دیوانی سالم/ن
Appearance
1
[edit]ئەگەر دەستم دەگاتە گۆیی پوستان | دەکەم گۆی مەتڵەبم بیروون لە مەیدان |
لە غەمزەی تۆوە دڵ ڕووبین تەنێکە | بەجێ ماوە لە تیرت بەسکی پەیکان |
بەرابەر لەشکری کەیخوسرەوی عیشق | گورێزی دا خیرەد وەک شاهی تووران |
بزانم گەر هیلاکی موددەعی دێ | لە فرمێسکم دەڕێژم ڕەنگی تۆفان |
سمی گۆڕ و سەری بەهرامە جێی تیر | نیگاهـ ئاهوویی من گەر بێتە مەیدان |
لەڕووی دەریایی غەم خوێنزایە دیدەم | لەجێی لوئلوء سەدەف پڕ بوو لە مەرجان |
کەفی عەقڵی بڕی دڵ وەک زولەیخا | بە تیغی غەم لە عیشقی ماهی کەنعان |
ئەگەر دڵبەر قوبووڵ کا دینی تەرسا | دڵا تۆ وەیسە بی، گەر نەبیە سەنعان |
لە گریەی سالمی دڵدادە دڵبەر | دەبێ خوڕڕەم وەکوو گوڵشەن بە باران |
2
[edit]مەسئەلەم پرسی لە دڵدارم بە مەحزی ئیمتحان | بۆی عەیان کردم لە لەفزا، هەر چی مەعنا بوو نیهان |
پێی دەڵێم: ئەشکم ڕوواندی موو لەناو چاوما، دەڵێ: | دێتە بەر چاوت، لە عەکسی قامەتم، نەقشی میان |
شکڵی سفرێکم بینا نا، لێوی لێ گەزتم، یەقین | یەعنی: ئەفزوون دێ لە وەزنا، هیچە ئەندازەی دەهان! |
ئەو دەڵێ: چی خۆشە هەر بێ؟ من دەڵێم: سەیری ڕوخت | پێم دەڵێ: چی دێتە بەر چاوت؟ دەڵێم: باغی جینان |
من دەڵێم: جێی موشکە نافەی، ئەو دەڵێ: گێسوویی من | من دەڵێم: شمشادە قەددت، ئەو دەڵێ: سەروی ڕەوان |
من دەڵێم: گوڵ عەتربێزە، ئەو دەڵێ: ئاغۆشی من | من دەڵێم: نەی شەهدخێزە، ئەو دەڵێ: خەندەی دەهان |
هەر جەدەلمانە لەسەر ئیسمی موژە و ئەبرۆیی ئەو | من دەڵێم: شەمشێر و خەنجەر، ئەو دەڵێ: تیر و کەمان |
ئەو وتی: حاڵت چلۆنە؟ من وتم: تابم نەما | ئەو وتی: چارەت بە چی دێ؟ من وتم: وەسڵت نیهان |
ئیسمی وەسڵم هات بە دەمدا، بەستی ڕێگەی گفتوگۆ | پێی وتم: سالم! لە گوستاخی دەبێ ببڕی زوبان |
3
[edit]ئەی قیبلەیی مورادم، داخۆ بە ڕۆزگاران | پرسیوتە قەت لە هیچ کەس حاڵی غەریبی تاران |
بەو سوێندەکەی کە خواردت من هەر ئەوەم کە دیومت | حاشا بکەم فەرامۆش میساق و عەهدی جاران |
تا نەقشی خاترم بێ خوڕڕەم بەهاری حوسنت | دەتکێ لە هەوری چاوم پەیوەستە تاوی باران |
شەو تا سەحەر لە هیجرت بۆ من حەرامە خۆ خەو | هەر دێ سەدایی گریەم وەک ڕەعدی نەوبەهاران |
لاکین لە ئەسڵی کارا ناسیومە حاڵەتی تۆ | سەنگینە گوێی سەماعت بۆ دادی دەردەداران |
تۆ هەر ئەوەی کە چاوت، جەرگی بڕیم بە ئیما | من هەر ئەوەم کە عیشقت، کردوومی وێڵی شاران |
سالم لە جەوری دڵبەر، کۆتا کە شەرحی دەفتەر | تۆ بێخودی لەتاو ئەو، ئەو بێ خەبەر لە یاران! |
4
[edit]بێ تۆ مەهیبە گریەم وەک ڕەعدی نەوبەهاران | پەیوەستە دێ بە ڕووما ئەشکم بە میسلی باران |
نابێ بکەم بەبێ تۆ سوحبەت لەگەڵ چ دڵبەر | ئارێ مەقامی وەرعە پەرهێزی تۆبەکاران |
ناکاتە دەر لە خاتر سەد کۆششی ئەرەستوو | غەیرەز ویسالی یاران ئەندووهی بێقەراران |
ئیستادە و خەجاڵەت گەردەنکەچ و تەریقم | جانا بە چاوی توندی مەڕوانە شەرمەساران |
شام و سەحەر وەکوو خاک پاماڵی پایی خەڵقم | از بس بە یادی لوتفت کەوتم لە ڕەهگوزاران |
سەدبار ئەگەر لە گوڵشەن گوڵ چەتری زەڕ لەسەر نێ | دڵ، تەنگە، غونچەئاسا، بێ ڕوویی گوڵعوزاران |
شێواوە دڵ لە هیجرا ناگاتە شامی زوڵفت | پەیوەستە ئینتزارە وەک چاوی ڕووزەداران |
بێهوودەیە لە گوڵزار ئەفغانی بولبولی زار | ناگاتە گۆشی یاران ئەندووهی بێقەراران |
سالم لەبی بە سالم ناگاتە ڕوویی دڵبەر | جەمعن بە دەوری گەنجا هەر سوو سیاهماران |
5
[edit]لێم گەڕێن با گریە کەم دیدەم بە دیدەی خوونفشان | نایەڵێ یەکدەم بە ڕاحەت ڕابوێرم ئاسمان |
چونکە سیوەیلی قەدیمن حەق لەپاش عەهدی سەلیم | دایە دەس مەحموودی حاتەم دڵ چراغی دوودەمان |
شەمعی دەسگاهی ملووکانەی گەیانە مەرکەزێ | بەرقی قەندیلی فرووزانی دەچوو بۆ کەهکەشان |
وەهـ چ خوڕڕەم دەوڵەتێکە با بە شەرتێ توولی بی | دەستی حەق بەم نەوعە ڕۆشن کا چراغی خانەدان |
شیوەکەڵ بووبوو بە بەندەن خۆ بەسەر نەقشی بەدیع | لالە و نەسرین گەییبوو، جام بلوورین شەمعدان |
شیوەکەڵ بووبوو بە خانەی پادشا وەختی نەهار | دیم لە هەر سوو سفرەیی ئەیوانی حاتەم گردخوان |
واقیعەن لەو خوانەدا بوو خام و پوختە ڕۆژ و شەو | هەر تەعامێکی کە نەفسی ئارەزوو کا میهمان |
شیوەکەڵ بووبوو بە عوربانی عەنێزە و مونتەفیک | سەد کەمەند پڕ بوو لە سەرجی تازی ئەسپ و مادیان |
چووم نیگاهم کرد لە هەر لادا لە حوجرەی خاسسی ئەو | دیم بەقەد بازاڕی قوستەنتین تفەنگی زەڕنیشان |
زێوەری تاقی عەمارەت بوو سەراسەر ڕەنگ ڕەنگ | ڕەخت و قرتاسە و حەمایەڵ، خەنجەر و شیری دەبان |
دیم وەکوو دوککانی بەززازی لە سەر یەک بوخچەها | شاڵی تورمە و کەوڵی خەز دیبایی هیند و پەڕنیان |
ئاسمان زانیی سەری سەوزە نیهالی بەختی ئەو | نازڵی کرد چاوی بەد وەک ئافەتی بادی خەزان |
خانەوێرانە بە یەک تەب عالەمێکی کرد تەباهـ | ڕەنگی بێ ڕەنگی لەسەر ڕەنگی پەڕیدەی بوو عەیان |
دای بەسەریا هەر کە گرتی نەبزی مەوج ئاسایی ئەو | یەک نەزەر شێوا بەجارێکی حەواسی بابەجان |
تەنفسوردەی بێ زمانی تەن بە تەن عالەم مەلوول | تائیری ڕۆحی ڕەوانی پەڕزەنان چوو بۆ جینان |
گوڵ بە وەیشوومەی حەوادس گەر قەزا پەژموردە کا | فائیدەی کوانێ بە حەسرەت قوڕ بپێوێ باغەبان |
کەی خەیاڵی بوو کوتوپڕ خاسسە بۆ سەر خەرمەنی | ئاسمان نازڵ بکا بەرقی غەزەب وا ناگەهان |
گریە دەڕژێنێ بەسەر ڕووما دەمادەم ئەشکی خوێن | بێن تەماشا کەن لە یەک سەفحەی عەقیق و زەعفەران |
