دیوانی حاجی قادری کۆیی/ی
Appearance
1
[edit]ئەی بێ نەزیر و هەمتا هەر تۆی کە بەرقەراری | بێ دار و بێ دیاری، بێدار و پایەداری |
بۆ باغی مەردی یاغی سەرمایەکەی خەزانی | بۆ مەزرەعەی فەقیران سەرمایەکەی بەهاری |
تۆ پادشا نیشانی بۆ هەر سەوادی ئەعزەم | بێ سەدر و شانشینی، بێ پەردە پەردەداری |
خەللاقی بێ فتووری، سوڵتانی بێ قسووری | ڕەززاقی مار و مووری، ئاودێری دێمەکاری |
فیرووزە تەختی گەردوون مەسنووعی نەقشی تۆیە | یاقووت و لەعلی ڕۆژە، ئەستێرەکان دەراری |
جێ و مەکانی تۆیە بێ جێ و بێ مەکانی | لەیل و نەهاری تۆیە بێ لەیل و بێ نەهاری |
هەر ئەمری تۆ مەدارە بۆ کارووباری عالەم | هەرچەندە بێ وەزیر و بێ سەدر و کاروباری |
سەحرانەوەردی شەوقت خورشید و ماهی تابان | دوو جارییەن شەو و ڕۆژ بێ مەحمەل و عەماری |
مەعلوومە بۆ چی حاجی مەدحت دەکا بە کوردی | تا کەس نەڵێ: بە کوردی نەکراوە مەدحی باری |
2
[edit]ئاسمانی بێستوون وەک خوسرەوی میهری هەڵات | هیندی شەو تێک چوو، شکا وەک موویی زەنگی لەشکری |
ئیتتیفاقەن ئیتتیفاقم بوو لەگەڵ نالی وەکوو | تاجر و گەوهەر لەگەڵ گەوهەرفرۆش و موشتەری |
چەند غەزەل بوون تازەبافتی کارگاهی موشتەری | تاجیر و گەوهەر مەتاع و شامی غوربەت تاجیری |
یەک یەکی هێنایە دەر، گەردی کەسادی لێ تەکاند | دایە من فەرمووی درێغا کەس نییە سەوداگەری |
دەست بە دەستی خستم و هەم دایە بەر با مەجمەعم | ئاسەفی من بای لە جەمعێ تۆ کە حاجی قادری |
3
[edit]ئەگەر کوردێک قسەی بابی نەزانی | موحەققەق داکی حیزە، بابی زانی |
وەرە با بۆت بکەم باسی نیهانی | تەفەننون خۆشە گەر چاکی بزانی |
سەلاحەددین و نوورەددینی کوردی | عەزیزانی جزیر و مووش و وانی |
موهەلهەل، ئەردەشێر و دەیسەمی شێر | قوباد و باز و میری ئەردەلانی |
ئەمانە پاکیان کوردن، نیهایەت | لەبەر بێدەفتەری ون بوون و فانی |
کتێب و دەفتەر و تەئریخ و کاغەز | بە کوردی گەر بنووسرایە زوبانی |
مەلا و شێخ و میر و پادشامان | هەتا مەحشەر دەما ناو و نیشانی |
بە زیددی میر و پاشامان بڕاوە | بەسە با بێینە سەر ڕێی میهرەبانی |
کە دەیگوت شێخی من: من دەستگیرم | لەلام وا بوو لەبەر جەهل و جوانی |
کە پیر بووم تێ گەیشتم دەستی گرتم | لە کەسب و کار و تەحسیلی مەعانی |
بەڵێ شێخ قوتبە ئەمما قوتبی ئاشە | بە ئاو و نیعمەتی خەڵقە گەڕانی |
لە بۆ ژن دێ لە کۆڵان وەک سەگی هار | لە ژن هەڵدێ بە میسلی کەر لە خانی |
بڵێ بەو سەرکزۆڵەی کوزپەرستە | بە چاوی کلدراو و ڕیشی پانی |
کە نەفعێکت نەبێ بۆ دین و دەوڵەت | بە من چی نەقشبەندی یا نە مانی |
کەسێ پیاوە کە دانێ وەک حەماغا | لە بۆ ئەبنایی جینسی نان و خوانی |
وە یاخود وەک ئەمین ئاغا بە هیممەت | بکا بۆ قەسری میللەت پاسەبانی |
بڵێ لەم بەحسە هەر کەس مونکیری تۆن | بفەرموو سەهلە ڕێگەی ئیمتیحانی |
بە ئوممێدی دووسێ دانایە حاجی | بە هەرزانی دەدا دوڕڕی گرانی |
4
[edit]پەرێشان زولفی تاتاری میسالی ئەژدیهای جەنگی | نەزیری سەروی کشمیری، قیامەت قامەتی شەنگی |
