دیوانی شێخ نووری/شیعری نیشتمانی
Appearance
بە من بڵێ چ میللەتێ
[edit]بە من بڵێ چ میللەتێ لە مەقبەری مەماتەوە | لە مەحو و ئینکیسارەوە، لە دەورەیی نەهاتەوە |
نەچۆتە ناو موجادەلەی حەیاتەوە | |
گەلی براو لاوی کورد، لە یاری دوور وڵاتەوە | شەوێ نییە بەهۆی «ئەسیر» لە غەربی ئاسیاتەوە |
نەویدی خۆشی لە ئێسگە دەنگ نەداتەوە | |
دەمێ بە قەلبی زارەوە، بەچاوی ئەشکبارەوە | گەهێ بەعوود و تارەوە، بە هەیبەت و ویقارەوە |
هیوا نەخاتە ناو دڵی وڵاتەوە | |
ئەڵێ کە ڕۆژی کورد ئەوا بەڕێوەیە لەدەم کەلا | لە ئوفقی نیشتیمانەوە، خەریکە وا شەبەق ئەدا |
بەعالەما بەجارێ شەوق ئەداتەوە | |
مەوەستە ڕووکەرە هیوا، مەپرسە دەشتە یانە کێو | مەترسە تۆ لە سەغڵەتی فراز و زەحمەتی نشێو |
کە هەوڵە هەر گرەو لە دەهر ئەباتەوە | |
بەسە زەمانی غیرەتە، چ وەختی خوابی غەفڵەتە | زەمانی هەوڵ و هەڵمەتە، هەلێکی زۆر بەقیمەتە |
نەوەک فەلەک لە دەستی تۆی بکاتەوە | |
لە کۆسپی ڕێگە سڵ مەکە، بڕۆ بەرەو شەقامی ژین | لەگەڵ سەباتی کوردەواری پێچەوانەیە بەزین |
خوداش لەو هەوڵە ئاوڕێ ئەداتەوە |
نەورۆز
[edit]ئاگری نەورۆز بە شاپڵیتە و پەڕۆ ناکرێتەوە | زوو ببێتە خۆڵەمێش و تینی دابمرێتەوە |
ئاگری نەورۆز، بە گیان و دڵ ئەبێ وا خۆش کرێ | گەر بەخوڕ دیجلە و فوڕاتی بێتە سەر نەکوژێتەوە |
هاتوو گەر شێتانە مەنعی جەژنی نەورۆزت کرا | لازمە گیانت بە مەردی بیخەیە ژێر پێتەوە |
دەست و پێ، ئێسکی شکاو، چیلکە و چەوێڵی چاوگە بێ | لاشە هەروەک داری «زەنگەقڵیشە» کۆبکرێتەوە |
خوێنی لاوان نەوت و بەنزین بێت و بڕژێتە سەری | گڵپەیەکی وا بسێنێ شەوقی دانەمرێتەوە |
پیاو بزیڕێنێ وەکوو شێری ژیان هەڵمەت بەرێ | ژن بە دەوری ئاگرا بگری و بلاوێنێتەوە |
خۆش ئەبێ ئەوسا بڵێسەی ئاگری نەورۆزەکەت | ئەو حەلە سەیری گوڵی کە، چۆن دەمی ئەکرێتەوە |
دەس ئەکاتە پێکەنین بۆ بلبلی باخی وەتەن | هەربەیەک سروەی بەیان ئەشنێتەوە و ئەخنێتەوە |
چەند بەخۆشی بولبولی خۆشخوان ئەخوێنێ بۆ گوڵان | چۆن چریکەی سەر چڵی، عەرشی عەزیم ئەگرێتەوە |
بەو زوبانی حاڵە خۆشە ئەم نزایەت بۆ ئەکا | ڕەبی ئەم ڕۆژە هەموو ساڵێ بەخۆشی بێتەوە |
1958/03/21
هاواری وەتەن
[edit]دوێ شەو لە خەوا دیم کە ژنێ موشفیق و مەعسووم | هاواری ئەکرد، من وتەنم مادەری ئێوەم |