نائیرەی سەبرم بە حەسرەت وا لە گریانا بڕا | دێ بەخوڕ فرمێسکی خوێنینم لەچاو وەک ئاودان |
سا قەڵەم بێ دادی ئەم ئەندووهی کوبڕایە بدە | من لەتاو ئەم تەعزییەی عوزمایە ماوم بێ زمان |
تا خەدەنگی قامەتی تۆی گرتە باوەش ماڵی قەبر | پشتی تاقانەت لە خەم، خەم بوو وەکوو ماڵی کەوان |
پشتی ئەحمەد بەگ شکا لەم ڕیحلەتی ناوەختەدا | کاشکی مەوقووف دەبوو کۆچت لە ڕەغمی دوژمنان |
پشتی ناو تابووتی ڕەختت پشتی سیوەیلی شکاند | پشتیوانی بانە و تاژان و قەومی تاژەبان |
بوو بە زێبی کۆتەڵت ساتیرەکەی پاشایی ڕۆم | بۆ نەبەم لەم حەسرەتە ئەنگوشتی حیرەت بۆ دەهان |
تۆ وەکوو سەر بووی ئەقاریب تەن، کە سەر چوو تەن چییە؟ | تەن بە تەن بێ سەر هەموو کەوتن لە خاکا بێ ڕەوان |
چاو بچەرخێنە لە تابووتا بەلای کاک ئەحمەدا | هەر لەسەر تا دامەنی بۆ تۆ لە قوڕدایە نیهان |
خۆ بە سەیڵابی خەفەت خانەی ڕەسووڵت کرد خەراب | تۆ بە ئیمان خانەیی قەبرت کە بووبوو ئاوەدان |
ئەمڕۆ بۆ تۆ حاڵی ئەم خەڵکە نموونەی مەحشەرە | کاشکی دەتدی لە تابووتا جەمیعی مەردومان |
کاشکی دەتدی لە تابووتا پەرێشانیی کەریم | ڕەنگپەڕیدە خوشک لەب بێدەنگ و مات و بێ زمان |
ڕۆژەکەی قەتڵی حوسەینە حەیفە ماوی بێ خەبەر | کاشکی دەتبیست لەتابووتا سەدای گریە و فوغان |
خۆت لەجیاتی من دەگریای، گەر بە چاو دەتدی ڕەشید | قوڕ بەسەر دڵ پڕکەدەر شینی پودەر ئەفغانکونان |
خۆ نەفیری مەرد و زەن لەم شیوەنە چوو بۆ فەلەک | سەر بوڵەند ناکەی وەها دایگرتویی خوابی گران |
گەهـ لەبەر تابووتی ئەودا گریە و شینێ دەکا | پێی بڵێن: توخوا بڵا مەحشەر چییە داد و فیغان |
حاڵی واپەسماندەگان با ئیبتدا بێنێتە یاد | سانیەن بۆ باسی ئەو بەم بەیتە کا شیوەن بەیان: |
بەختی بەد، مەیدانی کۆتەهـ، خانە تێکچوو، تیرە ڕۆژ | مەتڵەبی زۆر، عومری کەم، ناکام ڕەفت و نەوجەوان |
سەنگ دەتاوێنێ سەدای پۆشیدە ڕوویانی حەرەم | الأمان ئەی چەرخی سەنگین دڵ، لە جەورت الأمان |
دێ بەسەر ڕوویا بەسەر ڕوخساری زەردا ئەشکی سوور | هەر بەسەر پێدا لە پادامانی دەڕژێ ناودان |
هیممەتی پاکان دەبوو لەم ڕێگە وا یاری بکا | یاوەری ڕێگەی خەتەر بۆ عەدڵی بوو بۆ ڕەهڕەوان |
مەعبەری تابووتی تۆ وەختێ کە کەوتە گردەشین | کەی دەبێ ئیتر بە ئالانا عوبووری کارەوان |
سەددی سەرحەددی عەجەم هەم پاسەبانی مەملەکەت | شێری بێشەی موڵکی بابان ژێردەستی ڕۆمییان |
حوکمی تۆ حیسنی ویلایەت عەزمی تۆ پەرژینی باغ | عیزمی تۆ پابەندی ساریق عەدلی تۆ ئەمنی مەکان |
تەرزەکووبی ئافەتی دەستی ڕەزانن باغ و تاک | واقیعەن ئەم قەزیە ناوەختە خەزان بوو بۆ ڕەزان |
پیشەوەر، دوزدانی سابیق، تۆبەکاری سەهمی تۆن | هەر لە ئێستاوە لە دڵدا موستەعیددن بۆ زیان |
نۆکەر و سوارەی تفەنگدارت سەراسیمەن هەموو | نەزمی تێک چوو مانەوە وەک گووسفەندی بێ شوان |
زائیقەی سالم هەوای شەکراوی شایی بوو بە خێر | ئاسمان ڕیتی بە شەڕ ژەهری بە دەمدا ناگەهان |
6
[edit]بۆ منی سەرگەشتە، ئەلحەق، بێ وەفا بوو ئاسمان | دەرحەقم ئەمجارە یەکسەر پڕ جەفا بوو ئاسمان |
تێکی دا بونیادی وەسڵ و شیشەیی بەزمی شکاند | بۆ خەرابی موڵکی دڵ، پڕ موودەعا بوو ئاسمان |
«الغرض» هات ڕۆشناییی دڵ لەبەر شەمعی موراد | دەرحەقی بەختم نەسیمی سوبحگا بوو ئاسمان |
چاک چاک و لەت لەتە سینەم لە ئەندووهی فیراق | بۆ دڵی خوێنینی من، تیری قەزا بوو ئاسمان |
وەک هەماوەردانی مەیدان، چاو و ڕووی هەر وا لە من | بۆ کەمینم گەردشی ڕووبەرقەفا بوو ئاسمان! |
چونکە زانی دڵ موحەسسەن بوو لەتاو جەیشی فیراق | وەک عەلەم بۆ لەشکری میحنەت بەپا بوو ئاسمان |
تێکی دا غورفەی مورادم، بوومەلەرزەی ئینقیلاب | بۆ بناغەی موڵکی عیشقم بەدبەنا بوو ئاسمان |
موڵکی بابان پڕ لە غەوغا، خاکی کوردستان خەراب | مایەیی فیتنە و فەساد و ماجەرا بوو ئاسمان |
حەققی سوحبەت، بۆ بە چاو نادرێ سالم! بەسیەتی | پار لە وەسڵا چەند ڕۆژێ ئاشنا بوو ئاسمان! |
7
[edit]باسی شەڕی عەزیز بەگی بابان و ئیسماعیل پاشای ڕۆم
لێم گەڕێن با گۆشەگیر بم، دەستەوئەژنۆ، کەفزەنان | گێژەڵووکەی بای نەدامەت تاری کرد سەفحەی جیهان |
شارەزوور بەحر و سولەیمانی لەسەر ئاو، گەمیەڕەنگ | بۆ شکستی وەک نەهەنگ بوو فیتنەیی ئاخرزەمان |
کێ دوعای کردبێ بەسۆز ئەمساڵ لە کشتی شەهرەزوور | دا ببارێنێ لە تەنخوای تەرزە ڕۆمی، ئاسمان؟ |
ڕاستە گەردوون چابوکە بۆ ڕەنگی بەد ڕیتن وەلێ | ناڕژێنێ ڕەنگی بەم ڕەنگە بە موددەی سەد قیڕان |
بەزمی سەیدی ئێمە سەییادی فەلەک کارێکی کرد | ڕەنگە باڵای تیرقەددان بێتە تەرکیبی کەمان |
زیعفی تالیع جازیبە وەک کەهڕوبا بۆ خوێن و دەم | سەیری چیهرەی بەختی من کەن بوو بە ڕەنگی زەعفەران |
نەوبەهاری من خەزان و فێنکیی سوبحم تەمووز | پەرتەوی ماهە غەم و چاکی دەروونم وەک کەتان |
تورکی قورسی خۆر کە تالیع بوو تولووعی کرد بە ڕەقس | کەوکەبەی ماهی مورادی ئەهلی بابان بوو نیهان |
ئاگری نەگبەت لە خەرمەنهایی تالیع کەوتەوە | شەمعی دەوڵەت هەر تەرەف دەگڕا هەموو خامۆش کران |
حەلقە دەین یاران بڵا ئاشوفتەبەخت و تیرەڕۆژ | ڕۆزگار دونیای لە ئێمە کردە گێسووی دڵبەران |
هەوری بەدبەختی کە هاتە ڕووی فەلەک وەک ڕەنگی قیر | کەوکەبەی ماهی مورادی ئەهلی بابان بوو نیهان |
ساعیقە و بەرقی نەدامەت زوڵمەتی دا شەرق و غەرب | بەردەبارانە بە مەخسووسی لەسەر موڵکی بەبان |
چاوی عیبرەت هەڵبڕە ئەی دڵ لە وەزعی دەهری دوون | سەیر کە سا تورکی فەلەک چیی کرد بە زومڕەی کوردزوبان |
چارەسەر کەن ئەهلی دەروێش نانی مفتیمان بڕا | لوولە بوو سفرە و نەواڵە، ون کراوە زەرف و خوان |
