دیوانی جەوهەری/ی
Appearance
1
[edit]وەڵامی نامەی خەلیفە سەید خدری داشاغڵ
جەنابی موستەتاب ئاغای سەیدخدری داشاغڵ | خەلیفەی قادری یەعنی تەریقی غەوسی گەیلانی |
گەیاندی ئەحمەدی مزگەر، ڕەقیمەی عەنبەرینی تۆ | کراسی یووسفی هێنا لەبۆ یەعقووبی کەنعانی |
وەرمگرت و لەسەر چاو و سەرم دانا و ماچم کرد | سروور و نووری بەخشی بۆ سەر و بۆ چاوی زوڵمانی |
بە خەتتی خۆش و شیرینی، بە شیعر و نەسری ڕەنگینی | وەکوو ئاوی حەیاتێ دای بە حاڵم عومری نۆجوانی |
بە موژدەی سیححەتی زاتی شەریفت شاد و مەسروورم | دڵم پشکووت وەکوو گوڵخونچەیی باغی حەسەنخانی |
لەڕووی لوتف و موحیببەت گەر دەپرسی حاڵی بەندەی خۆت | بیحەمدیللا لە سایەی ئیلتیفاتی شێخی گەیلانی |
هەتا فەرمووی بە کەیفم مەنزڵم تەنیایە زۆر گەرمە | هەموو ئەسبابی سازە کوورە و فەرشی خۆراسانی |
لە شێوەی دۆستی و مەیلت گەلێ مەمنوون و مەرهوونم | کە ئەم بەندەت لە بیر ماوە لە دوای موددێکی توولانی |
مەفەرموو جەوهەری حەیفێ غەریب و دووروەتەن کەوتووی | بە گوڵزاری وەتەن نادەم غوباری دەرکی گەیلانی |
وەرە با پێت بڵێم ئەو شێخە کێیە تاکوو بیناسی | جەنابی حاجی سەیید شێخ عوبەیدیللاهی گەیلانی |
چرای ساداتی شەمزینە سیراجی میللەت و دینە | نەوەی تاها و یاسینە لە سولبی غەوسی گەیلانی |
لەبەر چاوی هەموو کەس خۆشەویستە جوان و شیرینە | چ شیعی بێ چ سوننی بێ چ تەورێزی چ تارانی |
مەقامی شێخ بڵندە پادشاهان حورمەتی دەگرن | عەسای پڕ لەعل و یاقووتی لەبۆ نادر شاهی ئێرانی |
لە لوتفی حەق تەعالاوە لە هەر چوار فەسڵی ساڵێدا | زیارەتگاهی ئەشڕافە دەر و دیوار و هەیوانی |
لە هەر لایێ دەبینی بۆ تەوافی دین لە ڕێگای دوور | لە ئەشڕاف و مەلا و ئاغا، لە گەرمێنی، لە کوێستانی |
لە دیوانخانەیی ئەودا کە دانیشتن لەسەر سفرە | فەقیر و دەوڵەمەند وەک یەک لەبۆیان دێ بە یەکسانی |
پەنایێکی بڵندە، عالییە بۆ دین و بۆ دنیا | خودا هەر پایەداری کا، هەتا دنیا دەبێ فانی |
2
[edit]بۆ سەعید خانی ئەدهەمی
جەنابی ئەدهەمی ئەوڕۆ لەگەڵ ئاغای سەلیمخانی | بەجووت هاتووینە باغچەی تۆ بە ڕەسمی دید و میهمانی |
بەبێ تۆ باغچە بێ سەیر و سەفایە، دڵ لە غەمدایە | لە فەیزی مەقدەمت شادمان بکە تۆ غەوسی گەیلانی |
ئەگەرچی جەوهەری پیرە لە جەمعی ئێوەدا بەڵکوو | شەوقێکی تازەی بێتە سەر وەکوو ئەو پیری سەنعانی؟ |
3
[edit]ئەرێ ئەی نەفسی بێ شەرم و حەیا تا کەی هەوەسڕانی؟ | هەتا کەی غەفڵەت و سستی، هەتا کەی جەهل و نادانی؟ |
