Jump to content

دیوانی شێخ نووری/شیعری بۆنە

From Wikisource
306407دیوانی شێخ نووری — شیعری بۆنە1970شێخ نووری شێخ ساڵح

بۆ ماتەمی «٦»ی ئەیلوولی ساڵی «١٩٣٠» وتراوە

[edit]
دووبارە دڵ لە داغی وەتەن پڕ لە میحنەتە لەم مەنزەرەی فەلاکەتە، لەم دەرد و حەسرەتە
حەقییە فەلەک بە جارێ سەری خۆی لە خوم بنێ بگری فەلەک بە شینەوە بۆ ئەم موسیبەتە
بەر قاپی سەرا بووەتە دەشتی کەربەلا؟ یا مەزبەحەی گرۆهی، وەتەن خواهی ئوومەتە؟
ماهی موحەڕڕەمە ئەمە، شینی حوسەینە یا ئەیلوولە ڕۆژی شیوەنە، ماهی فەلاکەتە؟
هەر نەعشی لاوی کوردی ستەمدیدەیی غەمە غەڵتانی خوێنە، نائیلی ڕوتبەی شەهادەتە
هەر نەونیهالی کوردە، بەخوێناوی ئاڵەوە گەوزانی خاک و خوێنە، شەهیدی شەجاعەتە
هەر ناڵە ناڵی لاوە، بەدەم گوللەوە ئەڵێ: یاڕەبیی کەی نیهایەتی دێ، ئەم موسیبەتە؟
ئەم باغە بۆ بەجارێ وەها بوو بە گۆمی خوێن؟ بۆ مەنزەرەی لەتافەتی بۆ بوو بەم قەساوەتە؟
ئەمووت گوڵێ نییە، کە نەسووتێ دڵی بە کورد ڕوو زەرد نەبێ، لە مەنزەرەیی ئەم فەجاعەتە
ئەم باغە، ئەم گوڵانە، کەچی هەر لە نەشئەدان نەمزانی گوڵ کە بێ دڵ و حس و حەمییەتە
لەعنەت لە بەرگی سووری گوڵاڵە و دڵی ڕەشی چۆن ماو بۆچی هەڵنەوەری بەم فەلاکەتە
قەومی نەجیبی سام، ئەمە بێ عەدلی ئەوەلی ئاخۆ نیهایەتی چ بێ، ئەم لوتف و ڕەحمەتە؟
ئەی «عصبة الامم» وەسیی ئەقوامی ڕووی زەمین بێ دەنگیی لەم مەزاڵیمە، شێوەی مورووەتە؟
وەک داری لیژنە، مەیت و جەنازەی شەهیدی کورد لەم باغە کەوتووە، ئەمە ڕەسمی عەدالەتە؟
لەم عەسرەدا، کە عەسرەی تەرەقی و تەکامولە ئەم سەر بڕین و کوشتنە، شەرتی حیمایەتە؟
بۆ کەعبە کەچ ئەبێ، کە کەسێ ناوی حەق بەرێ؟ حەق گۆ لە بەرچی، قیسمەتی هەر دار و لەعنەتە؟
ئەی کۆمەڵی شەهیدی وەتەن، خوێن ڕژاوەکان تیذکاری ناوی ئێوە، لە جێی فەرز و سوونەتە
وا تێ مەگەن، کە ڕەنگی کفنتان ئەچێتەوە ڕەنگی ڕژاوی ئێوە، بناغەی حەمییەتە
ناچێتەوە بە لێزمەی لافاوی زوڵم و زۆر ڕەنگێکی سابیتە، ئەسەرێکی جەلادەتە
ئەشرافی کوردە، دەستی لە قفڵی کەلەپچەدا حەپس و زەلیلە، مەزهەری زلل و حەقارەتە
ئەم ڕەنگە، خوێنی مێشکی پژاوی سیاوەشە بەرگی گوڵی بیساتی، زەمینی حەمییەتە
تابووتەکانی ئێوەیە، بەشانی کوردەوە ئیعلان ئەکا نەتیجە، کە بەرزی و سەعادەتە
ئەیلوول و ڕۆژی شوومی شەشی تاکو نەفخی سوور ڕۆژی عەزا و ماتەمی ئێوەی وەسییەتە
ئەم ڕۆژە، ڕۆژی شیوەن و گریانە تا ئەبەد ئەم ڕۆژە، ڕۆژی ماتەم و ڕۆژی عیادەتە
ئەم ڕۆژە، ئەم مەزاڵیمە، تا ڕۆژی ڕەستخێز سەر لەوحەی سەحایفی تەئریخی ئوومەتە
ئاهی شەهیدی وەتەن، خوێن ڕژاوەکان تەئریخییە و ئەگاتە خوا، ئەم هەناسەتە

