شین بۆ شاعیری بەناوبانگ حاجی تۆفیق مەشهور بە «پیرەمێرد»
Appearance
دیسان سەر لەنۆ ماڵ وێرانیمە | تەم و تەمەلوول سەرگەردانیمە |
دیسان وەک جاران شین و زاریمە | خەم و پەژارەی دەردەداریمە |
دیسان چەرخەکەی چەواشەی بەدخوو | بۆ ئازاری دڵ کەوتە هات و چوو |
دیسان قرچەی زام دەروونی ڕێشم | زوخاو ڕێژ ئەکا جەرگی پڕ ئێشم |
گەردوون هەرتاوێ جەورێ ئەنوێنێ | چەشنی بایەقوش بەزمێ ئەخوێنێ |
گەردوون کردەوەی نامورادییە | دۆس لەیەک کردن لە ناشادییە |
گەردوون بەدکاری بەینی دڵانە | گەردوون خەزانی باخچەی گوڵانە |
گەردوون هەر ڕۆژێ دووژمن پیاوێکە | زەهری کوشندەی خاوەن ناوێکە |
حاجی تۆفێق بەگ، پێرەمێرد مەشوور | مامۆسای زانای کۆڕی خوار و ژوور |
کام پیر ئەو پیرە بە هۆشیاری | عەمری ڕابوارد بە فیداکاری |
کام پیر ئەو پیرە بە ژیان و ژین | گشت کوردستانی پڕ کرد لە زانین |
کام پیر ئەو پیرە هیممەتی نوان | بۆ کوردی نووسین ئەو ڕچەی شکان |
کام پیر ئەو پیرە پەندی پێشینیان | کرد بە مامۆسای بێگانە خوێشان |
بۆ لای هاوفەردان کەوتە دەس و برد | لە کۆڕی یاران ماڵ ئاوایی کرد |
ئەمجا ئەزانم شوومی کوردانە | بەدبەختی هۆزی کوردی زوانە |
گەردوون ڕیزی گرت بەشاعرانی | یەک لە دوای یەک بۆ دنیای فانی |
زیوەر تیرێکی دا لە زامانم | بێکەسیش قوڕی دا لە سەرشانم |
دڵداری کۆنی نەو چووزی لاوم | پەردەی تاریکی خستە سەرچاوم |
کوا حاجی قادر کوانێ بەدرخان؟ | کوا بڕۆ بڕۆ و دەبدەبەی بابان؟ |
کوا سوارەی شەمزین کوا زەندی دلێر؟ | کوانێ ئاردەڵان چەشنی تەرزە شێر؟ |
کوا دوکتور فوئاد شێری بە نامووس؟ | کوا ئەمین زەکی لاوی مێژوونووس؟ |
کوانێ شێخ مەعرووف خاوەنی دووباڵ؟ | یەک عیلمی زاهیر، یەکێ عیلمی حاڵ؟ |
کوا نالی و ناری و کوردی و مەولەوی؟ | کوانێ بەیتووشی مەلای لوغەوی؟ |
کوا مەلای عاشق لە بێسارانم؟ | کوا حەمدی نەوەی ساحێبقڕانم؟ |
وە نییە کوردستان ئەوەڵ جاری بێ؟ | تەنها شاعێرێ بە خەساری بێ |
بەڵام پیرە مێرد ئێشی گرانە | چون خاڵەی دەسەی گشت شاعرانە |
پیری دڵ جوان قەڵەم جوانم ڕۆ | خەمخۆری دەسەی بێکەسانم ڕۆ |
جێماوی کۆچی ئەمین زەکیم ڕۆ | دوا قەتەی شاعر یەکی یەکیم ڕۆ |
ئاگری وجاخی خانەدانم ڕۆ | دڵسۆزی هۆز و نیشتمانم ڕۆ |
قەڵەم نۆرەتە بێرە دەس و برد | بنووسە مێژوو بۆ مامۆسای کورد |
قەڵەم مەردانە هاتە سەر جەولان | لەسەر ڕووی کاغەز گەوهەری ڕژان |
بە پیتی ئەبجەد هاتە گفتوگۆ | مامۆستای کورد و خاوەن ژینم ڕۆ |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|