دیوانی حەمدی/ع
Appearance
1
[edit]لە ژێر فەقیانەیایە دەستی ئیستیغنا دڵی قانیع | لە نووری مەعریفەت لەبڕیزە وەک مینا دڵی قانیع |
لە تاجی سەڵتەنەت شەقێکی هەڵدا گەییە سەر سوڵتان | کە ئادابی گەدایی دی و بەجێی هێنا دڵی قانیع |
لە ترسی لەن تەرانی ئەرنی ناڵێ قەت کەلیم ئاسا | گومیش بێ گەر لە کێوێکی وەکوو سینا دڵی قانیع |
ببینێ یا نەبینێ چاوی سەر مەتڵەب نییە بۆ ئەو | کە داغێ شک بەرێ وەک دیدەیی بینا دڵی قانیع |
وەلەززالینی مام ئیمام بە توولە مەوقیعی ترسە | نەماوە ترسی هەر چەندە بە ئامینا دڵی قانیع |
لە تەبشیراتی ئەعتەیناکەلکەوسەر کە سەرمەستە | چ کارێکی بە پەیمانە و بەچە و مینا دڵی قانیع |
لە بەد تەوری خوڵق حەمدی بزانە تەوری ناگۆڕێ | بە هیممەت وا دەنێ داغێ بەسەر کینا دڵی قانیع |
2
[edit]شاعیر شەهە کە تاجی مورەسسەعیەتی مەتڵەع | قابیل بە خۆیە تەختی مجەوهەر وەکوو مەقتەع |
پەرواز ئەکا لە ئەوجی دڵا تا مەفادی شیعر | کەمتر نییە لە باڵی تەیارە گەلێ مەسرەع |
بۆ دڵ ڕەوانە ئەو قسەیە دەردەچێ لە دڵ | دەریایی دەرکە مەنسەبی کانی هونەر مەنبەع |
تۆوی قسەی کە چاند لە زەمینێکی کوردییا | مەحوی وتی «بە باغی ئەکەم خاڵییە مەزرەع» |
زاهید کە دیویە قورسی گەنمگونی ڕوومەتی | موحتاجە ئەو فەقیرە بە قورسێکی جەوهەری نەعنەع |
لەم کونجە دوو کەسین من و غەم کافییە ئیتر | نەیماوە حەمدی مەیلی لەسەر وەلوەلەی مەجمەع |
3
[edit]غەیری ئەسراری جنوون نابێ بکا عاشق سەماع | ڕووتییە گەر دەست بدا بۆ عاقڵان ئەمڕۆ مەتاع |
سەیری بیمارانی ئولفەت بۆیە قەت ناکا تەبیب | نۆشداروو کەی دەکا ئازاری ئولفەت ئیندیفاع |
وەختی هیجرەت بۆ دوعاخوازیت نەکرد فەرمووی وتم | گیانەڵاوە ئەو دەمەی بکرێ لەگەڵ جانا ویداع |
بۆ سەری لێدا تەمەع زلفت کە دەستی کردە مل | خان و مانی چەندە تێکدا ماڵی وێرانم تەماع |
ئەلبەتە عاشق دەسووتێ بۆ نیگاری بێ جەفا | کەس وەکوو پەروانە وەسڵی تێ نەکەوتووە بێ نیزاع |
تا ڕەقیبی بێ مرووەت حەمدی یاری دلبەرە | سوودی تۆ یەکسەر زیانە قیسمەتت دەرد و سوداع |