دیوانی ئەحمەدی کۆر/ێ
Appearance
1
[edit]دوێشەوێ دیتم لە خەودا وام لەگەڵ شەککەر لەبێ | ڕووبەڕووی دڵداری گیانیم، لێی دەخوازم مەتڵەبێ |
لێی دەخوازم زۆر بە زاری، بە زەلیلی و ئینتیزاری | بۆ دەوای دەردی بیماری، بووسەیێ لەو غەبغەبێ |
غەبغەبی بەیزا و مونەووەر، مەهڕوویی تەنناز و دڵبەر | لەب میسالی حەوزی کەوسەر، جایی نۆش و مەشڕەبێ |
مەشڕەبێ لەعلی لەبانی، عەیشی ڕۆحی خەستەگانی | داڕووی دەردی نیهانی، حەق نەسیب کا بۆ مە بێ |
حەق لەبۆ مەی کا نەسیبە، ڕۆئیەتی ڕوویی حەبیبە | زوو لەبۆ مە بێ تەبیبە، جەڕحی دڵ پێی خۆش دەبێ |
خۆش دەبێ ئەو جەرح و زامە، دڵبەری شیرین کەلامە | بەشقی شای خەیرولئەنامە، لوتفێکت دەر حەق مە بێ |
تۆ بە لوتفی خۆت عەتا کە، دڵ لە بەندی خۆت ڕەها کە | بووم بە تای زوڵفت هیلاکە، سەر بە دۆش چون عەقڕەبێ |
عەقڕەب و ماری گەزەندە، حەڵقە حەڵقە چون کەمەندە | سەر لەبەر گەردن لە بەندە، باعیسی لەرز و تەبێ |
باعیسی ڕۆژی دەتەنگە، یار حەبیبی دڵ چۆ سەنگە | هەر کەسێ ئەو لێی بە جەنگە، ڕاحەتی مردن دەبێ |
ڕاحەت و عەیشی مەحاڵە، بۆ کەسێ حەشری خەیاڵە | هەر کەسێ دی ڕووی بەخاڵە، شیبهی خەتتی مەکتەبێ |
مەکتەبی عالەم نەزارە، خاڵ وەکوو نەجم و ستارە | دڵ بە دینی ئینتیزارە، سوحبەتی گێسوو شەبێ |
گێسووی موشکین کەلافە، دەستە دەستە چون تەنافە | جەبهەتی بێ گەرد و سافە، تاری کرد وەک مەغریبێ |
تاری کرد وەک شەب زوڵامە، ڕەوشەنی چاوی ئەنامە | شاد بەخشی خاس و عامە، دیتنی ڕووی قەند لەبێ |
دڵبەری نوورین جەماڵە، خۆشەویستی زولجەلالە | کافیی عیسیان مەلالە، بوونی ژێر پێی مەرکەبێ |
مەرکەبی ناو لێ بۆڕاقە، ڕاکیبی سادیق میساقە | خۆشەویستی فەردی تاقە، شافیعی مەن ئەز نەبێ |
شافیعە بۆ ئینس و جانان، خێری ئەرز و ئاسمانان | بمدەنێ هەر دوو جیهانان، ئەز نەدەم پێی مەنسەبێ |
سەد کە من مەنسەب و پایە، هەر غەم و دەرد و بەڵایە | چونکە یار ساحێب وەفایە، تەرک دەکەم بۆی مەزهەبێ |
مەزهەب و دین چوو لە دەستم، من فیدای ئەو چاوی مەستم | یاری خۆم ئەز دەپەرستم، تا لە قەلبم ڕۆح هەبێ |
ڕۆح و دڵ، عەقڵ و ئیمانە، هەر چی دەر کەون و مەکانە | هەفت ئەرز و ئاسمانە، پاک لە ڕێی یار فیدیە بێ |
پاکی عالەم تۆی مرادە، تالیبی مەجروح فوئادە | عاشق هەر ئەو وەختە شادە، یار بدا لێی مەزرەبێ |
یار بکا لێی زەربی کاری، لە قولووب و جەرگی یاری | ئەو غەم و ئەندووهـ و زاری، بۆ مە هەدیە و توحفە بێ |
