فێڵبازیی ڕێوی
Appearance
ڕێوییەک گەڕۆڵ لە برسا کەوتوو | لەبەر گەڕۆڵی لە کونا خەوتوو |
پیر و بێ تووک و دیان شاش و چەوت | گاگا لە بن بەرد گاگا لە ئەشکەوت |
لە ترسی تانجی بە زگی برسی | ئەیخۆند بە خۆیا آية الكرسي |
لەتاو برسێتی ڕووی کردە دێیێ | بەڵکوو پەیدا کا شتێ لە جێیێ |
گەیشت بە پۆلێ مریشکی زۆر چاخ | هەموو هێلکەکەر هەموو بە دەماخ |
کە مریشکی دی بەشادی و خەندان | کلکی بەرزۆ کرد دەمی داچەقان |
زانی بەجارێ گشتی ناگیرێ | بۆخۆی سازانی فێڵ و تەگبیرێ |
ڕوویکردە مریشک وتی ئەلسەلام | عليكم بالخير ئەی گرۆی ئیسلام |
چۆنە تەهلیلە و نوێژ و ڕەفتارتان؟ | چۆنە زیکر و فکر سوبح و ئێوارتان |
من شێخی ئیرشاد خاوەن ئیمانم | سەردەسەی جەمیع مەشایەخانم |
بێن تۆبە بکەن دنیا فانییە | بۆ هیچکەس تا سەر بە بەقا نییە |
دەسنوێژ بشۆرن نییەت دابەسن | قەتار بپێکن، هەموو ڕاوەسن |
چاو بنووقێنن بێ قسە و کەلام | هەموو نوێژ بکەن بۆ خوای عەللام |
ئەگەر تەپەیێ یا فڕەی باڵێ | هاتە گوێچکەتان بەهەر ئەحواڵێ |
چاو هەڵمەبڕن ئامان سەد ئامان | ئەوە مەلەکە دێت لە ئاسمان |
بەئەمری ڕێوی دەسنوێژیان شۆری | قەتاریان پێکا دڵیان نەگۆڕی |
ڕێوی کەزانی نێچیری ڕێک بوو | بۆ گرتن مریشک کەوتە هاتووچوو |
یەکێکی گرتن خەیلی بە دەوان | کە فڕەی باڵی هاتە گوێی ئەوان |
وتیان سەد دەخیل خۆتان بکەن مات | ڕێوی ڕاستی کرد وا مەلەکێ هات |
دەخیلە هەرگیز یەکتر مەدوێنن | ڕوو لە قیبلە کەن دۆعا بخوێنن |
ڕێوی دەمی برد یەکێ تری گرت | ملی هەڵکێشا زوو بەدەس و برد |
دووبارە وتیان سەدەقتە یا پیر | ئێمە هەموومان تۆمان هەی دەسگیر |
یەک یەک و دوو دوو تەواوی کردن | زۆر بێڕەحمانە لە ناوی بردن |
ئاخری خوای مریشک، حەقیان ئەسێنێ | بێچوە شێرێکی بۆ ئەگەیەنێ |
ئێسک و پرووسکی ئەهاڕێتە یەک | بێ تەقەی تفەنگ بێ سیلاح و چەک |
بێ شک هەرکەسێ کە مەزڵووم خۆرە | بۆ ئاخری ئاوا ئەڕوا بەم جۆرە |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|