1930

بۆ ئاهەنگی کۆمەڵی زانستی کوردان

[edit]
ئەم ئیجتیماعە بۆ مەهی عیززەت بەراعەتە بۆ قەومی کورد، نیشانەی سوبحی سەعادەتە
بوغز و غەرەز، نیفاق و حەسەد، کینە و شقاق بوونی فەلاکەتێکە، نەبوونی سەلامەتە
بۆ میللەتێکی موبتەدی یەک بوون و ئتیحاد ئەسبابی ئیعتیلا و تورەقی و ئووخووەتە
میللەت ئەگەر بڵاو بێ، وەکوو ئاردی ناو دڕک ئاساری ئینقراز و بەڵا و موسیبەتە
بوغز و نیفاق، موجدی زولل و تەدەنییە شۆڕ و شیقاق، مەحفەری ئەنواعی زیللەتە
بۆ ئیعتیلای قەوم و تەرەقی وڵاتەکەت تەرکی غەرەز، عەلامەی قەدر و فەزیلەتە
بەم ئیتیفاقە ڕۆژی سەعادەت تڵووع ئەکا ئەم ئیحتیفالە، جەژنی تەعالی و فتووەتە
ئەم ئیجتیماع و کۆمەڵی یەک بوونە تا ئەبەد بۆ ڕەفعی ئیختیلاف، ئەمینم، نیهایەتە
فەرموو درەنگە دەست بدەنە دەستی یەکتری میللەت بە دڵ کە یەک بوو، بیناغەی بەقووەتە
«زانستی»، مافی کیانی بە جەوهەری عموومەوە بەسراوە بەم جەماعەتەوە، ڕۆژی هیممەتە

بۆ ئیسلاحی ئاوی قولە

[edit]

ئەم قتعەیە بۆ تەئریخی ئیسلاحی ئاوی قولە لە ڕانیە، لەسەر تەکلیفی قائیمقامی ڕانیە «ڕەشید سدقی» وتوومە.

سەد شوکر وا لە مەنتیقەی پشدەر هاتە ڕانیە، هومای ئەوجی زەفەر
یەعنی «سدقی» جەنابی قائیمقام ساحبی عەدل و داد و فەزڵ و هونەر
«ڕانیە»ی کرد بە «جَنَّةُ الْمَأْوَىٰ» لایقە بیکەیە سەری ئەفسەر
ساڵی تەئریخی تۆش بنووسە، بڵێ: «اوەکەی کرد بەچشمەی کوثر»

1943/01/10

هەناسەی ساردی، شەوی ژینی تاڵ

[edit]

