دیوانی حاجی قادری کۆیی/مەسنەوی
Appearance
1
[edit]ئودەبا چاکە لێم نەبن دەرهەم | لەم قسە و لەم حیکایەتەی دەیکەم |
ئیددعای هەر سەنایعێک ناکەن | تاکو نەیخوێنن، ئیمتیحانی نەکەن |
پێی دەڵێن حیلەباز و کەززابە | شێخ نەبی خاریجە لە ئەم بابە |
خانەقا و شێخ و تەکیەکان یەکسەر | پێم بڵێن نەفعیان چییە ئاخەر! |
غەیری تەعلیمی تەنبەڵی کردن | جەمعی ئەملاک و خەزنە کۆکردن |
دەفعەیەک ئیمتیهانیان ناکەن | تێ بگەن زەهرەیا نە تریاکن |
لە مەحەککی بدەن ئەگەر وەکوو زەڕ | تێ دەگەن ڕێگرن وەیا ڕەهبەر |
دەخیل شێخ و مێخ مەبن ئەبەدا | هیچ کەسێ ڕزقی هیچ کەسێ نەدا |
ئەی خەریکی ڕمووز و ناز و نیاز | ئەوروپا فەننی گەیوەتە ئیعجاز |
قوللەیی ئیفلی لە ئەفلاکە | عەکسی ئەو گەردشی لە ژێر خاکە |
کورەیی ئەم زەمینەیان پێوا | خاتری تۆ بێ چوونە جەووی سەما |
قسەیێ ئەمڕۆ دەیگرن لە زوبان | ساڵێ تر بۆت دەکەن بەبێ نوقسان |
سەد و پەنجا لوغەت زیاد دەکەن | ساڵێ بۆ ناوی سەنعەت و بۆ فەن |
چینی ئاتەشپەرستن ئێستاکەش | گەبری بێ دین و هیندوویی ڕوورەش |
بۆ چی فەرموویەتی نەبیی ئەمین: | اطْلُبُوا الْعِلْمَكم وَ لَوْ بِالصِّين |
نێر و مێ لەم حەدیسە فەرقی نییە | گەر مەلا نەهیی فەرموو دینی نییە |
تۆ وەرە فەننێ فێر بە چیتە لەوە | گاورە، هیندووە، وە یاخۆ جووە |
لازمە خول بخۆی وەکوو بەرداش | هەموو قەڕنێک دەگۆڕێ ئەمری مەعاش |
تەنبەڵی کاری حیز و بێ خێرە | دەستی ماندی لە سەر زگی تێرە |
ئەهلی جەننەت نە شوان و گاوانە | ساحیبی فەنن و عیلم و عیرفانە |
فایدەیی گەر بدایە زیکر و دوعا | دەبووە قاروون گەدایی سەر ڕێگا |
هەرچی بێ بەهرەیە لە کەسبی کەماڵ | دەبتە دەروێش و مارگر و حەمماڵ |
لە حەدیسا هەیە حەبیبی خودا | گوتی: الكاسب حبيب اللە |
موسحەفی خووایە عالمی برسی | بە دوو نانی دەدات و ناترسی |
سۆفی وەک تیشنە بوو لە زیکری هەتاو | سەد نوێژی دەدا بە کاسەیەک ئاو |
شیعی وەک تیشنە بوو لە سینە زەدەن | بە دوو قەترە دەدا حوسەین و حەسەن |
بە قسەی موخبیر و موەرریخی کۆن | میللەتی چینە چارسەد ملیۆن |
سەربەسەر دەوڵەتی هەموو ژاپۆن | زۆر بە زەحمەت دەگاتە چل ملیۆن |
ئەهلی ژاپۆن بە فەنن و سەنعەتی چاک | سەیری چۆن چینی گرت و کردیە خاک |
ئیتتیحادی بە ئیتتیفاقی ئەنام | سوپەرە بۆ حەوادیسی ئەییام |
کوردی ئێمە نەزان و پاشکەوتن | پێکەوە پووش و ئاگر و نەوتن |
بێ ئەگەر دەستی یەکتری بگرن | وەک سکەندەر جیهان هەموو دەگرن |
خواردن و سەتری عەورەت و سوکنا | باعیسی ژینە بۆ گەدا و پاشا |
حاڵەتی وایە چی لەسەر خاکە | غەیری عیسا دەڵێن لە ئەفلاکە |
ئەو هەموو مەدحی بادە و دڵبەر | نووسراوە لە سەد هەزار دەفتەر |
وەکوو خەمسەی نیزامیی گەنجە | کە لەلای خەڵقی کیمیا و گەنجە |
یا وەکوو بەیتی شیرن و فەرهاد | شیعری حاجی لە بەر کرایە بە یاد |
ئێستە میللەت دەبوونە ساحیبی جاهـ | یا نە هەمتایی اولیاءاللە |
کێ دەڵێ کوردەکان بە ئیدراکن | بەسە ئەم نەقسە گوێ لە من ناکەن |
لە قسەی ساغی من خەلەل دەگرن | واهیمەی شێخەکان لە دڵ دەگرن |
ئەوی موحتاجی نان و پیوازە | یا هەتیوبازە یا نە مێبازە |
حەیفە بۆ مەردی ساحیبی تەمیز | هێندە باسی مەکانی پیسی و میز |
عیشقبازی و هەوایی دەروێشی | میللەتی خستە فەقر و بێ ئیشی |
ئەو کەسەی دەوڵەمەندەکی چاکە | بەندەیی ڕۆمییانی ناپاکە |
هەموو مردووی میان و سمتی خڕن | بەیتی مەدداحیان بە جان دەکڕن |
بەیتی من چونکە کەڵکیان دەگرێ | لە غەریبی و بێکەسی دەمرێ |
تا لە ژێر باری ڕۆمییان نەمرن | زەحمەتە قەدری بەیتی من بگرن |
یا نە وەک ئەهلی مەغریب ئێستاکی | چییە ناوت؟ دەڵێ: خریستاکی |
باوکم ئەحمەد بوو ناوی، فیکرم دێ | خەڵقی لادێ بوو، دایکی من فاتێ |
حاجی سا بەسیە سەدهەزار دەفعە | پێم گوتی: ئەم قسانە بێ نەفعە |
ڕۆژی ئەووەل لە بەندە و ئازاد | خدمەتی خەڵقە قیسمەتی ئەکراد |
لێی گەڕێ قەومی تۆ هەموو مارن | دز و حیز و پیاوکوژ و هارن |
مڕی ناوداری ورچی ناو دارە | ڕاستیان خوارە، خواری خونخوارە |
باوکە هەر چۆنێ تۆ دەڵێی وایە | زەن دەکەن ئەم قسانە خۆڕایە |
قوڕی کام جێ بکەم بە سەر خۆدا | ئەمە لێم بوویتە عیللەتی سەودا |
بە قسەی چاکە دەستیان دەگرم | تەرکی ناکەم بە لۆمە تا دەمرم |
2
[edit]یا ئیلاهی بە ئایەتی مونزەل | بە چوار یاری ئەحمەدی مورسەل |
بێنەوایانی موڵکی کوردستان | هەر لە گاوانی تا دەگاتە شوان |
لە خەوی جەهل و مەستی و غەفڵەت | بە خەبەر بێن بە نەغمەیی ڕەحمەت |
پاکی دەرچن لە کاری نابەمەحەل | ڕۆمی ڕافڕێنن بۆ دەری ئەسفەل |
حاجییە شیعرەکانی وەک کاوە | ڕۆژێ دەبییێن درەفشی هەڵداوە |
3
[edit]ئەو ڕۆژە بە ئەمری حەیی مەننان | ئەم عالەمە پاکی بوو بە تۆفان |
دەییاری نەما لە جینسی زی ڕووح | غەیری ئەمە هاتە کەشتیی نووح |