ئەیفەرموو بە حوزنێکەوە زۆر عاجز و مەغمووم | هەم داری سەمەردارم و هەم لەزەتی میوەم |
*** | |
گەر ئاو بدرێم و بە شەفیقانە بکێڵرێم | پشکووتنی گۆپکەی ئەمەلم حازری ئانە |
ئەو خەلفەنەمامەی، لق و پۆپ ناسک پیریم | بێ ئاوییە ئەسبابی بەهارم کە خەزانە |
*** | |
بێ لوتفی و بێ خزمەتی ئێوە سەراسەر | ئەوراقی ئەمەل، غونچەی ئومێدی وەرانم |
گەر بێتو بکەن ئێوە موبالات بە ژیانم | ماندوو ئەحەسێنێتەوە، هەم سێبەر و هەم بەر |
*** | |
ئەی ڕۆڵە، جگەر گۆشەی ئافاقی ئەمەلمن | ئەمڕۆیە کە موحتاجی وەفاو خزمەتی ئێوەم |
ڕووناکی چاوانم، دەرمانی سپڵمن | سبحەینێ منیش باعسی حوڕییەتی ئێوەم |
*** | |
ئاودانی من و خزمەتی من، عیلم و فنوونە | تەحسیلی مەعاریف، سەمەر و قیمەتی ژیانە |
قەومێ کە لە عیرفان و ئەدەب زەڕڕەیە دوونە | هەر موزمەحیلە ئاخری موحتاجی دونانە |
ڕۆژنامەی «ژیانەوە»
1925
ئەی ڕۆحی ڕەوانم
[edit]ئەی ڕۆحی ڕەوانم مەبە لەم وەزعە موکەددەر | بێهوودە مەکە خۆت بە خەیاڵاتەوە موغبەر |
حاجەت بە ئیشارەت نییە، وەک ڕۆژ ئەدرەوشێ | شوعلەی زەفەرە، عاقیبەتی جەیشی موزەفەر |
نیزیکترە ئەو ڕۆژە لە قەوسەینی ئەو ئەدنا | دنیا کە ئەبێتە گوڵ و گوڵزاری موعەتەر |
هەر قەومی پەرێشانە ئەناڵێ بە جەفاوە | هەر میللەتە جەرگ و دڵی جنراوە بە خەنجەر |
هەر چاوی ستەمدیدەی ئەقوامی زەعیفە | پڕ قەترەی خوێناوە مەلوولانە، موکەددەر |
هەر خونچەی سیسی دڵی کوردانە دەڵێ کەی | ئەکرێمەوە ڕۆژێ بە هەوایەکی موعەتەر |
ئەم عالەمە بەم ڕەنگە بپاڕێتەوە لای خوا | بکوڵێ دڵی ئەم خەڵقە وەکوو جۆشی سەماوەر |
ئامالی بەشەر بەستە بێ بەم ڕۆژەوە بالله | شوبهەم نییە ئەو نەسرە کە نووسراوە لە دەفتەر |
تۆ ئەو دەم و ڕۆژەی عەلەمی نەسری نیهانی | ئەشنێتەوە وەک ڕۆحی زەفەر دیدە لەسەر سەر |
بڕواننە ئەم کوردە بە چاوێکی عەدالەت | ئیتر بەسە گەردن کەچی و ژینی موحەقەر |
چواردەی تەممووز
[edit]چواردەی تەمموز و ڕۆژانی دوای ئەو | کەس نەیئەوێرا بیبینێ بە خەو |
هەناسەی سارد و هەنسکی گیراو | لەگەڵ هاواری بێدەنگ تێکەڵاو |
زوبانی لاڵی پشکۆ پیا چزاو | گەرووی وشکبووی، نووزە لێ بڕاو |
بەبیری کێدا ڕائەبوورد دوێنێ | گیروگرفتی هیچ تیا نەمێنێ |
زوبان بەم ڕەنگە تەڕ و پاراو بێ | ڕقی لە دەنگی کپ و نووساو بێ |
لەشی بێ تاوان بەدەم دارەوە | لەت لەت بوو ڕزی کەوتە خوارەوە |
