Jump to content

عەشقی پاک

From Wikisource
عەشقی پاک (1950)
by پیرەمێرد
306253عەشقی پاک1950پیرەمێرد
دەروێشێک مەیلی دنیای نەما بوو بە یادی خواوە ڕوو لە سەحرا بوو
ڕۆژێک بۆ جومعە هاتبووە ناو شار کچێکی جوانی دی لە ڕاگوزار
نیگاهێک هات وەک تیر دای لە جەرگی گەیاندیە کاتی ئاکامی مەرگی
لاڵ و پاڵ لێی کەوت، بێ هۆش، بێ زبان بەزەییان پیاهات خەڵکی بۆی گریان
تومەز ئەو کچە کچی وەزیر بوو جوان و دلێر و ئاقڵ و ژیر بوو
ئەم ئەفسانەیە کەوتە شارەوە باوکی بە دایکی وت بیشارەوە
ژن وتی: ئەمە ئەفسانەی عەشقە شۆرەتی شێتی مەجنوون سەرمەشقە
یا ئەبێ دەروێش لە ناو دەربرێ ئەو ساتەش خوێنی ناحەق ئەتگرێ
چار هەر ئەمەیە کە دەروێش بێنی بە هەڕە و گوڕە وای بترسێنی
کە ڕوو بکاتەوە سەحراکەی جاران جارێکی تر خۆی نەخاتە مەیدان
یا بارێکی وای لێنێ هەڵنەستێ کە باری قورس بێ ئیتر ئەوەستێ
وەزیر دەروێشی بانگ کرد بە خەڵوەت پێی وت: ژنهێنان ناکرێ بە هیممەت
سەد گەوهەری وای دانەی شەوچراغ بدرەوشێتەوە بە شەو لە ناو باغ
لەگەڵ سەد گورزی دانەی مرواری هەر دانەیەکی بەهای خەرواری
ئەمانە بێنە کچت ئەدەمێ گیرۆدەت ناکەم ساتێک و دەمێ
دەروێش کە ئەمەی بیست لە خۆشییا کەشکۆڵی هەڵگرت ڕووی کردە دەریا
بە جۆش و خرۆش، یاهوو یا من هوو مەلیکەی دەریای هێنایە بەر ڕوو
وتی: بەو خوایەی عەشقی خستە سەر ئێستە دەریاتان لێ ئەکەم بە بەڕ
ئەم کەشکۆڵەتان لێ ئەخەمە کار دەریا وشک ئەکەم نەمێنێ دیار
بانگ کە، بە کۆمەڵ گەوهەر دەربێنن لە گوێ ئەم بەحرە هەڵیڕژێنن
مەلیکەی دەریا، جاڕی دا جاڕێ گەوهەر دەرهێنن هەر یەکەی بارێ
ئیتر بە جارێک گەوهەر دەباری بۆی بوو بە خەرمان دانەی مرواری
دەروێش هاتەوە چووە لای وەزیر وتی: ئەی مەردی بە هۆش و تەدبیر
ئەگەر تۆ ئەوسا بتکوشتمایە ئەبوو تۆش بە زوڵم کەست نەمایە
ئێستا خوا ویستی لە پەردەی پەنهان سڕڕی عەشقی پاک بخاتە مەیدان
ئەمرم ڕەوا بوو بەسەر دەریادا ئیتر لە عەشقی مەجازیم لادا
کچ و گەوهەر و مرواری بۆ تۆ ڕوو بکەمەوە خوا، نەبم ڕەنجەڕۆ
چونکە ئەمانە نامێنێ بۆ کەس هەر مەیلی خوایە باقی و فریادڕەس
قودرەتی خوایە، هیممەتی مەردان دای بە مێروولە حوکمی سلێمان
«ئەمانە پەندی پێشوونیانە کە بە زمانی مەل وتوویانە»
«هەرسێ پەندەکە زۆر بەهادارن لەجێی خۆیانا گەلێک بەکارن»
خۆ ئەگەر بێت و خۆشەویستی خوا دەست کەوێ عاشق تێری پێ ئەخوا
مەستی مەیلی خوا زەوقێکی تیایە ناگاتە پایەی ئەو ئەم دنیایە

تەمووزی ساڵی ١٩٤٤


This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
  • It is an anonymous work or pseudonymous work and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a work where the copyright holder is a legal entity or a work of applied art and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a photographic or cinematic work that is not compositive (artistic in nature) first published before 1 January 1999
  • It is work published in Iraq before 1 January 1954, and the author died before 1 January 1979
  • It is another kind of work, and 50 years have passed since the year of death of the author (or last-surviving author)
  • It is one of "collections of official documents, such as texts of international laws, regulations and agreements, judicial judgements and various official documents."
  • It is the work of a body corporate, public or private, published by January 1st, 1980 (Article 20, 1971 law).