ئەو ڕۆژە گەییشتە وەقتی مەعهوود | وەستاوە لە سەر چیایەکەی جوود |
هەر سێ کوڕی کردیانە مەسکەن | ئەو جێ و مەکانە میسلی گوڵشەن |
ئێستاکە جزیرە بێ موحابا | مەعموورەیی ئەووەڵە لە دونیا |
ئەولای سەحیحیان بە بورهان | کوردن لە مەکانی جەددی خۆیان |
سوککانی بیلادی ڕوبعی مەسکوون | بالجمله لەمانە مونشەعیب بوون |
بێ تەفرەقە بوون موتیع و هەمدەنگ | هەم مەشرەب و هەم لیباس و هەم ڕەنگ |
ئایین و مەزاهیب و ڕەسایل | وا کردیە فیرقە و قەبایل |
وەک خەڵقی نەچوونە موڵکی ئەدنا | جێی باوکی خۆیان کردە مەئوا |
ئارێ بە حەدیس و نەسسی قورئان | حوببی وەتەنە دەلیلی ئیمان |
حادیس نییە، ئەسڵە گفتوگۆیان | مەورووسە لە دەوری جەددی خۆیان |
ئێستاکە کە وا جەماعەتی «وان» | ئەسڵن بە نەسەب کەریم و شوجعان |
مونقادی عەجەم، موتیعی ڕۆمن | مەحکوومی خەڕات و حیز و دۆمن |
تەقسیری ئەوان نییە ئەمانە | هەرگیز بە تەعەججوبی مەزانە |
ڕەسمێکی قەدیمە دەوری گەردوون | خەسمی نوجەبایە، هەمدەمی دوون |
حاجی ئەمنیش میسالی کوردان | کەوتوومە کەمەندی نەفس و شەیتان |
لەم حەبس و کەمەندە فیکری دەرچوون | مومکین نییە، من یەکم ئەوان دوون |
مەوقووفە بە ڕۆستەمی عینایەت | موحتاجە بە هیممەت و هیدایەت |
دەرچم لە ئەسیری میسلی بێژەن | ڕاهی بوو بە قووەتی تەهەمتەن |
ئەی بێ بەدەل و شەریک و تەنها | ما اعظم شانئک تعالی |
تەعیین بکە ڕۆستەمی دیرایەت | تەوسەن بدە خوسرەوی عینایەت |
تا کورد و ئەمن لە دەستی دوونان | دەرچین، هەر ئەتۆی ڕەحیم و ڕەحمان |
4
[edit]تا ڕێک نەکەون قەبیلی ئەکراد | هەروا دەبنە خەرابەئاباد |
ئەنواعی میلەل لە گەورە تا چووک | خەمڵیوە مەمالیکی وەکوو بووک |
یەک بەرگن و یەک زوبان و یەک ڕەنگ | بێ غەیبەت و عەیب و عار و بێدەنگ |
دنیا بە تڕان دەخۆن و دەیدەن | هەر چۆنێ مەرامیانە دەیکەن |
هەر کوردن ئەگەر چی پاکی مەردن | پاماڵی زەمانە، میسلی گەردن |
هەر مانەوە بێنەوا و مەزڵووم | وەک بوومی خەرابەزار، مەشئووم |
گەر باعیسی ئەم دەپرسی کامە | شەرتێکە کە بۆ هەموو تەمامە |
ئەو شەرتە بە کوللی ئیتتیفاقە | گەر مەرعەش و وانە گەر عێراقە |
قەسرێکە یەساغی ئەو نیفاقە | گەر وا نەبێ بابی هەر بە تاقە |
سەد شێخ و مەلا و میر و خانی | بۆ لەززەتی عەیش و زیندەگانی |
لەو لاوە ئەوان بە حیلەسازی | لەم لاوە ئەمان بە تەقڵەبازی |
قوڕیان بە هەموو وڵاتەوە دا | تا موڵک و ڕەعییە پاکی فەوتا |
یەکیان ئەمی تۆ دەکەی نەیان کرد | غەمیان نەبوو کورد ئەگەر هەموو مرد |
5
[edit]تاجی بسم الله الرحمن الرحیم | نامە سەر بۆ دەفعی شەیتانی ڕەجیم |
ماجەرایێکم هەیە بێ بێش و کەم | هیچ درۆی تێ دا نییە با بۆت بکەم |
بانیی نۆتاقی قوببەی بێستوون | کەعبەکی بۆ ئێمە کردە ڕێنموون |
قاسیدی پەیغامی فەرمووی: من ینی | مسجدا یبنی له بیت كما |
باز فەرمووی سەربەسەر ڕوویی زەمین | مەسجیدە بۆ زیکری رب العالمين |
یەعنی هەر ماڵێ کرا بێ بۆ خودا | کەعبەیی عولیایە بۆ زیکر و دوعا |
شکڵی تەکیە و خانەقاهی شێخەکان | واقیعەن ڕەنگینە ئەمما بۆ ڕیان |
لەم هەموو شێخ و موریدانەی ڕیا | فەردەکی ناچێتە مزگەوتی خودا |
مەسجید و میحراب و مینبەر بێکەسە | هەر مەپرسە حاڵی چۆنە مەدرەسە |
شەیخەنا گەر ئەم قسەت نایێتە گوێ | سەیری وا چۆڵە کەری تێدا بگێ |
ناکرێ بەم های و هوویە دەفعی ڕووس | هەر وەکوو شێخی بوخارا و ئەندەلووس |
میسلی ئێوە پاڵیان دا بە دوعا | ئاخیری کافر بە ڕیشیاندا ڕیا |
پشتیان دا هیممەت و شەیخ و خەتی | تا فەڕانسز پاکی کردە میللەتی |
مەرقەدی ئەقتاب و قوببەی ئەهلی ڕاز | بۆتە جێگەی گاگەل و مۆڵگەی بەراز |
هیند و داغستان و قازان و قەزم | خێوە و هیند و بوخارا و خواڕەزم |
یەک بە یەک وەک ئێوە بوون و زێدەتەر | سەربەسەر بۆ باری کافر بوونە کەر |
موعجیزە و کەشف و کەرامات و دوعا | بۆ چی نەیبوو فەخری عالەم مستەفا |
جیسمی نوورین و ددانی گەوهەرین | ئەو شکا، ئەمیان بووە جێگای برین |
سەبحە و میسواک و خەرقە و تەیلەسان | بوونە پابەندی جیهادی غازییان |
ئەم هەموو شەهبازە بوونە کوندەبوو | خەڵوەکێشان و چلە سوودی چ بوو |
سەیری ناکەی تایفەی ئەو شێخەکان | وەک سەحابە و عادەتی پێشینیان |
ڕووت و پێخاوس بە زەرگێک و مەتاڵ | باوکی بۆ دوو پوول دەردەینێ لە چاڵ |
قەسری دین، بنج و بناغەی مەحکەمی | شیر و تیرە دیرەک و تاق و خەمی |
موسبەتە فەرمووی حەبیبی کیبریا | من نەبیی شیرم لە مەیدانی وەغا |
گوڵشەنی پڕ میوەیی باغی مەعاد | وا لە ژێری سایەیی تیغی جیهاد |
کێ گوتی: میسواکە تیرم یا عەسا | نێزەمە گورزی گرانم مونتەشا |
یا کەمەندم ڕوشتەیە، تیغم تەبەر | پۆست و کەشکۆڵ و دەفە و تاج و کەمەر |
کام حەدیس و ئایەتی موعجیزنوما | هاتووە بۆ ڕەغبەتی ڕەقس و سەما |
