دیوانی کوردی/ی
Appearance
1
[edit]ناوی عیشق هەرگیز نەبووبایە لە دنیا، کاشکی | تۆی لە بۆ دەرمانی چاو نەبوایە پەیدا، کاشکی |
هەر لە ئەووەڵ قورقوشم بکرایە چەشمەی مەنبەعی | ڕیشەیی گیاشی نەڕوایە لە سەحرا، کاشکی |
کەس لە ڕەویەی عەشق و ڕێگەی عاشقی موخبیر نییە | شێت و شەیداتر ببووبایە زوڵەیخا، کاشکی |
حاڵی مەجنوون خۆ لەرێی عیشقا نەبوو غەیرەز ستەم | عومری سەرفی بوت دەکرد لەجیاتی لەیلا، کاشکی |
ئەسڵ ئەگەرچی عیشقە دڵ مایەی فەساد و فیتنەیە | ڕیشە کەن بایە لە سینەمدا لە مەودا کاشکی |
دڵ لە سینەمدا نەماوە چاو گرفتاری دەکا | کوێر و نابینا بوومایە وەک «حەمیلا»، کاشکی |
کوردی ئەم وەختە کە زانیت چاو و دڵ دوشمن بە تۆن | خۆت کەنار گرتایە تا نەبوایی ڕیسوا، کاشکی |
2
[edit]بۆ فریوی عاشقان و جەزبی دڵ وا ماهیری | ڕەنگە شاگردیت بکەن میهتەر نەسیم و سامری |
بەختی ئەو ئوستادە سووتێ دەرسی سیحری پێ کوتی | وا کە تۆی بەردایە گشت عالەم بە مەکر و ساحیری |
کافریش ڕەحمێ بە یەخسیر و زەلیلی خۆی دەکا | ساوەرە ڕەحمێ بە حاڵم کە ئەگەرچی کافری |
گەر بە خەنجەر تیکە تیکەم کەی لە سەر ڕێم دابنێی | دەست لە تۆ هەڵناگرم هەر تۆم لە خەڵکی چاتری |
چونکە هاو چەشنت لە ئیقلیمی مەلاحەتدا نیە | سا وەکوو خوسرەو هەمیشە لێدە کووسی نادری |
هەروە کوو ڕۆح و دڵم دووری لە پێش چاوم دەڵێی | لەم دڵەی پڕ دەرد و میحنەتما بە دایم حازری |
کوردی لێت بێ سەد ئەمانەت هەرکە ئەمشەو جومعەیە | تا سبەینێ قەت مەبە غافڵ لە زیکری قادری |
3
[edit]برادەر! بۆ چی وا بێ سوێند و شەرت و عەهد و پەیمانی؟ | لە من بێزاری دایم یاری ئەغیار و ڕەقیبانی |
ئەمن دادم لە دەست بێ عەهد و شەرتیت بوو ئەمێستاکە | لە سەر ڕێی بێوەفایی وا دیارە زۆر بە عینوانی |
دەڵێن زۆر توند و بەدخوو تورکی یەکجار مەست و بێباکی | بە توندی و مەستی و بەدخووییتا دیارە لە یارانی |
بە تیغی ئەبروانت بووی بە جەللادی هەموو عالەم | دەڵێن دەروێش و سۆفی و تۆبەکار و نوێ موسوڵمانی |
هەموو ئێران موسەخخەر بوو بە غەمزەی چاوەکەت گۆیا | لە لای خۆشت غەریب و بێ کەس و مەحکووم و میهمانی |
لە ترسی موددەعی یارای ڕوانینم نییە هەرگیز | بە فرسەت جار جارە مەر نیگاهێ کەم بە پەنهانی |
دەزانی گەرمە بازاڕی جەماڵت تا دوو ساڵی تر | لەگەڵ کڕیارەکانت بۆیە یەکجار وا گرانجانی |
لە لای هیچ کەس ڕەوا نابێ مەڕام و مەقسەدی هیجری | سەری حاجەت بەرە بەر بارەگای غەوسی سولەیمانی |
4
[edit]ڕوخی وەک گوڵ تەنی وەک سیم لەبی وەک لەعلی ڕۆممانی | دەهان وەک فەندەق و غەبغەب وەکوو نارنجی ئێمانی |
