Jump to content

قانع و شاخی هەورامان

From Wikisource
قانع و شاخی هەورامان (1954)
by قانع
306845قانع و شاخی هەورامان1954قانع
قەڵای هۆز و گەل شاخی هەورامان پرسیارم هەیە دەستم بە دامان
لەلام ڕووناکە شاخێکی سەختی پشت و کۆمەکی وەخت و بێ وەختی
سەر کڵاوانت کوێستانی پڕ گوڵ تەماشای گوڵت زاخاو ئەدا دڵ
چنور و شەوبۆ بەڕەزا و کەرەس ڕێواس و پیچک داوێنی هەرەس
کەوی دەنووک سوور کۆتری هاقوو قیژەی قژاکە قژقژی پەپوو
کوێستانی بەرزی لە گیتی تاکی خەتی ماجینۆی کوردی بێباکی
کوێستانی بەرزی بەرزە دەماخی گشت کەس ئەزانێ کە شاخ و داخی
کتێبی زەردەشت کە ئاوێستایە وەک باقی کتێب خەڵاتی خوایە
بە زوان هەورامی هاتە سەر بەشەر یانێ های زەردەشت بووی بە پێغەمبەر
تا دەورەی خۆی بوو وەک باقی دینان بەڵام نەسخ بوو ئەویش بە قورئان
«ماریفەت و پیر» وتەی شالیارە کە بە پیرشالیار لە گشت کەس دیارە
شاخی هەورامان هەرچەن ڕەنجەڕۆم زۆر چاک بزانە کە مەمنوونی تۆم
چونکە پاراستت تۆ ئەو زمانە تێکەڵت نەکرد لەگەڵ بێگانە
نە ڕۆم نە عەجەم نە تورکی تاتار نە ڕووس نە ژاپۆن نەدەس ئیستعمار
نەهاتە ناوت سەربەخۆ ژیای بۆ لاوەکانت تۆ پشت و پەنای
ئێستە نازانم بۆ چی بێ ڕەنگی؟ دوور بێ لە گیانت بۆچی دڵتەنگی؟
***
وتی ئەی قانع لەمن بێکەس تر لەمن داماوتر لەمن بێ دەس تر
بۆچی لێت پرسیم دەردم گرانە وا من پێت ئەڵێم زۆر چاک بزانە
تەماشا ئەکەم بەرزە دەماخم لەناو شاخانا سەرگەورەی شاخم
نە تانک و نە تۆپ ئیشم تیا ناکا بەسەد تەییارە بەردێ لا نابا
نە جیب نە لۆری نە فۆردێ نە پاس ڕێگەیان نییە نە خراپ نە خاس
مامۆسام نییە بە لاو بخوێنێ ئەولادەکانم بۆ تێگەیەنێ
پزیشکم نەدی من لە عومری خۆم وەسام تیا نەبوو جگ لە جۆڵا و دۆم
جێی کشت و کاڵم تا بڵێی کەمە بەڵام پرچ و ڕیش تا بڵێی هەمە
لە هاڵ و شەوە و خێوی سەر کانی جنۆکەی زل زل دێوی شەیتانی
مەکتەبێک نەبوو ئەمانە لابات زانینی ڕاستی تێدا پەیدا کات
منیش پێشکەوم وەک باقی یاران بەجێ نەمێنم لەگەڵ هاوسەران
ئەوسا بنازم بڵێم من شاخم شاخی هەورامان بەرزە دەماخم
باوجوود هەتا دەوران وەها بێ خەمخۆرێ بۆ من قەت پەیدا نابێ
ئەگەر لەناو من لابەی نەزانین ئەبم بە بەهەشت سەراسەر زەمین
بێ تەماشام کە لەکاتی بەهار گوڵی ڕەنگا ڕەنگ لەیەک تا هەزار
قەڵبەزەی تاقم قرمەی بەفراوم چەپکەی لانزار وەک بووک نەخشاوم
شنەی نەسیمم لەبەری بەیان ئەدا لە گۆنای نازک نەو هاڵان
ئەمجا ئەزانی کە من بەهەشتم سەر تا بەخوارم ڕاستە گوڵ گەشتم


This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
  • It is an anonymous work or pseudonymous work and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a work where the copyright holder is a legal entity or a work of applied art and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a photographic or cinematic work that is not compositive (artistic in nature) first published before 1 January 1999
  • It is work published in Iraq before 1 January 1954, and the author died before 1 January 1979
  • It is another kind of work, and 50 years have passed since the year of death of the author (or last-surviving author)
  • It is one of "collections of official documents, such as texts of international laws, regulations and agreements, judicial judgements and various official documents."
  • It is the work of a body corporate, public or private, published by January 1st, 1980 (Article 20, 1971 law).