ئەم ئیشاراتە بە جێگایە و بە ڕێ | نەک وەکوو چاوبەستە تەڕکی بن بەڕێ |
داری دنیا هەر کەسێکی تێی گەیی | میوەیی خامی هەیە و میوەی گەیی |
پەندی من خامی دەزانن خامەکان | شیرن و پوختەی دەزانن پوختەکان |
تاکی دونیا مایە پوختەی هەر هەیە | لەم کەر و خامەی کە هەن باکم نییە |
با بڵێن: ئەم شێتە قەحبە مردووە | چەند وەڕیوە، چەند وڕێنەی کردووە! |
حەق تەعالا واقیفی ئەحواڵمە | خالصاً للهِیه تەرقیمی ئەمە |
بەیتەکان عەیبی مەکەن خوار و کەچن | مەقسەدم لەم بەند و باوە دەربچن |
وەرنێ ئەم دونیایە نەفسی نەفسییە! | گەر لە بەر ئێوە نەبێ باکم چییە! |
من لە تۆفانا بەڕی خۆم دەردەکەم | وا مەزانە دامەنی خۆم تەڕ دەکەم |
ئێستە هەرچیم پێ بڵێن عەیبی نییە | چونکە ئینسان عیلمی غەیبی پێ نییە |
ئاخیری چی وەحشییە ماڵی دەبێ | جاهیلیش ئەو ڕۆژە دێ حاڵی دەبێ |
ئەم قسە با لێرە بێ ماندی بووم | بۆت بکەم باسێکی بۆیان کردووم |
پێی گوتم: ئەحبابەکی ساحیب حەشەم | سەرگوزەشتێکم هەیە با بۆت بکەم |
بازی خەو ئیمشەو لەبەر بێ هەمدەمی | بوو بە نەسری ئاسمانی حەوتەمی |
زاغەکەی شەو باوەشێنی شاپەڕی | شەمعەکەیی کوژاندەوە وەقتێ فڕی |
بەیزەکی جێما لەگەڵ دەرکەوتنی | ئاسمان زەرد و سپی بوو دامەنی |
ماهی بێ میهرم لە دەرگا هاتە ژوور | ماتەم و شین و خەمی کردم بە سوور! |
کورت و کرمانجی کە گرتم بە ڕەزا | خستم و باقی وەکوو بەیتی ڕەزا |
چونکە زانیم ئیش کە کەوتە گفتوگۆ | بێ سەر و پێیە وەکوو چەوگان و گۆ |
ئاخری نایێ وەکوو ڕووبار و چۆم | یا شەڕەجوێنی لەنێو خەڕڕات و دۆم |
چی پیاو بێ تێ دەگا ڕۆمی چییە | باسی ڕمبازی و سواربوونێ نییە |
ئیتتیفاقی دڵبەرێکی بێ کەدەر | حاجی ئەنواعی لیباسی کردە بەر |
بێ جیاز و مارەیی دەیدا بە شوو | لەم هەموو کوردانە داخوازی نەبوو؟! |
عاقیبەت دەیخوازن ئەمما ئەو دەمی | پیر بووە، نازێ کەل و کۆمە دەمی |
ئەو زەمانی بوونە ئاردی نێو دڕک | پارەیەک ناکا دوو سەد جار بێتە ڕک |
6
[edit]شێخ بزەینی قسەی وەکوو جافە | خۆ کەرامەت نییە ئەمیش لافە |
ئەو وەکوو ئێمە نین بە ئیدراکن | ساحیبی نوسخەیی گەلێ چاکن |
وەکوو بەهرام و خوسرەو و شیرین | لەیل و مەجنوون و چەندی وا ڕەنگین |
هەمویان ڕەمز و کانیی عیرفانن | فێری بن چونکە خزمی خۆمانن |
مەم و زین و دیوانی شێخی جزیر | گەلێ چاکن بە سەهلی بێننە گیر |
ئەم دووانە ئەمێستە تەرجەمەیان | زۆرە حەتتا لە نێو فەرەنگستان |
وای بخوێنن لە وەجهی موحتاجی | وا بزانن بە خۆیەتی حاجی |
هەم ڕەواجی بدەن لە هەر لاوە | تێ نەگەن مردووم، بڵێن: ماوە |
قەت تەسەوور مەکەن تەرەفداری | غەیری غیرەتکەشی و غەمخواری |
من کەسێکم زەمانەیی ناکەس | دایبڕیوم لە قەوم و قیلە و کەس |
هەر منم ئێستا وارسی عیسا | بێ ژن و ماڵ و بێ کوڕ و مەئوا |
7
[edit]خۆ دەزانن سولالەیی ئەکراد | لێرەوە بگرە تا دەگاتە قوباد |
هەموو عالیم، هەموو شێخ و میرن | زیرەک و ژیر و ئەهلی تەدبیرن |
وەسەتی پانی پازدە ڕۆژ ڕێیە | پڕ لە ڕەشماڵ و خانە و دێیە |
بە درێژی لە قاف کە ڕابوردن | تا بە شیراز و ئیسفەهان کوردن |
شەهسەوارن، پیادەیان ئازان | بەردی نیشان و کوڵکی مەیدان |
دان و بەخشینان لە لا باوە | خوونی مەیدانیان لە کن ئاوە |
بە شەجاعەت هەموو وەکوو ڕۆستەم | بە سەخاوەت هەموو وەکوو حاتەم |
لە وەفا سموەئیل و ئیسماعیل | عەهد و پەیمانیان چیای قەندیل |
گوردی شانامە پاکیان کوردە | کافی ئەم سافە کافی ئەو وردە |
لە شەڕا زۆر دەفعە قەوماوە | ڕۆمییانیان چلۆن جەواب داوە |
حاجی دەمرێ لە داخ و هاوارە | کوردی بێچارە دەبنە ئاوارە |
8
[edit]حاکم و میرەکانی کوردستان | هەر لە بۆتانەوە هەتا بابان |
یەک بە یەک حافیزی شەریعەت بوون | سەییدی قەوم و شێخی میللەت بوون |
سەیید و شێخەکان لە ترسی ئەوان | مونزەوی بوون و زاکیری ڕەحمان |
هەر کە فەوتان ڕیای ئەوان دەرکەوت | سەیری چۆن بوونە پووش و ئاگر و نەوت |
یەکێ لەم لاوە ڕوو دەکاتە عەجەم | دوو لە ئەو لاوە دەبنە دوژمنی هەم |
دوو هەزار ژن فەساد کرا لەم لا | بوونە قاتیل ئەوانی تر لەو لا |
یەک بە یەک بوونە نائیبی هەمەوەند | ساحیبی مارتین و ماری گەزەند |
میللەتیش هێند کەرن وەکوو جاران | دەستیان ماچ دەکەن دەڵێن قوربان |
گەر لە سەحرا مەلا نەمردایە | گورگەشین با کەری بخواردایە |
شێری دڕڕەندە وەک لە بێشە نەما | گورگ و مام ڕێوی دێنە ڕەقس و سەما |
من لە غەمخواری ئەم قسانە دەکەم | وەرنە پەشمە لەلام هەموو عالەم |
ئەم قسەی ئێستە عەیبی لێ دەگرن | ئەو دەمەش دێ کە ئێوە بۆی دەمرن |
ئەم بە ئەو، ئەو بە ئەم دەڵێ کاکە | سەیری قانوونی حاجی چەند چاکە! |
هەر چلۆنێ ئیشارەتی فەرموو | وەک کەرامەت هەمووی وەها دەرچوو |
9
[edit]خوسرەو و کەیقوباد و ئەسکەندەر | وەکوو کیسرا و کاوس و قەیسەر |
