Jump to content

قانع و مانگا لات

From Wikisource
قانع و مانگا لات (1955)
by قانع
306805قانع و مانگا لات1955قانع
مانگا لاتی پیر، سەر و گوێ وەک دێو! دایمە لە برسا داماو و پەشێو!
بە زک گامێشی، بە سەر کیسەڵی بە مل حوشتری، بە تووک چەقەڵی
بە قاچ وەک تانجی، بە کلک وەکوو مار پەراسووت وەک چێخ، لە سەر تا بە خوار
چرچی لاملت دەمەی ئاسنگەر دوو گوێت وەک پەڵاس دڕابێت یەکسەر
کڵۆک وەک کوڵۆ، سەر پشت وەک مشار ڕان باریک و چەوت، لە سەر تا بە خوار
برژانگ کۆڵەوەژ، چاو کونی تەنوور دێزێکی نان‌بڕ نە زەرد و نە سوور
لچ وەک کاڵە کۆن، دیان داڕزیوو لە تاوی پیری، دوو شاخ هەڵوەریو
ئەمە بیس ساڵە لە درگای منی جێی خەمی دۆس و شادیی دوژمنی
نە شیرم خواردی، نە ڕۆنت نە دۆت ئاخر چی بڵێم؟ هەی خۆت وەکوو خۆت!
نەمدی کەڵەگا کەوێتە شوێنت لە تاو پڵۆخی و چەپەڵیی بێنت
گش ڕۆژێ نانێ ئەدەم بە شوان تۆ بەخێو بکا، هەی تەوقی شەیتان!
ئێواران وەختێ گاگەل دێتەوە هەرکەس مانگای خۆی ئەدۆزێتەوە
من ئەبێ خۆم و خەنجەر و وریا بسووڕێینەوە تەواوی دنیا
ناتدۆزینەوە، ئەچیتە زیان پێمان ئەبژێرن بە سەهل و ئاسان
هێندە سواڵی کام کردووە بۆ تۆ لە ناودێ بووگم وە پەڕۆی بۆسۆ
نە گای، جووت بکەی؛ نە کەری باری نە تانجیی ڕاوی چەپکەی نزاری
نە مەڕی خوریت، نە بزنی موودار نە ئەسپی سواریت، نە یابووی قەتار
وەختێ هاشاوڵ ئەبەی بۆ سەر کا ڕائەکەم، ئەڵێم: هەر ئێستە ئەمخوا
ڕێویت لە گاگەل، وەک شێری ماڵی قاتڵی ڕۆحی ماڵ و مناڵی
شەڕت بۆ هەیە کە خێرت نییە؟! تۆ خوا پێم بڵێ ئەم بەزمە چییە؟
ئەچەقیتە قوڕ، نە گورگ خواردیتی نە مار پێوەی دای، نە دز بردیتی
نە کەس ئەتگرێ بە فلس و قەران نە گۆشتت ئەخورێ بتکەم بە ئێحسان
وەڵامی مانگا لات
قانعی بەدبەخت! بێ قەدر و حورمەت! بێ نان و بێ ئاو، بێ ناز و نیعمەت
لە من خرابتر لات و بێ خواردن لە ژیان بێزار، چاوەڕێی مردن
ئا ئەم عەیبانە تۆ کردت بەیان خەڵک بەخۆتی ئەڵێن، بێ‌کەسر و نوقسان
دەستی چەوری خۆت بە سەرما مەسڕە ئەگەر تۆ پیاویت مانگایەک بکڕە
من هەر ئەو ڕۆژە کرام ڕەنجەڕۆ لەم دنیا گەورە بووم بە هاومل تۆ
تۆ چەندە یاسی لە شکڵ و ڕەنگم من کە مانگای تۆم زۆرتر دڵ‌تەنگم
من بۆیە وەها تەواو فەوتاوم لە ناو گاگەلدا سەر دانەواوم
ئەوەندە سووکی لە ناو عالەما لە بەرچاو هەموو زادەی ئادەما
ڕووم نییە بڵێم من مانگای ئەوم نە ڕۆژە ڕۆژم، نە شەوە شەوم
گلەیی ئەکەی، ئەڵێی دۆت نییە ڕاستم پێ بێژە، تۆ دۆت بۆ چییە؟
دۆ بۆیە چاکە بە نانۆ بیخۆی خۆ تۆ لە برسا تەواو ڕەنجەڕۆی
دۆ بۆ سەر چێشت و گۆشت و پڵاوە بۆ سکی برسی، وەکوو زەهراوە
گەر دۆت بدەمێ ئەدا لە دڵت ماڵ ئەگۆڕیتۆ خانووی ژێر گڵت
ئەگەر تۆ توانیت نانێ پەیدا کەی من دۆت ئەدەمێ تا بڵێی ئۆخەی
مەگەر نازانی کە تۆ شاعیری بۆ ئاخری ئەبێ لە برسا بمری
سەیری مێژوو کە: سەعدی و ئەنوەری نیزامی و حافز، عیشقی و جەوهەری
هەموو شاعیران هاوفەردانی تۆ لە برسا مردن بێ نان و بێ دۆ
چونکە جامیعە هێشتاکوو نوستوون چاو بەرزۆ ناکەن، هەر وەکوو مردوون
وەختێ تۆ نانت ئەبێ لەم دەورە کە دنیا ڕێک بێ، بچووک و گەورە
گەل بە تەواوی زرنگ و هۆشیار بێ لە سەد نەوەدی چاک خوێندەوار بێ
ئەوسا ئەزانن کە شاعیر چییە ئەگەر نا، ئێستە قیمەتت نییە


This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
  • It is an anonymous work or pseudonymous work and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a work where the copyright holder is a legal entity or a work of applied art and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a photographic or cinematic work that is not compositive (artistic in nature) first published before 1 January 1999
  • It is work published in Iraq before 1 January 1954, and the author died before 1 January 1979
  • It is another kind of work, and 50 years have passed since the year of death of the author (or last-surviving author)
  • It is one of "collections of official documents, such as texts of international laws, regulations and agreements, judicial judgements and various official documents."
  • It is the work of a body corporate, public or private, published by January 1st, 1980 (Article 20, 1971 law).