غرووری کەوتە سەر ئەسفەندیار
Appearance
غرووری کەوتە سەر ئەسفەندیار | تیری ڕۆستەمی زوو بۆ کەوتە کار |
لە پێشدا زۆری لێ پاڕایەوە | ئاوڕی خێری لێ نەدایەوە! |
ئەیگوت من لەشم لە تونج کراوە | ترسم لە گورزی ڕۆستەم نەماوە! |
تیرێ هات و دای لە ناوی چاوی | چەماندیەوە قەدی لاولاوی |
ڕۆستەم پێی گوت کوا ڕۆبین تەنیەکەت | ئاوازە و لاف و گەزاف ژەنیەکەت |
کێ وتی: دەستی ڕۆستەم ببەستە | چەرخ لە ژێر دەستی ڕۆستەم دا پەستە |
ئەسفەندیاریش هێند هاتە زمان | چەپ گەردە چەرخی بێوەفای زەمان! |
سەد هەزارانی وێنەی منی کوشت | گاهێ پشت بە زین، گاهێ زین بە پشت |
مەگەر شانامە بە کەیف بخوێنن | نابێ پەندێکی وای لێ دەربێنن |
ئەگەر هەر پەندێ پەندێکمان باتێ | ئێمەیش ئەچینە ڕێزەی وڵاتێ |
بەڵام هەر ئەزین وا هەڵدەبەزین | گوڕە گوڕمانە تا دێینە بەر زین |
بە حوشتریان گوت ملت دریژە | وتی: ئەڕوانم ڕێ سەرەولێژە |
لێرە ئەوکەسەی کاریان پێ سپارد | مڵۆزمێکە بۆ هەناسە سارد |
هەر خۆی ئاغا بێ و ژنی ئاغاژن | لەگەڵ برایا بیکە بە دوژمن |
لە ئاغایەتیش کە هاتو لێکەوت | خۆی ئەکوتێتە میحرابی مزگەوت |
بۆ ئەو کەسانەی شەرمیش نامێنێ | دوژمنیشی بێ هەر ئەیدوێنێ |
لە ناو چاوایە تنۆکی حەیا | کە لەگەڵ تکا، ڕابورد، وا تکا |
چوار یاری یەک ڕەنگ مۆدەی نەماوە | ئێستا دووڕەنگی لە ناوا باوە |
ڕۆژێکمان لێ دێ بگەینە بوار | ناچار دەرکەوێ ڕەنگی ژێر شەڵوار |
کەس واتەی چاکە ناگێڕێتەوە | غەیبەتیش لای کەس ناشێررێتەوە |
ڕۆژنامەی ژیان، ژمارە 548 و 141
1938/01/20
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|