هەموو تێ چوون و پاکی فەوتاوە | نە سیلاح و نە سککەیان ماوە |
واقیعەن وایە وەک بەیانم کرد | هەر کەسێ زا بە ناعیلاجی مرد |
مەرگ و ژین میسلی سێبەر و تاوە | ئەوی باقی بمێنێ هەر ناوە |
چونکە هەرچی لە داری دونیایە | ئەووەڵی ئاوە، ئاخیری بایە |
سەد شەهەنشاهـ و پادشا مردن | سەیری کە کوردی ئێمە هەر کوردن |
میللەتە باقی، مابەقی فانی | هەر لە جافی هەتا بە گۆرانی |
حەسرەتم هەر ئەمە لە دنیا دا | حاجی دەمرێ بە دەوریان ناگا |
گەر بە دەورانیان بگەییایە | هەموو حاڵی دەبوون چ دەریایە |
چ بە مەنسوور و گەوهەری کوردی | چ بە نەزم و کینایەتی وردی |
سەعدی ئەییامی خۆی نەبوو نانی | وەکوو من بوو گەڕۆک و بێ خانی |
ئێستە خەڵقی لە حەسرەتی دەمرن | بەیتەکانی لە زێڕ و زیو دەگرن |
ئاخیری ڕۆژەکیش دەیێ وەعدی | خەفەتم بۆ بخۆن وەکوو سەعدی |
قازیی نەسر و موفتیی نازیم | تێ دەگەن تا مودەڕیس و عالیم |
بۆ تەسیحەی زوبانی کوردانە | شیعرەکانم دەلیل و بورهانە |
یەعنی تا ماوە شاعیری غەڕڕا | عارف و عامی داخی بۆ ناخوا |
لاکین ئەو ساعەتەی بە ڕەحمەت چوو | قوڕ دەپێون دەڵێن: چ حیکمەت بوو! |
پەشمە حاجی وەرە وەکوو جاران | بێرەوە سەر حیکایەتی کوردان |
10
[edit]شەهسەواری بەلاغەتی کوردان | یەککەتازی فەساحەتی بابان |
مستەفایە تەخەللوسی کوردی | غەزەلی کردە بەر بوتی کوردی |
ناوی ساحیبقڕانی خاسسی ئەوە | چونکە لەم عەرسە ئەسپی ئەو بەدەوە |
ئەو کە نۆشی شەرابەکی تاڵی | نالی لەو عەرسە دا بووە تالی |
نالی ئوستادەکی گەلێ چا بوو | خدری ئابی حەیاتی مەعنا بوو |
یەکێ تر بوو موحەممەدی فیکری | موویی دەنگاوت بە تیرەکی فیکری |
یەکێ ڕەنجووری ئەهلی کەرکووکە | فیکری بیکری هەموو وەکوو بووکە |
یەکی تریان ئەمین بەگی دزەیی | دز نییە شاعیرێکە جەربەزەیی |
کەیفی حاجەت نییە بکەم باسی | ئەم کتێبەی بخوونی دەیناسی |
سالیم و مەشوی، شێخ ڕەزا و خەستە | شاعیرن هەر چواری بەرجەستە |
وەک وەفایی کەمە لە شوعرایی | خەتی وەک بەیتی چاک و ئەسپایی |
لە کون و قوژبنی کەلاوەی دەهر | چەندی تر هەن میسالی گەنجی گوهەر |
سەبکی جامین و غیرەتی سەلمان | بەیتیان ون بووە وەکوو خۆیان |
مەلکەقۆڕ و حیماری و کیسەشکەل | قِس مِن اسمائِهِم و لا تَسأَل |
شیعریان جوانە بەس نییە کوردن | گەرچی بەدناون و گەلێ وردن |
بە فیدایان دەکەم سەد ابن یمین | چونکە دەربەستی غیرەتی کوردین |
لە جزیرە یەکێکە شێخ ئەحمەد | ساحیبی ناو و مورشیدی ئەرشەد |
ئەوی جامی گوتوویەتی ئەمەیە | لەو قسە و مەدحە مەقسەدی ئەمەیە |
پیر مردی بدیدهام ز جزیر | نیک مردی بدیدهام ز حریر |
ئەحمەدی خانی ساحیبی مەم و زین | شاهبازی فەزای عیللیین |
خەلەفی ئەو دەبن لە گۆدینگان | لە جزیر پێی دەڵێن فەقێ تەیران |
شاعیری ئێرە گەرچی زۆر ماون | ئەم دوو سێیەن کە وا لە پێش چاون |
چەند ئەوەندەی کە عەرزی ئێوەم کرد | شوعەرامان هەیە بە دەستوبرد |
شاعیری کۆن و تازەیی کوردان | کە لە تەعدادی عاجیزە ئینسان |
ئەوی خۆم دیومە یا نە خۆ ئەسەری | ئەمەیە بۆت دەڵێم بە موختەسەری |
مەعدەنی عیلم و عالیمی عامیل | قوتبی دەوران و مورشیدی کامیل |
هەر لە ئەووەڵ جەنابی مەولانا | نەقشبەندی ڕەواقی ئیللەڵڵا |
غەوسی سانی و حاتەمی مەزهەب | عەبدوڕەحمانی خالسی مەشرەب |
وەکوو بەیتووشی شاعیری عەرەبی | تا قیامەت نە کەس بووە و نە دەبی |
شاعیری جاف و نەزمی ئەترافی | مەولەوی و خانە کافییە و شافی |
ئەوی سەرخێڵی عێلی ئەوزانە | لە عەشایر مەلا وەڵەد خانە |
خۆ مەلا مستەفای بێساران | بێ نەزیرە لە نەزمی کوردستان |
مەلکەمان مەلکەمووتی مەعنایە | یەعنی هەر چۆنێ حەز بکا وایە |
وەک مەلا خدری ڕوودباری نییە | شیعری ئابی حەیاتە تاریی نییە |
حیکمەت و نەزمی میرزا یەعقووب | وەک فلاتوونە لەفزەکان وەک کووب |
یەعنی فیکری لە ئاسمان بەدەرە | باعیسی عەیشە، دافیعی کەدەرە |
حەسەنی باوکی فەقێ ئۆمەر | کوڕی ئۆمەر، موحەممەدی سەروەر |
مەنجەڵی نەزمی گەورە و گچکەن | بۆ خەیاڵاتی عەینی سێ کوچکەن |
شاعیری زەنگەنە نییە حەددی | وەکوو شوجعانی ناکرێ عەددی |
چونکە مەجمووعی تەبعی مەوزوونە | سینەیان میسلی ئاینە ڕوونە |
ئینتیخاب ناکرێ لەبەر چاکی | وەک لە شەڕدا سوار و چالاکی |
دوو وەحیدن موحەممەد و ئەحمەد | یەکێ کۆماسییە یەکێ دەربەند |
هەمەوەندیش کە خزمی خۆمانن | شاعیری زۆرە پاکی دەیزانن |
چونکە تیژی زوبانیان یەکسەر | کەوتە نووکی ڕم و دەمی خەنجەر |
بێ کتێبن، ئەمە لە وان دوورە | مەردی ئازا لە ناقیسان دوورە |
دەشتی کەرکووک و کێوی هەورامان | شاعیری زۆرە بێ حەدد و پایان |
سادە هەر ناویان بکەم ئیملا | ئەم کتێبە بچووکە بەش ناکا |
هەر لە شیرازەوە هەتا بابان | پاکی یەک نەزمە پێی دەڵێن گۆران |
هەر لە مووسڵ هەتا حەدی بابان | بەیتیان کردووە وەکوو جافان |
