دەوامی سەر وەفا بوونم نیشانەی حەددی زاتم بوو
Appearance
دەوامی سەر وەفا بوونم نیشانەی حەددی زاتم بوو | نەزەر فەرموونی دڵدارم لەجێی مووچە و بەراتم بوو |
برینی کۆنی سینەم بوو سەری هەڵدایەوە ئیمڕۆ | تەبیبی ڕووی کە دەرکەوت حمد الله زوو نەجاتم بوو |
جوانم شوهرەت و شێوەت کە کەوتە ساحەیی عالەم | هەزار لەعنەت لە خاچ و دوو هەزار لەعنەت لە لاتم بوو |
ڕەقیبم پێی گوتم یار قەسدی کوشتنتە درۆی فەرموو | کە چی زەهری دەسی یارم لەجێی نوقڵ و نەباتم بوو |
جەماڵی ڕووی وەکوو مانگی شەوی چواردە لە کەل دەرهات | لە سایەی ئەو جەماڵەی بوو لە بەندی غەم نەجاتم بوو |
لە غەیری جەور و بێدادی چ خێرێکم لە عومرم دی | موقابیل ئەم هەموو غەدرەی بزانن چۆن سوباتم بوو |
هەزاران تیری تانەم دی لە تابووری موژەی باری | بەڵێ پێم خۆش بوو ئەم تیرانە جێی هەیە خەڵاتم بوو |
چرای ڕووی بوو شەوێ نیوەی مەهی پێش ڕۆژە بۆم دەرکەوت | شکور پێک هات دڵم قوربان کە وا ئیمشەو بەراتم بوو |
ئەزەل وا هاتووە دائیم ئەبێ شادی لەگەڵ غەم بێ | کە زەهری دایە سەرفیترە جنێویشی زەکاتم بوو |
بە دەستی نازکی ئەو شەربەتەی ئەمجارە چەشتوومە | عەجایب نابێ گەر نەمرم ئەمە ئاوی حەیاتم بوو |
جەنابی حەزرەتی - - وەسیەت بێ لە ئێستاوە | کە تەڵقینم لەسەر قەبرم بدەی ڕۆژی مەماتم بوو |
لەدوای تەڵقین ڕجایە ئەم دوو سێ شیعرەم تەماشا کەن | لە دونیادا هەتا مابووم ئەمە زات و سیفاتم بوو |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|