ئەهلی سادات و مەلا و حاجی بڵا شین کەن بەسۆز | دەفتەری ئەهلی وەزایف دیم عوموومەن حەک کران |
عەرسەیی مەیدانی چەرخە ئێستە جەولانگاهی بووم | بوو بە لانەی زاغی بەدخوو، ئاشیانەی باڵەبان |
دڵ لە میحنەت کەیلە تابی سەیری ناوشارم نییە | عەینی چاوم خوێنی تێ زاوە لە داغی مەردومان |
بێ زوبان کووکووزەنان هەر خانەدان تێ دەفکرم | عەنکەبووت خواجانشینە و جفت جوغدن دیدەبان |
حاکمە ڕۆمی لەسەر تەختی سولەیمانی درێغ | کەوتە دەستی دێوی دوون موهری سولەیمان ئەلئەمان |
مەجلیسێ وا بێ موشەخخەس دوودی گۆگرد عوودە بۆی | دەروێش ئاغا بوو لەجێی مستۆ هەموو شەو نەغمەخوان |
عەزل و نەسبی کرد بە تەدبیری کیا مەنسووبی ڕۆم | قاوەچی عەوڵایی قاپی بێت و سووران پاڵەوان |
کێ دەکا تەقسیمی مەنسەب وا موقابیل شانی شەخس | بۆ عەزیز سەرواز یەکوم و حاجی قادر ئاشەوان |
ئاڵووگۆڕی مەنسەبی دوو شەخسی عالیجاهـ کرا: | مەحموودئاغای زل حەکیم باشی، حەمامچی بابەجان |
کۆڵ بە دۆش با خەرقەپۆش بن تاج و کەشکۆڵ هەڵگرن | ڕوو کەنە ئەملاکی پیتر و بچنە شاری خامۆشان |
ئەسکەمل بێنن قەراریان دەن لەجێی ئاغالەران | مەجلیسی شووڕا ئەمێستە خاسسە بۆ ئەسنافەکان |
وا کەریم ئاغای نەنێ تەدبیری: هەستە جاف دەکا | خاڵە هۆمەر دارۆغەی شارە و مودیر حاجی ئەحان |
کەس نەچێتە پێشەوە حاجی غەنی تەدبیرییە | مەئموری سەبتی نوفووسە و شاغیلی باجی دوکان |
حاجی میرزا کەوتە ناو کار و تەرازووی شاردەوە | مەسرەف ئاسا حاسیبە بۆ خاسەجاتی مالوان |
میری خوڵمار و دەلێن ئەمساڵ مەزەننە ساڵحە | باز بە جەبباریان سپارد باقڵ ئومووری دۆمەکان |
ئاغەتاها مەشرەوەرەتجۆیە لەگەڵ سەرکاتبی | وا دەزانم وەرگرێ حوکمی چیاسەوز و شوان |
بۆ گەڕانی دەوری شار ئەمشەو مەلایوونس دەچێ | مشتەکەی گورز و کەمەندی کشتەک و دەرزیی سینان |
حامید و وەستا حسێنی کۆڵ لە شارا گەزمەچین | هەر دوو بۆ خوێن ڕیتنی دز کۆ بە کۆ تیشنەن بە جان |
شیری قەیچی، تیری دەرزی، زەرگی نیوگەز، دیرعی ڕم | نەخ کەمەند، ئیسپەردە توو، جەوشەن بەتێ، بەنبڕ ددان |
غەڵبەغەڵبی هەی بکوژ هەڵسا لە دەوری چوارباغ | قادری دەللاکە هەر شەو تا سەحەرگەهـ پاسەبان |
سەتڵی سەرخووسێنی تەپڵ و ئەسپی قاپقاپی حەمام | لۆنگی جەوشەن، شیری کزلک، تۆپزی کاری ددان |
وا موسەللەح بوون بە ئەسبابی یەلی نەججاری شار | بۆ کەمینگاهی گوزەر وەک شێری بەندی بەردران |
ناچەخ و تیر و کەمان و زەرگ و دەشنە و دەهرە بوو | ئەسکەنە و تێشە و مشار و لێسک و مەنگەنە و کەوان |
چاکی کرد میرزا سڵێمان پاسی دەککەی زیندروو | سەنگەری دەستگایە بۆ شەڕ، شەو هەتا وەختی بەیان |
مشتەیی نایە هەمانە و دەیوەشێنێ میسلی گورز | گازنی تیژی نەجەخ، زووپین درەفش، ئیسپەر هەسان |
موونسی خاسس و ئەدەب ئامووزی پاشایە بزە | بۆ نەدیمی چوون وزەش بێنن لە تیمار و کچان |
باش خەیاتی خەرقەیی کەهیا ئەلە کۆپاندروو | ئەحمەدئاغای دەرزی باشی بوو بە قاترچی خەران |
هەی پەنا بەخوا لەدەست ئێڵی غەوارەی دەوری شار | کافرۆشی و چنگنی و چووچانیی و جافی تەلان |
عەزمی هەر کارێ بکا فەرزەن ئەگەر کاک ئەحمەدە | وای دەماڵن سێ کەڕەت تا دێتە کانیی ئاسکان |
بۆ نەجیبانی ویلایەت بوونە ئافەت نانەجیب | جامەیی شەهری لەدەست سەحرانشین بەس دادڕان |
بانەیی و ئەوڵا سووتەڵ هەر دوو شەریکی قیسمەتن | سەبتی توغرا بوون بە حوکمی ماوەت و سەمتی قەشان |
لوتفی ڕۆمی پەرتەوی ڕۆژە، لە نیک و بەد دەدا | لەقلەق و نێریش دەچن بۆ زابتی نەهری مووان |
کەس نەڵێ ڕۆمی لە تەسخیری مەمالیک چابوکن | سستیی بەختی عەشیرەت بوو بە چالاکی ئەوان |
وەر نە ڕۆستەم وەک ئەمان کەی دێتە دەست بۆ چابوکی؟ | وا بە جورئەت، وا بە غیرەت، وا یەل و ساحیب سینان |
وەختی حەملەی ڕۆژی مەیدان موددەعی وا پێ دەکەن: | دێتە لەغزش پێ و ڕیکاب و سست دەبێ دەستی عینان |
شێری بێشەی موڵکی بابان مەردی مەیدان زاهیرە | گەر کەسێ بێنێتە خاتر دەستوبردی گەرمییان |
مەرگی تورکانی جەفاجۆ سەد قەدەم پێش گوللە کەوت | تا پلە ئەنگوشتێ بۆسێ، ئەو گەییشتە سەر نیشان |
ئیختراعی تورک لە دڵدا مەشقجۆی شێوەی شوغاڵ | یەککەتازی کورد لە دونبالی وەکوو شێری ژیان |
خۆ لە بیمی تیغی جانفەرسایی میر، ئەو ڕۆژە تورک | میسلی کەوباڕی هەڵۆیین شەش جیهەت لێک هەڵوەشان |
هەر کە شوعلەی ماهیچەی تیغی بوڕەهنە بوو زوهوور | وەک قوڵنگی شەوچرابین تێکەڵاو بوون ڕۆمییان |
گوللەتۆپ وەک تۆپی قایش بوو لە ئاقار غیرەتی | تەبعی جۆیای بەزمی شێلگ بوو لەجێی سینەی کەمان |
بۆ قوماری مەعرەکە تیغێ بە ڕووتی نابەزێ | بۆ جەلای جەوهەر لە خوێنی موددەعی وەردەگرێ قان |
شۆری مەخفی ڕۆمییان زانیوتە بۆ زاهیر دەبوو؟ | نووکی نەی دەیخۆند لە دڵیانا هەموو ڕازی نیهان |
ئیسمی قابیز بوو لەجێی جەوهەر، لە حەربەی ڕممی ئەو | وەک چەپەر پۆستەی ئەجەل هات و بە تورکی دا نیشان |
وەختەبوو تای پیرەهەن کفنی حەیات کەن بۆ مەمات | هەر لە ناکادا نیزام دایان لە ڕیزی باڵەبان |
ئاهی ئەم حاکمانە تەحقیقە ئەگەر نەگرێ نیزام | قەومی نووحیش دەچنە جەننەت، بێ شک و شوبهە و گومان |
سەرفی نەقدی ڕووحی شیرین بوو هەتا پەروەردە بوون | بەچچە گورگ ئاسا لە ئاخر کەوتنە کۆزی دوودمان |
فەرقی فەخری میرئاڵا گەییە بەهرام و ئەسەد | کەوتە قەعری چاهی غەم لەو حاڵە، میری بازیان |
باز وەکوو بازی تەوار دەورێکی کرد و هاتەوە | دەوری کەهیا و شاری دا، دیسان بڕا ڕای نۆکەران |
