بە هەوەس | سەر پەنجاویەکە فەقیر وتی بەس |
ئەو پەنجاکەی تر لەبۆ قاپی وان | سەنەدمان داوە لە بەینی خۆمان |
ئاغا تەماشای سەنەدەکەی کرد | قاپی وانی گرت زوو بە دەست و برد |
پەنجای تێ هەڵدا لەباتی حەق خۆی | پەنجای زیادەی حەواڵەی کرد بۆی |
لەپاش سەد شەقە لەوێ دەرکرا | قاپیوانێ تر لەجێی دانرا |
فەقیر و هەژار هەموو ڕزگار بوو | خاوەن کاڵەکیش بەخۆشی دەرچوو |
هەر خزمەتکارە ئیشی وا ئەکا | ئابڕووی سەد ساڵەی ئاغای خۆی ئەبا |
لازمە لەسەر ئاغای ساحێب ماڵ | خۆی تەماشا کا لە حاڵ و ئەحواڵ |
نەوا سێسەدی مڵکی ئاغا بێ | لە نیوەی ساڵا بۆ نان داما بێ |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|