دڵ لەبۆی هەدیە و ویسال کەین، جیسم و تەن بە کۆی زوخاڵ کەین | نەک چ جاری دی خەیاڵ کەین، فکری لەهو و مەلعەبێ |
چی جیهانە لەهو و لەعبە، گەر عیناد و ڕەنج و تەعبە | کارێکی زۆر زێدە سەعبە، دڵ کە عیشقی تێ نەبێ |
دڵ لە عیشقی یار جودا بێ، بە هەزار دەرد موبتەلا بێ | دەک بە زەهری مار هەلا بێ، ڕەستگاری لێ نەبێ |
چارەیی بۆ نین دۆعایە، چونکە جیسمێکە فەنایە | ڕۆح بە نووری وی فیدایە، تەن سیای سەر حەڵقە بێ |
حەڵقە حەڵقە تووکی مەڕخوز، غەمڕەوێنی دەردی عاجز | تازە عومرت بوو بە سێ عوز، یا ڕەبی سێ پەنجە بێ |
ڕۆژبەڕۆژ ساحیب نەجات بێ، هەر لە سەر عەیش و نیشات بێ | دیم چراغی ڕووی بیسات بێ، خاڵ چوو نەجم و کەوکەبێ |
کەوکەب و نەجمولهودایە، شاهـ و سوڵتان و گەدایە | هەر چی دی، بۆی جانفیدایە، دەک لە ئێمەش نەخشە بێ |
دەک ئەمەش بۆی جانفیدا بین، دڵ فەراغی ماسیوا بین | سەردەمێکیش ئاشنا بین، تا عومر باقی هەبێ |
تا دەچێ عومرم بە فانی، موددەیی پیری و جەوانی | سەر لە ڕێی دڵداری جانی، خاکی ژێر پێ و مەکعەبێ |
گەردی ئەو ژێر کەوش و کاڵان، سایەیی سەرو و نیهالان | دەفتەری ئەو جوانە خاڵان، بۆ مە عیلم و نوسخە بێ |
بۆ مە ئەو باغی نەزەر بێ، هەر کەس عیشقی تۆی لەسەر بێ | ڕەنگە شای ساحێب زەفەر بێ، در جیهان پڕ فەتحە بێ |
ڕەستگاریم نین لە دامە، کەی بچێنم گوڵ بە کامە | حوببی شای خەیروولئەنامە، قەت لە قەلبم کەم نەبێ |
عومری «ئەحمەد» چۆتە فانی، موددەتی پیری و جەوانی | هەر بە عیشقی شایی جانی، خاکی ژێری نەعلە بێ؟! |
2
[edit]یا خودا هیچ کەس وەکوو من ڕووی لە جانان دوور نەبێ | هیچ بەدەن وەک جەندەکی من غەرقی بەحری قوڕ نەبێ |
غەرقی مەوجی بێ کەرانم، قەقنەس ئاسا گڕ لە گیانم | ئەو دڵەی دەیر و وێرانم، چیدی مەئوای حوور نەبێ |
حۆریی باغی جینانن، زاهیرەن نەقشی جیهانن | مەهجەماڵن، نەوجەوانن، چیدی نین قەد نوور نەبێ |
نووری سافن، بێ عیووبن، کاشفی غەمم و کڕووبن | نەقشی ئوستادی غیووبن، کەس بەوان ڕەنجوور نەبێ |
دڵ بە حوببی وان کە پڕ بێ فەڕزە بۆی پڕ تاب و گڕ بێ | کانی ڕەمز و کەنزی سیڕ بێ، گەر بەویش مەستوور نەبێ |
حەز دەکا دڵ ئەولیا بێ، ساف بەحەق ئەو ئاشنا بێ | گەر لە ڕێی عیشقی جودا بێ، هیچ نییە خاپوور نەبێ |
خانەیی چۆڵ و وێرانە، مار و مووری لێ مەکانە | سووڕەتی بێ ڕۆح و جانە، گەر بە عیشق مەعموور نەبێ |
عاشقی عیشقی ئیجاد کە، مەنشەئی باقیی ئیراد کە | کارێکی وا تۆ بە یاد کە، نەفسی پێ مەغروور نەبێ |