خاڵ و خوشکەزاش بە تەلارەوە | بە دەنگی نای و عوود و تارەوە |
بە ویسکی و کچی چاو خومارەوە | شەوان ڕابوێرن بە قومارەوە |
بە بیری کێدا ڕائەبوورد یاران تەلار ببێتە گۆڕ و گۆڕستان | |
باسی ئازاری نینۆک دەرکێشراو | لەش هەلاهەلای دەست و پێ شکاو |
دایکی توند کراو لە بەندیخانە | ڕۆڵە جێماوی خانەوێرانە |
ڕۆڵەی باب خنکاو، دایک حەپس و دیل | کوڕووزانەوەی، هەتیوی زەلیل |
بە بیری کێدا ڕائەبوورد دوێنێ وا شەعب لە خەو زوو ڕاپەڕێنێ | |
پریاسکەی شیعری تووند گرێ دراو | لە ترسی گەڕان لە کوون ئاخنراو |
بیری ئازادی، وتاری نووسراو | لە کونە مشکی قووڵا هەڵگیراو |
وتاری جوانی تێکەڵاو بە خۆڵ | شیعری شاراوەی لە چیا و لە چۆڵ |
بێنرێتە دەرێ و بخوێنرێتەوە | باسی ڕابووردوو بگێڕێتەوە |
چواردەی تەمموزە و جەژنی هەژاران | بە زێڕ بینووسن لە مێژووی جیهان |
ڕۆژی ئازادی عەرەب و کوردان | جمهووریەتی تیا کرا ئیعلان |
1958
«١٤»ی تەممووزی ١٩٥٨
[edit]ئیمڕۆ کە چواردەیە لە تەمموز جەیشی بێ ئەمان | ئازانە هاتە کایەوە وەک کێوی پڕ لە گیان |
دەسیان بەجارێ دایە دەس یەکتر هەموو | جەیش و شەعب مەرامی بە مەردانە خستە ڕوو |
وەک «دجلە» جەیش بەهێزی گەلی بێ حیسابەوە | بوونە شەپۆل و چوونە سەراپای ڕەحابەوە |
شێرانە جەیشی داغ لەدڵ و شەعبی قارەمان | کەوتوونە خوێنڕژاندنی میللەت فرۆشەکان |
وەختێ کە پێ ئەزانێ سەگی هاری لاشە خۆر | دێتە دەرێ لە دەمییەوە کوفر و جنێوی زۆر |
وایزانی کەس نییە بە نەزەر کیبریایەوە | بۆ داچڵەکاندنی دڵی ئەو بێتە کایەوە |
نەیزانی ئاخری نەفەسی زوڵم و زۆرییە | چواردەی تەمموز کوژاندنەوەی تیشکی خۆرییە |
چی تیابوو کۆشکی گەورە، بە شا و ئیشگوزارەوە | کوژران، لە پاش ئەوە کە خەبەر کەوتە شارەوە |
عالەم ڕژایە قەسرەوە، ناو ژوور و ناو تەلار | لاشەی گەماڵە گەورەکەیان خستە ناو هەزار |
هەروەک سەگێکی بۆگەنی تۆپیو لە ڕێ گوزار | کەنناسەکان کە ئەیبەنە دووری کەناری شار |
وا پەت خراوەتە قولە پێی ڕائەکێشرێ | ئەمری شەعب وەهایە کە نابێ بنێژرێ |
لاشەی کرا بە داری سزادا بە پێکەنین | عەبدولئیلاهی زۆڵ و وەلی عەهدی نائەمین |
کوژراو پارچەپارچە کرا دەست و پێ و لەشی | خوێنخوار و بێ شەرەف ئەمەیە ئاخری بەشی |
نووری سەعید بە بەرگ و عەبایی ژنانەوە | کوژراو دەست و پێ و ملی لێک جیاکرانەوە |
