قانع و کڵاشکەیەی
Appearance
قانع | |
کڵاشە کۆنەی! پیری دارزیو | هەمیشە مات و ئیسراحەت نەدیو |
بێ تیرەی سیرمە بە سرێش ڕاوەساو | بە بێ سەر و قنگ بە پەڕۆ چنراو |
سەیر! سەیر! لەو لووتە وەک لووتی کیسەڵ | بڕوانە پاژنەی وەک نووکی پفەڵ |
پەڕۆ چادرە کۆن دەسکار وەسا ژن | وەک تەوقی لەعنەت چویتە ملی من |
خۆزگەم بەو ساتە کە نیت لە پێما | پێ خاوس ئەڕۆم بو خۆم بە ڕێما |
گەڵوی قوڕی وشک بە ناوا لکاو | پێمی کردووە بە چاوگەی زووخاو |
ئەر پێ خاوس بم سەد هەنگاو جارێ | دڕک ئەچێتە پێم بەردت لێ بارێ |
ئەر تۆم لە پێ بێ کوتەرەی عەزاب | پێم لەت لەت ئەکەی وەک گوشتی قەساب |
نە سەگ خواردیتی، نە دز بردیتی | کام خوا نەناسێ! وەها کردیتی؟ |
ئاخ! بمردمایە و نەجاتم بوایێ | بەڵکو جارێتر تۆم نە دیایێ |
بەڵێ دڕاوی دەسەڵات نییە | ئەی ئەم بۆگەنتە، توخوا هی چییە؟ |
ئەبێ هەمیشە گڵۆڵەیەک بەن | لە باخەڵ ما بێ خۆم بکەم بە پەن |
کاتی ڕێ ڕۆین کە تۆی پێ بەسم | نەوا داماڵێی دەرچی لە دەسم |
ئەو بەنە کەوا سەرفی تۆی ئەکەم | ئەگەر لە بازار بە کەوشی بدەم |
جوتێ جزمەی چاک ئەکا بە ئاسان | مەمنوونیش ئەبێ خاوەنی دووکان |
کڵاشی خەڵکی وەختارێ تەر بوو | هەڵئەگەڕێتۆ هەروا زوو بە زوو |
تۆ بۆچی هەتا بتنێمە ناو ئاو؟ | درێژتر ئەبی یەک گەزشا تەواو |
وهڵامی کڵاش | |
قانع تۆ شێتی هیچ من نابینی | نازانی من چیم، خۆیشت خنکێنی |
خۆ، من چم چمم، کەی من کڵاشم؟ | لە چاوی کۆنیم هێشتا هەر باشم |
ئەوەڵ چم چم بووم چەرمی مانگالات | تەمەن سی ساڵ بوو کە گەیشتمە لات |
خەتای پینەیە ئەوەندە زۆرە | لە ڕەش و سپی لە سوور و بۆرە |
هەوەڵ چم چم بوم وام لێ هاتووە | تازە گۆڕاوم لە دەس دەرچووە |
ئەمە چل ساڵە کە پێڵاوی تۆم | لە تۆ خراپتر کە من ڕەنجەڕۆم |
بۆچی؟ نازانی هەرچی کە کۆن بوو؟ | کەڵکی نامێنێ ئەوەڵ هەر چۆن بوو |
نیزامی عاڵەم چونکە کۆن بووە | کەڵکی نەماوە لە دەس دەرچووە |
بنواڕە قانوون لە ئەسڵا چاک بوو | وەکوو کارەبا تەواو ڕووناک بوو |
چونکە کۆن بووە تامی نەماوە | بۆ ئەوە چاکە بیخەیتە لاوە |
ئەوسا پەرژین بوو بۆ حەقی بێ دەس | هیچ کەس زۆر نەکا لە ماڵی هیچ کەس |
ئێستە سندووقی پارەی بەرتیلە | بێ دەس بە قانوون تەواو زەلیلە |
یا دینی ئیسلام کە کردی زهوور | چوار قوڕنەی دنیای چاک پڕ کرد لە نوور |
چونکە کۆن بووە قەدری نەماوە | لە من خراپتر تەواو فەوتاوە |
شیربایی حەرام ئەکەن بە حەڵاڵ | ئەسوڕێتەوە ئەم ماڵ بۆ ئەو ماڵ |
مامۆسای زیرەک هیچ لێی ناوەستێ | لەسەر شیربایی مارە ئەبەستێ |
بەهەشت ئەفرۆشن بە هەژارەکان | چاو خەڵک ئەبەستن بۆ زۆردارەکان |
سوودی مام حاجی ناو ئەنێن سەلەم | خەڵک ئەخڵەتێنن لە زۆر تا بە کەم |
نیزامی عاڵەم بۆیە شێواوە | خوار و خێچ بوە و چاک لێی قەوماوە |
چونکە دەمێکە دروس کراوە | تەواو کۆن بووە، بۆیە فەوتاوە |
نابینی کە کوڕ دوژمنی بابە؟ | باب بۆ مەرگی کوڕ دڵی کەبابە |
نابینی کە کچ ڕەحمی نەماوە؟ | بۆ ئەمری دایکی گوێی هەڵدوراوە |
نابینی کە ژن گوێ نادا بە پیاو؟ | مایەی ماڵەکەی ئەدا بە سوراو |
کێ دیویە هەرگیز ئیمزا بە پارە | بۆ لێقەوماوی کزی بێچارە |
کێ دیویە عەتتار کوتاڵفرۆش بێ | هەم سەیدەلی بێ و دەوای نەخۆش بێ |
شێخ و جاسووسی؟ حاجی و دەسبڕین؟ | مامەڵەی بەهەشت بە پارە کڕین |
مەئموور و دووکان! ئاسنگەر و جووت؟ | خەیات و حۆقە؟ یا نانەوا و فووت؟ |
ئەفەندی و بەرتیل؟ لادێیی و گریان | توتنچی و لاسیک؟ سەعاتچی و کورتان؟ |
ئەمانە هەموو ئەبینرێن بە چاو | ناشتوانی تەواو ناوی خەیتە ناو |
نیزامی عالەم ئەگەر چاک ئەبوو | لەم توڕەهاتە تۆزێ پاک ئەبوو |
مەگەر دووبارە دەورێکی تازە | ناڕێکی ڕێک کا بێتە ئەندازە |
هەر کەسێ لەسەر ئیشێ دانیشێ | بۆ ئیشێکی تر ئاخ هەڵنەکێشێ |
قانع بە ناحەق گلەم لێ ئەکەی | بە خوت و خۆڕایی تانەم لێ ئەدەی |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|