Jump to content

دیوانی سالم/ڵ

From Wikisource
312997دیوانی سالم — پیتی ڵ1860سالم

1

[edit]
خستیە چەهـ تا ڕۆستەمی بەختم، نەدامەت وەک شوغاڵ بەهمەنی غەم عەیشمی تێک دا وەکوو ئەیوانی زاڵ
ڕۆژی ڕۆشن کەی دەبینم تا موقابیل تۆ نەبم مەردومەک کوانێ لە چاوما لابدەی گەر عەکسی خاڵ؟
بێتە سەر دامانی نازت تا سەری ڕەشماری زوڵف بۆ نیازم کەی بە دامانت دەگا دەستی خەیاڵ؟
بانی سەر فەرشی ڕەهت بوو چونکە پاشێلت نەکرد ئەشکی حەسرەت دێ بە ڕووما وەک تکەی وێرانەماڵ
لافی چی لێ دەم لە هەمڕەنگی لەب و پوستانی تۆ وا نە نارم دی لە بوستانا، نەوا گوڵناری ئاڵ!
ماهـ ئەگەر وەک تۆ جەماڵی بێ لە کوێ بێنێ قەدت سەرو ئەگەر وەک تۆ سەهیقەد بێ لە کوێ بێنێ جەماڵ؟
تا لە دڵما بێ خەیاڵی وەحشی تۆ دەگرم نەفەس نەک بە سروەی بای هەناسەم ڕەم بکا میسلی غەزاڵ
زوڵمی بێ پایانی تۆ تا بێ بە دڵ لەززەت دەدا یا ئیلاهی! قەت نەبێ بۆ زاڵمی سالم زەواڵ

2

[edit]
لە قیبلەی ڕوو برۆت میحرابە بۆ دڵ بە لەب قوبلەت وەکوو جوللابە بۆ دڵ
شەوی دەی بێ چرا پڕنوورە کولبەم خەیاڵی عاریزت مەهتابە بۆ دڵ
ئەلەم ئاسایشی ئەربابی عیشقە هەموو خاری جەفا سەنجابە بۆدڵ
قەنارە حازرە هەر سوو لە موژگان لە چاوتا مەردومەک قەسسابە بۆ دڵ
لە جەورت وەک سەمەک گەر بچمە دەریا موژەت بەرگەشتە، وەک قوللابە بۆ دڵ
لە حەسرەت هاتە لەغزش قەلبی سالم خەیاڵت مەعدەنی سیمابە بۆ دڵ

3

[edit]
توولی هەیە، بەیانی قسەی فیکری خامی دڵ هەر وەسفی زوڵفی یارە، سەراسەر کەلامی دڵ!
سامانی کاری تالیبی وەک زوڵفی خۆی دەوێ بێ نەزمییە لە مەزهەبی یارا، نیزامی دڵ!
خوێنی حەریرڕەنگی دڵم هاتە ڕوو لە چاو نەمگرتە بەر حەریرقەبایێ بە کامی دڵ!
جەم لەززەتی خوماری وەکوو من نەدی، ئەبەد نۆشیومە تا شەرابی مەحەببەت بە جامی دڵ
دڵ غەرقی نووری ڕووتە لە دەیجووری زوڵفتا نابێ تولووعی سوبحی سەعادەت لە شامی دڵ
دڵ بێخوودە لە دیدەت و دیدەت خەرابی مەی مەی چاکی سەند لە دیدەیی تۆ، ئینتیقامی دڵ
دڵ باعیسە کە ڕامە بە سالم دڵی حەبیب یا ڕەب! بدەی لە دەوری جیهانا دەوامی دڵ