هەر کەسێ تابیع بە عام بێ، ئەو دەبێ گومڕا و نەفام بێ | حەز دەکا کاری تەمام بێ، وەبکا نەفس ئەستوور نەبێ |
هەرچی هەرزەکار و گێژ بێ، ڕەند و سەرکەش، خوێنڕێژ بێ | سەد کەڕەت ئەو عیشقی تیژ بێ، پێشی عام مەشهوور نەبێ |
خۆت مەکە زۆر کز لە دەستی، پشت بە نەفسی قەت نەبەستی | ئەبلەهـ و نادان و مەستی، وەبکە ڕوح ڕەنجوور نەبێ |
ڕوحی ڕاحەت بۆ ئەوانە، نەزدی عالەم هیچ نەزانە | مەحڕەمی ئەو نەوجەوانە، ناو بە خاس مەزکوور نەبێ |
ناو بە خاس لە ڕووی جیهانی، ئافەتی بۆ جیسم و جانی | چون خرووسی حاڵ نەزانی، جەنگجوو و نێو خۆر نەبێ |
ڕازی دڵ یەک یەک سوخەن بێ، یەک سەر و یەک جان و تەن بێ | هەر دەگەڵ نەفسی بەفەن بێ، نەک لەبۆت مەقدوور نەبێ |
قودرەتی حەق تۆ دەبینی، وا لەسەر ئەرز و زەمینی | کەس نەگوت رب أرني غەیری مووسای توور نەبێ |
بۆچی ئەو وای کوت بە موتڵەق، تا بکا سافی دڵی ڕەق | کەس نەکوت لەفزی أنا الحق، غەیری شێ مەنسوور نەبێ |
کەس وەکوو تاهایی موختار، ساحێبی ئیعجاز و ئەسرار | بۆ ئەبەد ناکا چ گوفتار، چی لە حەق مەئموور نەبێ |
خەڵکی ئەم دەورەی جەدیدی، شیبهی دەججال و یەزیدی | هیچ نییە گوفت و شنوودی، نازر و مەنزوور نەبێ |
پڕ درۆ و کیزب و موحیلە، عەبدی شەیتانی زەلیلە | هیچ نییە عیلم و دەلیلە، نەغمەیی تەنبوور نەبێ |
نەغمەیی سەنتوور و سازە، چاو بە کل زولفی درازە | زات خەرتەل، شکڵی قازە، کە بەوان موسروور نەبێ |
گوێ مەدەیە وەعز و پەندی، گورگ دڵ، زات گوسفەندی | زۆر کەسی هەڵداشت لە کەندی، تا بە کەی دڵ دوور نەبێ |
هەر لە من ببیەن بەیانە، بەو خودایەی لامەکانە | دوور لە لوتفی شای جیهانە، چی لە دنیا دوور نەبێ |
نەقشی دنیا تۆ دەبینی، کەسک و سوور و زەرد و شینی | هیچ نییە حق اليقيني، خانە خشتی سوور نەبێ |
هەر کە زانیت بێ مەئالە، کینەبازی نوور جەمالە | دەم مەدە لەو هیچ مەقالە، سوحبەتی مەشهوور نەبێ |
سوحبەتی خاسانی مەعلووم، هەمنشینی یاری مەعسووم | نەیدەکرد کەس نەفسی مەزلووم مەردی ناو «تەیفوور» نەبێ |
ئەو هەموو گفت و شنوودە، نەزدی دڵ بێ سەرف و سوودە | کەس وەکوو من بێ وجوودە، غەرقی چای دەیجوور نەبێ |
چاهی دەیجوور مەنزڵی من، خار و نەشتەر حاسڵی من | هیچ دڵێک میسلی دڵی من، خانەیی زەنبوور نەبێ |
مەسکەنە بۆ موور و ماران، مەنشەئی دەرد و بیماران | هیچ نییە قەلبی هەژاران، جایی مار و موور نەبێ |
