قانع و گۆڕی موفتی توتنچی
Appearance
ئەی برای شیرین هاوفەردی فەردم | کڵێشەی وێنەی ڕەنگەکەی زەردم |
هاوڕێی مناڵی قوتابخانەکەم | هاوڕێی چۆڵ گەردی بیابانەکەم |
هاوڕێی سارای مەیل مەریوانەکەم | هاوڕێی هاتوچۆی گەرمیانەکەم |
هاودەردی دەروون، هاو خەیاڵەکەم | هاوڕازی پەنهان، هاوئەحواڵەکەم |
هاوبیر، هاوگریان، هاوشین، هاوزاری | هاو ئێش، هاوبرین، هاو بێقەراری |
من و تۆ هەردوو قوربانی خاک بووین | بۆ جێماوی هۆز دیدە نمناک بووین |
من و تۆ هەردوو بولبولی گوڵ بووین | یەک لە یەک بەدتر گیرۆدەی چڵ بووین |
من و تۆ هەردوو ئاوارەی دەرد بووین | من و تۆ هەردوو هەناسە سەرد بووین |
چەن تیری تانەی وەتەن فرۆشان | چەن توانجی سارد بێگانە و خوێشان |
چەن کزەی جگەر، چەن قرچەی دەروون | چەن ئاهی شەوان بەزار و زەبوون؟ |
چەن شەوی پاییز، تا ڕۆژ دوو بە دوو | چەن هەوڵی بێ سوود، چەندە هات و چوو |
بۆ بەجێت هێشتم ڕووناکی دڵم؟ | دیلی گیراوی زیندانی گڵم |
وەڵامی مفتی بۆ قانع | |
بە دەنگی نەرم کە هاتە زمان | وتی ئەی هاوفەرد، وێڵی بیابان |
ئاخر چۆن نەمرم بەم ئاخ و دەردە؟ | بەم لێوە وشکە، بەم ڕەنگە زەردە؟ |
بەم ناحەقانەی بە چاو ئەبینم | گورگ سەر ئەکاتە لاشەی بێ تینم! |
ئەبینم هۆزم تەواو جێماوە | لەبەر نەزانین تەواو فەوتاوە |
ئەبینم سوودی نیشتمانەکەم | دەسمایەی لاوی نەوجوانەکەم |
بەهیچ کلۆجێ سۆراخی نییە | نازانم قانع، ئەم سیحرە چییە! |
ئەبینم هەتیو ناوشان داچەکاو | پێ بە پێخاوس، برسیو لێقەوماو |
بێوەژن بێهۆش، لە کۆڵان کەوتوو | پیرە پیاو بێ جل، لەسەرما خەوتوو |
ئەبینم لادێ نەخوێندەوارن | بە زکی برسی کۆڵکێشی دارن |
جەنابی یاشێخ چاو دائەپۆشێ | خوێنی هەزاران نەفام ئەنۆشێ |
یەک بە پزیشکی، یەک بە ئاغایی | یەک بە ڕاو و ڕووت، یەک بە کوێخایی |
یەکێ سوفیە و یەکێ دەروێشە | یەکێ نوشتەنووس، یەکێ هوو کێشە |
یەکێ مەلایە و دیناری ئەوێ | ئەگەر نەیدەیتێ تەڵاق ئەکەوێ |
خۆ باوە سەید مێزەری سەوزە | ماشاللای لێ بێ وەک بەچکە غەوزە |
ئەبێ بۆی کۆ کەی دینار و دەرهەم | لە شەکر و چایی لە زۆر تا بە کەم |
هەی خۆزگەت بە خۆم، بە سەدهەزار جۆر | کە نەجاتم بوو لە لە ئێش و ناسۆر |
هەی خۆزگەت بەخۆم، کە نەما ژینم | ئیتر نەجمەکەی ناوچاو نابینم |
هەی خۆزگەت بەخۆم، فەڕاشی مدیر | ئیشم پێی نییە و لێم نابێ زویر |
هەی خۆزگەت بە خۆم، شادو مەسروورم | لە ئیستهلاک و لە گومرک دوورم |
هەی خۆزگەت بە خۆم، چەندە سەربەرزم | ئیتر لە دەرگای تەجنید نالەرزم |
هەی خۆزگەت بە خۆم جگەر وەک کەباب | ئیتر ئیتریبات پێم ناڵێ سەگباب |
هەی خۆزگەت بەخۆم کە ناوم نابەن | لە مزگەوتانا، غەیبەتم ناکەن |
چاک نەجاتم بوو، هەتا نەفخی سوور | کا و جۆ نایەنم بۆ ئەسپی مەئموور |
ئەگەر ئەتەوێ تۆش خۆت ڕزگار کەی | لەدەس ئەمانە تەواو فیرار کەی |
هەڵسە بێرە ناو گۆڕی تار و تەنگ | بە جووت دانیشین بێ سەدا و بێ دەنگ |
ئیتر براگیان ئەم کوردستانە | زیندانی دەستەی ئێمەومانانە |
بەخوات ئەسپێرم دەروون پڕ لە زام | وا چاوەڕێتم، زووکە بێ بۆلام |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|