دیسان موناجات «ناڵەی پیری پیران»
Appearance
خوایە ئەوانەی کە بێ باوەڕن | هیچیان نەدیوە وا هەڵەوەڕن |
ئەگینا سەیری باغێکی گوڵ کەن | تەماشەیەکی بە عەقڵ و دڵ کەن |
ئەو ڕەنگە جوانەی پەڕەی «هەرجایی» | بە زەڕەبینی تیشکی بینایی |
لێی ورد بینەوە کە ئەو سەنعەتە | کێ دەڵێ زادەی خووی تەبیعەتە؟ |
گەڵای «گوڵپەسەند» کام مەقەست بڕی؟ | «پەردە عروسی» کێ پەردەی دڕی؟ |
کێ هات «لاولاو» ی بە دارا ئاڵان؟ | کام دەست گەردنی «وەنەوشە» ی شکان؟ |
ئەمانە نەیسا بڵێین بێ گیانن | مادەیەک ڕووی دا زۆرکەس ئەیزانن |
ئاغای شیوەکەڵ یەکێکیان تیا بوو | کە ئاغال ئاغای قادرئاغای ناو بوو |
پێی بریندار بوو لێی کرد بە خۆرە | ئەهاتنە سەری حەکیم بە نۆرە |
ڕۆژێک «مەولەوی» حەکیمی بانە | پێی وت ڕەحمت بێ بەم مناڵانە |
ئەم دەردە پیسە ئەتەنێتەوە | پیاو ئەبێ لێیان دوور کەوێتەوە |
ئاغا لە دوور دێ چووە بن دارێک | ڕاکشا و ڕوانی بۆی کشا مارێک |
ئەمیش بێزار بوو چاوی لێ قووچان | تا هاتە سەرپێی خۆی هیچ نەجووڵان |
هەرچەند خەڵک و خوا لە دوور پەیدا بوو | تا ئەوان هاتن مار پێوەی دابوو |
پێی چاک بووەوە وەک دۆخی جاردی | خۆ ناڵێن ئەمەش تەبیعەت ناردی؟ |
بەردە زلەکەی ناو ئاوی دووکان | کە بۆ ئەندازەی ئاو بووە بە نیشان |
شارە مێروولەی لە ناودا ئەژی | ئەویش تەبیعەت هێناویەتە دی؟ |
ئەم ئاسمانە کە بێ ستوونە | بۆ کردەوەی تۆ بوو بە نموونە |
چەرخی ماکینەی ئەم ڕۆژ و شەوە | بێ هەڵم و بەنزین ئەسووڕێتەوە |
چەوری پێ ناوێ هیچ ژەنگ ناگرێ | لێک هەڵناوەشێ دەستی تێ نابرێ |
ئاش بێ ئاش وەستا نانرێتەوە | گاجووت بێ جووتیار ناگەڕێتەوە |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|