ئاغەلەر وەک گورچکی گا، هەر یەکێ فیکرێ لە دڵ | خۆ نیزامیش میسلی سەوسەن، جوملە خودڕوو دووزوبان |
هاتە ژێر پاساری تەنگ لەشکر، ڕیکاب ئەندەر ڕیکاب | کەوتنە سەر کۆڵان و بێ ڕێگە، عینان ئەندەر عینان |
بوو بە جێی بەبر و غەزەنفەر، کووچە کووچە و ناو سوقاق | سەرمەحەللە ڕەنگی بێشەی گرت لە نێزەی جانستان |
ڕەنگی سەحرای مەحشەری بوو شیوەکەی لای پیرمەسوور | گرمەگرمی تۆپی ڕۆمی، هەوهەوی سوارەی بەبان |
پەیکی تەقدیر بوو بە سەققا، ڕاوییەی زوڵمی بەدۆش | ئاوی ئەڵماسی بە تیزی ڕیتە حەلقی پڕدڵان |
ئارەقی ئابی نەبوو غەیرەز شەرەنگ مینایی تیغ | بێخودی نەشئەی خەمۆشی تا حەشر بوو بۆ یەلان |
بوو بە جاڕووبی مەحەللە هەر تەرەف پەنجەی پەڕیو | پەی کراو بێ پێ لە مەیدان، پەهلەوان وەک پاڵەوان |
سەن سەنی سوارەی نیزام گێل ئۆڵانی تورک ئوشاخ | بگرە بگرەی کوردزوبان و ئاخ ئاخی تورکمان |
قەهرناک و سەر بوڕەهنە ئاتەش ئەفشان حەملەوەر | جەنگجۆ بوون یەک بە یەک هەرسوو وەکوو بەبری بەیان |
هەی خودا ڕۆ لەو دەمە چیی کرد غەوی تۆپ و تفەنگ؟ | سەرزەمین تاریک و دونیا تۆز و کەڕ گوێی ئاسمان |
ماهی تالیع ڕووی میحاق و ڕۆژی نەگبەت جیلوەگەر | خەرمەنی شادی لەبەر با بەرقی غەم ئاتەشفشان |
لاغیری تالیع شکاندی حەسرەتا بازووی قەوی | ئەختەری بورجی موزەففەر خۆی لە ئێمە کرد نیهان |
گەرچی پێشاپێش بەهەیبەت بوون و ئازا چوونە پێش | حەسرەتا باز هەم نەیانزانی نیزام وا بێ حەیان |
سێ بلووک لای پشتی گرت و سونگی دووران هاتنە پێش | فیرقەیێ لای پیرمەسوور و نیوی کۆڵانی ئەحان |
سەر بلووکیان خاڵەکەی هەورامی بوو و قالەی شەریف | هەم ڕەفیقیان بوو عەزیزە حیزەکەی چوچانیان |
پێشی دەمیان ئۆغڵەمەی تۆپ، پشتی سەر ئەو ئاگرە | گەیییە چەرخی هەفتەمین لەو حینەدا ئاهـ و فیغان |
غەیری تیغێ تەڕ، گەرووی لەب تیشنەگان ئاوی نەدی | کوشتەگانی کوردزوبان دەتوت شەهیدی کەربەلان |
گوێی فەلەک کەڕ بوو لەبەر ناڵە و نەفیری ئەهلی شار | لامەکانی گرت سەدای ئاهـ و فیغان و ئەلئەمان |
موددەعی کوێر بێ نیزام ئیفلیج مەکان زیر و زەبەر | میری سوورداش و ئەمینەی پیاوی هەر دوو ئەنگووان |
گەر عەشیرەت گریە کەن هەر یەک هەتا دەمرن کەمە | کوشتنی ئەو بای موخالیف بوو لە شەمعی دوودمان |
ڕۆژی قەتڵ ئەمڕۆیە ئەلحەق وا حوسەینی پێ دەوێ | بۆ ئەدای قەزیە سەراسەر نیلگوونە ئاسمان |
یادگاری حاکمان و جانشینی سیلسیلە | ناموراد و نەوڕەس و مەقسەدنەدیو و نەوجەوان |
سا فەلەک کەیخوسرەوی خوێنی سیاوش گوم مەکە | ڕۆستەمی سانی عەزیزە و موددەعی توورانیان |
قادری قودرەتنوما تۆ قودرەت خۆت کردە کار | قادری ئێمەت موسەلسەل خستە بەندی ڕۆمییان |
وەر نە قادر تۆ دەزانی قەت کەسێ قادر نەبوو | وا بە مەقهووری بکا قادر ئەسیری ڕۆمییان |
گوللە وەک تەرزە دەباری، ئەهلی لەشکر کەتنە باڵ | پای ڕیکابیان قورس لەنگەر بوو، سەبوک دەستی عینان |
هاتنە ناو کۆزیلکەوە چەندێک سەلامەت چوونە دەر | بەعزێ کوژران، جوملەیێ گیران و چەندێ ڕووت کران |
ئەم لە غەمدا هاتە جۆش، ئەو سێر و ئەمیان بوو غەنی | سەگ لە لاک، عەسکەر لە ماڵ، دڵ لە تیغێ قاتیلان |
دەرپەڕین باز مەیلی ئیقدامیان نەبوو لەو بیدعەتە | حەسرەتا یەکدڵ نەگەینە شیوەکەی گردی گوڵان |
مەیلی لانیان بوو وەکوو کەروێشکی پاش ڕاو هاتنەوە | دەرنەچوون چا بوو بە حەملەی دێڵە کەهیا کول کران |
گەر مەحەللی گریە بوو ئەو وەختە من زۆر پێکەنیم | پوورە ماتان، ئەحمەدئاغای بردە شکڵی دۆمەکان |
گەرچی میسرە شارەزوور ئەمما خەرابە بێ عەزیز | ڕوو دەدا لەم خەڵقە ئاخر حاڵەتی کەنعانییان |
شێری بێشەی موڵکی بابان بوو عەزیز ئەمما درێغ | وەک گرێی دامووسکی بێ، ئاو قەومەکەی زوو هەڵوەشان |
دیدە نابینایە وەک یەعقووب لە هیجرانی عەزیز | تۆی خودا ساحیب مەکان و تۆی خودایا لامەکان |
کەوکەبەی بەختی عەزیزم وا لە چاها بێنە دەر | شەعشەعەی ئەمری مونەووەر کا زەمین و ئاسمان |
چەنگەڵی شەهبازی بازی بازیانی باز نەدی | فش هەڵات کەهیا لەسەر بەیزەی تەمەع وەک ماکییان |
بۆ مەداری نانی عەشرەت قەت مەدارێکی نەبوو | ئاشەکەی تەبعی بە ئاوی کەیدی ڕۆمی هاتە دان |
بەختی سووتێ سا لە ڕێی حەق، حەق حەقی لێ وەرگری | بەد نەمەکگیری نەمەک بێ، وەک ئەوانی دا بەمان |
8
[edit]حەک بکەم دەفتەری سەعدی دەمی وەسف ئەر بە بەیان | بێمە سەر مەدحی دەهانت لە دەما بەندە زوبان |
بیمی بەدنامییە گەر نایەمە بەر تیری موژەت | کە دڕا پەردەیی دڵ دەردەکەوێ ڕازی نیهان |
نۆشی حازر لە لەبا، نێشی لە موژگانی سیاهـ | مەگەسی نەحلە بە سەنعەت بوتی زەنبوورمیان |
نەفعی کوا ناڵەیی بولبول لە چەمەن گاهی سەحەر | لە تەرەف شیکوەیی ئەو گوێی گوڵە یەکبارە گران |
تا بە خاکی قەدەمت دیدەیی کێ ڕۆشن کەی | فەرشە بۆ مەقدەمی تۆ دیدەیی ساحیب نەزەران |
تەڵخە گەر حاڵەتی دووری بە منی خەستە چ باک؟ | دەمی وەسفی لەبی جانانە شەکەر دێتە دەهان |
دیدە نابینێ کەسێ گاهی تەماشا جوز تۆ | نیگەرانت نییەتی خەوفێ لە تەعنەی دیگەران |
شیکوە بێ حاسڵە سالم لە جەفاهایی حەبیب | کێ دەسێنێ لە مەهی چاردەهەم دادی کەتان؟ |
9
[edit]خاڵە بیستوومە، موئمینی جافان | کە لە تەبعی کەسێکە وەک حەسسان |
نەسەبی ئەسپی تۆی بە سەگ داوە | سەگساری دەکا بە تۆ و دیگەران |
«حاشا لله» نە تۆبە مەرگی تۆ | نە سەگئەندامن و نە سکئاسان |
شەممەیێکە لە وەسفی تۆ و ئەسپت | قیسسەیی ڕەخش و ڕۆستەمی داستان |
لاکین ئەو جووتە بوون، دروست و درشت | ئێوە هەردوو لە قاڵبا نوقسان |
ئەسپەکەت فیلە، لێک بێ خەرتووم | تۆ پوڵەنگی وە لێک بێ دوندان |