ئەو چاڵی قووڵی حیلفە کە بۆ کوردی هەڵئەکەن | خۆی کەوتە ناوی بێ سەر و پێ، بێ لەش و بەدەن |
ئیعلانی حوکمی تازە بە جمهورییەت کرا | کورد و عەرەب شەریکە بەشن هەروەکوو برا |
نێررایە شوێن عەدالەتی مەحکوومی دەس بەسەر | هێنرایەوە خرایە سەری، ئەفسەری زەفەر |
ئەو عەدلی دەرکراوە لە دووری وڵاتەوە | چواردەی تەمموز بەخۆشی و سەربەستی هاتەوە |
ویجدان و حەقپەرستی لە مەنفا گەڕانەوە | تەسلیمی دەستی حاکمی عادیل کرانەوە |
ئەو کۆمەڵەی عەدالەتی خستبووە بەندەوە | گیران و دەست و پێ بە کەلەپچە و کەمەندەوە |
زیندانە قووڵەکەی گەلی تیابوو بەداخەوە | جێگەی ئەوانە ئێستە بە ئۆف و بە ئاخەوە |
کوێ ئارەزوو ئەکەی بچۆ سەربەست و دڵنیا | جاسووس و ترسی گرتن و لێدان و شەق نەما |
ئەمجا بنوو بەبێ خەم و بێ ترس و بێ خەیاڵ | ئیتر نەما ژیانی زەلیلانە، ژینی تاڵ |
خۆش موژدە بێ منیش تا ماوە ڕۆحەکەم لە لەشا | ئەم دوعایە بۆ «عەبدولکەریم قاسم»ی باوکی هەژار ئەکەم |
ڕەبی بژی بە سوودەوە بۆ خاکی نیشتمان | بۆ تۆڵە سەندنی گەلی مەزڵووم و ناتەوان |
1958/08/08
لەگەڵ «عەلی کەمال باپیر» بەیەکەوە دایانناوە
[edit]وا موبەدەل بوو بەخۆشی دەوری ئیزمیحلالی کورد | خاتیمەی هات و نەما، ئەیامی ئیستیزلالی کورد |
بۆ گەیشتن بەم دەمە، بەم ڕۆژە بوو، ئامالی کورد | حەمدی بێ حەدد بوو، خودا دیم ڕۆژی ئیستیقلالی کورد |
پڕ زیا و ڕەخشندە هەڵهات کەوکەبی ئیقبالی کورد | |
قاپی ڕەحمەت گوشادە، دەرکی زیللەت داخرا | چونکە مەحموودێ لەسەر تەختی عەدالەت دانرا |
موژدە بێ ئەی قەومی کورد، نووری سەعادەت هەڵکرا | پەردەیی تاریک و دەیجووری مەرارەت لادرا |
ڕۆژی ئازادی هەڵات، ڕووناکە ئیستیقبالی کورد | |
میللەتێکی وا قەدیم، قەومێکی مەشهووری جیهان | مالکی خاک و وەتەن، ساحیبی تەئریخ و زبان |
عەیبە ئیتر خزمەتی خەڵقی، لە زیللەتدا ژیان | بەسیە ئەی خزمینە بوغز و کینە، با یەکدڵ بە جان |
تێبکۆشین بۆ تەرەقی شەوکەت و ئیجلالی کورد |
نۆبەتی سەعییە، زەمانی عەیش و خۆشی و شادییە
[edit]نۆبەتی سەعییە، زەمانی عەیش و خۆشی و شادییە | جەژنی ئیستیقلالە، ڕۆژی خوڕەمی و ئازادییە |
قەومی بێ ئیدراک و بێ حس، بێ بەش و بێ قسمەتە | تێبفکرە میللەتی غەییورە، ساحیب عیزەتە |
ئەمڕۆ ڕۆژی سەعی و تێکۆشینە، وەقتی غیرەتە | یەک نەفەس غافڵ مەبن، هەڵسن براگەل فرسەتە |
