Jump to content

سەرگوزەشتەی پیرێژنان

From Wikisource
سەرگوزەشتەی پیرێژنان (1950)
by پیرەمێرد
306249سەرگوزەشتەی پیرێژنان1950پیرەمێرد
پوور تڵێخان بزنێکی بوو سبەینان بۆ بێرە ئەچوو
کیتەڵەی ئەبرد ئەیدۆشی لە ماڵەوە دایئەپۆشی
ڕۆژێک مام ڕێوی دۆزیەوە سەری لادا بە دزیەوە
مڵچە مڵچ شیری هەڵقوڕاند پوور تڵێخان کلکی پەڕاند
ڕێوی ڕایکرد بۆ ناو ڕێویان لێیان کرد بە چەپڵەڕێزان
هەی ڕێوی کلکی بڕاوە ئێجگاری ئابڕووی تکاوە
ڕێوی هاتە لای تڵێخان لێی پاڕایەوە بە گریان
وتی: کلکە قوڵێم وێدە داپیر وتی: شیرم پێدە
ڕێوی وتی: شیرم نییە داپیر وتی: ئەی بز چییە؟
ڕیوی ڕۆیشت سەری کز کرد خوازبێنی شیری لە بز کرد
وتی: بز شیر وە داپیر دا داپیر کلکە قوڵێم وێدا
بز وتی: با دار گەڵا دا گوانی بز لە شیر قەڵا دا
ئەمجا بز شیر دا بۆ داپیر کلکە قوڵێت بێتەوە گیر
ڕێوی هەڵسا چوو بۆ لای دار گریا و دەستی کرد بە هاوار
دار وتی: با کانی ئاو دا لقی من سەوز بێ و گەڵا دا
ڕێوی ڕووی کردە لای کانی مشووری بەر ئەویش هانی
کانی وتی: کیژ چۆپی کا ئارەقی خۆی لە کانی کا
کانی ئەوسا ئاو بۆ دار دا دار سەوز بێ و گەڵا بە بار دا
گەڵا بۆ بز بێ و بز شیر دا لە تۆڵەی شیری داپیردا
داپیر شیری دی لە جێدا ئەوسا کلکە قوڵێی وێدا
هاواری بۆ لای کیژ هانی کیژان بێنێت بۆ سەر کانی
کیژان کەوشی سووریان نەبوو پەنایان بردە بەر کەوشدروو
کەوشدروو ناردیە لای مامر هێلکەی بۆ بکات بە قڕەقڕ
مامر، دانی لێ داوا کرد هاواری بۆ بەر جووتیار برد
جووتیار دانی دا بە مامر مامر چێکڵدانی بوو پڕ
بە گارەگار هێلکەی بۆ کرد بۆ وەستای کەوشفرۆشی برد
وەستا کەوشی بۆ کیژ دروو کردیانە پێیان زوو بە زوو
چۆپی لەسەر کانی کرا لە کانی ئاو بۆ دار برا
دار گەڵای دا و بز شیری دا ڕێوی شیری داپیری دا
داپیر کلکە قوڵێی دایەوە بە بنێشتەتاڵ گیرسایەوە
ڕێوی چووە ناو ڕێوییان لێیان کرد بە هەللا کێشان
وتی: بۆنی بنێشتەتاڵ دێ دەریان کرد هاتەوە بۆ دێ
دەستێک جلی جوانی دزی کردیە بەر بە دەعیە و فیزی
هاتە ناو ڕێویان زوو بە زوو وتیان: هەی ئەمەت لە کوێ بوو؟
وتی: لە بن گۆمێکایە سەد ئەوەندەی دی تێدایە
وەرن بچین نیشانتان دەم وەک من دەریبێنن بە دەم
بردنیە سەر گۆمی سەر ئاو یەکێکیان خۆی خستە بن ئاو
بە بڵقەبڵق ئەو دەخنکا ئەیوت: ئەوا بانگتان ئەکا
هەموو خۆیان تێ فڕێدا بە جارێک خنکان لەوێدا
ڕێویش دنیای نەبردە سەر کردەی بەدی خۆی هاتە بەر
ڕاوکەرێکی لێ پەیدا بوو کوشتی و بازاڕی کۆتا بوو
هەرچی وەک ڕێوی فێڵباز بێ تووش ئەبێ نابێ دەرباز بێ
خوا ڕاستە و ڕاستی لا خۆشە چەوتیی سەرەنجامی بۆشە


This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
  • It is an anonymous work or pseudonymous work and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a work where the copyright holder is a legal entity or a work of applied art and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a photographic or cinematic work that is not compositive (artistic in nature) first published before 1 January 1999
  • It is work published in Iraq before 1 January 1954, and the author died before 1 January 1979
  • It is another kind of work, and 50 years have passed since the year of death of the author (or last-surviving author)
  • It is one of "collections of official documents, such as texts of international laws, regulations and agreements, judicial judgements and various official documents."
  • It is the work of a body corporate, public or private, published by January 1st, 1980 (Article 20, 1971 law).