Jump to content

دیوانی حەمدی/ب

From Wikisource
309570دیوانی حەمدی — پیتی ب1936حەمدی

1

[edit]
ناوی تۆ نابەم بەدەم بمبێ لە دڵدا گەر تەڵەب ناسکی تۆ خوا نەخواستە نەک لە ئاهم بگری تەب
ڕووی نییە ئەسڵەن لە ڕووتا چاوی هەڵبێ خۆر ئەگەر چاوی هەڵبێ گێژ ئەبێ وەک بەنگی ئاوێنەی حەلەب
غەیری غوفران قەت لە دەرگاهی خواشت شت نەوێ قەت لە بازاڕی تەڵەبدا چونکە نەمدیوە ئەدەب
ئیفتیخاری پێشوانە گەر لەگەڵ فەزڵا کرا وەرنە تەحقیرە کە بەدخویان بکەن باسی نەسەب
ئیختیساسێکە سەری فەخرم گەیشتە ئاسمان من لە عالەم دەر دەکا دەیکا لەگەڵ عالەم تەرەب
هەردوو هەمدەردین لەگەڵ گەوهەر بە یادی لێوی تۆ مەوج لە دڵمانا دەدا بەحرێکی خوێن و توشنە لەب
خۆم دەزانم عاقیبەت حەمدی دەخەیتە باخەڵت چونکە ڕەنگ زەردی دەوێ مەعلوومە جۆیایی زەهەب

2

[edit]
خەڵوەتە مەجلیس زەمانی شەوقە سا لادە نیقاب حەیفە توخوا با لە ژێر هەورا نەمینێ ئافتاب
دادەگیرسێ کوڵمی وەک ئاگر بە نووری ئابی مەی قوڕ بەسەر من ناعیلاجم چۆن نەسووتێم وەک کەباب
مەستی نەشئەی حوسنە ترس و پرسی هەرگیز بۆ نییە موتمەئیننە وەک سوئالی لێ نەکەن ڕۆژی حیساب
زەحمەتی داوم جەهەننەم گەردنی ئازا دەکەم تا نەبینێ ڕۆحەکەم ڕۆژی جەزا ئێشی عەزاب
من بەبێ تۆ وەک شەوی هیجرانە ڕۆژی جەژنەکەم با لە باخەڵما بنیشێ شەمس و هەڵبێ ماهتاب
ئاخری شامی فیراقت ئەووەلی عومری منە هەر شەوە هێشتا بەسەر چوو وا هەموو عومری شەباب
تەپڵی سەر دەنگی نەماوە سینە هەر وەک دەف دڕا زلفەکانت کەوتە چنگم دەیکەمە عوود و ڕوباب
قەت لە ئولفەت مەنعی حەمدی ناسیحی عاقڵ دەکا ئەم تەریقە پڕ لە مەللایە و لە سۆفی و شێخ و شاب

3

[edit]
زەحمەتت کێشاوە ناپۆشێ جەماڵی تۆ نیقاب ڕۆژ لە ڕۆژی ناکەوێ ئەرز و سەما بێتە سەحاب
تا عەرەق ڕێژی خەجاڵەت گوڵ لە شەرمی تۆ نەبوو نەیدەزانی باغەوان بێ چارەیە بەحسی گوڵاب
ئارەزووی تەڵتیفە جانان بۆیە تەکدیرم دەکا کێ بە تەعمیر ئیحتیاجە تا نەبێ خانە خەراب
هەر دەڵێی ئەو شۆخەیە گەردنلغی کردۆتە مل ساقی زنجیری ملی مینایی بێ گەردی شەراب
موجتەهید ئەو شەرحی زلفەی دی لە سەفحەی ڕوومەتا جا وتی هەر عاشقی ئەم دینەیە ئەهلی کیتاب
گەر لە خۆت و عاشقانت ئارەزووتە تێ بگەی ئەی سەنەم وەک موددەعی ئەفعالی خۆت بێنە حیساب
ئاگرم گرت ساقیا ئەم شەرعە هەرگیز ناکرێ من بڵێم بێنە شەراب و تۆ بڵێی بێنە کەباب
تا بەری پێ چاوی سەر حەقیە ببینێ داغی دڵ تا سەراپەردەی فەلەک جەولان دەکا هەر وەک شەهاب
جێم نییە بمرم تیا ڕاهیب علاجی من چییە جێگەیی شێخە ئیتر نابێ بە ماڵی کەس توراب
بۆ وەسڵ دەستە و دوعا بۆم پێکەنی دلبەر وتی وەختی خۆت زایع مەکە نابێ دوعاکەت موستەجاب
ئەم فیراقە دۆزەخە بۆ عاشقی دانا خودا حەمدی چونکە ناخرێتە کوورەوە دوڕڕ و خۆشاب