فەقێی یاخۆ نیزامی یانە خۆ پێشخزمەتی شاهی؟ | دوڕی مڵکی سلێمانی؟ ڕەئیسی ئێلی جافانی؟ |
بە حوسنی یۆسف ئاسات و بە خوڵق و لوتفی شیرینت | چراغی بەزمی خوسرەو، نووری دیدەی پیری کەنعانی |
بە زاهیر سادە لەوحی وەک ڕوخت، وەحشی وەکوو دیدەت | لە دڵدا بۆ حەکیمی و عاقڵی، ئوستادی لوقمانی |
عەڕەب ئەندام و فارسی کەلام و تورک ڕەفتاری | نیگاهـ ئاهوو، ڕەوت کەبکی، زمان توتی خۆش ئەلحانی |
ئەگەرچی قادری بۆ قەتڵی من، فیکرێ بکە قوربان | لە سەر سەفحەی ڕوخت وەختە عەیان بێ خەتتی ڕەیحانی |
وەکوو بولبول فوغان کە دائیمەن کوردی لە دەوری گوڵ | وەکوو قومری بناڵێنە لە تاو سەروی خەرامانی |
5
[edit]بە ئەبرۆ و خەتت و خاڵ جوانی، بە باڵا چوست و چالاکی | بە زاهیر بێچووە دەروێشی، بە دڵ جەللادی سەففاکی |
بە ئاوێنەی ڕوخ ئەسکەندەر، بە جامی دیدە جەمشیدی | بە تەختی سینە پەروێزی، بە ماری زولف زەححاکی |
سوپای خەت هات و غەیری تیغ کەسێ ناتوانێ مەنعی کا | بە دەریای عیلمەوە هیچم نەکرد با بچمە دەللاکی |
لە ڕق باوکی بگریێم یا لە بۆڵەی دایکی هاوار کەم؟ | لە زوڵمی خۆی بناڵم یا لەبەر جەور و جەفای کاکی؟ |
گەلی سۆفی ئەوا هاتن کە میراتی فەقێ بەش کەن | بەڵێ مەعلوومە خۆ وەحشی کە مرد سەگ دەچنە سەر لاکی |
عەجەب دەست و گریبانم بووە کوردی لە دنیا غەم | مەگەر قسمەت بوو بۆ من ڕۆژی ئەووەل عیجز و غەمناکی؟ |
6
[edit]کەوا دارایی زەڕ کوتەک، کەمەر چین، جوببە گوڵناری | کڵاو لار، چاو خومار، شیرین سوار، خاڵ میشکی تاتاری |
کە مانی هاتە سەر کێشانی ئەبرۆی تۆ لە پاش چاوت | لە مەستی دەستی وا لەغزی کە کەچ هات خەتتی پەڕگاری |
گوڵ ئەمڕۆ خۆی موقابیل کرد لە لای خەڵقی بە ڕوخسارت | بەڵێ هەر دەم دڕاو و هەرزەگۆن مەحبووبی بازاڕی |
دوعام کرد چاوەکەت خۆش بێ کە خۆش بوو ئەمنی بیمار کرد | ڕەفیق! ئامان! دوعا کەن ڕەببی زاڵم هەر بە بیماری |
ئەگەر تۆ ڕاست دەڵێی و قاتڵی دڵ بی، ئەدی بۆچی | درۆزن تیری موژگانت بە خوڕ خوێن دێ لە سۆفاری؟ |
وەکوو فەووارە خوێن دەتکێ لە گۆشەی میحوەری گەردوون | لە چاوەی چاوەکانی من لە دووریت هێندە خوێن باری |
مونەججیم گۆشەیی چاوتی کە دی نووسی لە تەقویمدا | کە ئەمساڵ زوزەنەب تالع بووە، ئیفسادە ئاساری |
ئەتۆش تەقلیدی زولفی یار دەکەی وا دیارە ئەی عەقرەب | حەیا هەروا لە چاودا، چی بڵێی ئەی کوێرە موختاری؟ |
چوار چت قەت مەکە خواهیش لە چوار کەس کوردی تا ماوی | لە خۆت عەقڵ و لە دڵ سەبر و لە بەخت ئیمداد، لە یار یاری |
7