بەسیە بێ عاری ئەی گەلی خزمان | لەم هەموو بەیتی میللەتی خۆمان |
ئەگەر ئێمە و سنە و سولەیمانین | ناوی یەکیان بە چاکی نازانین |
وەک موحەممەد حەنیفە بەیتی مەتین | نییە ئیللا حەساری قوستەنتین |
بەیتی دمدم کە قەدری نازانن | پاکی سیحری حەڵاڵی کوردانن |
وەکی شانامە گەر بنووسرایە | لێت موعەییەن دەبوو چ وەستایە |
ئەسپی ڕەش بەیتی تا بڵێی چاکە | نەزمی یەگجار سوار و چالاکە |
ئەسپی شەش پێیی قەهرەمانی عەجەم | مەحزی کیزبە بە ئیتتیفاقی ئومەم |
چونکە نووسراوە خەڵکی دەیخوونن | لەم هەموو بەیتی ئێمەدا کوورن |
وەرە ئەمجا لە حەسرەتان مەمرە | چوار پەلی ئەسپی سوننییان مەگرە |
وەکوو بەیتی حەتەم لە دەعوادا | نییە، فیردەوسی سەد کلک بادا |
ئەم فەسیحانە پاکی بێ ناون | باعیسی پێت بڵێم نەنووسراون |
دوو عەلین شاعیرن وەکوو حەسسان | بەردەشان و حەریرە مەسکەنیان |
یەکێ هەمنامی خۆم بە خۆم دیبووم | شێخ وەسانی بوو مەردەکی مەعلووم |
وەکوو من بوو بە زاهیری جاهیل | باتینەن شاعیرێکی زۆر کامیل |
ئەحمەدی کۆر لە شاری سابڵاغە | بەیتەکی داغە، بەیتەکی باغە |
ئەمە مەجمووعی شاعیری غەڕڕان | هەروەکوو مەسنەوین لە نێو کوردان |
هەموویان بێ نەزیر و یەک وەزنن | قابیلی بەزم و لایقی ڕەزمن |
غەیری دمدم لەمان بە نەزمە جودا | بێ سەدا تەپڵی نەزمی دەنگ نادا |
بە ڕەوانی میسالی ئابی ڕەوان | ئیرتیجالین هەموو بەبێ دامان |
کوللی بەیتێکی دووهەزار فەردن | مانگەکی پێ دەوێ لەبەر کردن |
ئەمە هەر کوردە لایقی تەحسین | بێ کتێب و موعەللیم و نووسین |
کامە منداڵ و شێتی لێ بگری | هەر کە بیستی بە جارێ دێتە بەری |
ئێستە مەعلوومی بوو هەموو میللەت | ئەی مەلای دەرس و موفتیی ئوممەت |
ئێمە بێ غیرەتین و بێ عارین | ئەوی نەیخوێندووە لەمە عارین |
قەید و تەزبیب و شەرح و حاشیەکان | بوونە سەددی مەعاریفی کوردان |
حاسڵی ئێمە وەک دەکەم تەخمین | کرمی ئاوریشمین و مێش هەنگوین |
نییە ئارام و ڕاحەتی و خەوتن | شەو و ڕۆژێ هەتا دروستی دەکەن |
کەچی ڕۆمی کە ئێمە دەیناسین | وا دەزانێ کە ئێمە نەسناسین |
یا نە ئێرانییەک کە مەعلوومە | دایکی موتعە، باوکی مەوهوومە |
ئەمە دەیکاتە کاسە دەینۆشێ | ئەو کەوای لێ دەکات و دەیپۆشێ |
11
[edit]سلام الله مني کل يوم | لە ئەسحابانی ساحیب غیرەت و دین |
لە بێ عاری هەموویان کەوتە یادم | ڕمووزی ئیتتیفاق و ئیتتیحادم |
لەبەر دووری لە ئەقران و لە ئەمسال | لە کوردانم دەپرسی ضرب الامثال |
لەبۆ ئەم یەک دوو ئەشعاری ڕەش و ڕووت | هەتا پەیدا بوو ڕۆحم گەییە سەر لووت |
دەفەرمووی ئەم عەزابە بۆچ دەکێشی | چ مەلزوومە ئەگەر چاوت نەیێشی |
قوڕی کوێ کەم بەسەر خۆما لە غوربەت | خەوم نایێ لە داخی موڵک و میللەت |
ئەگەر وەک من خەبەردار بن لە دەوڵەت | لە حەیفان خۆ دەخنکێنن بەبێ پەت |
چوار ملیۆنە کوردستان نفووسی | بە قیسسەی ئەهلی تەخمینی کە نووسی |
هەموویان شێری بێشەن حاتەمی جوود | لە شەڕدا کێوی جوودی و بەحری مەمدوود |
وەلاکین فایدەی چی هەرج و مەرجن | لە دەعوادا لەگەڵ یەکتر بە مەرجن |
لە گوێی گا نووستوون هەرچەندە شێرن | وەکوو کەروێشکی چاوڕاماو و کوێرن |
ئەوی ئەعلایە سەردەستەی شکارە | ئەوی ئەدنایە بەستەی زولفی یارە |
ئەوی ئازایە شەهنامە دەخوێنێ | ئەوی مسکێنە گەنم و جۆ دەچێنێ |
ئەمانە بێ شعوور و گێژ و وێژن | موتیعی لۆتی خوێڕی و هەرزەبێژن |
کوڕێکی وا نەبوو هەستێتە سەر پێ | بزانێ خەڵقی چۆن کەوتوونە سەر ڕێ |
بکا سەیری جەریدە و حاڵی میللەت | کتێبی تازە و تەئریخی دەوڵەت |
بزانێ تا چ قەوماوە لە ئەتراف | سەراپا ئاگرە ئەتراف و ئەکناف |
ئەگەر کارێک نەکەن لەم بەینەدا زوو | مەمالیک کاتەکی زانیت لە دەست چوو |
گەمی سەحرا و دەریا دێتە جەولان | بە غەیری پێکوڕەی فەوجی سواران |
بە تەرخانی بەسەر ناچێ، لەمەوپاش | لە هەر لاوە دەتانهاڕن وەکوو ئاش |
لە ژێر پێدا دەچن حەیف و مخابن | گەدا بن ئێوە، دوشمنتان بە شا بن |
بە غەیری ڕۆمی و ئینگلس و ڕووسی | بێ حەددن دەوڵەتان ناویان بنووسی |
لە جێی خۆیان هەڵستاون بە غیرەت | لە دنیا ناوی خۆیان ناوە دەوڵەت |
سەراپا ساحیبی سککە و سوپاهن | وەکوو جەم ساحیبی تەخت و کولاهن |
لە تەدبیری ئومووری موڵکی خۆیان | شەریکن پینەدۆز و شاهـ و گاوان |
لە هەر وەقتێ یەکێکی بێتە هاوار | لە جوتیار و شوان و ئەهلی بازاڕ |
لە جۆشین و لە نێشا مێشی هەنگن | بە من چی کافرن یا نە فەرەنگن |
وەکوو بیستوومە بۆ دەفعی مەسائیب | ئەمە تەدبیری کورت و فیکری سائیب |
لە دەشت و دێ و ویلایەت ببنە ئەحباب | وەکوو شەخسێکی واحید بن لە هەر باب |
لە بۆتان تا بەبان و سەرحەدی ڕەی | لە ئەولاتر وەها نۆش بێتە سەر دەی |
ببینە یەک لە تەعلیم و لە نووسین | جل و بەرگ و زوبان و ڕەسم و ئایین |
12