بۆ تەعالی جەد و جەهدێ کەن، زەمانی غیرەتە | ڕۆژی سەربەستی، زەمانی عەیش و نۆش و عوشرەتە |
ئەی جوانانی وەتەن، ڕۆژی تەرەقی میللەتە | قەومی کورد، ئیتر نەجاتی بوو لەدەس ئەم زیللەتە |
هەرچی باش و چاکە بیکەی، وەقتی سەرفی هیمەتە | هەچ کەسێ کۆشش نەکا، ڕاستت ئەوێ بێ مروەتە |
وەقتی تێکۆشینە، ڕۆژی ئیستیقامەت، عیفەتە | مەقسەدی کورد هەر تەرەقی دینی ئیسلامییەتە |
سا دەخیلتان بم، زەمانی ئیتیحاد و ئولفەتە | ئەمڕۆ ڕۆژێکی بڵند و گەورە و زی قیمەتە |
یار و یاوەرمان بەبێ شک ڕۆحی پاکی حەزرەتە | |
ڕۆژی ئازادی هەموو کوردانە، جەژنە، شادییە جەژنی ئیستیقلالە، ئەمجا نۆبەتی ئازادییە | |
مورشیدان، ئەی ئەو خەلیفانەی تەریقەت دائەدەن | |
ئەی مەلا ئیتر لەسەر فیکری عەتالەت دەربکەن | گەر سەوابی ڕۆژی حەشرت لازمە بێ دەردی تەن |
بێتەوە پڕ عەیش و پڕ شەوق و مەسەڕڕەت، شۆخ و شەن | بۆ تەعالی قەومی خۆتان هیمەت و غیرەت بکەن |
بەسیەتی ئەی شاعیران تەعریفی خەت، چاهی زەقەن | بەسیەتی مەئموور، ئیتر باسی مەعاشم بۆ مەکەن |
بۆ وەتەن بۆ دین و میللەت، بێن نەسیحەت دابدەن | بۆ تەرەقی میللەت، ئێوە با بکەن سەرفی بەدەن |
سەد شوکر لاچوو لە ئاوێنەی دڵا، ڕەنگی میحنەن | بەسیەتی دەردی نیفاق و شۆڕش و بوغز و فیتەن |
عەیبە با ببڕێتەوە کیبر و حەسادەت «ما»و «من» | ئێوە نازانن هەموو ئەولادی ئەم شاخ و دەرەن |
ئەی جوانان، ئەی خیرەدمەندانی ساحێب عیلم و فەن | ئەی عەزیزان، ئەی نەجیبانی جگەرگۆشەی وەتەن |
ڕۆژی سەعی و غیرەتە، هەنگامی کەیف و شادییە جەژنی ئیستیقلالە، ئەمجا نۆبەتی ئازادییە |
بۆ ساڵی ١٩٢٦
[edit]ئەی ساڵی جیهان دیدە، ئەیا سەحنەیی میحنەت | ئەی ساڵی گوزەشتە، سەنەیی ماتەمی ئوممەت |
ئەی سەحنەیی گریان و فیغان، شیوەن و زیللەت | جەللادی جگەر ئاهنی بێ شەفقەت و ڕیققەت |
ئەی نازری سەد مێشکی پژێنراوی بە قیمەت ئەی ساڵی گوزەشتە، جگەرت لەت لەتی غەم بێ | |
*** | |
سەیری کە، کە چەند لاشەیی لاوی وەتەنت دی | خۆت ورد بەرەوە، چەند سەری جیا و چەند بەدەنت دی |
چەند خانەیی وێران و دڵی پڕ میحنەتت دی | چەند ناڵەیی ژن، لاشەیی بێ کەفەنت دی |
برسی و ڕەش و ڕووت، غەمزەدە، چەن شۆخ و شەنت دی ئەی ساڵی گوزەشتە، جگەرت لەت لەتی غەم بێ | |
*** | |
تێفکرە کە ئەم سێ سەد و شەست ڕۆژ و کسوورە | هەر سانییەیەکی غەم و ئالام و فتوورە |
