لادێیی و بزن فرۆشتن و هەڵبژاردن
Appearance
ڕۆژێ کابرایەک دانیشتووی دێهات | دوو بزنی هێنا و بۆ ناوشار ئەهات |
کە بیافرۆشێ بۆ پێویستی ماڵ | گەیشتە ناوشار سا بەهەر ئەحواڵ |
ئەو ڕۆژە ڕۆژی هەڵبژاردن بوو | لە هەموو شارێک نائیب ناردن بوو |
کوڕێکی شاری گەیشت بە کابرا | وتی: ها چۆنی ئەی دەسەبرا! |
خەریکن ڕەئی ئەدەن بۆ نوێنەر | تۆیش بڕۆ ڕەئیت بخەرە دەفتەر |
لادێیی وتی: ڕەئی چلۆنە؟ | ئاخۆ تازەیە یا وەکوو کۆنە؟ |
من بە تەمەن خۆم ڕەئیم نەدیوە | لە هیچ کەسیشم هیچ نەپرسیوە |
نازانم ڕەئی خواردنە یا پۆشاک | نازانم ئایا بێ فەڕە یا چاک! |
من هەموو ڕۆژێ دێم بۆ ناو بازاڕ | بۆ ڕەئیم نەدی لای حاجی و توجار؟ |
ئاخۆ بە مترە یا بە کێشانە؟ | ئاخۆ بەر تەسکە یا بەری پانە؟ |
بە دەستە ئەیدەن یاخۆ بە دانە؟ | نرخی گرانە یاخۆ هەرزانە؟ |
ئەر شتی چاکە هەردوو بزنەکەم | ئەیدەم بە ڕەئی بێ زیاد و کەم |
ئەگەر خراپە بۆچی بیکڕم؟ | نانی خێزانی برسی ببڕم؟ |
ئەو بزنە ئەیدەم بە ڕەئی بێفەڕ | ئەیدەم بە کڵاش بۆ پێی ئەحە کەڕ! |
کابرای شارسانی لێی هاتە زمان | وتی: لادێی هەژاری نەزان |
ڕەئی بۆ پیاوی مەندووب دانراوە | لە وڵاتێ یەکێ دیاری کراوە |
مەندووب یەکێکە ئەچێتە بەغدا | بۆ ناتەواوی هەوڵمان بۆ ئەدا |
نایەڵێ هەرگیز زۆرمان لێ بکەن | دەس ڕەنجی ئێمە بە بایی ببەن |
قەمچی بپێچن لە سەر و گوێمان | بە خوت و خۆڕایی جوێن بدەن پێمان |
ئەمان پارێزێ چون حەقدارمانە | لە خۆمان چاتر ئەو خەمخۆرمانە |
لادێیی: | |
بۆچی کاکە گیان! ئەوە هەر بووە؟ | ئیستە داهاتووە، یا پیشەی زووە؟ |
شارستانی: | |
نە، نە، براکەم! بووە تا بووە | مەجلیسی نەواب، هەر پیشەی زووە |
کاتێ تەشکیلات حکومەت کرا | مەجلیسی نەواب خێرا دانرا |
ئەم چەن ساڵیشە مەندووبت بووە | لە کوردسانۆ بۆ پایتەخت چووە |
لادێیی: | |
ئەر مەندووب هەیە، بۆ دەسەی زۆردار | هەر ڕۆژ نە ڕۆژێ ئەمبەن بۆ بێگار؟ |
ئەر مەندووب هەیە بۆچی مام کوێخا | لەسەر خۆڕایی ئابڕووم ئەبا؟ |
ئەر مەندووب هەیە و غیرەت ئەنوێنێ | ئاغا جەریمەم بۆ لێ ئەسێنێ؟ |
ئەر مەندووب هەیە تووتنەکەم کوانێ؟ | ئەر مەندووب هەیە دۆنمەکەم کوانێ؟ |
ئەر مەندووب هەیە بۆچی هەزاران | بە برسی ئەگرین شەوسوو ئێواران؟ |
نە ڕەئیم هەیە و مەندووبم ئەوێ | بزنم لە مەندووب زۆر خۆشتر ئەوێ! |
تا ئیستە مەندووب هیچی نەکردووە | ئیتر من چیمە لەم هاتوچووە؟ |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|