دڵ بە دڵ ئەو کەی حیسابە، گەر نەبێ بۆ یار کەبابە | پڕ بڵیسە و پڕ شیتابە، شوبهەتی تەندوور نەبێ |
هەر وەکوو تەندوور بەتین بێ، هەر بسووتێ چین بە چین بێ | ناڵە و زاری و گرین بێ، هەر وەکوو سەنتوور نەبێ |
شوبهی عوود و چەنگ و نایە، هەر تۆ بێژی وایە وایە | هیچ نییە ئاخر دەوایە، شەربەتی ئەنگوور نەبێ |
ئاوی ئەنگووری زەمانان، موسکینی پیر و جەوانان | دڵ لەبۆی جوێ بێ لە جانان، جێی سەرای مەعموور نەبێ |
ئەحمەدی کۆر بەس نەفام بە، نەختێکیش هۆشیاری عام بە | بێ سەدا و نوتق و کەلام بە، تا لە یار دەستوور نەبێ |
3
[edit]دڵبەرا مەحبووسی داوم از فراقی لام و بێ | وا بە عیشقی تۆ سووتاوم، ئاخ بۆ لوتفی یا و ڕێ |
ئاخ بۆ یاری نازەنینم، مەحبووبی دنیا و دینم | مەرهەمی زام و برینم، پێم کەرەم کا شین و فێ |
پێم کەرەم کاتن شیفایە، ساحێبی شەرت و وەفایە | مەحرەمی ڕازی خودایە، ناسیخی کاف، تێ و بێ |
ناسیخی جەمعی کیتابە، شافیعی ڕۆژی حیسابە | ڕوومەتی چون ماهتابە، قامەتی چون نوون و یێ |
قامەتی وەک نەونەمامە، خۆش تەبع، شیرین کەلامە | ئەی حەبیبی خاس و عامە، شاهی میم، حێ و شین و ڕێ |
شاهی مەحشەر ڕۆژ جەزایە، مەهجەبین و نوور لیقایە | چی بڵێم سەد جار وەهایە، بێ فیدای ڕێ و واو و حێ |
بێ فیدای ڕوح و جانم، سەییدی هەر دوو جیهانم | سوبح و شام قەلب و زبانم، بوون بە دوو قاف نوون و سێ |
بووم بە قەقنەس، تەن زوخاڵم، عاشقی ئەو چاو غەزالم | بوون بێزار عالەم لە ناڵەم، نایێتە دال سین و تێ |
نایێتە دەست بێ مەشەققەت، تا نەکێشی ڕەنج و زەحمەت | تەرک نەکەی ئەسبابی لەززەت، نابینی لەو سێ و فێ |
نابینی هەرگیز سەفایە، خواردنم ڕەنج و جەفایە | چونکە حاڵم بۆت وەهایە، بگرە دەستم یا و ڕێ |
بگرە دەستم یاری دڵبەر، پێم کەرەم کە ئاوی کەوسەر | تۆ لە غوسسەم دەرکە یەکسەر، لەب چو شین و کاف و ڕێ |
لەب چو شەککەر، دەم نەباتی، ساحیبی هەدیە و خەڵاتی | ئاخری دنیا بوو هاتی، ئەی حەبیبی ڕێ و بێ |
ئەی حەبیبی ڕەببی عالەم، بۆ وجوودت قەلبی ئادەم | کەی دەبێ وەعدەی مرادم، بم بە قوربان لام و بێ |
بم بە قوربان میسلی قوربان، مەحرەمی ئەسراری نیهان | خۆشەویستی زاتی سوبحان، بەهری دەرمان شین و فێ |
تۆی شیفای داء و سەقیمە، ساحێبی قەلبی ڕەحیمە | تۆم دەلیلی بۆیە نیمە دال و هێ و شین و تێ |
دەهشەت و خۆف زۆری گیرە، ڕۆژی واوەیلام لەبیرە | کەس نییەتی دەستگیرە، غەیری زاتی نوون و بێ |