4

[edit]
ڕێ مەدەن نامەرد کە بێتە بەزمی گوڵشەن عەندەلیب ناسکە گوڵ حەیفە بێتە هەم پیاڵەی نانەجیب
سەد کەڕەت تۆبەم لە عەشقی کرد و تەفرەی دامەوە نەبووە قەت شۆخێ ئەمەندە غەمزە باز و دڵفریب
چاوی دەرمانێ بە بیمارێ بدا هەر غەمزەیە ئەلبەتە دەرمانی خەستە وا دەکا مەست بێ تەبیب
خۆرشی شێرانی جەنگی گۆشتی فیلی جەنگەڵە غەیری ئەربابی حەمییەت غەم بە کەس نەبووە نەسیب
من بە حاتەم قەت سەخی ناڵێم کە ماڵی دا بە خەڵق گەوهەر و لەعلە کە هاتە سەر عەتا مەردی ئەدیب
ماڵی دنیام هەر بە خۆڕایی بەنێ قەت نامەوێ گەر ڕجاشی لێ بکەم لێم ناگرێ پڕ پارە جێب
میسلی پەیکانی قەزایە ڕاکشاوە دووکەڵی ئاسمانی سەیری کون کون کردووە ئاهی غەریب
حەشری ڕەندان قەت لە گەڵ ئەهلی جیهان حەمدی ئەکەن مەسئەلەی مەی تێکەڵی خوێنی جگەر ناکا حەسیب

5

[edit]
تالیبی ئینگلیس جەنابە و قەحپەیە عالی جەناب تێگەیین مەتڵەبتە بیکە کردەوەی هەر دوو حیساب
قەحپە بۆ پارە بەجێ دێنێ تەمەننای جنسی خۆی ئەم بە پارە جەرگی جنسی دەردەهێنێ بۆ کەباب

6

[edit]
بە بینینی شرووتی عەشقی من پەروانە بوو مەحجووب کە زانی ئەم حیساباتە بە سووتن ناکرێ مەحسووب
کەمەندکێشی زلف خەڵوەی لە گوڵزاری جەمالایە بەڵێ جەننەت مەکانە لەم دەرە هەر کەس کە بوو مەجزووب
لەگەڵ ئەم شەوکەت و شانە خودا عاشق بەشۆخی بێ خودا هەر خۆی مەگەر زانیویە چەندە دلبەرە و مەحبووب
شوکر وا گەردی داوێنم دەکەومە عالەمی باڵاش دەبا پێنج و دوو ڕۆژێ سا لە دنیادا ببین مەنسووب
کە یار ئاوێکی ڕەحمەت بێ دڵیشم ئاگری قودرەت دە ئەم سەودایە کەی دەکرێ کە وا بن تاڵیب و مەتڵووب
وتم ڕاستە قسەی خەڵکی و قەدیمی پیسی پیس دەیبا کە لەرزی بۆ جەنابی شێخ بڕی یەک کاغەزی مەندووب
هەوێنی شیری سافی شیعری حەمدی باسی شێخانە ئەترسم بیبزڕکێنن کە نابن قەت بەبێ ئاشووب

7

[edit]
فلاتوون بوو وتوویە نابی قەت ئەمسالی خۆر جازیب بزانە چۆنی ڕاکێشا بە ڕووی یاری کە کرد حاجیب
وتم خۆزگە عەزازیلم بە چاوی خۆم دەدی جارێ لە پڕ پەیدا بوو شەیتانێ بە دیمەن هەر وەکوو نائیب
تەشەببوس کا بە سەگ بۆ دەفعی گورگان حەقیە خاوەن مەڕ کە زاڵم بێ ئەمانە دەفعی شەرعەن جائیزە و واجیب
دڵ و ڕۆحم لە کن یارە کە هەردوو ساحیب ئیدراکن لە خۆم خۆشم ببم غائیب لە من یارم نەبێ غائیب
لە دڵڕەق هەر بە نەرمی چارە تێهەڵچوونە کەی نەشتەر بەسەر بەردی جەواهیردا وەکوو ڕشتە بووە غالیب
بە نادانی مەگەر جارێ بدا یەک مشتەری تەفرە ئیتر بوڕڕا نییە تیغی قسەی سەوداگەری کازیب
حەقیشت گەر لە کن خەڵقی ببێ عەفوی بکە حەمدی بە هەر نەوعێ ببێ نابێ لە فەردێ تۆ ببی تاڵیب