تۆ بە سواری کەمە بێی، نمایانە | گورگی بێ کلک و شێری بێ شیریان |
یۆزی بێ کەڵبە، بەبری بێ میخلەب | خۆت و ئەسپەکەت بە شەکڵ و بە شان |
چونکە تۆ شێری، با لەتیفە بڵێم: | هەر دەبێ خوێن بخۆی و ئێسقان |
تۆ کە گورگی بە بەڕڕە قانیع بە، | مەلەقێنە دومت لە کەس بۆ نان |
ئەسپی تۆ تازیی و ئەتۆ تازی | تا زیانە بە تازی ئەر تا زان |
وا دەزانم لە بیمی تازیی تاز | دەمنە ڕاکا وەکوو سەگی چۆپان |
بێتە بەندی کەمەندی تۆ، ئیکلیل | سەگی کێیە کە بیبڕێ بە تەکان |
وای بۆ حاڵییی کەمتیاری فەقیر | تووشی ئەم بەبرە ئەگەر لە بەیان |
ئینتیقامی سەگی دەبێ زاهیر | تووتکی هەرچی خواردبێ بە تەکان |
ئەسپی سواریی وەها نییە و نابێ | هەر لە «بەربەر» هەتا بە «داغستان» |
جووتی ئەم ئەسپە وا لە موڵکی عەدەم | ڕەنگی وا قەت نییە لە ڕوبعی جیهان |
لچی وەک کاڵەکی بڵ، قڵەشاو | سەری وەک کوولەکەی درێژی پان |
چوارپەلی پانە وەک ترۆزیی چەم: | نەرم و باریک و بێ ڕەگ و لەرزان |
لەق و شل، کلکی وەک گوڵی هەرزن | وەختی لنگدان دەچێتە ناو لنگان |
چاوی هەر وەک ترێی هەتاوبردوو | سیس و بێ ئاو و قووڵ و نابینان |
ئەسپی تۆ، بۆچی خراپە، خاڵی خۆم | پاک و بێ عەیب و ساغ و بێ نوقسان |
ناڵی بێ و ئەگەر جۆ بخوا، ڕەخشت | ڕۆستەمانە کە لێی خوڕی بە دوودان |
شڕی، شەو گەر «گرێزە» بێ مەنزڵ | تا سەحەرگەهـ دەگەیتە دەشتی مووان |
لە ئەڵەبجە دەگەی بە بەکراوا | شەو لەناوێ کە لێی خوڕی چێشتان |
بە گرەو سواری بە لە گوڵ عوممەر | هەفتەیێ دەچیتە خاکی هەورامان |
لە «نەوێ» لێی خوڕی لە پایزدا | دەچیتە «دزڵی» لە ئاخری زستان |
تا لە «دەق» دەچیتە «قەڵبەزە»، بەهار | پایزێ ئێڵ دەگاتە بەر ئالان |
گورزی تۆ گەر لە پشتی گوربە کەوێ | دەمیاوێنێ تا سەری مەیدان |
موختەسەر پێت بڵێم، بەڵێ: واتە | ئەسپی شین فیلە، خۆتی شێری ژیان |
حەرفی سەربەستە، بەسیەتی ئیتر | با بڵێم هەرچی مەخفییە بە عەیان |
بە قەراری حەدیسی موئمینی جافان | پێی وتم دوێنێ، وازیح و پەنهان: |
بارگەیێک کە بەستی بۆ تولەک | شاپەڕت کەندبوو بە زۆری ددان |
بەڵکە هەر کەس بە بینی پەرەر بوو | بێ، بڵێ قەلبی کەس نامودانان |
پەڕ گزاوە وەک پەڕی توولەک | توولەکی تۆ لە توولکان نادان |
خاڵە سا وەک تەریقی فینۆ بی | خاڵە سا بی خەجاڵەتی سەگبان |
خاڵە! توعمەی قوشت بە لوقمە بکەی | خاڵە! گۆشتت نەبێتە نۆشی جان |
گورچەوێڵەی مەڕت قوززەڵقورت بێ | زیقەتۆرەی مڕت ببێ سندان |
با قەرەقەش بە گورزی کەللەت بێ | جەننەت بێتە دۆزەخی ئیران |
پۆڕی چەم، هەرچی بێتە قیسمەتی تۆ | لە شکەمتا سەمەر نەدا، جوز ژان |
دڵی کۆتر دڵت بەدەر بێنێ | بە سەلامەت نەخۆی کەوی بوریان |
با ببی مونفەعیل لەلای قوشچی | با سەرئەفگەندە بی وەکوو چۆپان |
دەک ئیلاهی بە میسلی پەڕڕەقەش | دەست و پا بەستە بیت و تەن لەرزان |
10
[edit]نوکتەیی خاڵت دەکا بۆم سیڕڕی فەردیییەت عەیان | کردوویە قەددت لە دڵما ئەلفی لینیییەت عەیان |
«كلّ شی» مەزهەری حەققە، وەکوو تێ دەفْکرم | کەوتە توێی پەردەی ڕوخت، نووری ئیلاهیییەت عەیان |
من لە خزمەت تۆ چ لازم عەرزی ئەحواڵم بکەم؟ | خۆت دەزانی، بێ وتن، ئەسراری هەر نیییەت عەیان |
عەهدی ئەم چاوانە مەستم، مەمدوێنن ئەی حەریف! | نەک بکەم لەم وەختەدا ئەسراری کەیفیییەت عەیان |
دڵ لەلاتە، با بە تەن دووریم نەبا «سالم» لە ڕووت | تا نەبێ بۆ موددەعی ئەحواڵی قوربیییەت عەیان |
11
[edit]«ٲبشروا»، یا ئەهلی زوڵمەت، پەرتەوی زەو بوو عەیان | تیغ بەرکەف سوبحدەم بۆ گەردنی شەو بوو عەیان |
مەرکەبی خۆر ئاسمانە، نێزەیی زەڕڕین بە کەف | وەک عەرەب دیسان لە مەیدانا بە هەو هەو بوو عەیان |
دەستی ڕەددم دا لە سینەی جارییەی ئەهلی حەبەش | وا لە لەعلی موڵکی ڕوویی شاهیدی نەو بوو عەیان |
باز نیهان بوو لەشکری زەنگی لە حیسنی نیستی | وا لەبەر تیپی شەهی خاوەر، ڕەواڕەو بوو عەیان |
ئەرمەنیم گەر شەوپەرست بم، چا بوو ئەو چوو، ڕۆژ هەڵات | دڵبەرم ناگەهـ وەکوو شیرینی خوسرەو بوو عەیان |
شەو ڕەقیب بوو، نووری چاوی بردم، ئەمجا دیق بکا | هەر کە دەرکەوت مەرکەبی خۆر، ساعەتەن ئەو بوو عەیان |
دڵبەرم وا هات سەحەر، سێ موعجیزە هەمڕاهی بوو: | ڕەونەقی خۆر، نووری دیدەم، مەرکەبی شەو بوو عەیان |
سیلخی ماهی ڕۆزەیە، وەعدەی منە، یاران نەوید: | وا لە ئەوجی عاریزی یارم، مەهی نەو بوو عەیان |
پەردەیی شەو چاک چاک بوو، نووری زاهیر کرد سەحەر | سوورەتی یارم، شوکور، بۆ چاوی بێ خەو بوو عەیان |
حەمدولیللاهـ ڕۆژ هەڵات و شەو ڕەقیب بوو، دەفنی کرد | قووتی «سالم» دەمبەدەم هەردەم لەدەست ئەو بوو عەیان |
12
[edit]بەخوڕ خوێن بێنە ئەی گریە! لە چاوەی چاوی تاری من | حەنا لازم بووە بۆ پێی سەگی کۆیی نیساری من |
ڕەفیقان گەر دەچن بۆ سەیری باغ و گوڵ خوداحافیز | موهەییایە لە ڕووی یارا گوڵ و باغ و بەهاری من |
ئەگەر فەرقم بگاتە مەرکەزی خاکی کەفی پێی یار | دەگاتە ئاسمان گۆشەی کولاهی ئیفتخاری من |
لە دونیادا جەفای عوقبام هەموو دیوە لەدەس هیجران | دەبێ فەردا لەپاشا عەفوی من کا کردگاری من |
گوڵ و سەرو و سنەوبەر هەر تەرەف سەریان فروودێنن | بچێتە باغەوە گەر دڵبەری سیمین عوزاری من |
ئیلاهی ناسەلامەت ئەی ڕەقیب هەمدەردی سالم بێ | وەکوو کردت لە کۆی جانانە قەتعی ڕەهگوزاری من |
13
[edit]مەعنەیێ نین وەکوو یەک شەرحی من و دڵبەری من | قەتڵی من سیححەتی ئەو شیکوەیی ئەو دەفتەری من |
خوێنی زەرفی بەدەنم وشکە لەتاو ئاگری غەم | دڵی من مەجمەری ئەو دووریی ئەو ئەخگەری من |
