Jump to content

قانع و زانین

From Wikisource
قانع و زانین (1954)
by قانع
306922قانع و زانین1954قانع
چاکی چلۆنی مەرحەبا زانین بۆ پێشکەوتنت هەزار ئافەرین
باوەڕم هەیە بە سیدق و یەقین هەر تۆ پێش ئەخەی کۆمەڵی بێ تین
ئافەرین زانین! هەزار ئافەرین
شێرە گەرچەکت کرد بە کارەبا ئاسن و دارت وەک کەر بار ئەبا
بێ تەلت وشە شارەوشار ئەبا ئافەرین لە تۆ، زانین مەرحەبا
ئافەرین زانین! هەزار ئافەرین
برێشکەی شەخست کرد بە پەنسلین جگەر بە ترشت کردووە بە کنین
چەن هەزار شێخت خستە زار و شین ڕوو لە سقووتن گشت مات و حەزین
ئافەرین زانین! هەزار ئافەرین
زانین تۆ وەحشی دێنیتە زمان دڕندەی سەر کێو ئەکەی بە ئینسان
کوڕی فەیلەسۆف، بێ تۆ وەک حەیوان ئەسووڕێتەوە کۆڵان بە کۆڵان
ئافەرین زانین! هەزار ئافەرین
لە دوو پارچە دار سنووقێ ئەکەی دەنگی ڕۆژهەڵات بۆ مەغریب ئەبەی
گەرچی جارجارێ زەرەریش ئەخەی مشتەکۆڵ لە دەم هەژاران ئەدەی
ئافەرین زانین! هەزار ئافەرین
بە بۆنەی تۆوە زک هەڵئەدڕن نەخۆشی ناو زک لە ڕیشە ئەبڕن
زنجیری زۆری زۆرداری ئەچڕن دەوڵەت بە دەوڵەت شار بە شار ئەفڕن
ئافەرین زانین! هەزار ئافەرین
ئاشکرایە تۆ شتێکی چاکی هۆی سەرکەوتنی دیار و خاکی
لە گڵۆپ چاتر بەرز و ڕووناکی لە پێشکەوتنا سوارێ چالاکی
ئافەرین زانین! هەزار ئافەرین
بەڵام ئەی زانین لێم زویر مەبە تۆ سەر ئەرستۆ، لێم دڵگیر مەبە
حەز ئەکەم گەنج بی، هەرگیز پیر مەبە لابە خزمەتکار، شا و وەزیر مەبە
ئافەرین زانین! هەزار ئافەرین
هەر ئەسپابی خوێن ڕژاندنی هەر تۆش ئەسپابی مێشک پژاندنی
هەر تۆش واستەی ژن قیژاندنی هەر تۆش واستەی خاک بێژاندنی
کەلەبچەی دەستی کۆمەڵی بێ تین
شەستیر ڕێک ئەخەی وەک هەوری بەهار گوللە ئەڕژێنێ لە سەر تا بە خوار
هەژاران ئەکوژێ وەکوو گەڵای دار بە بۆنەی تۆوە زۆر ئەکا زۆردار
کەلەبچەی دەستی کۆمەڵی بێ تین
گشت خەتای تۆیە ئاهی دڵی تەنگ گشت خەتای تۆیە لە ڕووی گێتی جەنگ
تۆ بێ دەسەڵات ئەگۆڕی لە ڕەنگ مالی خەڵک ئەخۆن بە لوولەی تفەنگ
کەلەبچەی دەستی کۆمەڵی بێ تین
قونبەلەی زەڕە تۆ هێناتە کار بە یەک قونبەلە ئەسووتێ چەن شار
ئەکەی بە مردوو چەن کچی نازدار چاک وێران ئەکەی بەر کۆشک و تەلار
کەلەبچەی دەستی کۆمەڵی بێ تین


This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
  • It is an anonymous work or pseudonymous work and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a work where the copyright holder is a legal entity or a work of applied art and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a photographic or cinematic work that is not compositive (artistic in nature) first published before 1 January 1999
  • It is work published in Iraq before 1 January 1954, and the author died before 1 January 1979
  • It is another kind of work, and 50 years have passed since the year of death of the author (or last-surviving author)
  • It is one of "collections of official documents, such as texts of international laws, regulations and agreements, judicial judgements and various official documents."
  • It is the work of a body corporate, public or private, published by January 1st, 1980 (Article 20, 1971 law).