ساقی نامە
Appearance
دە ساقی بە حەقی پیاڵەی شەراب | بە جەرگی پڕووزاوی هەر وەک کەباب |
دەرونم لە خەم کەیک، کەللەم لە تەم | جگەر پڕ لە زووخاو، دڵ پڕ لە غەم |
بشۆرە بە مەی چڵک و ژەنگی دەروون | چ مەی وەک چرای نوور ڕووناک و ڕوون |
ئەوا فەسڵی نەورۆزە و وەعدەی گوڵە | سەدای چەهچەهەی شیوەنی بوڵبوڵە |
گوڵاڵە بە خەیمە سەمەن گڵ بە کوڵ | سپی چووزەرە و ساق هەر وەک سەهۆڵ |
لەبن قەڵبەزە و شاخ و تافا چنوور | لەگەڵ بەرزەلنگ تێکەڵ و خوار و ژوور |
کەمەر گوڵ گوڵ و بەر کەمەر ئاڵ و واڵ | نمی شەونمە بێ دەغیلە و زەڵاڵ |
وەنەوشە بە گەردەن کەچی وەک هەتیو | دڵۆپە لە ئەشکەوت وەک شووشە زیو |
چەمەن سەوز پۆش و چیا زەرد و سوور | بریقەی سەرئاوان هەر وەک بلوور |
*** | |
دە ساقی بە میحرابی هەردوو برۆت | بەناز و کرشمەی دووچاوانی خۆت |
ژمارەی پیاڵەم مەکە تا بەهار | نەچێ با بچێتە هەزاران هەزار |
سەرم مەست کە با سوڕێ مەستانە دەم | دەمم تەڕ کە با، نوتقی مەردانە دەم |
بڕێژم بەسەر خاکەدا سیم و زەڕ | بنێژم لەسەر بەردەدا سەوڵی تەڕ |
کە هەر کەس لە سەوڵم گوڵێ بۆ بکا | وەیا پارەیێ زێڕ و زیوم ببا |
لە پەستی هەڵی سێنمۆ بێتە باڵ | بەفڕکە لە فڕگە هەتا نووکی یاڵ |
بکێشم قەڵەم وەک پەڕی جەبرەئیل | فوارەی تەڕی نیکتە وەک سەلسەبیل |
بنووسم سەراسەر بەیەک داستان | لە ئێمە هەتا خلقەتی جن و جان |
*** | |
دە ساقی بەحاجەت ڕۆژی لانزار | بەزەردی خەزان و بەسەوزی بەهار |
من و خۆت و مەجلیس بە مەی داگرە | کە مەستی لە سستی گەلێک چاترە |
دوو گوێم پڕکە پەی پەی لە قەهقاهی جام | شەکر دە، وەکوو تووتی بێمە کەلام |
شەرابێ کەرەم کە! پیاڵەی بلوور | نەوەم پشت بە پشت مەست بێ تا نەفخی سوور |
ئەگەر سەرخۆشم کەی بە دوو جامی مەی | ئەڕێژم حکایاتی جەمشید و کەی |
دە ساقی بەخاتر شەرابی دروست | بە نەشئەی سەری لاوی میللەت پەرست |
هەتا چنگ و چنگاڵی شەهبازی مەرگ | لە سینەم سەری هەڵ نەداوە لە جەرگ |
بڕێژە لە بارانی مەی سوبح و شام | زڕەی ئیستیکان و جەلاجیلی جام |
وەها سەرخۆشم کەی بەسەیرانی گوڵ | لە مەیتیم دووسەد مەرگ مات و خەجڵ |
*** | |
دە ساقی بەسەر گەردی سەرپەنجەکەت | بە گۆزەی بلورینی پڕ گەنجەکەت |
بڕێژە و بگێڕە و بنۆشە شەراب | بەناڵینی عود و بەزیکەی ڕوباب |
وەها بم کە ئاگام نەبێ قەت لە خۆم | کە خەم هات بەسەربەستی من خەم بخۆم |
چ خۆشە بە مەستی بناڵێنی شەو | چ خۆشە نەترسی لە ئەم یا لە ئەو |
بە گەرمی سەرم با بسووتێ وڵات | بە شۆری دڵم شێت ئەکەم کایەنات |
سەدایێ بخوێنم بە سۆزی گرین | مەلایتک بڵێن سەد هەزار ئافەرین |
*** | |
دەساقی بە عەشقی سەری پڕ هەوەس | بەیادی برۆی چەوت و چاوانی مەس |
کەرەم کە پیاڵەیێ گوڵی زەڕ نیگار | هەتا فرسەتە ماوە وەعدەی بەهار |
کە فەوتا بەهار و نەما نەستەرین | من و بوڵبوڵیش دێینە سەر زار و شین |
ئەمن هەر دەگریەم لەبەر داخی دڵ | ئەویش هەر ئەزیڕێنێ بۆ بۆنی گوڵ |
ببارێنە بەحری سەخا و کەرەم | لەسەر دەرکە مێحنەت، لەدڵ دەرکە هەم |
*** | |
دە ساقی خوا حافیزی نازەکەت | سەر و ڕۆح پێشکەش سەدای سازەکەت |
بخوێنە بەدەم نازەوە فەرد، فەرد | لەبەر دەفعی هیجران و تەسکینی دەرد |
مقامێ بڵێ خوێنی دڵ بێتە کوڵ | کە یادی زەمانەی قەدیم بێتە دڵ |
چ خۆشە سەدای موزیک و چەنگ و نەی | چ خۆشە من و ساقی و یار و مەی |
چ خۆشە دەف و بەربوت و هەڵ هەڵە | چ خۆشە سەدای شیوەن و وەل وەلە |
هەتا زیندوم یەک دوو جامێ گران | کەرەم کە بە فیدیەی قەزای باخەوان |
کە مردم وەکوو شێخی سەعدی قەدیم | لە ژێر خاکەدا ئەبمە عەزمی ڕەمیم |
نە ئێستە ئەزانن کە من چیم و کێم | نە کەس قابلە پێ بنێ جێگە پێم |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|