قانع و کێوی ئەڵوەند
Appearance
پرسیم لە ئەڵوەند ئەی بەرزە دەماخ | سەرگەورەی کێوان خاوەن شاخ و داخ |
چی گەیانتی بەم پایە جوانە | ناوت مەشهووری هەموو کێوانە |
جوابی دامەوە کێوی باڵا بەرز | کێوی ڕەنگاوڕەنگ گوڵ بە هەزار تەرز |
قانع ئەرچی زۆر بڵند باڵام | تەماشام ئەکەی بە ئاڵ و واڵام |
قەڵبەزەی ئاوم سپی وەک کافوور | باخچەی لاچەبکم سەوزە و زەردە و سوور |
بەرکەمەرانم لە ژێر یاسی زەرد | بەڕەزام پەخشە لە ڕووی تاشی بەرد |
قەتارەی شەهین ڕیزی بڵاڵووک | چڕەی دارسانم گەورە تا بچووک |
بەم شەوکەتەوە کەوا دیارم | بۆ هەموو کێوێ وەک خزمەتکارم |
ئەزانم بۆیە بەرز و دیارم | دراوسێ کێوی نزمی هەژارم |
دەور و پشتەکەم زۆر نزم و چاڵن | لە ژێر پێی عاما گەلێک بێ حاڵن |
نزمی ئەوانە منی بەرز کردەوە | منی بۆ هاوشان کەیوان بردەوە |
من کە بەبۆنەی ئەوان و دیارم | بۆ نزمی ئەوان زۆر بێ قەرارم |
من هیچ فیز ناکەم کە بڵێم: خوا | جیای کردوومەوە بەتاقی تەنیا |
ئەو لات و لووتکە هاوماڵ منن | پیس و چەپەڵ و پەست و چڵکنن |
لە کزی ئەوان من زۆر کزترم | بۆ دەسگرتنیان دائم حازرم |
پاچێکیان لێدەن لە جەرگی منە | بۆ پەشێوییان جەرگم کون کونە |
کاتێ پێم ئەڵێن سەرگەورەی کێوان | بیانپارێزم لەدەسی دێوان |
کە ئەوان نەمان منیش نامێنم | هیچم بۆ ناکرێ خۆیشم بخنکێنم |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|