قانع و عهبباسی برایم دهروێشی ئوتومبیلچی
Appearance
مەرحبا کاکە وەسای ئوتومبیل | بۆ بێ پارەکان دل نەرم و دەلیل |
من ئیقرار ئەکەم کە کوڕی چاکن | لەگەڵ هەژاران زۆر زۆر دڵپاکن |
چاوتان ناترسێ لە باری گران | لۆری لێ ئەخوڕن بۆ سەر شاخەکان |
خۆیشتان هەر گەنجن کوڕێکی چاکن | بەینی بەینەڵڵا تەواو چالاکن |
بەڵام برا گیان بو گرانجانن؟ | بۆچی بەحاڵی هەژار نازانن؟ |
کاتێ لە لادێ هەژار دێتە دەر | گۆچان هەڵ ئەگرێ بە عەزمی سەفەر |
پارەی باخەڵی ناگاتە دینار | چی بدا بە تۆ؟ چی ببا بۆ شار؟ |
ئەوا کچەکەی تەواوی ڕووتە | ژنێ پێ خاوس وەک مەلکەمووتە |
ئەچێ بۆ لاسیک بۆ سلێمانی | پێنج شەش جووت بێنێ بۆ بەچکەکانی |
ئەگەر پارەکەی لێ سێنێ تەواو | چی با بە لاسیک؟ چی بە نان و ئاو؟ |
وەڵامی عەبباس برایم دەروێش | |
مامۆسای مەشوور شاعیری کوردان | جێماوی دواکۆچ پۆلی هاو فەردان |
لەمن مەپرسە خەتای زەمانە | ئەسپابەکانم گشتی گرانە |
ئەچم بۆ بەغداد بە چار و ناچار | تایە ئەسێنم بە پەنجا دینار |
نرخی مەکەینە هێندە گرانە | شەریکە دەمی چەشنی قەپانە |
بڵێ بە هەزار من هەر ناچارم | لە لای شەریکە زەلیل و زارم |
ویڵ و هاندبریک، گێڕ لەگەڵ کلاچ | ئەبێ گشت بکڕم زۆر بە ناعلاج |
بڕۆ بپرسە نرخیان چییە؟ | ئەوسا ئەزانی سووچی من چییە |
مامۆسا سەیری جادەکان بکە | ئەوسا کە تانە لە سایەق بدە |
لە پێنجوێنەوە تا سلێمانی | کرێم هەر چەند بێ تۆ خۆت ئەیزانی |
بەرودوا کرێم پێنج شەش دینارە | نایشارمەوە لە عام دیارە |
بەڵام هەر ڕۆژێ کە بۆ پێنجوێن بێم | شتێکم ئەشکێ دە دینار بێ جێم |
یەک و دوو زەرەر دێتە گەردنم | نەجاتم نابێ مەر بە مردنم |
چونکوو ڕێی پێنجوێن هەمووی ڕووخاوە | لە میزانیەش ناوی نەبراوە |
خۆزگە بە سەفەر وەزیری ئەشغاڵ | ئەهات بۆ پێنجوێن بۆ کەشفی ئەحواڵ |
ئەو وەختە بە حاڵ ئێمەی ئەزانی | جادەی چاک ئەکرد بە مێهرەبانی |
مامۆستا ئەڵێن لە زمانی زوو | لە شارێکی کورد لۆتیەک هەبوو |
عەنتەرێکی بوو عەنتەرێکی پیر | کاتی هەڵپەڕین زور مات و زویر |
بە چنگ ئەشیشا سەر و گوێلاکی | یەخەی دائەدڕی تا وەکوو چاکی |
ساڵێ دە دینار پارەی وەرئەگرت | قیمەت بیست دینار زەرەری ئەکرد |
منیش سەفەری بایی شەش دینار | ئەخەمە لۆری لە فەردە و ڕێبوار |
بایی دە دینار زەرەر ئەکێشم | دەک ڕاستۆ نەبم بۆ کار و ئیشم |
تۆخوا مامۆسا ئەمە ژیانە؟ | ئەمە ڕەفتار و شێوەی ئینسانە |
یاخوا هەر خاکێ ڕەفتاری وابێ | گەردی بە با چێ و بە کاو و با بێ |
بۆچی خەمخۆرێ لە دنیا نەبوو؟ | تیماری زام کا هەروا زوو بە زوو |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|