ڕستەیی زەوق و ئەلەم دێتە موقابیل بە ویسال | دڵی من لالەیی ئەو دیدەیی ئەو عەبهەری من |
زوو بەری بووم لە بەر و نیعمەتی فیردەوسی بەرین | نەخلی من قامەتی ئەو بۆسەیی ئەو نۆبەری من |
ڕەبتی ئاب و سەمەکن دووسەرە هەر وەک تەن و جان | سەری من سایەیی ئەو خاکی ڕەهی ئەو سەری من |
وەهـ چ خوابێکی بە ئارامە هەماغۆشییی یار | دەستی من گەردنی ئەو ساعیدی ئەو بەستەری من |
لە نیگاهی دوو تەرەف تیرە و لامیع پەیدا | چیهرەیی من شەوی ئەو گەردنی ئەو گەوهەری من |
نامەوێ شادییی خۆم شادییی جانانە بەسە | زەوقی من غوسسەیی ئەو ڕەونەقی ئەو جەوهەری من |
حەقی تەڵخییی فیراقم لە ویسالا دەسکەوت | ڕوویی من حەنزەلی ئەو توندیی ئەو شەککەری من |
کوشتنم قیمەتی وەسڵێکە ئەگەر بێ حازر | لەبی من بۆسەیی ئەو خەنجەری ئەو حەنجەری من |
سەقەر و باغی ئیرەم دوورە بەیەک بن سالم | بوونی من دۆزەخی ئەو بۆسەیی ئەو کەوسەری من |
14
[edit]بە ئەفسوونی نیگاهی سیحری دیدەی نازەنینی من | بە با چوو سەربەسەر مایەی حەیات و عەیش و دینی من |
لە شۆری بەختی بەد یاران لە دونیا شیوەنی خۆم کرد | مەنێن بۆ تەعزییەی فەوتم بینایی شۆر و شینی من |
جودا نابێ ئەبەد سێ ڕەنگ لەسەر سێ ڕوو هەتا دەمرم | دڵ و میحنەت، سەر و زانوو، سروشک و ئاستینی من |
موهەییایە مەکانی تەن لە خاک و خارە و خارا | لە جێگەی ڕەختی خواب و باڵشی تەکیە و سەرینی من |
بنووسن حەرفی میحنەتها لە چاکی کفنی من یاران | وەکوو دونیا لە عوقباش غەم ببێ با هەمنشینی من |
دڵم فەللاح و سینەم وەردە، ئەشکم نەهر و غەم بەزرە | سەد ئەندەر سەد دەدا حاسڵ لە هەر وەرزا، زەمینی من |
بە ڕەنگ سالم چ سەهلە سوبحی نەورۆز، گەر بە یەلدا بێ | بەبێ ڕوویی جیهانەفرۆزی یاری نازەنینی من |
15
[edit]یادی تۆیە، سەنەما! یەک بە یەک ئەندیشەیی من: | شوغڵی من، شێوەیی من، فیکرەتی من، پیشەیی من |
نەخلی هەستیم بە جەفا سەبزە لە باغی دونیا | شاخی من، غوسسەیی من، میحنەتی من، ڕیشەیی من |
بۆ قوبووڵ کەم بە ئەبەد نازشی ساقیی بەچەڕوو؟! | ئەشکی من، بادەیی من، دیدەیی من، شیشەیی من! |
ڕووبەڕووی هەیبەتی عیشقت لە هونەردا ئەسەدم | خوێنی من، توعمەیی من، کولبەیی من، بیشەیی من! |
حەرەکاتم وەکوو فەرهادە، لەڕێی میحنەتی عیشق | کۆهی من، سینەیی من، ناخونی من، تیشەیی من |
جەرگ و دڵ پوختە کە «سالم» بە زیافەت بۆ دۆست | دیگی من، سینەیی من، هیممەتی من، پیشەیی من! |
16
[edit]باسی پەرێشانی دارودەستەی بابان پاش ڕۆیشتنی عەبدوڵڵاپاشا بۆ ئەستەمبووڵ
بەدا ئەحواڵی ئەشخاسێ کە خاسسەی موڵکی بابانن | لە بێدادیی فەلەک هەر یەک سەراسیمە و هەراسانن |
جەوانانی سەهی قەد بەس کە داماون لە بێ چیزی | لەژێر باری غەما هەر یەک لە خەم وا میسلی چەوگانن |
لە بابانا گرفتارن پەرێشان خاتر و بێکەس | بە جەمعییەت سیەهبەختانە وەک گێسوویی خووبانن |
گەدان و بۆ گەدا دەرگانە وا ناکەن لە بێ چیزی | وەکوو نەڕڕادی دانا هەر لە فیکری خانەبەندانن |
لە زوڵمی چەرخی دوونپەروەر سەخیتەبعانی حاتەم دڵ | بە ڕاهی کۆیی دوونانا لە هەر سوو کاسەگەردانن |
بە دەستی کەشمەکەش هەر سوو دڕا بەرگی خودارایی | قەبایی نۆکەر و ئاغا هەموو بێ چاک و دامانن |
لە بابانا ئەمێستە چونکە قاوەی نۆکەری دووغە | لە حەلقەی ئەهلی حەسرەتدا هەموو کەممۆلە فینجانن |
ئەوانەی تورمەپۆش و شەهدنۆش و نازپەروەر بوون | ئەمێستە خانەبەردۆش و نەخۆش و زار و عوریانن |
ئەوانەی جێ نشیمەنیان لە گۆشەی تەختی حاکم بوو | بە دەشتی شەهرەزوورا جوملە وەک غوولی بیابانن |
دەلەرزن هەوری نەو گەر بێتە ڕووی گەردوون لە پایزدا | بە ڕووتی کۆنە خەزپۆشان لە فیکری بەرگی زستانن |
سەفی باشانی باب ئۆغلی لە دێی کۆستە و دەباشانا | بە دەوری گەللەدا چۆماغ دەر کەف جوملە چۆپانن |
موریدی خانەقا زۆرن لە عەهدی عەدلی ڕۆمیدا | لە ئاغایانی بێبەش حوجرەها جێی تۆبەکارانن |
ئەگەرچی تاعەتی جەبرە وەلێ عیللەت بە بێکاری | وەکوو قاری یەکایەک حافیزی سی جزمی قورئانن |
لە توولی ڕۆزگارانا لە هەر لا خادیم و مەخدووم | وەکوو ئەسحابی پێغەمبەر عوموومەن ڕووزەدارانن |
سیەهبەختانی بێدەوڵەت لەبەر بێ ماڵی و عوسرەت | گەهێ حەمماڵی ماڵانن گەهێ عەللافی مەیدانن |
نە بانیی و نە باغی ما لە فەوجی لەشکری ئیسلام | لە خۆفا تیفلی مەردوم وەک عەیالی ئەهلی زەنگانن |
سەفی مەقرووزی قەرزی ئیلتیزامی حاسڵی ڕۆمی | لەناو هەورامی و کوردا هەموو تەبدیل و پەنهانن |
لە فیکری ئیلتزاما شەو دەکەن شوورا لەبەر عوسرەت | سەحەر بۆ هەوڵی قووتی شەو لەناو شارا پەرێشانن |
ئەوانەی بەرشکەستی ئیلتزامی حاسڵی ڕۆمن | لەتاو بێنە و نییە، گاگەلچەرێنی میری جافانن |
زەرەرکەردەی ئیجارەی پادشاهی چوونە دەروێشی | فەقیری موڵکی هەوشار و غەریبی شاری تارانن |
بە دیهقانی بڵاوبوون دایەرەی بێکەس بە قۆپی دا | لە بەڵخە و دۆکەرۆ و نەوتی و دەلووجە و سەیدوسێنانن |
بە کەوبازی خەریکن دەستەیی مەعزوولی بێ ئاغا | موقیمی قەهرەمان و مێوڵی و تیمار و باغانن |
حەیادارانی بێ حورمەت لەتاو بێ ماڵی و عوسرەت | فەقیری دێی فەقیرە و تەکیە و ئەستێڵ و تافانن |
گرووهێ چەمچەتاشن هەروەکوو ئوستادی خوانساری | لە دێی تەنگی سەر و زەیدۆمەر و تیمار و دۆڵانن |
نەدیمانی قەدیمی موستەعیددن بۆ خەڕەکداری | بەیادی توربە و کا و جۆ و ئەفسار و پاڵانن |
قەدیم تەنپەروەری نازن بە بازاڕا غوبارالوود | ئەگەر گاباری کائاوەر وەگەر هێزومفرۆشانن |
لە بیمی تازیانەی مەردی ڕۆمی سەیید و سۆفی | بە ئوممێدی گەزۆ و مازوو لەبن داری مەریوانن |