[edit]شاعیر و شێخ و خواجە دەربەدەرن | لە قسەی بێ نەتیجەدا دەمرن |
باسی زولفی درێژ و چاوی بەخەو | نەبڕاوە بووە تڕی خوسرەو |
قەید و تەزبیب و حاشیە و ئیعراب | هەموو با بردی بوونە مەوجی سەراب |
سەفەر ئەندەر وەتەن چ کەڵک دەگرێ | سەیری ناکەی شەمەندەفەر دەفڕێ |
بە قسەی سادە برسی تێر نابێ | عەمەلە عیززی دین و دونیا بێ |
ئاسنی سارد بە فوو نەرم نابێ | بە تڕانیش حەمام گەرم نابێ |
تەلغرافیش تەلێکە بێمایە | موخبیری ڕوویی کوللی دونیایە |
جەوهەری فەردی ئەو موجەززا بوو | یا نەبوو، حاسڵی چ پەیدا بوو |
گفتوگۆ حاسڵی هەمووی بایە | عەمەلیاتە نانی تێدایە |
عولەمامان بە قەولی بێ سەر و پا | پاکی خنکا لە بەحری وشکی هەوا |
سەنعەتێک فێر نەبوون لە پاش تەحسیل | سەیری چۆن بۆ مەناهی بوونە دەلیل |
یەک بە یەک بوونە خاینی دەوڵەت | خاینی موڵک و دوشمنی میللەت |
تا تەعیناتی کۆر و لاڵ مابوو | لە گەلێ دێیەکان مەلای چا بوو |
ئەو دووانە بە ڕەحمەتی خوا چوون | شارەکان بێ مەلا و مودەڕیس بوون |
بەڵێ وایە لە ئەلزەمی ئەشیا | ئەووەلەن خواردنە، دووەم سوکنا |
سێیەمی سەتری عەورەتە ئەنجا | مەشغەلەی لا إله إلّا اللّه |
پشتیوانی بینای شەرعی مەتین | شیر و بەخشین و خامەیی ڕەنگین |
بەو شەشە دین موحافەزە دەکرێ | یەکێ مرد لەم شەشانە دین دەمرێ |
عەجەبا بۆ چی ئەهلی موڵکی عێراق | ئیتتیفاقی بەدەل دەکەن بە نیفاق |
بۆ ئەمیرانی غەیرە دەبنە گزیر | نەک لە خۆیان یەکێکی بێتە ئەمیر |
ئێستەکەش فرسەتە گەلی یاران | کەپەنەک بۆ چییە لە پاش باران |
13
[edit]کوردەکی کۆیی کەوتەوە یادم | پێم گوت: ئایا چلۆنە ئوستادم |
وەکوو بیستی بە میسلی هەوری بەهار | هاتە گریان و پێی گوتم: ئەی یار |
عالیمی چاکمان هەموو فەوتان | ئەهلی فەتوا موسافیری مەوتان |
تاکەی قورعان بخووندرێ بە سەدا | رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُمْ أبدا |
ئەوی ماون لە لێوی کەنداڵن | جاهیل و بێ وقووف و منداڵن |
نییە ابن الاثیرێ بێتە کەمان | بەردی ابن الحجر بکاتە نیشان |
پاک بە ئەنواری عالیمن موحتاج | بێ دەلیلە ئەمێستەکێ مینهاج |
کەس نەماوە بە غەیری کاک ئەحمەد | شەیخی مەعرووف و عالیمی ئەرشەد |
چاکە ئێستا دەکا لە بۆ کوردان | تەرجەمەی شەرع و ئایەتی قورئان |
واقیعەن خزمەتی لەبۆ خوایە | چ دەبوو گەر بە کوردی نەبوایە |
هەر کە وای گوت وەها موکەددەر بووم | وام دەزانی کە وا لە دین دەرچووم |
گوتم: ئێستاش لە سەر کەری ماوی | چا بوو مستم نەدا لەنێو چاوی |
کوردی ئاخر بڵێ چییە عەیبی | هەر کەلامی حەقە نییە عەیبی |
لەفزی کوردی بڵاو نەبوو گرد بوو | وا لە مابەینی ئێمەدا تێ چوو |
لە فەساحەت بڵا موعەڕڕا بێ | چ قیامەت! بە ئەرمەنیش نابێ؟ |
بە زوبانی کەچ و خەتی خواری | بە جەریدە و کتێبی خەڵواری |
چوونە ڕیزی موعەززەماتی میلەل | وەقتە خۆیان حیساب بکەن بە دووەل |
یا لەگەڵ فارسی چ فەرقی هەیە | بۆ چی ئەو ڕاستە، بۆ چی ئەم کەچەیە |
با وجوودی ئەگەر بکەی دیققەت | تێ دەگەن کام لە کامییە سیرقەت |
چونکە ئێمە قەدیمترین لە ئەوان | بە تەواریخی جوملەی ئەدیان |
ئاخر ئەم عەقڵەیان هەبوو بۆیێ | گەر سولەیمانییە وەیا کۆیێ |
بوونە ئوستادی فارسی و تازی | تا گەیشتن بە فەخرەکەی ڕازی |
چونکە سەرمایە ماڵی خەڵقی بوو | وەقتێ مردن هەموو بە هیچ دەرچوو |
ئەمە مەعلوومی عاقڵە و منداڵ | نییە عەیبی موناقەشەی ئەمسال |
وەک مریشکێ کە عەقڵی نەیهێنێ | بێت و هێلکەی مراوی هەڵبێنێ |
وەک بگاتە کەناری جۆگەلەیەک | نایەتە شوێنی، بمرێ، جۆجەڵەیەک |
جێی ئەمە وشکە، جێی ئەوی ئاوە | تێ دەگا قینگ دڕانی پێ ماوە |
14
[edit]لە جوملەی ماجەرای دووری ویلایەت | ئەمەش باسێکە خۆشە وەک حیکایەت |
شەوێ دانیشتبووم بێ شەمع و میسباح | ئەتۆی هێناوە یادم کاکە فەتتاح |
گوتی: با کاغەزێکی بۆ بنێرین | موحیببی سادیقە و هەمڕازی دێرین |
منیش ئەم نامەیەم نووسی بە تەعجیل | شڕ و وڕ وەک خەرار و کۆنەزەنبیل |
بە بێ تەسوید و تەشیهـ و موبالات | وەکوو بەیتی بلە هەر چۆنێ بۆم هات |
بەڵام ئەفکاری خۆمە نەزمی کوردی | لە خومخانەی خەیاڵی ساف و وردی |
عیباراتی «دەری» و «تازی»م نەهێنا | دەزانێ ماڵی خۆمە مەردی دانا |
لە بەر پیری ئەمەندە بێ حەواسم | دەڵێی ئەرکانی ئیسلامی ئیناسم |
سەر و ڕیشم سەراپا بۆتە لۆکە | بە شەو هەمڕازمە پشمین و کۆکە |
غەریبی غوربەتی کردم بە ئەوتان | سەراپا ئەرزی لێ کردوومە زیندان |
وەلاکین تۆ كريم ابن الكریمی | بە ڕەحمەت بابی ئەشعاری یەتیمی |
ئەتۆ ماوی لە نوققادی ویلایەت | ئەوانی تر هەموو بوونە حیکایەت |
ئەگەر نالی بوو لێرە ناڵی ئاوێت | دڵی کوردی بووە گەردێ لە بەر پێت |
منیش کاتێ دەزانی پێم هەڵەنگووت | ئەجەل بای سەڕسەڕە ئێمەش پەڕ و پووت |
کە نامە گەییە ئێرە مۆرمان کرد | من و فەتتاحی دانا زەرفمان کرد |