غەیری تۆ کەس نینە شافیع، ئەو شەوەی تۆ چوویە لامیع | وای نسیحەت کردی سانیع، بەهری ئەلف و میم و تێ |
ئوممەتی کردی خەڵاتە، ڕوح و دڵ هەر دوو فیداتە | بۆ تەماع مەیلم لەلاتە، بۆم بکە ڕێ و حێ و مێ |
بۆم بکەی لەو دەم ڕجایە، بۆم بخوازی عوزری خوایە | نەمخەیە ڕەنج و جەفایە، دال و واو و زێ و خێ |
ئاگری دۆزەخ بەتاوە، زۆر بەدەهشەت از نەکاوە | سەبر و هۆشم لێ بڕاوە، عەین و قاف و ڕێ و بێ |
عەقرەب و مار سەد هەزارە، هەر لە سوبح تاکوو ئێوارە | گەر بکەم من مەدحی یارە، نایێتە حێ و سین و بێ |
مەدحی تۆ نایێتە حەددە، چی بڵێم سەد جار ئەوەندە | ئەحمەدی کۆر بۆ تۆ بەندە، بیبە جیم و نوون و تێ |
ئەحمەدی کۆری هەژارە، چاو لە ڕێگەی لوتفی یارە | هێند بە دیتنی ئینتیزارە، ئاخ شەوێکی جارێ بێ |
4
[edit]دیم لە خەودا شاد و خوڕڕەم یاری من بادەی دەوێ | دەس لەناو دەس، دەم لەناو دەم، وەی لە شادی ئەو شەوێ |
دوێشەوێ عەیش و نیشات بوو، کەیف و ئاهەنگ و بیسات بوو | بۆ کزەی دڵ ئەو نەجات بوو، ناگەهان ڕابووم لەوێ |
وەختێ بیدار بووم نە کەس بوو، تەن سەراسیمەی هەوەس بوو | ڕۆح هەراسانی قەفەس بوو، لاڵ و کەڕ کەوتم لەوێ |
لاڵ و کەڕ وەک زولعویوبان، کەشفی ئەبسار و قولووبان | بمدەنێ بێ ڕووی حەبیبان، حاشەلیللا نامەوێ |
نامەوێ مەقسوودی حاسڵ، گەر نەبم بەو یارە واسڵ | کۆنەدنیا پووچ و باتڵ، غەیری زاتی پەرتەوێ |
غەیری شوعلەی ڕوویی جانان، پووچە کاری دوو جیهانان | ئەز دەکەم ناڵە و فوغانان، ڕۆژ و شەو شیبهی کەوێ |
هەر وەکوو کەو لە کۆساران، ئەز دەناڵم لە دووی یاران | بەڵکوو جارێکی لە جاران، دەست وەدەستی یار کەوێ |
دەست بگاتە دەستی یارێ، خۆش بکا داخ و جخارێ | دەنگی هاتیف هاتە خوارێ، بگرە گۆشەی پێشڕەوێ |
پێشەوایی جینن و ناسان، دەستگیری عام و خاسان | من خەلاس کە زۆر بە ئاسان، غەیری تۆم قەت کەس نەوێ |
غیر تو کس ما ندیده، بر جمال حق رسیده | چند کلام از سر شنیده بۆ دوو عالەم خوسرەوێ |
خوسرەوی خووبانی عالەم، زوبدەیی ئەولادی ئادەم | خاکی پات شاهان و حاتەم، دوژمنی خورد و خەوێ |
ئەز لەسەر ئەکل و شەڕابم، حاڵ نەزان و ماڵ خرابم | بۆیە قەت دڵشاد نابم، من سەعاتێ بێ ئەوێ |
بێ ئەوێ یاری بەنازە، ساحێبی عەیش و نیازە | مەرهەمە بۆ زامی تازە، دامەنی گەر دەس کەوێ |
دامەنی خەرقەی ئیتاعەت، سەییدی ساحێب شەفاعەت | من دەکەم پای تۆ زیارەت، خاکی نەعلی تۆم دەوێ |
خاکی نەعلی ئەسپی تاها، سورمەیە بۆ چاوی ئەعما | ئاخ لە مەکری کۆنە دنیا، کەس بە ڕاحەت ناخەوێ |