ڕۆیشتنەکەت تا بەقەدەم عەیب و قسوورە | بەم خوێنە ڕژاوانە و بەم شوور و نشوورە |
سەفحەی هەموو تەئریخی جیهان، ماتەم و سوورە ئەی ساڵی گوزەشتە، جگەرت لەت لەتی غەم بێ | |
*** | |
ئەم زوڵمە کە دی میللەتی ئەم کوردە لە تورکان | نەیدیوە زەمانە چ لە ئینس و چ لە شەیتان |
دەعوایی حەقی میللەتییەت و گۆشەیی زیندان؟! | پاڕانەوە بۆ ژین و تەنافی مل و خنکان؟! |
هاواری وەتەن کردن و کوژران و فڕێدان؟! ئەی ساڵی گوزەشتە، جگەرت لەت لەتی غەم بێ | |
*** | |
ڕۆیشتی لە دوای تۆ، جگەری پارە بەجێ ما | ملیۆنێ عیال و ژنی ئاوارە بەجێ ما |
چەند عائیلەی بێکەس و بێ چارە بەجێ ما | زنجیر و کەلەپچە و پەتی سیدارە بەجێ ما |
ملیارێ دڵی خەستەو و غەمخوارە بەجێ ما ئەی ساڵی گوزەشتە، جگەرت لەت لەتی غەم بێ | |
*** | |
ئەی ساڵی جەدید، هاتنی تۆ دوور بێ لە ئافات | تۆش وەک خەلەفت، ئەو بەجەزا، تۆ بەموکافات |
خێر بێ قەدەمی تۆ بەتەلافی هەموو مافات | شەرتم ئەمەیە تا دەمی مەحشەر بە مەقامات |
ئەم شیعرە ئەکەم من بە تەمەننا و موناجات ئەی ساڵی گوزەشتە، جگەرت لەت لەتی غەم بێ |
ئەمشەو بوو لە خەوا
[edit]ئەمشەو بوو لە خەوا من بەدیهی وەتەنم دی | زۆر جوان و بەشووش و فەرەح و شۆخ و شەنم دی |
مەسروور و تەڕ و تازە و خونچە و دەهەنم دی | خۆش عیشوە وەکوو ئاهووی چین و خوتەنم دی |
پرسیم چییە ئەم خۆشی و ئەم زەوق و سەفایەت | ئەم شادی و شەوق و تەڕەبی بێ حەد و غایەت |
فەرمووی کە لەمەوپێش منی بێچارە ئەسیر بووم | بەینێ بوو بەدەس جەور و جەفای تورکەوە پیر بووم |
بێ مایە و بێ سەروەت و بێ حاڵ و فەقیر بووم | مەبهووت و پەرێشان و خەفەتبار و زویر بووم |
ئێستاکە خەلاس بووم لە جەفا و وەحشەتی تورکان | ئازادم و خۆش وەقت، وەکوو خونچەیی خەندان |
ئەوسا کە وسائیت لە عیراقی هەموو هەر کەر بوو | «لۆکس» نەبوو ناویشی قوتووی نەوت و فەنەر بوو |
ئەم خەڵکە هەموو دەربەدەر و خەستەجگەر بوو | بێ مەعریفەت و سەنعەت و بێ عیلم و هونەر بوو |
ئێستاکە تەیارە هەیە جا من لە کەرم چی؟ | من تازە لە تورکی قەبە و بێ هونەرم چی؟ |
قابیل نییە دەرچێ لە دڵ ئەو جەور و ئەزایە | ئەو غارەت و بردنی ماڵ و کەر و گایە |
ئەو بێ مەزهەبی و کافری ئیسلامی نەمایە | بێ ڕەحمی ئەو قەومە کە دەرچوو بوو لە غایە |
چۆن تازە فەرامۆشی ئەکا کوردی عیراقی | زوڵم و ستەمی تورک و جەفا و جەور و نیفاقی |