Jump to content

دیوانی مەحوی/ێ

From Wikisource
310882دیوانی مەحوی — پیتی ێ1896مەحوی

-1-

[edit]
نەڵێ مەردم کە دنیا پشتی لەو، ئەو ڕوو لە دنیا بێ کە پووری زاڵە، بۆ چی پیرە زاڵی پێ ڕەزا نابێ!
لە دەروێش و لە شا ئەم فاحیشە ئاخر دەکا حاشا گەر ئەهلی غیرەتی، بەر لەو لە خۆی و ئەهلی حاشا بێ
ئەگەر تاجت لە سەر کا، سەرتی پێوە قوت ئەدا ئاخر موبارەک کەی دەبێ ئەو خەلعەتەی وا خەلعی لە دوا بێ
سبەی خاکت بە سەر، وەک من دەبێ تحت الثّریبێ جێت بڵا ئەمڕۆ کە خەوتی مەسنەدت تەختی سورەییا بێ
لە بەر هەر دادەڕنرێ جل، چ پیناوی، چ چیناوی دەبێتە لوقمە لوقمە پاقلە یا پاقلاوا بێ
برا، فکری چرا! کیبریتی فرسەت تا لە دەستایە شەوی یەلدا لە پێشە، ڕۆژی عومرت وەختە ئاوا بێ
بکەین ئاهـ و فوغان و ئاگرێ بەردەینە خان و مان خەراباتی مەحەببەت حەیفە بێ ئاشووب و غەوغا بێ
لەگەڵ فەریاد و گریە حازرە فەریادرەس مەحوی لیبکُوا ڕێ دەدا پیری تەریقەت تیفلی ساوا بێ

-2-

[edit]
لە تاو ئەعدا عەدوو بەر نیوە دوژمن ئیلتیجا بارێ لە چنگی گیانەڵاوی فیرقەتا ماوم ئەجەل چارێ
بەڵا هەر وەک کولە دابارییە سەر مەزرەعەی ئومێد مەگەر ئەو تیپی موژگانە بکەن وەک عەینەمەل چارێ
ئەسیری زوڵفە دڵ، ئەی بازی غەمزە، غیرەتێ، حەیفە زەلیل، ئەم عەندەلیبە کەوتووە بەر دەستی قەل، چارێ!
نە پێیەک هەڵگرێ شوێنی، نە دەستێ گەییە داوێنی، خودا! دەرحەق بە ئەحواڵی منی بێ پا و پەل، چارێ!
عیلاجی دەردی عاشق بۆتە خاسەی ئەو دەم و لێوە شیفای ئەمرازی سەودا خاسیەت چەشمەی عەسەل چارێ
مەگەر قەتعی نەفەس چاری بکا، وەرنا نییە هەرگیز لە پێوەندی کەمەندی پڕ غەمی تۆلی ئەمەل چارێ
لەگەڵ ئەم عیلمە مەحوی داغداری جەهلە تۆ تەوفیق تەبیبی بۆ مەریزی دەردی عیلمی بێ عەمەل چارێ!

-3-

[edit]
بە نۆشی جانی وەردەگرم پیاڵەیی زەهری هەر نێشێ بە دەردی دڵ بچم گەر بێ لە جەوری تۆ دڵم بێشێ
بەوەم زانی لە باغا چقڵی گوڵ هەڵچەقیە داوێنی کە لێرە دڵ لە سینەمدا برینی نەشتەری دێشێ
شوکر یار ئیزنی دام هەم گریە کەم هەم قوڕ بە سەردا کەم بە جارێ شاهی من بەحر و بەڕی بەخشی بە دەروێشێ
لەمێ مەیدانی عیشقە، کلکە ڕێوی ڕیشی تۆ، زاهید چ بێ قەدری؟ دەبێ گەر شێری بێتێ کلکی ڕاکێشێ
وتم ڕوخسەت دە جانا، دا بە قوربانی لەبت کەم جان وتی بەحرێکی شەهد ئەڵبەت دەنیشێ پێیەوە مێشێ
خودا گرتوو دڵم، چۆتن بە گژ شۆر و شەڕی عیشقا بە نەسسی ئایە ئەفلاک و زەمین ئەم بارە ناکێشێ
سەنەد بێ مۆر و خەت دەعوەی مەحەببەت کردنە مەحوی تەعەششوق، بێ دڵێکی داغدار و سینەیی ڕێشێ