هونەرمەندانی شێرئەوژەن قەوی دەستانی پیل ئەفگەن | لە ڕووی غەواسی ئەتراکا وەکوو ڕووبەهـ گورێزانن |
کوهەن سەوداگەری شاری لە شوورا مەسڵەحەتبینن | وەلێ نۆکەر بە بەققاڵی تەرازووبازی دووکانن |
کرێکارانی ناکەس بۆ بناغەی کولبەیی دێهقان | لە خانەی کاولی نۆکەر پەیاپەی خشتکێشانن |
بە ڕێی بیم و خەتەردا یەکبەیەک بۆ قاسیدی چاکن | بەبێ تەکلیفی ڕەهزەن خودبەخود بێ چیز و عوریانن |
سەفی مەقڕووزی بێ تەوسەن لە سەهمی سَن سَنی ئەتراک | وەکوو عاشق لە هیجرانا یەکایەک ئەشکڕێزانن |
گەهێ قلب الأسد از بس که بێ سایەن لە وادیدا | وەکوو مەجنوونی سەحرایی لەبن خاری موغەیلانن |
کزە و دوودی کەباب دەردێ لە مەتبەخهایی بێ دوودا | بە یادی قووتی شامی شەو جگەرها بەس کە بوریانن |
تەڵەب ناکا گەدا قەت سوویی سفرەی ساحیبی نیعمەت | لەتاو ئەحواڵی بێ نانی لە هەر جا خوانە میهمانن |
بە زاهیر خوڕڕەم و شادن لە ڕووی تورکی ئەرۆملیدا | لە دڵدا گەرچی دیگاسا بەمەخفی جوملە جۆشانن |
بە ئەحواڵی ملووکانی گەداپەروەر دڵم سووتا | لە بابانا ئەمێستە موستەحەققی خێر و ئێحسانن |
لە جەوری چەرخی گەردوون بەسکی حەیرانن بە ناچاری | بە لەب خەندان و شادانن بە دڵ غەمگین و گریانن |
بە نامەردی سەراسەر میسلی گەرگینن لەلای ڕۆمی | ئەگەر ڕووبینتەنی عەهدن وەگەر سامی نەریمانن |
نیزامانی مولازیم مەنسەبی مازی بیحەمدیللا | لە لادێدا بە دوو شایی هەموو جۆچێنی دێهقانن |
خەیانەت پیشەکانی فەوجی بیرئینجی لە برسانا | بە ناچاری لە دێی سۆفیلەرا وەرزێری دۆمانن |
مەلەخ تەبعن لە هێشووی دەغڵی دیهقانی بە هەر لادا | لەناو جاڕی گەنم هەر یەک وەکوو داهۆڵی خەرمانن |
درێغا بۆ سواری خاسسی پاتەختی سولەیمانی | لە قڕگە و قزلەر و قۆرخ بە ڕووتی جوملە گاوانن |
بەسێ سەگمەرگ و بێعار و گرانجان و سەبوک عەقڵن | ئەوانەی ئەهلی بابانن بەدڵ لەم عەهدە خەندانن |
لە ئەوزاعی سولەیمانی ئەوانەی شاد و ئاسوودەن | لە فەرعا نوتفەیی حەیزن لە ئەسڵا جینسی شەیتانن |
لە ئەسڵا بانیی ئەم کارە کاسبهایی شەهری بوون | لە ئەمری فیتنەئەنگێزا سەراسەر میسلی مەروانن |
گەهێ هەمدەردی ئەکرادن گەهێ هەمعەیشی ئەتراکن | لە یەک لا مادەری بەڕڕەن لە یەک لا یاری گورگانن |
لە زوڵمی چەرخی چەپگەردیش درێغا، حەسرەتا، دەردا | بە میسلی سالمی بێکەس گەلێ کەس وێڵی شارانن |
17
[edit]ئەو کەسانەی کە عەدووی عاشقی سەرگەردانن | بێ دڵ و بولهەوەس و کەم خیرەد و حەیوانن |
کەس بە سەرحەددی بیابانی مەحەببەت نەگەیشت | وەکوو من سالیکی ئەم ڕاهە هەموو حەیرانن |
ڕێی حەریمی حەرەمی عیشقی نییە سوفلەیی دز | پاسەبانی سەری ئەم کۆیە جەوانمەردانن |
ئەشکی سالم کە بە یادی لەبی تۆ دێتە کەنار | قەترەقەترەی لە نەزەر ئەهلی بەسەر مەرجانن |
18
[edit]دڵ لەناو چاهی زەنەختا، قەد بە من نایێ بیروون | حەبس و زیندانی نییە وەک تۆ چ کافر، سەرنگوون! |
وا دڵی هێنامە جۆشش، جونبوشی گێسوویی تۆ | ئۆف خودا! دیسان سەبا بزواندی زەنجیری جونوون |
بەختی لەعلی لێوی تۆ بەستی دوو دەستی مەتڵەبم | من بە ئەو تیشنەی مەکین، ئەو تیشنەیە بۆ من بە خوون |
پێی دەڵێم: عاشقکوشی تا کەی، دەکەی نەرمی؟ دەڵێ: | با بپۆشێ، ئاینەی گەردوون لە عەکسا، بەرگی خوون! |
نەقدی جانم، نرخی یەک ئیما تەڵەب کەی، حازرە! | بۆ مەتاعی وا کەسێ ناکا لە بەیعا چەندوچوون |
کێ بدا غەیری خودا سامانی شێواوی وەها: | دەست تەهی، هیممەت بوڵەند، مەتڵەب قەوی، تالیع زەبوون! |
ڕەنگە ناسیح! تەرکی مەنعی سالمی بێ چارە کەی، | گەر بڵێم جارێ بە گوێتا، ڕەمزی ئەسراری دەروون! |
19
[edit]عەهدی ئەم چاوانە، مەردووم توهمەتی بێجا دەکەن | فیتنە و شۆڕش کە ڕوو دا، حەملی سەر دونیا دەکەن |
بۆ نیشانەی قەلبی دڵ، ڕەسمی قەجەریان گرتووە | چاوەکانت، وا بە قیرقاچی نیگەهـ داوا ئەکەن |
دڵبەران عەینی مەحەببەتیان جەفایە بۆ ڕەفیق | زەهری پەنهانی لە خوانی ئامێتەی حەڵوا دەکەن |
شێفتەی ڕووتە مەگەر زوڵفی سیاشت، چین بە چین | وەک سەری عاشق، لە هەر سوو، سەرقەدەم بۆ پا دەکەن |
بۆ جەفای «سالم» عەجایەب موشتەرین یار و فەلەک | ڕاهی شادی سەدد و دەروازەیی ئەسەف وا دەکەن |
20
[edit]لابە سا پەرچەم لەسەر نووری جەبین | پایی کافر با نەگاتە فەرشی دین |
دڵ کە کەوتە زوڵفی تۆ، کەی دێتەوە؟! | بێ سەروشوێنن ئەوانەی چوونە چین! |
جازیبەی لێوت دڵی تونگ گرتْوْم | دامی باڵی نەحلە، شیرەی ئەنگەبین |
چونکە ڕەنجم حاسڵی هەر گریە بوو | دەفعەیێ نەمدی بە خوشکی، ئاستین! |
ئەشکی خوێن تەغییری دا بەرگی عەزا | نایێڵێ ڕەنگی بەقەم، ئەسبابی شین! |
تیری ئاهی من ئەگەر نەگرێ ڕەقیب | هیچە، گەر بڕواتە چەرخی هەفتەمین! |
ئەی برادەر، تۆ و تەلەتتوفهایی سەدر | سالم و دەرگاهی «ربّ العالمين» |
21
[edit]قادری بۆ نەزم و بەینی کوفر و دین | پەرچەمت وا بگرە دانەگرێ جەبین |
تا دەنووسێ سینی بۆسەی تۆ قەڵەم | دێنە سەر کاغەز مەگەس بۆ ئەنگەبین |
جانشینی جەم بە حیشمەت من دەبم | گەر وەکوو لەعلی لەبت بمبێ نگین |
بەرمەدە دەستم لە گۆشەی دامەنت | با لە دنیا هەڵتەکێنم ئاستین |
پێنج و خەم بەس وا لە مووتا تا برۆ | کێ دەگاتە چینی زوڵفت حیسنی چین؟ |
غەیری قاروون کێ دەزانێ جێی ڕەقیب | مووسەئاسا گەر موتیعم بێ زەمین |
خوونفشانە گاهی لوتفیشت نیگاهـ | فەرقی کوا بۆ دڵ زەمانەی سوڵح و کین |
فەرزی عەینە حەمدی ئەو تا بێ نەفەس | خالیقێ ئیجادی نووری کرد لە تین |
خانە وەک زیندانە بۆ سالم لە غەم | غەیری سایەت گەر ببینێ هەمنشین |
