Jump to content

دیوانی مەحوی/ژ

From Wikisource
118915دیوانی مەحوی — پیتی ژ1896مەحوی

-١-

[edit]
رووتی دی لەو رۆژەوە، گەر رۆژە سەرگەردانە رۆژ گەییە ئێوارە وەکوو من، ئیشی قوڕپێوانە رۆژ
رەھڕەوی ڕێگەی مەحەببەت وا دەبێ، ھەر سەعیەتی تا ھەیە لەم ڕێگە ئاخر کاری سەردانانە رۆژ
لاجەرەم کردوویە نووری جیلوەی ئەو ماھە بە چاو دەوری بۆ ئەو شەمعەیە دایم وەکوو پەروانە رۆژ
شەو بە ئێمە با نەویدی ھاتنی جانانی دا یەعنی: ئەی شەونم گەلینە! موژدەبێ میوانە رۆژ
مەتڵەبت گەر یارە، ھەر سەعیت بەکارە دائیما بۆ تەوافی قاپییەک وا بەر زەدە دامانە رۆژ
شەو دەبێ بادەی لە دەستی ساقییەک وەرگرتبێ ئەم سبەینێییە لە مەشریق دێتە دەر مەستانە رۆژ
ئەڵبەتە مەجنوونی رۆژی روومەتی لەیلایەکە موتتەسیل، شام و سحەر، کەوتۆتە ئەم شاخانە رۆژ
ماھەکەم ئەمشەو شوکر پڕ تەوفشانی خانەیە قەت لە دەرگا دەردەچم گەر بێتە ئەم سەربانە رۆژ
ئەم گلاراوەی لە عیشقا تا قیامەت ھەر دەبێ سەد مەسیحا چاری ناکا، دەردی بێ دەرمانە رۆژ
رۆژو شەو ئەم سەرزەمین و بن زەمینەی پشکنی نەبووە شوێن ھەڵگر لە عەکسی جیلوەی ئەو جانانە رۆژ
رۆحی بەفداکە، بزانە کێیو چەوگان بازەکە ((مەحویا)) چەوگانە عیشق و گۆیە لەم مەیدانە رۆژ
حەقیە رۆژ و شەو بێ تابی دەکا، وادەی ویسال شەو بوو، بێ بەش ما لە وەسڵی ئەو سەراپا جانە رۆژ
شەو چ شەو، لێ پشکواوی قەڕنەھا سوبحی ئومێد ھەر لە داوێنی یەکێ سوبحا بە لەک پەنھانە رۆژ
شەو شەوی میعراجی شاھی ئەنبیا بێ، وا دەبێ بیپەرستێ، بەڵکی سوجدەی بۆ ببا ھەر ئانە رۆژ
شەو نەبوو، بەحری موحیتی عەنبەری بوو، ناوی شەو بوو بە نیسبەت ئەو شەوە، خاکستەری گوڵخانە رۆژ
بۆ کەمێ لەو عەنبەر، بۆ تەقوییەی رۆحی دەماغ بێنی کا، وەک ئێمە دایم چاوەڕێی ئیحسانە رۆژ
من فیدای ئەو زاتە بم، بەو، ئەو شەوە بوو بەم شەوە تا قیامەت ھەر حەسەد با، بەو شکۆھـ و شانە رۆژ
تۆ قوبووڵم کەی بە عەبدی خۆت و بەندەی ئەو، خودا! تا ببێتە خانەڕووبم، چەند ئەگەر خاقانە رۆژ
دائیمەن سەر خۆی و سەر ئال و سەحابەی بێ نیسار پڕ بە عیلمی تۆ، سەلامی تۆ، ھەتا تابانە رۆژ
بەڵکە تا ئەو وەقتە مەبرووکە موبارەک جێگەیە غەیری نووری ئەو، نە مەھـ نووری لەناوا ما، نە رۆژ
لەو سەلاتانە کە وەک گەوھەرن و دەدروشێنەوە جیلوەدەر، لامیع، ھەموو رەخشندە، وەک رەخشانە رۆژ

-2-

[edit]
پرسرا حاڵم، کە من کەوتم لەبەر پێیا درێژ ئەو وتی: ھەر سێبەری دیوم بووە سەرسام و گێژ
تا لە دەوری لێوی ئاڵی خەتتی سەبزی بوو عەیان عاشقانی جوملە وەک بەنگی دەبینم گێژ و وێژ
وا مشەوەش بوو کە میحرابی برۆتی دی ئیمام ئیزنی خەڵقی دا کە دنیا ئاخرە، بۆ دێنە نوێژ
ئابڕوو ڕێژە ویساڵی یار و خوێن ڕێژە فیراق عالەمی عیشق و مەحەببەت ھەر بڕێژە، ھەر بڕێژ
کێ لە گوڵزاری نیشاتا گوڵبوونی شیرینی ناشت ئەو لە کۆساری غەما فەرھادی کردە لالەنێژ
ھەر بە تیرێ خستمی، ھەڵیاوەسین، ئیشی منی بەس لە کورتی بڕیەوە، عومری موژە و زوڵفی درێژ
نەبووە قەت ((مەحوی))!، وتی: بوونی من و تۆ پێکەوە حوسنە ئاوی زیندەگی، عیشق ئاگرێکە دڵ بڕێژ