هەتا کەی پێڕەوی شەیتان و ڕێگەی خوار و خێچ دەگری؟ | هەتا کەی سەرکەشی و فیسق و فجوور و کیبر و توغیانی؟ |
لە بیرت ماوە دەورەی زیندەگانیت چۆن بە سەردا هات؟ | لە منداڵیتەوە تا عەسری پیری و عومری نۆجوانی |
سەراسەر بۆت حیساب کەم عومری شیرینت چلۆن ڕابرد | چلۆن لات دا لە ڕێی حەق، کەوتێ ڕێی تاریک و زوڵمانی |
نە بۆ دنیا نە بۆ عوقبا بە کاری خۆت و کەس هاتی | نە قەول و فێعلی چاکت بوو لە هەر دوو لاوە خوسرانی |
لەبەر قاپێن و مەزرەق داکوتان و خازەڵی و بازی | بە منداڵی نەچوویە مەدرەسەی تەحسیلی ئینسانی |
بە ڕۆژ مێشێن و تۆپێن سەنعەتت بوو تاکوو ڕۆژئاوا | بە شەو گورزێن و شایی تا تلووعی ڕۆژی نوورانی |
بە زللە یا لەبەر داردەستی مامۆستا بڕێکت خوێند | لە ئەلف و بێ و حینجە و سایە، دوو سێ جوزوی قورئانی |
لە تۆماری سمایلنامە نەختێ، ناگەهان دوو پەڕ | ئەویشت زوو فەرامۆش کرد و نەتفاماند و نەتزانی |
لە لای خۆ هاتیە سەر نووسین و مەشقی فارسی ئەمما | هەتا هاتی خرابتر بووی لەبەر قەڵبی و گرانجانی |
لە خەتتی فارسی و تازی نەسیبێکت نەبوو حەیفێ | لە شێوەی ڕەسم و نەسخ و نەستەعلیق و ڕەیحانی |
لە دەوری مەکتەبا وا بوو کە کەوتیە مەدرەسەی عیلمی | دوو سێ نەوعت عەوامیل خوێند لەدووی تەسریفی زەنجانی |
لە سەعدوڵڵا چکۆلە و شەرحە موغنی، دوو پەڕ و لایێ | لە سەعدینی هەتا فەسڵ و بەجێت هێشتن بە نوقسانی |
لە وەڵع و ئیستیعارە و جامی و سیوتی کە سەرکەوتی | وەدووی نەفس و هەوا کەوتیی و کەوتیە مەشقی شەیتانی |
موتاڵای دەرسی ڕۆژانت - نەزەر و ئیشارەت بوو | لەباتی دەوری سیوتی هەر دەڵێ بابا و گۆرانی |
شەوی سێ شەممە و جومعە هەتا ڕۆژ گۆرەویبازی | لە تاوکەوتن هەتا ئێوارە هەر کەوشێن و زۆرانی |
لیباسی جاهیلانت کردە بەر بۆ ملقوتەی بانان | کڵاوی لار و پشتێنی زل و ئەنگوچکەسۆرانی |
کە دەستت کرد بە مەنتیق جینس و فەسڵێکت کە حاڵی بوو | بە دەعیە و فیزەوە باڵتەی دەبیبت خستە لاشانی |
کەوای قوتنی درێژت ڕاست لە پەنجەی کەوشی سوور دەخشا | کەتانی ڕیشوەدارت پێچ دەدا وەک بەفری --انی |
مووتەووەل بوو بە دەرست، موختەسەر دەرچووی لە خوێندندا | بەدیعت وەک بەیان ناقیس، مەعانیت نیوەچڵ زانی |
خەیاڵی خوێندنی جەمعولجەوامیع کەوتە سەر فکرت | لەگەڵ مینهاج و ئیبنولقاسم و تەحریری بەننانی |
لە تەجرید و مواقیف، قازی لاریی و چەغمینی | لە ئوستورلاب و زیج و هەندەسە، ئەشکاڵی بورهانی |
