دنیا گشت ڕۆژێ بەرگێ ئەگۆڕێ
Appearance
دنیا گشت ڕۆژێ بەرگێ ئەگۆڕێ | کە شووی تازەی کرد کۆنە ئەتۆرێ |
مێردە تازەکەی سەیری کۆن ئەکا | هیچ پەڕوای نییە ماچ و بۆن ئەکا |
نازانێ کە بەم سات و سەودایە | یەکێکی تری لە کەمین دایە |
لەم ئاڵ و گۆڕە و تەشقەڵە و گەڕە | هەرچی دەیبینی هەر نیوەزەڕە |
بەم حاڵەیشەوە هێشتا بۆی شەیداین | بێ سود و نابود سەودایی سەوداین |
بە دنیا ئەڵێن: چەند بێوەفایە | هەرچی کە دەستی بەیتێ دنیایە |
ئەوی تەشیمان بۆ دەڕست دوێنێ | ئەمڕۆ ناپرسین کەوتە کام شوێنێ |
ئەوی لە شوێنی ئەو دێ تێدەگا | ئیتر بایەخی چیمان پێ دەگا |
ئێمە بە ئەخلاق لە پێشەوە بین | کە لە ناو خەڵکا بە حورمەت بژین |
ئەگینە کە هات ماستاو بفرۆشین | کە مانگا نەما چیتر بدۆشین |
ئەشێ وەک درەخت بە ڕەگ و بن بین | بە قووەت کوێری چاوی دوژمن بین |
نەک وەک «کوڵەژەن» لە هەموو ماڵێ | دەرپێی ئابڕوومان لە پێ داماڵێ |
خۆ دیوەخانی ئێستای ئەم شارە | یا غەیبەتی خەڵک یاخود قومارە |
ئەگەر نەیەوێ ساحیب دیوەخان | نایەڵێ زەمی خەڵک بێتە مەیدان |
خۆ هەر ئەو ساتەی کە غەیبەت کرا | بۆ خاوەند غەیبەت بە دیاری برا |
ئەگەر ئەم حاڵە ئیتر بەس نەبێ | هیچ کەس بە هیوای دۆستی کەس نەبێ |
ڕۆژنامەی ژین، ژمارە 556 و 157
1939/02/16
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|