لە شەوقی شەمعی ڕوخساری، لە بیمی تەعنی ئەغیاری | لە کولبەی سینەیی ناری دەسووتێ دڵ بە بێدەنگی |
لە ئەو لای کەس قوتار نابێ چ موئمین بێ چ کافر بێ | لە ئەم لاش کەس خەلاس نابێ لە هیند و دەیلەم و زەنگی |
تەماشام کردووە نەقشی دەراهیم سەرفی مەمنووعە | کەچی قازی ئیزافەی کرد بە مفتی هاتە بەر چەنگی |
دوو ماری زولفی شەبڕەنگی کە بێ بۆ لەعلی زەححاکی | لە ترسان پێی دەدا حاجی فەرەیدوون تەختی هۆشەنگی |
5
[edit]سۆفی بە سەر و ڕیش و بە خەرقەی سەری دۆشی | چەند چێڵەگەل و بزنەگەل و مێگەلی دۆشی |
فەرمانی کە دا کوشتمی جەللادی نیگاهی | خوونی منی بێچارە عەدوو نۆشی بە خۆشی |
لەو وەعدە ڕەقیبم گوتی: بێ عەهد و وەفایە | مەعلووم نەبوو لەم عالەمە دا ڕاست و درۆشی |
تەشخیسی دەواکەم مەکە ئەی بوو عەلی سینا | لەو چاوە کە بۆم بوو بە شیفای عەینی نەخۆشی |
ئەو چاوە وەکوو مەسئەلەیی کوحلە سەوادی | شازە وەکوو نەرگس نییە بێ فەزلی برۆشی |
موشعیر بە وەفاتی منی مسکینی فەقیرە | وا ڕووتە لە خەت بەرگی سیای ماتەمی پۆشی |
حاجی لە تەوافی حەجەرولئەسوەدی خاڵی | گریانە سەفابەخشی نە وەک سەعی و خرۆشی |
6
[edit]بەم نەحوەیە سەرفی عیشقبازی | موستەقبەلی کەمترە لە مازی |
یەعنی لەمەدا کە بیکوژە زوو | بێ فەرقە حەقیقەت و مەجازی |
ئەم شیعرە زەریفە خەتتی چاکە | نووسیومەتەوە لەڕووی بەیازی |
کەششافی ڕمووزی ئایەتی تۆ | تەفسیری کەبیری فەخری ڕازی |
بۆ قەددی زراوی بێژراوە! | نێزە و عەلەم و مەسافە غازی |
نەیداوەتە من خودا بە مفتی | بەم مەشرەبە خۆت مەکە بە قازی |
ئەم قافییە شایەگانە ئەمما | عەیبی نییە جاهیلێ بە ڕازی |
ئەو ڕزقی موقەڕەڕە بە خۆی دێ | سەد دەفعە بخوازی یا نەخوازی |
قیرتاسی و شەهڕەوایە حاجی | نەقدینەیی تۆ، بە چی دەنازی! |
7
[edit]تا سالیکی مەسالیکی موڵکی قەناعەتی | باکت نەبێ لە ڕێگر و ئەهلی شەقاوەتی |
سۆفی عیبادەتی هەموو بۆ مەکر و ڕیوەیە | گەر شێری نەڕ بە گوێ بگرێ، پەشمە تاعەتی |
ئیخلاسە ئەسڵی مەقسەد و خۆڕا شەقی دەبێ | وا تێ دەگا بە سەرمەقولاتە سەعادەتی |
بێ مەعریفەت مەبە لە تەریقی حەقیقەتا | سەرمەنزیلی شەریعەتە جێگەی سەلامەتی |
ناگەن بە حیز و ڕێگری ئێمە لە موڵکی ڕۆم | عەللامەیی ویلایەت و شێخی ویلایەتی |
مەفهوومی دوو حەدیسی سەحیحم لە بەیتەکا | جێ کردەوە؛ نەزەر بکە کوردی و فەساحەتی |
دونیا سەگی لە ئۆغڵەمە تۆقیوە تالیبی | نەیماوە هەروەکوو سەگی پێ سووتوو ڕاحەتی |
سەد قوببەیی خەوەرنەق و سەددی سکەندەری | ناگاتە بەیتەکاولی نالی و مەتانەتی |
ساقی کەریمە بادەیی بەزمی (ئەلەست)ەیە | حاجی لە جامی قەلبی شکاوە شکایەتی |
8
[edit]کە هەستا قامەتی بەرزی لە فەرقی تا وەکوو ئەرزی | پەرێشان زولفی سەد تەرزی بە یەک دا داڕژا و لەرزی |
لە دەوری تابەتا وەستا لە تەشبیهی دڵی وەستا، | موعەتتەل بوو گوتی: ئێستا لە چین و پێچش و تەرزی |