جەلیمان نووسی ئەرقامی وسوولی | بە ئوممێدی قوبوولی بێفزوولی |
ڕەفیقانم لە کۆیە ئاشنا نین | وقووفی حاڵی ئێمەی بێنەوا نین |
سەلامێکە دیاریمان دیارە | لە دار و بەردی ئەو دار و دیارە |
خوسووسەن ئاستانەی ئەرجومەندی | جەلیزادێکە عەبدوڵڵا ئەفەندی |
چ عەبدوڵا عوبەیدوڵڵاهی ئەحرار | موسەغغەر بەندەیێکە زەڕخڕیدار |
بە نیسبەت تۆ عوبەیدیللاهی نەهرێ | وەکوو بزنی گەڕە، مەهجووری دەیرێ |
زەکاوەت کانییێکە تۆی دەراوی | خەتی ئیقراری نووسیوە زەهاوی |
مەلایێکی فەقێیانە ویقارت | بەیانت ئاوە، گردە ئیقتیدارت |
علوومت کافییە و شافی بە واجیب | لە کۆی تۆ دەبتە حاجیب ئیبنوحاجیب |
لە داخی تۆ دەسووتێ نەفتەوەیهی | وەکوو بێ زەرد بووە ڕووی سیبەوەیهی |
لە مەیدانی فەساحەت تۆ موجەللی | حەریری تالییە و سەعدی موسەللی |
بە غەیری جەددی ئێوە کێهە دانا | لە کوردستان ئەساسی عیلمی دانا |
وەرە با بێینە سەر باسی نیهانی | بە یادی عەیش و ئەییامی جەوانی |
بە فیکرت دێ زەمانێ چووینە باڵەک | بە پێخاوسی نە کەوشم بوو نە کاڵەک |
لەبەر پێم دڕک و دار و شاخ و باری | وەکوو مەخمەر بوو نەرمی یا نە قاری |
کە چووینە سینگوڕە سینەم گڕی بەست | وەکوو قەندیلی سەرگەردان، وەکوو مەست |
دەڵێن ئێستا هەواری گورگ و شێران | وەکوو قەلبی حەسوودی تۆیە وێران |
چکاوە ئاوی پڕژ و گۆلەشینی | نەماوە هەر لە کۆتر تا شەهینی |
گەرووی شێخی لە لوقمەی کۆچ و باران | موعەڕڕایە میسالی ڕۆزەداران |
ئەمە دنیایە نامینێ هەتا سەر | لەبۆ ئازا و دانا، حیز و ماکەر |
مەڵێ ئەم قیسسەیە بێ ڕێ و جێیە | لە ترسی تۆ نەبێ هێشتا لە کوێیە |
لە دەردی دووری و جەوری زەمانە | گەلێ نەزدیکە زۆر دووری مەزانە |
لە خۆم ئاگر هەڵێنم وەک چنارۆک | لە چاوم گریە دەربێ وەک حەمامۆک |
بە سەد قەید و هەواشی دەردی دووری | بەیانی ناکرێ غەیرەز سەبووری |
لەمەوپێش شەممەیەک عەرزی ئەتۆم کرد | بڵاوە فیکر و عەقڵم، وەسوەسەی کرد |
کەوا بوو چاکە جامەی خۆم قەبا کەم | بەری دەست هەڵبڕم ڕووی خۆم لە خوا کەم |
بڵێم ئەی ڕازیقی مێشوولە و فیل | بە هەققی جوبڕەییل و هەم سڕافیل |
هەڵیکەی بەیرەقی کوردی لە دەوران | لە مابەینی کەکۆن و هەیبەسوڵتان |
لە شەرق و غەربەوە تا قیتعەیی کۆ | لەبەر گۆچانی ئەمرت بێ وەکوو گۆ |
دەزانی زەحمەتە تەعدادی یاران | بە سەد هاوین و زستان و بەهاران |
دیارە دۆستدارانی ئەمن کێن | لە خۆشناو و لە ئاکۆ و دەشتی بیتوێن |
لە ئێمە هەر کەسێ پرسی تەمامی | وەکیلی موتڵەقی سەرفی سەلامی |
وەکوو من تۆش بنووسە بێ تەئەممول | جەوابی نامەکەم مانەندی بولبول |
غەرەز دەستخەتتی تۆیە، ناعیلاجی | بڵا مەعنای نەبێ وەک بەیتی حاجی |
15
[edit]لە مەیدانی بەهارا شارەکەی کۆ | قوبەی کیشمیری دا بەر شەق وەکوو گۆ |
لە مابەینی کەکۆن و هەیبەسوڵتان | نسێی ئێوارە و سایەی سبەینان |
لەلام زیللی هومایە چەتری سەنبەر | چ جایێ سێبەری سەر و سنەوبەر |
بەهاری بۆ گوڵ و بۆ میوە پاییز | نەزیری گەر بڵێم نابێ بە جاییز |
بە ڕەنگی ئاسمان تامی نەباتە | بە سافی کەوسەر و ئاوی حەیاتە |
نموونەی جەننەتە شیوی ڕەزانی | بەهاری شامە ئەییامی خەزانی |
گوڵی حاجیلەکانی دەشت و هاموون | نەکەی بیدەی بە نەرگسجاڕی گەردوون |
لەسەر کێوان گوڵووک و لالەیی سوور | یەدی بەیزایی مووسایە لەسەر توور |
لە خونچەی نەو دەمیدەی باغ و ڕاغی | دەڵێی گەردوونە هەڵگیرسا چراغی |
دەماوەندیش بە نیسبەت شاخی ئێمە | بەهاری چەشمەساری وشکەدێمە |
لە ڕێگای ئەورووپایی گەرچی وەستان | لە تەسویری وەکوو کەر پاکی وەستان |
لە کن بیتوێنی ئێمە دەشتی لاجان | وەکوو ڕێی بانەیە، هەورازی بێجان |
ئەهالی ڕۆستەمن وەقتی شەجاعەت | لە حاتەم زێترن وەقتی سەخاوەت |
کوڕی غیلمانە، کچیان عەینی حووری | نەزەربازن وەلاکین دوور بە دووری |
بە نیسبەت عیسمەتی مێردی لەگەڵ ژن | ئەقالیمی ترن سەرسۆری بێ بن |
موسافیرپەروەر و یاری غەریبن | ئەوانن وا لە هەر عەیبێ بەری بن |
لە دینداری فەقێیان وەک چیایە | مەلای بۆ گەنجی دین حاجی قەڵایە |
مەکەن مەنعم هەمووی ڕاستە مەقالەم | بە بورهان و حەدیسی فەخری عالەم |
وەتەن مەحبووبەیێکە حوجرەئارای | نیشانەی دین و ئیمانە تەمەننای |
لە ئادەم بگرە تا دەورانی ئێستا | یەکێکە حاجی لەو خاکە هەڵستا |
کە خەمخواری بکا بۆ میللەتی خۆی | لە بەینی گەورەکان و شێخی بێپۆی |
زەمانە تووشی دەرد و غوربەتی کرد | غەمی کۆیێ پەرێشانی هەمووی کرد |
بە قەددی ئاوەگردە دەردی دووری | نەزیری ئێچقەڵایە بێ حوزووری |
دوو ئاغای ماوە وەک بیستوومە ئەخبار | ئەمین ئاغا و هەم ئاغەی ساحیبی کار |
ئەمین و پشتیوانی قەسری میللەت | نیگەهبانی خەزێنەی دین و دەوڵەت |
لە دنیادا ئیلاهی هەر بمێنن | بنەی بێ ئیتتیفاقی هەڵقەنێنن |