[edit]مەگەر ناڵینی من هاتۆتە گۆشی | کە وا کردوویە تەرکی سورخ پۆشی؟ |
خەڵاتی دڵبەری و شۆخی کە دەدرا | لە پاش یۆسف موزەییەن بوو بە دۆشی |
بەهاری گوڵشەن و حوسن و جەماڵە | بە سوخمەی سەوز و دۆشی بادەنۆشی |
فەلەک تۆش عاشقی وەک من، کە ئەمشەو | خەریکی ناڵە و گریە و خرۆشی |
مەدە وەعزم لە تۆبەی عیشقی، زاهید! | ئەگەر ساحیب کەماڵ و عەقڵ و هۆشی |
لە من بەدتر دەبی زاهید! ئەگەر تۆش | شەڕابی دەستی مەحبووبەی بنۆشی |
غەرەز بۆ فەوتی کوردی بوو کە فەوتا | ئیتر بۆ کێیە ناز و خۆفرۆشی؟ |
8
[edit]چاوەکەم بۆ چی لەگەڵ عاشق ئەمەند دەعوا دەکەی؟ | چونکە مەعشووقی بە قوربان عاشقت ڕیسوا دەکەی |
دائیمەن کارت جەفا و هیجران و دەرد و غوسسەیە | قوڕ بە سەر عاشق، ئەتۆ مەعشووقی بۆیێ وا دەکەی |
کۆمەڵی عاشق ئەمێستا وێڵ و سەرگەردانی تۆن | جارێ ناپرسی لە کوێن گۆیا لە لای خۆت چادەکەی |
حاکمی، نابێ بە دادی بێکەساندا ڕابگەی؟ | تۆ دڵی خەڵقی دەبەی ئێستاکە وا حاشا دەکەی |
ئێمە وا ڕۆیین بە مەئیووسی لە لات دەوڵەت زیاد | دا بزانین عەبدی وەک ئێمە لە کوێ پەیدا دەکەی؟ |
دڵ ئەوا لۆمەم دەکات و پێم دەڵێ کوردی ئەمن | گەر شکایاتم حەقە بۆچ وا قسەی بێجا دەکەی؟ |
9
[edit]شَيخْتَني بِهِجرك واللّه ياصبي | ڕەحمت برا لەبۆ کەی و هیجرت هەتا بە کەی؟ |
دایم لە دەوری خاڵی ڕوخت بێقەرارە دڵ | هەر وەک لە دەوری قوتبی فەلەک دائیرەی جودەی |
وەک گوڵ جگەر بە خوێنم و وەک لالە دڵ بە داغ | بۆ سێوی ڕووت شەقایقی ڕووم ڕەنگی بوو بە بەی |
هات جەیشی خەت لە سەفحەی ڕووت ماڵی کاولم | هیندووش تەماعی کردووە تەسخیری مڵکی ڕەی |
تا فەڕشی جوودی تۆ لەسەر ئەم عەرزە ڕاخرا | مەشهوورە فەڕش بەزلەتی حاتەم بە ناوی تەی |
بەهمەن سفەت بە تیری غەم ئەسفەندیاری دڵ | ئوردیبەهەشتی عەیشی بەدەل بوو بە مانگی دەی |
هیجری لەبەر فیراقی ئەتۆ غەرقی هیجرەتە | ڕەحمت برا لە بۆ کەی و هیجرت هەتا بە کەی؟ |
10
[edit]شۆخی دڵ ئازاری یاری سەرسەری! | کافرەی تورکەی لە مەزهەب بێ بەری! |
بۆچ لەلای تۆ قەتڵی عاشق واجبە؟ | قەسدە سەر لێم دا بە دەست و خەنجەری |
ڕۆح و تەن تەسلیمی شمشێرت دەکەم | گەر بزانم تۆی بە قەتڵم مشتەری |
نیم نیگای چاوت دڵ و دینی ڕفاند | چاوەکەم! مەعلوومە تۆ تاڵانگەری |
بەم سوپای کاکۆڵ و تابووری موژەت | فەوجی سەربازە لە پشتی لەشکری |
ئەتۆی بەهرامی شێرئەفگەن کەوا | لائیقی تاج و نگین و ئەفسەری |
شۆخ و مەحبووب و لەتیف و نازکی | چاو غەزاڵ و نەونەمام و نەوبەری |
گەوهەرت کوردی وەکوو خەرموهرەیە | چونکە خۆت بەدتاڵعی، بەد ئەختەری |