سەدای یا حەیی دەروێشان لە ترسی زولفی پڕ چینی | لە عیسا عەرسەیی گەردوون بە تەنگ هات هەروەکوو دەرزی |
لە سەودای زولفی پڕچینی لەنێو چینی نومایان بوو | خەتا و چین و خوتەن یەکسەر گرفتار بوون لە ژێر قەرزی |
هەڵیدا زولفی چەوگانی کورەی خورشیدی دا بەر شەق | کە دایدا چی مەلاییک بوو لە گەردوون هاتە سەر ئەرزی |
حەیای چوو چەتری تاووس بارەگاهی شەعشەعەی خورشید | کەمەندی پیلەتەن، زنجیری داود، گورزی گوودەرزی |
دەقیقەک بێ سەری موویەک لە زولفی وەرگەڕێ مەودا | لەگەڵ سوبحی قیامەتدا دەکا بێ تەقیە سەربەرزی |
مریدان مەست و سەرخۆشن لە نەشئەی بادەیی دەستی | مەلایک جوملە بێ هۆشن بەنازی چاوی پڕ ڕەمزی |
مرادی من مریدی خالیسە خەییاتییە کاری | مەلایک سوورەتە، ئاهوونیگاهە، حاجییە تەرزی |
9
[edit]لەسەر تەناف کە لەرزی هەتیوی سندووسی | شکا مەتاعی زەریفی و قیمەتی لووسی |
تەنافی پردی سیراتە مونازیران مەحشوور | مەکانی مەلعەبە حەشرە لە موئمین و ڕووسی |
سەمایە عەرسەیی بازی گوریسی کاهکەشان | ستارە نازیر و ماهیش هیلالی مەعکووسی |
شوعاعی شەعشەعەیی شەمعە مەشعەلی ماهی | لە شەرمی تەلعەتی ئەو شەو دەبێتە جاسووسی |
موناسەبەی ئەو و لەیلا، میسالی دێو و پەری | موشابەهەی ئەو و عەزرا، خەزاڵ و جاسووسی |
دوو چاوی عەینی نەخۆشی لەنێو سەری زولفی | گران و سووکە لە ترسی ڕەقیبی کابووسی |
لە کونجی خانەقە سۆفی خزا و نەیزانی | تەماعی دینی نەبێ یا ئەمانی نامووسی |
وە حەشرە سۆفی بفەرموو هەتا لە دونیا دا | سیاهڕووی و خەڵق وا بزانێ سالووسی |
عيوني تنقطع من نعمه الله | ارقني دمعي الى ما تبل ملبوسي |
و عيني عاد لتبكي فما استطال لنا | على فراق من اهوى يكون مايوسي |
فیدایی لەنگەری دەستی سینانی کەیکاووس | درەفشی کاوە، ڕمی گیو و نێزەیی تووسی |
کە هات و کەوتە سەما عیسەوی شکا و نەما | هەلاهەلایی کلیسا، سەدایی ناقووسی |
کە هاتە خەندە و فەرمووی: یەڵانجی ماشەڵا | بە سادیقی بووە عیسایی میللەتی مووسی |
هەچی کە هاتە تەماشا بە نووکی موژگانی | فهولاء عبیدی لەسەر دڵی نووسی |
بە وەسفی قەترە بە دەریایە شاعیری وەکوو من | ئەگەر بە قافییە دانێم لوغاتی قامووسی |
لە قافییە شوعەرا عەیبە لا بدەن ئەمما | بە یادی چاوی ئەمن لا دەدەم بە مەخسووسی |
جەبینی ماهـ و ڕوخی میهرە، زولفی شەو، دەهەنی | سەبەب بە قافییەتەنگی بوو حاجی نەینووسی |
10
[edit]سەد وەکوو ڕۆستەم بە دڵ قەمچی لە ڕەخشی دا بە زی | وەک گەیشتە خەندەکی پایانی عومری دابەزی |
ڕۆژتە ئەی بادی نەورۆزی لە بن بەفری گران | کانی پێی سڕ بوو، چناریش دەستی چوو، پەنجەی تەزی |
سونبولی زولف و گوڵی ڕوخسار و سەروی قامەتی | مانگی نیسان و گوڵان نەیدی لە نێو باخ و ڕەزی |
دڵبەرم تەنها کە بوو لەو بەینە خۆی ڕووت کردەوە | من دڵم خۆش بوو کە چی دووبارە دایپۆشی کەزی |
غەمزە دەستی کردە ناز و ماری زولفی داخزی | دڵ لەبەر پێی کەوتبوو، ئەم دەیدزی ئەو دەیگەزی |
چاکی سینەم بۆ چی ئەو خەییاتە نایدروێتەوە | چاوی بیماری وجوودی کردمە دەرزی و دەزی |