لە قۆچ پاشاوە تا ئێستا ئەمیرێک | لە کۆی پەیدا نەبوو یاخود وەزیرێک |
لەبەر بێ ئیتتیحادی بوونە مسکێن | لە ئاخیردا وەکوو زانیومە هەڵدێن |
لە مابەینی کڵاوسوور و کڵاوڕەش | پەرێشان و دیارن میسلی گای بەش |
لەبەر ئەم ناتەبایی و کینەجۆیی | لەلای ڕۆمی زەلیلن مەردی کۆیی |
وەکوو بیستوومە ئەی یاری نکووپەی | لە تەئریخی جەم و ئەسکەندەر و کەی |
بە شیر و خامە دەوڵەت پایەدارە | ئەمن خامەم هەیە، شیر نادیارە |
نە بەیداغی هەیە نە تەپڵ و کووسی | ئەمەندەی پێ کرا بێ چارەنووسی |
وەزیفەی خۆم بە جێ هێنا تەمامی | بە شیر و دەوڵەتە میللەت نیزامی |
ئەوا خۆی کردە مەهدی حاجی قادر | نە نادر شای هەیە و نە شاهی نادر |
16
[edit]وەرە سەیری بزانە لاوی کۆیی | مەهە دانیشتووە یا سەروە ڕۆیی |
هەیاسە و پەستەکی لای نێوە شانی | کەوای شیرداخ و فێس و جامەدانی |
بە یەغمای داوە خەرقەی شێخی هیندی | ڕەدا و تەیلەسانی نەقشبەندی |
کە بیستی سەیدی دڵ لەم دەورە باوە | لە پەنجا جێوە شەستی زولفی ناوە |
دڵی ویستم دوو چاوی، دانی خۆشە | دڵم نایە دڵی بشکێ، نەخۆشە |
گرینم وەک شەوی پایز بەتاوە | گوڵێکم بوو لە باغاندا نەماوە |
مەڵێ غەم گەورەیە یا گریە وردە | ئەمە گەرداوە، ئەویان ئاوەگردە |
بەسە ئەی خامە با ئەم باسە پەی بێ | وەرە سەر باسەکی وا فایدەی بێ |
ئەمانە قیسسەیێکە زۆر کراوە | وەکوو ئاوی شەوێ تامی نەماوە |
گەلێ ساڵە ئەهالی شارەکەی کۆ | شەو و ڕۆژێ لەگەڵ شێخانی بێپۆ |
میسالی ئاگر و ئاگرپەرستن | دەسووتێن و هەمیسان دەیپەرستن |
لە عەهدی «کەر نەبی» تا دەوری «گا کوێر» | لە گوێی گا نووستوون، زۆر حەیفە بۆ شێر |
لەکن خۆتان فڵان ئیبنی فڵانن | لە دنیا ئایین و ئۆین دەزانن |
کەچی کەچ مەشرەبێکی بێ دیانەت | بە حیلە مل دەنێتە بەر عیبادەت |
شەریعەت گەر بزانی یا نەزانی | وەکوو کەر دەچنە بن باری گرانی |
لە مەش تەنها نییە سووچ و خەتاتان | لە کەسبیش غافڵن میسلی مەلاتان |
لە بەغدا بۆ چی خۆرما بێت و لەیموون | لەبۆ دەرمان لە شار بێ ڕۆنی زەیتوون |
لە دەوری کوللی باغی شاری کۆیێ | دووسەد بن داری زەیتوونی بە جۆیێ |
لە ئێوە کامەتان بوو یەک دوو بارێک | بکاتە کیسەیەک یاخود خەرارێک |
دوو پێی لێ دا لە کۆلا میسلی دۆشاو | وەکوو ڕۆن ڕۆنی زیتوون بێتە سەر ئاو |
وەیا کەی نێژراوە چەند نەمامەک | لە نارنج و توورونج و هەر مەقامەک |
بزانن شین دەبێ، نابێ، بە بەر دێ! | لە جێگای گەرم و ساردی چی بە سەر دێ! |
بەراو و ئەرزی ئێوە کیمیایە | دوڕ و گەوهەر گەزۆ و مازووی چیایە |
مەعادین خاتری تۆ بێ لەگەڵ کان | گەنمتان زێڕە حەتتا زیوە زیوان |
ڕەژووی واپۆڕ و خوێ و نەوت و گۆگرد | لە کێوی ئێوە دا کۆیە وەکوو گرد |
لە بەینی میللەتی خۆتان بەیاری | بکەن تەقسیمی شاخ و دار و باری |
دەوەن ئاخر دەبێتە داری گەورە | مەڕی لەڕ خدمەتی بۆ گۆشتی چەورە |
لە دنیادا ئەوی باقی بمێنێ | لە عوقبادا گوناهی پێ نەمێنێ |
عەتایە و حوسنی خوڵق و ئیتتیحادی | ئیتاعەی عالمانە و شێخی هادی |
خەریکی کاسبی و کاری حەڵاڵە | بە غەیری ئەم ئەوانی تر بەتاڵە |
ئەوانەی موڵکی خۆیان کردە دەوڵەت | وەکوو بت دەیپەرستن جەمعی میللەت |
میسالی ئێوە بوون یاخود وەکوو من | ئەوان بۆ چی پیاون ئێمە وەک ژن |
سکەندەر بۆ چی چار چاو و دوو سەر بوو | فەرەیدوون فیل و کاوە شێری نەڕ بوو؟ |
لە دونیا هەر کەسێ هەستا بە هیممەت | فەرەیدوونێکە، ئەسکەندەر مرووەت |
لە سایەی شیعرەکانی وەک فەرەیدوون | دەمێنێ حاجی تا دەورانی گەردوون |
17
[edit]هەر کوردە لە بەینی کوللی میللەت | بێ بەهرە لە خوێندن و کیتابەت |
بێگانە بە تەرجەمەی زوبانی | ئەسراری کتێبی خەڵقی زانی |
یەکسەر عولەما درشت و وردی | نایخوێننەوە دوو حەرفی کوردی |
ئوستادی خەتن لە ئەم سیانە | وەک دی لە زوبانی خۆی نەزانە |
مومکین نییە دەربچێ لە چەنگی | حەتتا ڕەقەم و خەتی فەرەنگی |
ساحیب کوتوب و پەیامە هەر کەس | ئێمە نەبێ بووینە قەومی چەرکەس |
کاکە ئەمە موئمینین، نە ڕووسین | بۆچ کفرە زوبانمان بنووسین؟ |
18
[edit]میللەتی بێ کتێب و بێ نووسین | غەیری کوردان نییە لە ڕوویی زەمین |
سێ قەبیلە حەقیر و بێ ڕوومەتن | کورد و دۆم و یەهوودی گومڕاهن |
دۆم و جوو چاکە ئیتتیفاقی هەیە | کوردە بێ غیرەتی و نیفاقی هەیە |
جینگەنەی ئێرە با وجوودی کەرن | هەروەکوو دۆمی ئێمە دەربەدەرن |
لێوە عاقڵترن بە سەد مەنسەب | کوڕی خۆیان دەنێرنە مەکتەب |
ئێستەکێ ئامیرانی کوردستان | هەر لە بۆتانەوە هەتا بابان |
لەم هەتیوانی مەکتەبەن یەکسەر | کوردەکان بار دەکەن وەکوو ماکەر |
وا دیارە هەتا کوو دنیا بێ | کوردەکان حاڵیان دەبێ وا بێ |
جوو چ قەدری هەیە لەنێو کوردان | غەیری لێدان و جوێن و تێهەڵدان |
حاڵەتی ژێرەدەستی هەر وایە | نۆکەری کاری چاکی بۆ نایە |