Jump to content

دیوانی حەمدی/س

From Wikisource
309575دیوانی حەمدی — پیتی س1936حەمدی

1

[edit]
تێنەگەیوی بەم حەدە خۆشە کە شێتی خوا نەناس وا دەزانێ عالەمی ناسیوە بۆتە خوا شوناس
موو بە موو تەعریفی حوسنی حەزرەتی لەیلا دەکا شوهرەتی مەجنوونی شێت و وێت و ڕووتی بێ کراس
شاهی ساحێب حیشمەت و ئیجلال و تەخت و ئەفسەرە ئەو گەدایەی دەستی گەییە کەوڵ و کەشکۆڵ و پەڵاس
عەینی فەیزە گەر دڵت لەت لەت بکا ئەهلی شەرەف سەیری شەئنی شانە کە کردی بە ئەگریجە تەماس
ناکوژێ وەحشی لەگەڵ ئەو وەحشەتە هەم جنسی خۆی حەیفە ئەم ناسە دەناسن قاتیلی ئەحمەق بە ناس
من بە شەوقی ڕوومەتت چاوم سپی بوو خەڵق ئەڵێن بەنگی کێشاوە ئەمەندە گێژ و وێژە و مات و کاس
ئادەمی شەیتان بە گەندوم تەفرەدا حەمدی ڕەقیب ئادەمیزادێکی جانانی بە جۆیێ داوە لاس

2

[edit]
زەڕڕەیێکی شەوقی ڕووتە ئەی سەنەم یا ڕووتە شەمس یا بە ڕەش گرتووتە بەندی سیلسیلەی گێسووتە شەمس
ڕۆژی کێ دیوە بزانم کەوتبێتە دەس هیلال تابیعی ئەمر و ئیشارەی پەنجەیی ئەبرووتە شەمس
نوشتەیە و بۆ تۆ کراوە کەیفی خۆتە تۆ ئیتر دەیکەیە گەردنتەوە یا قابیلی بازووتە شەمس
هەر بە ڕوو چەرخاندنێکت ئاگرێکت پێوەنا ڕەنگی خۆ دیارە کە برژاوە کەبابی زووتە شەمس
ڕووتە وەک گوڵ ئاتەشینە تەبعتە هەر ئاتەشین سابیتە بەم دوو دەلیلە جیلوەیێکی خووتە شەمس
گێژەڵووکەی سوبحی ئەووەڵ هاتەوە فکرم وتم بۆیە شوێنی کەوتوویی هەر تاجی با بردووتە شەمس
گەر قسەی ڕاستت دەوێ هەرحەمدی یە عەرزت بکا ئەم گڵۆڵە شانە گرتوویە لە فەزلەی مووتە شەمس

3

[edit]
فەلسەفەی لوقمان لە کن ئەم زاڵمە ناکا فلووس چی لە ئەسبابی دەکا لایق بە زاوا بێ عەرووس
ئاشنایە دەست بە تەپڵی سەر لە وەختی حەسرەتا قەت هونەرمەندان دەبن موحتاجی چووب و تەپڵ و کووس
هەر دەڵێی بەختی منە زلفی پەشێواوی سیاهـ حەیفە من تەشبیهی تۆ ناکەم بە عاج و ئابەنووس
هەر سەحەر هەڵسام دەنیشێ غەم بە تەوقی سەرمەوە ئەم هومایە قەت دەدا مەیدانی تەشریفی فسووس
موستەحەققی سەربڕینە بانگی ناحەق دەر ئەگەر خۆ موئەززین عەیشی ڕەندان تاڵ دەکا نەک هەر خورووس
سەد دوعاشی دەرجی کاغەز کرد و تەئسیری نەبوو دوو چەلیپای تا وەکوو زلفی نەکێشا نووشتەنووس
هەر کە دیم خاڵی لە حەڵقەی چەنبەری زلفا وتم ئیمپیراتۆری حەبەش کەوتۆتە بەندی چاری ڕووس
پێی نەکا حەمدی بە پێ ناگا نەبێتە گەردی ڕێی تازە لەو بەر دەرگەدا ڕێگەی درا بۆ خاکبووس

4

[edit]
کەس نەبووە نیشە هیچ کەسی کە بێ لەلا بە کەس نا کەس هەیە کە ناکەسی وەک خۆی بکا بە کەس
نیمە لە کەس لە خۆم و لە نەفسم نەبێ گلە ڕیسوایییە دەخیلە مەبن تابیعی هەوەس
دڵ وەحشییە چڵۆنی دەکەی ئەی سەنەم کەوی نەمدیوە قەت لە ماڵی کەسا کەو بەبێ قەفەس
بێ هیممەتن ئەوانە کە بێ ماڵن و دەچن بۆ خوانی ئەغنیا کە دەریان کەن وەکوو مەگەس
مەردی نییە بە مەزهەبی من ئەو کەسە بە تیغ بیئەنجنن لە خەسمی تەمەننا بکا کە بەس
وەک ئینتیحارە سایەیی بێ عەقڵی گەورە چوون کەنداوە هەر لە خۆیەوە بێ شک ئەکا هەرەس
پێشەنگی قافڵە کە کەر بوو، مەتاعی دیارییە بۆ جەردەیە زەڕاندی کە ناوەخت وەکوو جەرەس
مەجنوون سیفەت لە مەملەکەتا حەمدی دەر بکەن ئاگردەنێ بە خانووەوە گەر بدا نەفەس