پیر و بەدفیعل و خیسالە، قەحبەیە پڕ عومر و ساڵە | خۆی نیشان دام یەک جەماڵە، مات و حەیران بووم لەوێ |
ئەم جیهانی بەد خەرا بێ، تاکوو تێیدای چاکە چا بێ | دوێنێ کوڕ بووی ئەمڕۆ بابێ، سبحەی و دووش پیر لەوێ |
دووسبەی پیر و فتادە، ڕێ بە مەنزڵ کەج نیهادە | عومری زایع، ڕەنج بەبادە، بێ سەبەب پیریت دەوێ |
هەر کەسێ دوشمن لەپاڵ بێ، عومری زایع، ڕەنج بەتاڵ بێ | هەر دەبێ زووی بۆ زەواڵ بێ، ڕۆژ و شەو قەت نەسرەوێ |
ئەحمەدی کۆر، تەن لە فاق دە، دڵ بە حوببی یاری تاق دە | یەک بخوازە و یەک تەڵاق دە، نابنە دۆستت دوو هەوێ |
5
[edit]شەو دێ لە عومرم کەم دەبێ، جا چۆن دڵم پڕ غەم نەبێ؟ | ڕۆژ دێ لە عومرم کەم دەبێ، جا چۆن دڵم پڕ غەم نەبێ؟ |
دنیا بەوەندە مەکر و فەن، ڕۆح خۆشەویستە دەر بەدەن | هیجرەت دەکاتن از بەدەن، جا چۆن دڵم پڕ غەم نەبێ؟ |
هەر کەس کە بیبێتن کەماڵ، دنیای وا پووچ و بەتاڵ | نەیکا دەبێ قەت قەت خەیاڵ، جا چۆن دڵم پڕ غەم نەبێ؟ |
منداڵ و خزم و دایک و باب، دەمرن ئیدی نادەن جەواب | بۆ تۆ بەسە هێندە خیتاب، جا چۆن دڵم پڕ غەم نەبێ؟ |
دنیا بۆ کەس ناچێتە سەر، بێ ئیعتیبارە و بێ هونەر | دەمرن فەقیر و موعتەبەر، جا چۆن دڵم پڕ غەم نەبێ؟ |
خاکین دەبێ ببین بە خاک، دانیشتووین بێ خۆف و باک | مەعلوومە هەر دەبین هیلاک، جا چۆن دڵم پڕ غەم نەبێ؟ |
بەو خوایە پێت دەڵێم فەقیر، ئەتۆ خودا مەکە لەبیر | وەختێ دەبێ بکەویە گیر، جا چۆن دڵم پڕ غەم نەبێ؟ |
دایم لە دوام شەقیە ئەجەل، ئەو توند و تیژ من کوێر و شەل | دەمخاتە ناو داوی ئەمەل، جا چۆن دڵم پڕ غەم نەبێ؟ |
غەڕڕە مەبە، غەڕڕە مەبە، چی فەرموو حەق تۆش هەر وەبە | ڕابرد چی دەسگا و دەبدەبە، جا چۆن دڵم پڕ غەم نەبێ؟ |
چەند هاتن و چوون سوڵتان و شا، مردن لە تەختی بوون جودا | واحید دەمێنێ هەر خودا، جا چۆن دڵم پڕ غەم نەبێ؟ |
ماڵ و خێزان و دەوڵەتم، لەحزێکی نادەن مۆڵەتم | لێم تێک دەدەن جێ و حورمەتم، جا چۆن دڵم پڕ غەم نەبێ؟ |
لەو قەبرەدا تاریک و قووڵ، دادەنیشن مات و مەلوول | ناکرێین عیلاج بە زێڕ و پووڵ، جا چۆن دڵم پڕ غەم نەبێ؟ |
لەو قەبرەدا تەنیا نەفەس، بۆ کەس نییە فەریادڕەس | چاکە بکەین تەرکی هەوەس، جا چۆن دڵم پڕ غەم نەبێ؟ |
غەمگینی دڵم چاترە، بە زاهیر نەفسم کافرە | لێم دەمرن دۆست و برا، جا چۆن دڵم پڕ غەم نەبێ؟ |
ئەوجار وەرە سەیری مەزار، مردن فەقیران و هەژار | کەوتوون تێیدا چەندین هەزار، جا چۆن دڵم پڕ غەم نەبێ؟ |