لەوان عیلمانە هەر یەک یەک دوو بەحس و مەسئەلەت خوێندن | لەلات وا بوو تەواو بووی وەک مەلای بۆکان و تورجانی |
هەوایێکی بڵندت کەوتە سەر با بۆی بڕۆم، ئەمجار | گەڕای، سووڕایەوە کەرکووک و هەولێر و سولەیمانی |
لەبەر تەنپەروەریی شەش مانگ لە هیچ لایە نەبووی ساکین | بەڵێ کەرکووک و هەولێر گەرمە ناخۆشە سولەیمانی |
هەوای ئاو و هەوای شاری سنەت کەوتە خەیاڵ و چووی | بە سەت زەحمەت کە دامەزرای لە حوجرەی دارولیحسانی |
لەپاش دوو ڕۆژ کە سووڕت خوارد لە دەوری شار و باغاتی | کە چاوت کەوت بە مزگەوت و بە بازاڕ و بە دووکانی |
وتت ئەم جێیە جێی عەیشە بە دەور و دەرسی قەت نادەم | سەفای ئاویدەر و کانی شەفا و باغ و گوڵستانی |
شەو و ڕۆژ کووچەگەردی و چایی خواردن کار و پیشەت بوو | لەسەر حەوزان و باغان چەپڵەڕێزان و غەزەڵخوانی |
لەبەر تەعنەی ڕەفیق و هاوسەر و باب و برا و جیران | ئیجازە و کاغەزت وەرگرت لەپاش عومرێکی توولانی |
کە دەرکەوتی، وەڕێ کەوتی بەرەو ماڵ موژدەیان هێنا | بیحەمدیللا مەلامان هاتەوە دایکم بە قوربانی |
لە ئاغا و نۆکەر و پیر و جەوان، بێ ماڵ و دەوڵەتمەند | بە ئیستیقبالەوە دەرچوون لە دێ، ژن هاتنە سەر بانی |
سڵاوات لێدرا، شەربەت خورا، شادی کرا ئەمجار | مەلامان پیاوی چاکە زوو دەناسین ڕێی موسوڵمانی |
عەبای نایین لە لای ئاغاوە بۆت هات و موعەییەن بوو | بەرات و ئاش و خانوو، مووچە و جێ جووت بە تەرخانی |
کە جێی خۆت گرت و دامەزرای و نەختێ ئیحتڕامت بوو | بەجێت هێشت مینبەر و میحراب و ئەحکاماتی قوڕئانی |
لە ئەبوابی قەزا و دەعوا، لە جەرح و تەزکیەی شاهید | بەڵا بۆ چی عیبادەت شەرت و ڕوکنی جومعە نازانی |
وەتاغت کردە مەنزڵ لای سەرووی ئاغاوە دانیشتی | بە چۆکدا هاتی وەک بولبول بە قەووالی زمانپانی |
ئیتر ئینسافە تا کەی ڕەحمی خێرێکیش بە خۆت ناکەی | هەتا کەی تالیبی دنیا، ڕەفیقی نەفس و شەیتانی |
سەر و ڕیش و سمێڵت پاک سپی بوون و ددانت کەوت | سەری بێ مەغز و دەستی لەرز و باڵای خوار و گۆچانی |
تەمای چیت ماوە بەو گوێچکەی گران و چاوی نابینا | ئیتر تا کەی بە غەفڵەت هەر وەکوو تفڵی دەبستانی |
ئەوێستاش تاکوو ماوی تا نەمردووی چارەسازێ کە | چرای خێرات و تاعەت هەڵکە بۆ نێو قەبری زوڵمانی |
لە کرداری خراپ و قەولی بێ مەعنی پەشیمان بە | دەخیلت بم لەپاش مردن بە کار نایە پەشیمانی |
لەبەر قاپی خودا ڕاوەستە عەفوی لێ تەمەننا کە | بە سۆزی سینە و جەرگی کەباب و ئەشکی بارانی |