بەهۆی ئەوەی کە «شێخ لەتیف» لە بەسرا، لە بەندیخانە بوو ئەم قەسیدەیە وتراوە

هەناسەی ساردی، شەوی ژینی تاڵ خۆ تۆ تیژتری، لە سروەی شەماڵ
هەڵسە و داوێنت، بکە بەلادا وەک تەتەر بڕۆ، بەڕێی هەوادا
بە ئەرزا مەڕۆ، ڕێگەت لێ بەسرا بە ئاسمانا، بڕۆ بۆ بەسرا
بگەڕێ بەناو، شاری بەسرادا بپرسە سجن، وا لە کام لادا
تۆ نەبی هیچ کەس، ناگاتە ئەوێ تۆی بە ڕۆژ و شەو، سروەت ناسرەوێ
لە درز و کونی قفڵ و دەرگاوە بچۆرە ژووری بە شنەی باوە
ئەچی بەدرزا، باریکی و زەعیف بکە بە ژوورا، بۆ لای شێخ لەتیف
باوەشێنی کە فێنک بێتەوە عارەقی لەشی دامرکێتەوە
ئەمجا بڵێ ئەی، دوو چاوی «نووری» وا نووری ئەمرێ، بە دەردی دووری
ئەناڵێ و ئەڵێ، بەدەم دەردەوە بەچاوی سوور و ڕەنگی زەردەوە
شەرت بێ هەتاکوو، جێی تۆ بەسرا بێ تا دەرگای خۆشیی، لە تۆ بەسرا بێ
تا بەندیخانە، بۆ تۆ مەئوا بێ خۆشی و پێکەنین، لام تەوەللا بێ
تا شنەی شەماڵ، نەشنێتەوە نەدا لە پەڕەی، نەپشکووتووی گوڵ
دەم نەداتەوە، غونچەی تەنگی دڵ ساوای ناو بێشکەی دڵ نەخنێتەوە
ڕۆژی ڕووناکم، با شەوەزەنگ بێ دڵەی ڕاهاتووم، بە خەم با تەنگ بێ
نەیماوە لە تاو، دووری تۆ نووری تەرانەی خۆش و شیعری مەشهووری
ئێستا بەهاری، خۆشیم خەزانە ئیشم لەباتی، سەیران گریانە
فرمێسکی چاو و دوودی هەناسەم برووسکەی هەوری، تامەزرۆ و تاسەم
ئەدەن بەیەکدا، وەک هەوری بەهار خوێناو بەلافاو، لە چاو دێتە خوار
ئەڕژێ بەسەر، بیر و خەیاڵا بە زەوی و زاری، ژیانی تاڵا
دڕک و داڵی خەم، دێنێتە بەرهەم شایی و سروورم، ئەکا بە ماتەم
گلەیی مەکە، نووری چاوانم نەماوە بیر و هۆشی جارانم
ئێستا بولبولی، خۆشخوانی فیکرم لەگەڵ نیگاری، ڕازاوەی شیعرم
دەس لە ملانی یەک نابن وەک جاران بەخۆشی بچن بۆ سەیر و سەیران
ئەو بەدەنگی خۆش، بڵێ گۆرانی ئەم شیعر بڵێ، بەکامەرانی
خۆ نەخوازەڵا، دنیاش وەهابێ بەدەوام ترسی، گرتنت لا بێ
چاوەڕێ بێ کەی، تووشی بەڵا بی تووشی لێدان و جەور و سزا بی
شاری چی، بێ دەنگ، وەکو وێرانە کوندەبوو بە شەو، تەرانە خوانە
شادی و پێکەنین، لای کەس نەماوە بەسەریا خۆڵی، مردوو بێژراوە
زوبان لاڵ، گوێ کەڕ، دیدە نابینا عالەم دێ و ئەچێ، وەکو مقەبا
کام زوبان تۆزێ، تەڕ و پاراوە سەد پشکۆی سووری، پیا چزێنراوە
کام گوێ ببیسێ، خراپەی وەزیر خاوەنی ئەدرێ، لە کۆتە و زنجیر
کام چاو کردەوەی، ناڕێکی دیوە گلێنەی بەدار، زوو دەرپۆقیوە
لە ترسا لە ماڵ، نایەمە دەرێ ئەگەر لافاوی، خوێن بێ و سەر بەرێ
ئەستێرەی گەشی، سەمای هۆش و بیر لە هەور و هەڵای، تەمی ماتەما
گیرۆدە و داماو، زەبوون و ئەسیر لە دەریا هەوای، بێ بنی خەما
نوقمە و پڕشنگی، چاوی نەماوە ڕەنگی ڕووناکی، لە ڕوو بڕاوە
ئەپاڕێمەوە، لە قاپی یەزدان لەلات دانیشم، نەختێ وەک جاران
بەڵام ئەترسم، بەئاوات نەگەم ئاواتی دڵم، لەگەڵ خۆم ببەم
لە قەبریشا دڵ، تۆزێ نەسرەوێ خەوێکی خۆشی، هەر لێ نەکەوێ
بە ئازارەوە، هەر بتلێتەوە ڕۆژی ڕووناکی، لێ نەبێتەوە
ئەی نووری دیدە، من تکام وایە هەر ڕزگار ئەبی، ئەمە دونیایە
کە هاتیتەوە «نووری» نەما بوو خۆی و ئاواتی، هەردوو نێژرا بوو
ڕۆژێ بە هەوەس، وەرە سەر قەبران بن ئەرخەوانێ، لە گردی سەیوان
بەدووکەڵی ڕەش، دڵەی سووتاوم بەڕەنگی سووری، خوێناوی چاوم
کێلی قەبرەکەم، سوور هەڵگەڕاوە ڕەنگی خۆڵەکەی، ڕەش داگیرساوە
هەر تاقە تۆزێ، ورد ببیتەوە قەبرەکەی «نووری»، ئەناسیتەوە
لەناو سەد قەبرا، قەبری من دیارە خاک و خۆڵەکەی، مات و غەمبارە
خۆی هاوار ئەکا، من قەبری نووریم کوژراوی ئێشی، زامی ڕەنجووریم

