شەوێک ناوجەرگی ئاسمان ڕۆشن بێ
Appearance
شەوێک ناوجەرگی ئاسمان ڕۆشن بێ | وەک قەڵای مەردی دۆست و دوژمن بێ |
ئەستێرەی ئاسمان بە جریوەجریو | پرشنگ بگرنە کەژ و دۆڵ و شیو |
بووکی مانگ لە کەل چاو هەڵبهێنێ | تریفە تریف ڕووی خۆی بنوێنێ |
جار جار لە ناکاو کزەی بای شەماڵ | ببێتە هاوڕێی سایەقەی ساماڵ |
گیانلەبەر لەژێر تارای شەوا بێ | سەرجەم لە گرمە و پرخەی خەوابێ |
ئاواتم وایە لەگەڵ نازدارێ | هەردوو یەک بگرین لەناو گوڵزارێ |
کام نازدار ئەوەی ئەگەر پێی شادبم | لە بەندی خەم و خەفەت ئازادبم |
وەکوو دوو دڵسۆز هەتا بەیانی | سکاڵا بکەین بە شادمانی |
لەسەر مەخمەڵی گیا و سەوزەڵانی | شەونلخون کێش بین بۆ کامەرانی |
شەرابمان عەتری پەڕەی گوڵان بێ | ساز و سەمتوورمان دەنگی مەلان بێ |
مەزەمان ماچی لێوی نازدار بێ | پەرداخمان پیاڵەی چاوی دڵدار بێ |
لەبەردەممانا خوڕەی ڕووبار بێ | لە چاوی مەستی هەستیم لێ دیار بێ |
ئای چەندە خۆشە لای منی هەژار | ئەو شەوە بۆ خۆم ئەژیم بەختیار |
سەرم کەڵکەڵەی ژیانی نابێ | دڵم ئارەزووی جیهانی نابێ |
سامانی زۆرم نایەتە بەرچاو | بیرم دوور ئەبێ لە خەیاڵی خاو |
سا فەلەک خۆ تۆ خۆشیت هەیە و ئێش | هەلێکی وەهام بۆ بێنەرە پێش |
با شەوێک لە سای تۆدا وەک شابم | تووشی ئاوات و بەرزی هیوابم |
بەڵام سەد ئەفسووس بۆ تۆی نالەبار | ڕەگی پیاوەتیت نابزوێ یەک جار |
کەواتە تەنیا ڕێی ڕاست و گوشاد | مردنە بمکا بەو ئاواتە شاد |
تا ئەوسا گیانم لە سزادایە | ژینی گیان لەوێ جووتەی هیوایە |
1944/9/1
سلێمانی
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|