لەبەر دەرکی خودا کەس ناهومێد و بێنەسیب نابێ | مەڵێ جورم و گوناهم زۆرە مەئیووسم لە ئێحسانی |
خوداوەندا بە حەققی زاتی بێچوون و سیفاتی خۆت | بە تەوڕات و بە ئینجیل و بە ئیعجازاتی قورئانی |
بە عەرش و کورسی و لەوح و بەهەشت و جەننەتولمەئوا | بە تەسبیح و بە تەهلیل و سجوودی خەیلی ڕووحانی |
بە حەققی ئادم و شەیس و شوعەیب و نووح و ئیبڕاهیم | بە زولکیفل و مەسیحا و کەلیم و پیری کەنعانی |
بە تاقی دوو برۆی سەردار و سەرحەڵقەی ڕەسوولانت | بە ئەهل و بەیت و ئەسحاب و ڕەفیق و دۆست و خوێشانی |
بە سیدقی حەزرەتی سیددیق و عەدلی حەزرەتی فاڕووق | بە زوهدی حەزرەتی حەیدەر، بە زیننوورەینی عوسمانی |
بە ئەخلاقی حەسەن، خوێنی حوسێن و باقی مەزڵوومان | بە نەوحەی فاتیمەی زەهرا لە گەڵ فرمێسکی چاوانی |
بە نووری پاکی زەینولعابدین و باقر و جەعفەر | بە مووسای کازم و سەبری ڕەزا، شاهی خۆراسانی |
بە ئیخلاسی تەقیی و هەم نەقی ئەمجار نەجاتم بێ | لە دەست مەکر و فەسادی نەفس و تەسویلاتی شەیتانی |
بە حەققی عەسکەری و مەهدی، بە حەققی قاسم و سەلمان | بە حەققی عەشقی شاهی بایەزید و پیری کەنعانی |
بە حەققی بووعەلی و یۆسف، بە عەبدولخالق و عارف | بە حەققی خواجەیی ڕامتینی و پیری عەزیزانی |
بە حەققی خواجەبابای سەماسیی و ئەمیرسەیید | بە عیززی شاهی نەقشبەند و بە قوربی غەوسی گەیلانی |
بە حەققی شاهی عەتتار و بە یەعقووب و عوبەیدیللا | بە حەققی زاهید و دەروێش و باقی قوتبی ڕەببانی |
بە حەققی عوڕوەتولوسقا، بە سەیفوددین و سەییدنوور | بە ئەتواری حەبیبوڵڵا و مەزهەر، جانی جانانی |
بە حەققی شاهی دێهلی، نووری سینەی حەزرەتی خالید | بە ساداتی کیرامی نەهریە و پیرانی عوسمانی |
زەلیل و بێکەسم کەوتووم لەبەر دەرکی خودایی تۆ | گوناهم زۆرە بمبەخشە خوداوەندێکی مەننانی |
بۆ خۆت فەرمووتە پەردەی عەیبی کەس هەڵناگرم یا ڕەب | بپۆشە عەیبی ئەم بێچارە تۆ سەتتاری عەیبانی |
بۆ خۆت فەرمووتە غەففاری زنووبی ئەهلی عیسیانم | ئەمن تۆبە، ئەتۆ بمبەخشە، بەخشەندەی گوناهانی |
بە قوربی قابەقەوسەینی ڕەسوولانت بگە فریام | لە وەختی نەزعدا مەرگێ بە ئیمان و بە ئاسانی |
خەجاڵەتباری قەبر و حەشر و میزانم نەکەی یا ڕەب | لە دنیا و ئاخیرەت هەر تۆ خوداوەندێکی ڕەحمانی |
لە سفرەی نیعمەتی خۆت جەوهەری بێبەش نەکەی یا ڕەب | کەریم و موحسین و موعتی، وەدود و ساحیب ئیحسانی |