5

[edit]
میشک و عوود و عەنبەرە خاکی سیاهی کۆیی غەوس نەخلی تووبایە بەڕاستی قامەتی دڵجۆیی غەوس
خاک و بادی هیند و ئەفغان و عیراق و چین و فارس مەوج ئەدا یەکسەر لە ئەنفاسی نەفیسی بۆیی غەوس
باقییە گوفتاری تا ڕۆژی قیامەت وەک حەدیس زاکیرن قەلبی موسڵمانان بە گفتوگۆیی غەوس
خوا بەوی داوە گەیشتۆتە مەقاماتێ بە دڵ غائیب و حەیرانە دایم ڕوو لە شەوقی ڕوویی غەوس
خاریقەی ئیعجازی پێ ناڵێن ئەوەندەی کەم نییە سوجدەگاهی ئەهلی حاڵە کەعبەیی ئەبرۆیی غەوس
حۆریی و غیلمان لە جەننەت دێن لەگەڵ یەکتر بە شەڕ ئەم لەسەر پێش خزمەتی ئەویان لەسەر پەهلوویی غەوس
پڕ بە پڕ چۆلی عیراق و لەب بە لەب دیجلە و فورات حەمدی بەرق و پرتەوە یەکسەر لە ڕووی و موویی غەوس

6

[edit]
وەک گوڵشەنە کوڵخەن بە گوڵی ڕوویی حەوادیس وەک کوڵخەنە گوڵشەن کە نەدا بۆیی حەوادیس
شەق شەق بووە بنواڕە زمان و دڵی عالەم بدرێ کە وەکوو شانە لە گێسوویی حەوادیس
حەقیە کە دەماودەم دەگەڕێ هەروەکوو تەلسز ئەم خەڵقە دەمی وشکە بەبێ جۆیی حەوادیس
مەعشووقی ئەمەل میسلی هیلالێکی زەعیفە بەدرێکە کە دەرکەوت خەمی ئەبرۆیی حەوادیس
تەزویر و درۆ یەک بکەوێ گەر بە قەدەر کێو قەدری چییە بۆ قووەت و بازوویی حەوادیس
مارێکە دەکا دەوری جیهان هەر بە سەعاتێ دەرخا کە سەری زلفی زەمان موویی حەوادیس
حەمدی بە زمان کەشفی دەکا فکری بەدئەندێش بۆ یاری ئەمەل هەر دەگەڕێ تۆوی حەوادیس

7

[edit]
تۆ دوژمنی گرۆهی وەفایی بە ئیختیساس زیاتر لەگەڵ منا بە جەفایی بە ئیختیساس
پێم خۆشە بمکوژن لە بەهایی خوێنما ڕەزام توهمەت نەکەن بە شەرتێ کە ناوی بنێن قیساس
وەک زەڕڕە بۆ شوعاعی جەماڵت ڕەقس ئەکەن وەک خۆر چ حاڵەتێکە فیرارت لە عام و خاس
ئەو شۆخە هەوری ڕەحمەتی زەحمەت کە بێتە جۆش بنواڕە بەختی خۆت و بە دڵتا نەبێ ئیخلاس
حەمدی لە بادە لادە بەڵام هەر بە یادگار یەک جورعە مەی بمێنێ کە عومرت بکا خەلاس

8

[edit]
یا ڕەب لە دەستی ئەهلی تەڵەب کەی حەیا خەلاس ئەهلی غەنی لە حیرس و لە حاجەت گەدا خەلاس
زاهید بە بەزمی بادەکەشان ئاشنا بکەن بەڵکوو ببێ فەقیرە لە زوهدی ڕیا خەلاس
من نامەوێ وەفا لە ستەمگەر جەفا نەکا هەردوو ببین لە باسی جەفا و وەفا خەلاس
باکم نییە لە نەفس و لە شەیتانی لەعنەتی گەر بم لە باسی کردەوەی ئەهلی عەبا خەلاس
ئەی سەر وەرە لە وادی عەشقا ببە بەپێ لەم ڕێگەیە موحەققەقە نابم بە پا خەلاس
لەرزی تەبیبەکەم کە لە دەردی دڵم گەیشت فەرمووی دەبی بەچیلکە دەسووتێی بە تا خەلاس
تۆفان کە ئاوی دیدەیێ بوو ئەرزی کرد خراپ حەمدی بە سۆزی سینە بکە تۆ سەما خەلاس