عەکسی یەکترین «سەفەر» و «نیسان»
Appearance
عەکسی یەکترین «سەفەر» و «نیسان» | لە پاش سی و شەش ساڵ وابوون بە هاوشان |
بەهار و «ڕەبیع» ئەوانیش هەروا | وەک ئێمە و ئەوان پێکەوە دەڕوا |
نیسان سەرەتای درۆ و ئاخری ڕاست | زۆر چشت یەک ئەخا وەک کنگر و ماست |
لە بەحرا دانەی لوئلوئی مەنسوور | لە کێوا قەترەی گەوهەری شاپوور |
لە شارا کەوتە سەر چەهرەی عەبووس | ئەبێ بە «مەبعووس» بە پێی چارەنووس |
زاتەن مەبعووسی بە چارەنووسە | پێی ناوێ بڵێین زمانی لووسە |
زمانی لووسی و زەمانی لووسی | گەلێ حەیاتی تەئریخی نووسی |
ئێستا زەمانی بێ زمانییە | دووزمانی ڕووی لە زیانییە! |
ئەو کەسەی کە بێ هەڵمەتە کاسە! | هەلی دایە دەست هەڵمەتە کاسە |
ئێستا هەموو کەس مام بریندارە | هەر چیەکت ئەوێ لە لای عەتتارە |
سێزدەی زیادەیان بە پرسەوە نارد | بە تاڵییەوە چوون شیرینیان خوارد |
تەلیسمی جامی چل کلیلەیە | زمانی دانا بە کلیلەیە |
هەندێ کە بەردیان نایە سەر مەڵۆ | لە بێ باڵەکان ئەبن بە هەڵۆ |
هەندێ وەک ڕێوی کونێکی دەس کەوت | هەژگ ئەبەستێ ئەیکا بە ئەشکەوت |
نانی معاویە و نوێژی پشت عەلی | کە شەڕیش قەوما بچۆرە سەر کەلی |
هەندێ دەعباکەی کەمتیاری پێیە | لە هەموو دیزەی چێشتا ئەسکوێیە |
ڕۆژنامەی ژیان، ژمارە 563 و 171
1939/04/20
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|