حاجیب و حاجی هەموو ڕۆژێ بە گژ یەکدا دەچوون | بێ حەیا بوو ئەو سەگە عاری نەبوو، حاجی بەزی |
11
[edit]هەموو عومرم لە ڕێی هات و نەهاتی | بەسەر چوو ئەی ئەجەل هەر تۆ نەهاتی |
لە دەستی حاجیبت چاوم غوڵامت | بەراتی قەبرە، پەیکانە خەڵاتی |
بە ڕوخ فەڕزە غوباری سوممی ئەسپت | بماڵم شاهی پیل ئەفکەن بە ماتی |
لە تاوی خوسرەوی سەییارە ئەنجوم | هەڵاتن، یاری من تۆ هەڵنەهاتی |
لە ڕەهنی وی دەبێ سۆفی وەکوو من | بکا پێشکەش هەموو سەوم و سەلاتی |
دەزانم رحمة للعالمینی | لە بەدبەختی منە کەم ئیلتیفاتی |
چ گەنجێکە ئیلاهی گەنجی حوسنت | لە هیچ دینێ نەبوو واجیب زەکاتی |
لە تووشیی خۆم بوو هەرچی تووشی خۆم بوو | لە دەستی خۆیەتی حاجی شکاتی |
12
[edit]نەققاشی دەمی نوقتەکی دانا بە نیشانی | زانی کە زەمی کردووە بێزارە لە مانی |
وەسفی کەمەرت غەیری دەمی تۆ نییە بیکات | بێ نوقتە بڵێ ئەو خەتی مەعدوومە بەیانی |
سوورەتگەری سەر لەوحەیی دیوانی مەلاحەت | دوو یوسفی کێشاوە بەبێ ئەووەڵ و سانی |
فەڕقێکی نەبوو غایەتی ئەو کردییە سووکی | زوو هات و ئەتۆ باعیسی نازت بە گرانی |
پێم خۆشە غەزەل فەرشی قودوومی عوقەلا بێ | نەک بێن و لەبەرکەن جوهەلا لەفز و مەعانی |
ئیمکانی لەکن ئەو عولەمای موو دەقەڵێشن | عەنقا و وەفا بوو چ میانی چ دەهانی |
تا دەستی نەدا خەنجەری نەیفەرموو: دەسا دەی | حاجی بکوژن خێرە ئیتر مەیدەن ئەمانی |
13
[edit]مەهـ و میهری بە غارەت دا بە شوعلەی شەمعی ڕوخساری | گوڵستانیش بە یەغما چوو لە تەنگیی خونچەیی زاری |
لە نەشئەی دیدەیی مەستی هەموو مەیخانە وێرانن | هەموو کەس بەستەزوننارە لە سەودای زولفی تاتاری |
ڕەوان پەروانەیی نارە، منیش وەک چاوی بیمارم | زەمانم وەک شەوی تارە، دڵا وەک خونچە خوونخواری |
دڵ و جان و ڕەوان و تەن وەکوو ئیمان و دینی من | فیدای ڕوخساری گوڵناری، نیساری زولفی تەڕڕاری |
دەخیل ئەی چاوی جادووگەر بفەرموو مەردومان یەکسەر | دەڵێن خەوتوویی بێداری، دەڵێن مەخمووری هوشیاری |
شوعاع و شەعشەعەی میهری، ئەشەععە و مەشعەلی بەدری | لە سایەی پەڕتەوی ڕووتە بەقوربان نووری یا ناری |
بپرسە حاجی تۆ جارێ لە زولف و پەرچەمی خواری | بڵێ: گەر تاری بۆچ ماری؟ بڵێ: گەر ماری بۆچ تاری؟ |
14
[edit]لە عەینی لەعلی کانی خەتتی سەبزی بوو بە میوانی | نەنازێ با خدر ئیتر کە مەشهوورە بە حەیوانی |
هەتا کوحلی غوباری پێی نەکاتە چاوی خۆی مەردوم | سەوادی خوێندنەوەی نابێ شکستەی خەتتی ڕەیحانی |
کە هات و کەوتە حەڵقەی گێژی مریەم ئەو دەمە یەکسەر | ئەرەستۆش وەک فلاتوون توون بە توون چوو، کەوتە حەیرانی |
ئەگەر ئەم زولفە موشکینە، وەگەر ئەم لەعلە ڕەنگینە | دەڵێی سەحرای ماچینە، دەڵێی کانی بەدەخشانی |
بخوێنە کافییە و شافێ کەماڵی نەشئەیی جامی | سەدی وەک ئیبنوحاجیب سەرفی عومری کرد لە دەربانی |
بەجێما نالی وەک ناڵی، بە پاش کەوت کوردی وەک گەردی | کە حاجی غاری دا ئەسپی لە مەیدانی سوخەندانی |