22
[edit]ڕووە یا گوڵ ئەمە یا بەرگی نەسرین؟ | لب است این یا شکر یا جان شیرین؟ |
هەموو شەو تا سەحەر بۆ دڵ خەیاڵت | حکایت می کند بتخانهٔ چین |
چ نەققاشێ شەوی لێک دا لەگەڵ ڕۆژ | تعالی خالق الانسان من طین |
لەلای تۆ غەیری خۆم گەر کەس ببینم | جهانم تیره گردد بر جهانبین |
خەوە دەفعی سوداعی من وەلێ ئاهـ | سر بی دوست کی باشد به بالین |
لە دڵتا نەنگە من نەخچیری تۆ بم | نمی آید ملخ در چشم شاهین |
گەلێ ساحیب ستەم هەن نەک وەکوو تۆ | جفا بر عاشقان آید نه چندین |
لە خاترما نییە غەیرەز وەفا و سیدق | تو را در دل اگر مهر اگر کین |
بە قەسدی قەتڵی من تیغت مەکێشە | مرا خود می کشد دست نگارین |
لە جورمی عیشقی تۆ گەر بمکوژن زار | ز دنیا رفتنی باشد به تمکین |
بە مەرگی تۆ لە عیشقی گۆشوارەت | ز چشمانم بیفتادست پروین |
لە دینی سالما میحرابە ئەبرۆت | مباد آن روز کو برگردد از این دین |
23
[edit]بە ڕوخ ڕەنگین و دڵ سەنگین، میان لاغیر، کەمەر زەڕڕین | نیگەهـ شاهین و موو موشکین زەنەخ سیمین و لەب شیرین |
لەبت شەککەر خەتت عەنبەر موژەت خەنجەر قەدت عەرعەر | لە عیشقت دڵ وەکوو بولبول لە ڕووتا گوڵ وەکوو گوڵچین |
سەهی قامەت قەوی شەوکەت قەمەر تەلعەت مەلەک خەسڵەت | کەمان ئەبروو نیگەهـ ئاهوو فەڕەنگی خووی مووموشکین |
بە ڕوخ وەک شەم بە ئەبرۆ خەم، سیەهـ پەرچەم لە من بێ غەم | گوارەی توو کە هات و چوو موقارین بوو مەهـ و پەروین |
بە چین زوڵفت ئیحاتەی دا وەکوو سونبول لەدەوری گوڵ | بە موو هەرسوو لە ڕێگەی موو بەڕووی دڵما دەکەی پەرژین |
چهار فەسڵی لەهەر فەسڵا بە یەک دەم وا لەلای سالم | بەهار ئەشک و خەزان ڕەنگ و زومستان ئاهـ و دڵ هاوین |
24
[edit]شۆڕشی خستە جیهان، شوهرەتی ڕوویی نەمەکین | بێن، بە یادی لەبی ئەو بانەمەکە، لەب بمەکین |
لەم دەره ئێمە بە سەد گۆنە جەفا سەعبە بڕۆین | دەست و پا بەستە و ئوفتادەیی حوکمی فەلەکین! |
مەکە ئەی دڵ! بە ئەبەد قەسدی وەزیفەیی جاران | ئیسمەن ئێستاکە لە ڕووی دەفتەری جانانە حەکین! |
پشتیوانم هەیە بۆ مەعرەکە و جەنگی ڕەقیب | سەگی دەرگانەیی یار و منی غەمدیدە یەکین |
«سالم» ئێمە لە یەما زەحمەتە سالم دەرچین | وا لە گێژاوی سروشکا بە شەنا وەک سەمەکین! |
25
[edit]من و بادی سەحەر یاران! عەجایب بێ قەرارێکین | بە سەرگەردانییا هەر دوو دەڵێی مەشغووڵی کارێکین |
لە سایەی دەوڵەتی حاجیب، مەکان و ئاشنام دەسکەوت | لە کۆی جانانەدا دایم لەگەڵ سەگ یاری غارێکین |
لە هەمدەردت مەکە وەحشەت، وەرە بولبول ڕەفێقت هات | بناڵین با بەجووت هەر یەک، ڕەهەندەی گوڵعوزارێکین |
سەدای گریانی خۆم و دەنگی ناڵەی دڵ لەدەس هیجران | وەها دێ موتتەسیل شەو، هەر دەڵێی زەنگی زەوارێکین |
تەنی زار و ڕوخی زەردم، لە حورمەتدا خەس و پووشن | لە مەددی مەوجی بەحری لوتفی یارا بەرکەنارێکین |
لەگەڵ زاهید بە تەقدیری فەلەک هەرگیز جودا نابم | لە قوربی غەیرە ڕەغبەتدا بەمیسلی سیر و مارێکین |
ستادەم خۆم و جان و دڵ بە سالم وەختێ ڕابووری | لەڕێگەت نەقد دەر کەف بۆ نیسارت ئینتزارێکین |
26
[edit]موسکیری چاوی ڕەشی تۆی نییە، خەمری چلەمین | ڕایحەی گێسوویی تۆی نییە بۆی نافەیی چین |
ڕۆژی ئەووەڵ کە دڵم بێخودی ڕووت بوو، زانیم | تووشی ئەم دەردە دەبم، بەم دڵە، ئاخر بە یەقین |
ڕۆح بەدەربردنی سەیدی دڵی وەحشیم سەعبە | تیری ڕاگرتووە دیدەت لە کەمانا بە کەمین! |
شەبەهی سەفوەتی سینەت نییە، بێن فەرزەن ئەگەر | سەدەف و لوئلوء و مەڕمەڕ بکەنە سافی عەجین! |
ئەژدەها حەلقەیی وا داوە لە ڕووی گەنجی جەمال | مانیعە بۆ گوزەری دڵ لە یەسار و لە یەمین |
زەن مەبە بسرەوێ دڵ قەد بە چ دڵبەر بێ تۆ | بێ سەرت، بەو سەرە، سەر ناکەمە سەر ڕوویی سەرین |
بە سەرت شۆڕشی عیشقت لە سەرم دەرناچێ | گەر بە قەسدی سەر و ماڵ بێنە سەرم، ڕوویی زەمین |
خەبەری مردنی «سالم» بەنە لای یار و بڵێن: | شینی یەکجارییی تەعزییەشی بکرێ بە شین |
27
[edit]ئەوەند باری لە چاوم ئەشکی خوێنین | لە لالە قرمزە «ڕەی» تا «وەرامین» |
لەناو فرمێسکی چاوما مونعەکیس بوون: | گوارە و ڕوومەتت، وەک ماهـ و پەروین |
خودا بۆخۆی دەزانێ چی دروست کرد: | میانت موو، وجوودت کێوی تەمکین |
بەشەر بەم حوسنە مەخلووقی لە کوێ دی؟! | «تعالی خالق الانسانِ مِنْ طين» |
دڵم تەسلیمی چاوت کرد بە شێتی! | بەرم دا یەک کەبووتەر بۆ دوو شاهین! |
بڵێم با حاڵی دڵ چۆنە لەدەست چاو: | موسوڵمانێکە، مەحبووسی دوو بێ دین! |
حەلاوەت نایێڵێ شۆری لە شەهدا | لەبی یارم نەمەک کردوویە شیرین! |
موحیتی باغی ڕووتە، چینی زوڵفت | کەسێ نەیدیوە ماری ڕەش بە پەرژین! |
شەو و ڕۆژ زیکری «سالم» ئیسمی تۆیە | به «اَلْحمْد» و بە «طاها» و بە «یاسین» |
28
[edit]قامەتت سەروی ڕەوانە، بە حوسەین | عاریزت باغی جینانە، بە حوسەین |
شەربەتم زەهرە لە دووریت، بە حەسەن | زیندەگیم دەردی گرانە، بە حوسەین |
غەیری دووری، نییە سیل و یەرەقان | هەر فیراق قابیلی جانە، بە حوسەین |
هێرشی لەشکری غەم نەوعی یەزید | وا لە دڵ زەخمی زەمانە، بە حوسەین |
دڵ لەبەر تیری نیگاهیی غەمزەت | ڕووبەڕوو میسلی نیشانە، بە حوسەین |
سالمی تیشنەیی هیجرت، بە عەلی | پەیڕەوی ڕێگەی ڕەوانە، بە حوسەین |
29
[edit]نیگەهـ ناکەی بە لای ئوفتادەگانا، قەد لەبەر تەمکین | دڵت کردم بە خوێن، سا بەسیەتی، ئەی کافری بێ دین! |
بە دین سەنعانم و غەم کۆهکەن، مەنزڵ لە لای مەجنوون! | بە خوو تۆ دوختی تەرسایی، بە موو لەیلا، بە ڕوو شیرین! |