دیوانی شێخ ڕەزای تاڵەبانی/پیتی ق
Appearance
1
[edit]سوپای غەم دەورەیان دام دەس بە مەترەق | لە پاش تەشریفی تۆ دایانمە بەر شەق |
تعالىٰ الله لە جەللادی فیراقت | دەڕێژێ بێ موحابا خوێنی ناحەق |
مەپرسە بۆ لە هیجرانت نەمردم | کە من سەگ مەرگم و گیان سەخت و دڵ ڕەق |
کە زینیان خستە سەر پەشت ماینە ڕەش کوێت | گەڕا چاوم لە تاوان زەرد و ئەبڵەق |
لە شەوقی تۆ وەکوو مەنسووری حەللاج | خرووسی تەبعی من ئەیگوت: أنا الحق |
لە بەزمی خەسرەواندا یەک زەمانێ | مورەخخەس بووم وەکوو دەستووری موتڵەق |
ئەمێستاش تاقەتم تاقە و پەرێشان | خرووسم ئەخرەسە و حاڵم موفەششەق |
لە بەر هەیوانی مزگەوت ئێستە بێ تۆ | وەها دێم و دەچم وەک حاجی لەقلەق |
ئیلاهی عومر و جاهت بەرقەرار بێ | عەدووت سەرنگوون بێ و خۆت مووەففەق |
سمێڵی شێخ ستار حَبلُ المَتينە | کەلامی شێخ ڕەزا وەحیی موسەددەق |