قەت نوێژ و ڕۆژوو ناگری، بۆ کاری دنیا حازری | پێت وایە قەت قەت نامری، جا چۆن دڵم پڕ غەم نەبێ؟ |
«ئەحمەد» بەس کە لە خەبەران، سینەت خەزێنەی گەوهەران | نەسیحەتە بۆ برادەران، جاچۆن دڵم پڕ غەم نەبێ؟ |
ئەی «ئەحمەدی کۆر»ی فەقیر، بە دەستی نەفس بووی ئەسیر | جەهەننەمت کردوە لەبیر، جا چۆن دڵم پڕ غەم نەبێ؟ |
6
[edit]دڵ دەسووتێ بە شیبهی مۆم، ئەو لە داخ و حەسڕەتێ | عاشقی جەماڵی ڕووی تۆم، کوشتوومی خاڵی جەبهەتێ |
کوشتمی خاڵی ڕووی تۆ جانە، خاڵی ڕەش نەقش و نیشانە | پێی بدەی هەر دوو جیهانە، هەرزان دەبێ بۆ قیمەتێ |
هەرزانە شۆخ و شیرینە، پێم نەماوە عەقڵ و دینە | قیمەتی مەککە و مەدینە، بیفرۆشی خاڵ و خەتێ |
بیفرۆشی تاڵان و غارەت، هەر کەسێ بیکا زییارەت | بۆی دەبێتە شکڵ و قامەت، میسلی کەعبە و قیبلەتێ |
میسلی کەعبە و قیبلەی عالەم، شوکرولیللا هەر تۆی خاتەم | حەق لە نەسڵی پاکی ئادەم، بابی جەمعی ئەممەتێ |
بابی جەمعی ئینس و جانی، سەییدی هەر دوو جیهانی | جەوهەری تیغی دەبانی، هەم لە دنیا و ئاخرەتێ |
لە دنیا و ئاخیرەت موختاری، دەری خەزنەی کردگاری | بۆ دەوای دەرد و بیماری، لوتف کە جامی شەربەتێ |
لوتف کە جامی شەڕابە، دڵ دەسووتێ وەک کەبابە | وەختە ببمە قەترێک ئابە، مردم لە داخ و حەسڕەتێ |
مردم لە داخی جەبینت، جەبهەتی ڕووی گوڵینت | زوڵف و گێسووی موشکینت، سووڕەتی شکڵی حیکمەتێ |
سووڕەتی شکڵی شەفافە، شکڵی سووڕەت نووری سافە | جارێکی بتکەم تەوافە، ناتدەم بە ڕووزەی جەننەتێ |
نامەوێ بێ غەیری تۆیە، حەق بدا بتکەم بە بۆیە | بێ شکە جەننەت بە تۆیە، جێ و مەکانی ڕاحەتێ |
جێ و مەکانی خاس و عامان، دڵبەری مەست و خەرامان | مەڵحەمی بۆ جەرح و زامان، مەیبەرە ئاخیرەتێ |
با نەچێتە قیل و قالە، ئەز فیدات کەم جان و ماڵە | وا دەکێشم ئاهـ و ناڵە، داییم ئاهـ و ناڵەتێ |
داییم هەر ناڵین و شینە، کار و پیشەم هەر گرینە | غەیری تۆ هیچ کەسم نینە، کە بۆم بکا شیفاعەتێ |
لوتفەکەت داد و کەرەمە، عەفوو کە گوناهان لەمە | بۆ خاتری شەوی دووشەمە، چوویە میعراج بۆ ئەممەتێ |
بۆم بکا تکا و ڕەجایە، محەممەدەلمستەفایە | بۆ خاتری شەوی ئیسرایە، میعراجت بوو بۆ ئوممەتی |
چوویە میعراج هێنات خەڵات، گوفتوگۆت بوو دەگەڵ خودات | چووی و هاتیەوە دەر سەعات، لە لامەکانی وەحدەتێ |
ئەحمەدی کۆری مەهدەران، سینگی تۆم تەختی گەوهەران | بێنە دەر بۆ برادەران، مەیبەرە ئاخیرەتێ |