لەناو دۆڵی مێرگەپان
Appearance
لەناو دۆڵی مێرگەپان | کوێستانەکەی کوردستان |
ئەڕۆیشتم سەرگەردان | سەرمەستی دیمەنی جوان |
لەم بن دار بۆ ئەو بن دار | وەک سەر لێشێواوی یار |
سەرەوژوور و سەرەوخوار | ئەمکێڵا هەردە و نزار |
لەم کانی بۆ ئەو کانی | وەک موغناتیسی گیانی |
بە هێزێکی ئاسمانی | ڕائەکێشرام پەنهانی |
پیرەمەگروونی شیرین | بە ڕەند و بەفری زیوین |
بریسک و هووڕی ڕەنگین | ئەیدا لە گەردوونی شین |
لەپڕ شەماڵی نازدار | پڕ لە بۆنی گیای نزار |
بۆ سوپاسی کردگار | ئەشنایەوە جاروبار |
پەپوولەی جوان و ڕەنگین | مەل بە ئاوازی شیرین |
ڕمزن لەبۆ خۆشیی ژین | شاد ئەکەن دڵی غەمگین |
دیمەنی ئەم وڵاتە | کە کانگای پیت و هاتە |
چاوگەی هەوڵ و خەباتە | بەڵگەی نەمری ئاواتە |
هەی هەی لە شوانی ڕەبەن | چەند بەجۆشە تەن بە تەن |
وەک بگێڕێ زەماوەن | قریوەی دێ لە بەندەن |
جار بە جار شمشاڵی جوان | ڕووئەکاتە ئاسمان |
مارشی سەربەستیی ژیان | لێ ئەدا بە سەد عینوان |
منیش بە نەشئە و خەیاڵ | لێم ڕوابوو پەڕ و باڵ |
بۆ ماهی زەرد و سەر یاڵ | فڕکەم ئەکرد بێ ئاواڵ |
ناکاو دەنگێکی پەنهان | هەروەک سروشتی یەزدان |
بانگی کردم ئەی جوان | خاس بڕوانە مێرگەپان |
سەیر ئەکەم زۆر هەرزەکار | هەموو چالاک و هوشیار |
لەسەر دێبەر لە شوێن بار | هەڵئەسووڕێن بێ قەرار |
ئیشکەر کاسب گورج وگۆڵ | لێیان هەڵماڵیوە قۆڵ |
بەراو و دێم شیو و دۆڵ | ئەکێڵن بۆ پارەی مۆڵ |
ئەمبینی کاکەی جووتیار | هێند کاسبە و بەدەمار |
لەسەر دەستەدووێ هەوجاڕ | چەماوەتەوە بێدار |
خۆ دەستە کچی نازدار | کە جوانترن لە هی شار |
هێند سەربەستن و بەکار | پۆل پۆل ئەچوون بۆ بژار |
نە بە سووراو و نە سپیاو | گۆڕیویانە دەم و چاو |
بە کردە و جوانیی تەواو | ئینسان ئەخەنە ناو داو |
لە کوێستانی خوار و ژوور | لەگەڵ وەنەوشە و چنوور |
هەر لادێیی بێ غروور | ڕائەبوێرن بە سروور |
بە هەوڵ و بە ڕەنجی شان | پەیا ئەکەن بەرگ و نان |
هیچ کول نابن بۆ فەرمان | لەش سووکن و بەسەزمان |
ئەمویست تا ژینم ماوە | لەو جێ خۆشە و سەرئاوە |
گەر مشتێ پارەم داوە | زنجێک بکەم لەو ناوە |
زنجێک جوان و سادەکار | خاڵی لە نەخش و نیگار |
نەک وەکوو کۆشکی زۆردار | بکرێ بە خوێنی هەژار |
ئنجا بە زۆری بازوو | خۆم ببوژێنمەوە زوو |
لەسەر لەشێکی ماندوو | دەس بەرم بۆ ئارەزوو |
ئەوسا بە گیانێکی پاک | ئەمتوانی بژیم بێ باک |
ئەمتوانی بڵێم زۆر چاک | سەربەستم نابم بە خاک |
1945/6/29
سلێمانی
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|