خودا عەدلی لە لای عارف عەیانە (تاھیر بەگی جاف)
Appearance
خودا عەدلی لە لای عارف عەیانە | بە حەققەت ئێمە گەلەین ئەو شوانە! |
لە بەر چی وا مەڕی خۆی مەردی چووپان؟ | بە دەستی خۆی ئەخاتە بەر نیشانە |
ئەگەر موئمین بە حەققەت دۆستی حەققن؟ | چییە حیکمەت زەلیلی ڕووسیانە؟ |
موقەددەر بوو کە گەندوم بێ بە ڕزقی | لە ئادەم بۆ دەبێ بگرێ بەهانە؟ |
کە تیرئەندازی چابوک دڵ بپێکێ! | قەباحەت کەی لە سەر ئەڵقەی کەوانە؟ |
کە ئەو ڕوخساری دڵ بێنێتە پێشۆ | نەسیبی بولبولان داد و فوغانە |
لە ڕۆژی خۆی عەمەل قسمەت کراوە | لە بەر چی تۆ دەڵێی فیعلی خۆمانە؟ |
کە وا بوو ئاگری دۆزەخ لە بۆمان! | چ لازم دێ بکێشێ وا زەبانە؟ |
ئەگەر خەلقە لە بۆمان ئیختیارێ | لە بەر چی یەک بچووک و یەک کەڵانە |
یەکێ بۆ پارە نانێ جان فرۆشە | یەکێ حەققی نییە شاهی جیهانە |
یەکێ سوڵتانی قەسری زەڕنیگارە | یەکێ بێ جێگە و و بێ خانومانە |
یەکێ دایم خەریکی عەیش و نۆشە | یەکێ کوژراوی شمشێری دەبانە |
یەکێ قاروونی دەوڵەت هەم عینانە | یەکێ موحتاجی سککەی یەک قرانە |
This work was published before January 1, 1929, and is in the public domain worldwide because the author died at least 100 years ago. |