1957/12/23
سلێمانی

دیناری مووەزەفین

[edit]

بەبۆنەی دەستکورتی و مانگانە کەمیی زەمانی جارانی مووچەخۆرەوە وتراوە

هەر خار و خەسی شوومییە، گوڵزاری مووەزەف کاوول بووە، جێی کوندەبووە شاری مووەزەف
خوێنی جگەرە بۆتە شەراب و مەیی مەئموور دەنگی دڵە، ئاوازی نەی و تاری مووەزەف
مەئموور وەکوو «شێخ هۆمەر»و وەزعیش بەمەسەل مار خۆڕایی نییە، ناڵە و هاواری مووەزەف
ناکا بەشی قاوەڵتیی ڕۆژێکی من ئەمساڵ سەد خۆزگە بە دینارێکی پێراری مووەزەف
هێند عاجزی قەرزارییە، هەر گەیییە سەری مانگ کافر بێ بە جەستەی دڵی غەمباری مووەزەف
سەد درهەمە، نۆتێکی ئەم و ئەو لە ڕەواجا پارە، یەک و پێنجیش نییە، دیناری مووەزەف
ئەستێرەی سەرشانی من و تۆ بوو وەزیفە دوێنێ، کەچی ئەمڕۆ بووەتە باری مووەزەف
وا پاییزی غەم، باخی بەهاری فەرەحی کوشت غونچەی گڵەزەردە، گوڵی گوڵناری مووەزەف
وەزعی دڵی ئەمساڵی مەعاشم کە ئەبینم سەد خۆزگە ئەخوازم بە دڵی پاری مووەزەف
یاڕەبی ئەوەی دوژمنە بەم میللەت و خاکە بێ حورمەتی کەی، هەر وەکوو دیناری مووەزەف

1942

حەقە ئەمڕۆ

[edit]
حەقە ئەمڕۆ بدا تانە لە ماهـ و مشتەری و ئەختەر سلێمانی بە شیعری ئێوەوە ناویەتە سەر، ئەفسەر
تەماشای لاپەڕەی ژین کەن، نییە جێ نوختەیە خاڵی لەبەر ئەشعاری تازەی شاعیران، ئەم سەر هەتا ئەو سەر
ئەبینی شیعری لوجنەی فەحسی تووتن، بێشەمە و بۆندار ئەبینی میسرەعی وا قامەتی بەرزە وەکوو عەرعەر
ئەبینی شیعری «سیدقی» پڕ لە نوکتەی خۆش و مەعنیدار لەسەر ماڵی «مەلا» شەڕیە لەسەر پێیە وەکوو وەروەر
ئەبینی شیعری وا پڕیە لە قەیسی و مێوژ و بادام فەساحەت جیڕ و هوڕی دێ لەوێدا وەک کەلەرمی تەڕ
لە ناو ئەشعاری ئەم خۆراکە نایابانە شیعری کۆن ئەشوبهێ هەر بەتەشپی پڕ لە ترخێنە و لەپەی ساوەر
شوکر فەوتا «جیناس» و قاعیدەی تەشخیس و ئیستیفهام هەتا کەی بۆ «تەزادێ» دابمێنم والە و موزتەر
هەتا کەی من مقەیەد بم بە قەیدی قافیە و ئەوزان هەتاکوو کەی «تەجاهول عارفانە» بێنمە دەفتەر
لەگەڵ تەردید و قەتعا، بۆ نەکەم قەتعی عیلاقەی دڵ بە کەڵکی چیم ئەشێ، غەیری خەفەت هێنان و دەردی سەر
دەبا بڕوا «وضوح» و «ئيستيعاره» گۆڕی با گووم بێ ڕجوع و «حوسنی تەعلیل» و نیدای حسی بەدیع ئاوەر
لە بۆ چیم چاکە بەینێ دابمێنم بۆ «لەف و نەشرێ» «مرەتەب» یا «مشەوەش» بۆ بە دڵما چێ وەکوو نەشتەر
بە قانوونیش مووزەف گەیییە حەددی خۆی تەقاویتە تەمای چیمان هەیە، تاکەی بژی شیعری من و زێوەر

1941/02/25