-4-

[edit]
دەبێ دڵ ویسعەتێکی وەک فەلەک زیاتر وە کەف بێنێ شەو و ڕۆژی فیراق و وەسڵی دولبەر تا بگونجێنێ
دەخیلت بم کوڕی ئەمڕۆ بە، فەردا وا دەکەم هیچە چ فەرداها تیا نەکراوە کارێک و بووە دوێنێ
زووبانی حاڵی پەروانە لە وەختی سووتنا دەیوت: کەسێ واریسمە وەک من بێ، لە عشقا خۆ بسووتێنێ
ڕەقیب ئەڵبەتتە ئیمشەو شەق دەبا، جانانە ئێوارە بە عوششاقی تەقەببول دا لەباتی سەد دوعا جوێنێ
بە غەیبەت کردنی ئەم بێ نەوایە تووشی خەجڵەت دێ بڵێ واعیز بەس ئەم مێروولە بخوا، وازی لێ بێنێ
دەنی تەبعی وەها غاڵب بووە، فیرعەونی ئەم عەسرە نە وەک مووسا، لە کن جوو پارە بوو ئیمانی پێ دێنێ
مەبزوە مەحویا لەم ڕێگەدا تا دەبیە خاکی ڕێ ئومێدە دەستی گەردت هەر دەگا ئاخر بە داوێنێ

-5-

[edit]
لە سایەی دەوری چەرخی سوفلە پەروەر لەک بە لەک دەدوێ سەگی ئاواتەخوازی ئێسکی وشتر لە شەک دەدوێ
دەبینم شێری شێر ئەفگەن دەڵەک کەوڵی دەکا، دەبیەم بە کۆڵێ کلکەوە ڕێوی لەگەڵ کەوڵی دەڵەک دەدوێ
دەبینێ بایەزیدە، وەک یەزیدێکی دەبینن خەڵق بە بێ پەردە شەیاتینی لە ئەحواڵی مەلەک دەدوێ
نە ناوی ڕۆژ و مەهـ بردن، نە باسی سەدر و شەهـ کردن مووەححید هەر دەبێ هەر یەک بناسێ، هەر لە یەک دەدوێ
مونەججیم عومری زایع بوو لە بەحس و فیکری ئەفلاکا کە پیرێژن هەمیشە هەر لە ئەحواڵی خەڕەک دەدوێ
بە تاقە فەخری کیسرا، هەر خەوەڕنەق فەخری نوعمانە دەنی هیممەت وەهایە هەر لەگەڵ کوچک و کەڵەک دەدوێ
زەمانەی سوفلە پەروەر وا ڕەواجی سوفلەیی داوە کە دایم ئەو دەمە سوێرە لەگەڵ نان و نمەک دەدوێ
پەکی تێدا ڕەقیب ئەو شۆخە کوشتنمی کە لێ پرسی ئیرادەی کاری خێر ئەڵبەتتە شەیتانی لە فەک دەدوێ
موومەییز چەرخی کەچڕەو بێ، نەکەی مەحوی کەماڵت خەرج زوبانی تێغی ئەو دەرحەق بە حەرفی من لە حەک دەدوێ

-6-

[edit]
دڵی بردم بە شۆخی دولبەرێکی تازە سەر لە نوێ موبارەک بێ لە دڵ سەودایەکی کەی کەوتە سەر لە نوێ
کەچ ئەبرۆ، دیدە ئاهو، شۆڕشین خوو، فیتنەجۆ، تورکێ... خورۆش و شۆر و شینی خستە ناو ئەهلی نەزەر لە نوێ
بە ناز و عیشوە پاک ئەرواحی پاکانی موسەخخەر کرد بە غەمزە خاترانی دایە بەر تیری نەزەر لە نوێ
سەبا کردوویە وەعدەی گەردی کۆیی، مەگری ئەی دیدە! بە ئوممێدم جەواهێر سوورمە بۆ نووری بەسەر لە نوێ
لەبی لەعلی شیفا بەخشی برینی دڵ دەکا مەرهەم ئیشارەی چاوی دەکولێنێتەوە داغی جگەر لە نوێ
بە شێوەی شکڵی شیرینی، وەکوو کاکۆڵی موشکینی پەشێوی کردووە ئەحواڵی مەحوی دەربەدەر لە نوێ

-7-

[edit]
خەتتی دەوری لێوی ئاڵت ئەی مەسیحا لام و بێ هەر لە جامەی سەبز ئەچێ بۆ غەین و نوون و چیم و هێ
غونچە بازاڕی نەزاکەت داری و تەنگی شکاند هەر کە زاهیر بوو لە دەوری باغی حوسنت لام و بێ
لەب شەکەر تا کەی لە حەسرەت خاڵی موشکینت، دڵم... داغدار و خەستە بێ وەک لام و ئەلف و لام و هێ
لالە ڕووخسارم لە سایەی ئەشکی خوێنین ڕەنگەوە چونکە ڕووسوورم لە قاپی عەین و شین و قاف و تێ
عیشقت ئەی جانا منی ڕیسوایی عالەم کردووە چاکە ئینسافت ببێ بۆ ئەلف و سین و تێ و هێ
ئێستە بۆ لاف و گەزاف هەر کەس دەبینی عاشقە نەک هەموو کەس جانفیدا وەک میم و حێ و واو و یێ
مەحوی ئەمڕۆ زۆر نەخۆشە قەت شیفای نایێ بە هیچ گەر شیفای بێتن، بە بۆیی زوڵف و ئەو ئەگریجە دێ